(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەشبینین بەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پڕۆسەیەک دەبێت کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە لە ڕووی پاکی و بێگەردییەوە، لە ڕووی لۆجستی و ئەمنیشەوە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
(مستەفا کازمی)، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھەوڵەکانی کڕینی دەنگ لە ڕێگەی "دامەزراندنی وەھمی" شکستپێدەھێنن، بەڵێنی درۆش جێبەجێ ناکرێن. وتیشی، ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئومێدی عێراقییەکانە بۆ داھاتوویەکی باشتر.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و لەو ڕێژەیەش ١٤ ملیۆنیان دابەشکردووە کە دەکاتە ٧٠٪ی ھەموو کارتە نوێکراوەکان.
بڕیاریشی داوە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا ٢٤ سەعات پێش دەستپێکردنی کاتی دەنگدان بەردەوام بێت، لە کاتێکدا پێشتر ٤٨ سەعات پێش دەنگدان ھەڵمەتی بانگەشە ڕادەگیرا.
ناوەندی مافی مرۆڤی تورکیا ڕایگەیاند لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ھەزار و (٩٨) چالاکوانی مافی مرۆڤ، بە چەند پاساوێکی سیاسی دەستگیر کراون، زۆرترین ڕێژەی دەستگیکردنیش لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بووە.
دەشڵێت، لەو ماوەیەدا لە ٨٨ گوند قەدەغەی ھاتوچۆ ڕاگەیەنراوە، و ١٨ پارێزەریش لە شارەکانی ئیزمیر و ئامەد دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەڵاچوالان لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان و یەکێتیش پەرۆشی دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات.
وتیشی، بە پشتیوانی ھاوپەیمانان و دۆستەکان ئەو پڕۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەن و ھێزی پێشمەرگە دەکەنە ھێزێک لە ئاست ئاڵنگارییەکالن بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بێت.
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، لەمەودوا ڕێگە نادرێت ھیچ کەسێک بە ناوی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات، ھەر کەسێکیش لە ھەر پلە و بەرپرسیاریەتییەکدا بێت و ئەو کارە بکات بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی دەبنەوە و ڕاپێچی بەردەم دادگای دەکەن.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بۆ جێگری سەرۆکی گۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ھەڵبژێردرا، کە ڕۆژی دووشەممە کارەکانی ٦٥ کۆنگرەی ساڵانەی لە ڤییەنا دەستپێکرد.
وتیشی، ئەو دەستکەوتە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی گەڕانەوەی عێراقە بۆ پێگەی گونجاوی خۆی لە کۆنگرە و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان.
ھەروەھا بەکر فەتاح بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ساڵانە بۆ کۆنگرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سەرۆک و جێگری سەرۆک لە ھەشت گروپی جوگرافی ھەڵدەبژێردرێن، ھەر جارە و سەرۆک و جێگرەکە پشکی گروپێکی جوگرافیە و ئەمجارە پشکی کوەیت و عێراق بوون، بە کۆی دەنگ کوەیت بووە سەرۆکی کۆنگرەکە و عێراقیش بووە جێگری سەرۆکی کۆنگرەکە. وتیشی، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی عێراق سەرۆکایەتی کۆنگرەکە دەکات.
ئەرکی کۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بریتییە لە پەسەندکردنی بودجەی ئاژانسەکە و گفتوگۆکردن لە بارەی ئەو کێشانەی دروست دەبن لە نێو ئەندامانی ئاژانسەکە.
بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ھێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامدراوە.
"حەسەن سەلمان" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندی لە کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاندووە، زۆربەی ئەو پێشێلکارییانەی کاندیدەکان کردوویانە ناگەنە ئاستی سەپاندنی سزا و زۆرینەی پەیوەندی بەوەوە ھەبووە کە وێنە و پۆستەرەکان لە شوێنی نەگونجاودا دانراون.
وتیشی، ئەو پێشێلکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن تۆماری دەکەن، بەڵام پێویستە لە ڕێی سکاڵاوە بگاتە دەستیان.
"حەسەن سەلمان" ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ھیچ لایەنێک و قەوارە و کاندیدێکی سزا نەداوە، چونکە لە ماوەی ٣ ڕۆژی ئاگادارکردنەوەیان لە پێشێلکارییەکان، وێنە و پۆستەرەکانیان لابردووە.
ھاوکات ئەنجومەنی کۆمسیاران ٢ کاندیدی دوورخستەوە، بەھۆی ئەوەی وشەی نەشیاویان بەرامبەر بە دادگا بەکارھێناوە.
دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کەنەدا، میدیاکانی کەنەدا ڕایانگەیاندووە، لیبراڵییەکان بە سەرۆکایەتی "ترۆدۆ" لە ١٥٤ بازنەی ھەڵبژاردن لە پێشەوەن و پارێزگارەکان لە ١٢١ بازنە لە پێشەوەن و لە پلەی دووەمدان.
بە پێی میدیاکانی کەنەدا، ھێشتا ئەنجامەکان یەکلانەکراونەتەوە، بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی "لیبراڵییەکان" ئەوا "ترۆدۆ" بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا.
پەرلەمانی کەنەدا لە ٣٣٨ کورسی پێکھاتووە، لیبراڵییەکانیش بۆ ئەوەی سەربکەون پێویستیان بە بەدەستھێنانی ١٧٠ کورسی ھەیە.
نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە دانیشتنی پەرلەماندا ڕاگەیەنراوی حکومەتی خوێندەوە و ڕایگەیاند، حکومەتەکەی دوای وەرگرتنی متمانە بەڵێن دەدات گفتوگۆی خێرا لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو بکات سەبارەت بە پشتیوانیکردنی پلانی بوژاندنەوەی وڵات و دەستپێکردنی چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا.
"بۆریل" ڕایگەیاند، وەزیرانی بەریتانیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە "نیویۆرک"، سەبارەت بە ئەتۆمی ئێران کۆنابنەوە.
لێدوانەکەی "بۆریل" لە کاتێکدایە کە "جان ئیڤ لۆردیان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو کە ئەو وەزیرانە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، تاوەکو دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە "ڤییەنا" دەستپێبکەنەوە.
"بۆریل" ڕاشیگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی فەڕەنسا دەکات لە قەیرانی ژێر دەریایی ئوسترالی، لە دژی ئەمریکا.
دەقی پەیامەکە ...
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و تەواوی زانایانی ئاینی کوردستان دەکەم.
زانایانی ئاینی بە درێژایی مێژوو سەرچاوەی شانازی بوون بۆ گەلەکەمان بەھۆی ڕۆڵە ئەرێنییەکانیان لە چاکەی گشتی و ئامۆژگاریکردنی تاکەکانی کۆمەڵ، ھیوادارم بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی پەیامی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لە ڕێی پەیامەکانتانەوە کار بکەن بۆ بنیاتنانی بیری نیشتمانی و نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بیری توندڕەویی لە کوردستان.
لە کاتێکدا پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەین کە گەلەکەمان بەرەو پڕۆسەیەکی چارەنوسساز ھەنگاو دەنێت، لە ئێوە دەخوازین وەک ھەمیشە ڕۆڵی خۆتان ببینن بۆ ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ و ھاندانیان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە جۆرێک کە بەخێر و خۆشی میللەتەکەمان بکەوێتەوە.
ئیتر ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
دەقی پەیامەکە ...
بەڕێزان لە یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان، زانایانی ئاینی و مامۆستایان دەکەم.
مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان بینیووە لە مێژووی خەباتی گەلی کورد و بەھێزکردنی پایەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لە ڕووی گیانی پێکەوەژیان، ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ھزری میانڕەوی، کە ئەمەش جێگای ستایش و پێزانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ڕێزی بێسنوورمان بۆ ئەو ڕۆڵە جوامێرانەیە ھەیە.
دەمەوێت لەم بۆنەیەدا داوا لە مامۆستایان و زانایان بکەم کە ڕۆڵی زیاتر بگێڕن و وەک ھەمیشە پێشەنگ بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی. لە ھەوڵەکانیان بەردەوام بن لە پێناو قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان و خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەکەمان.
ھەرشاد و سەرفرازبن
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزە چەکدارەکان شکستیان ھێناوە بە ھەوڵی ژمارەیەک ئەفسەری سوپا بۆ دەستگرتن بەسەر حکومدا و لە ئێستادا ڕەوشەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
ئاشکراشیکرد، ٤٠ ئەفسەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، زۆرینەی ئەفسەرەکانیش پێشتر سەر بە عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی سودان بوون.
بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشەکەش، ئەنجومەنی سەروەری سودان و فەرماندە ئەمنییەکان کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامداوە.
باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە "واشنتۆن" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕووسیا کە ڕۆژانی ١٧ بۆ ١٩ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، زۆرترین ھێرشی ئەلکترۆنی کراوەتە سەریان و لە ٥٠٪ی ھێرشەکانیش لە خاکی ئەمریکاوە بوون، کە ئامانج لێیان ناشرینکردنی حزبی دەسەڵاتداری ڕووسیا بووە و داوا دەکەن ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات.
پێشتریش "ڤالنتینا ماتڤیینکو" سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە سزای ئەو وڵاتانە بدەن کە بە ھێرشی ئەلکترۆنی سیستمی ھەڵبژاردنی ڕووسیایان کردووەتە ئامانج.
ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ھیچ وەفدێکی ئەمریکی بە نھێنی نەچووەتە سوریا، بەڵام "جۆی ھۆد" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ خۆرھەڵاتی نزیک، قسەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" کردووە و دڵنیای کردووەتەوە، کە سوریا جیاوازە لە ئەفغانستان و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ھەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی ئەو گرووپە، چونکە تا ئێستاش داعش مەترسیەکی گەورەیە لە سوریا.
سەرچاوەکە وتیشی، ھەسەدە ھاوبەشێکی سەربازی ڕێزلێگیراوە بۆ ئەمریکا، بەڵام بە بێ ھاوکاری واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش یان ڕاگرتنی ھەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان.
ئەوە لە کاتێکدایە دەنگۆی چوونی وەفدێکی باڵای ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی جۆی ھۆد بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە بڵاوکرایەوە، کە بە پێی زانیارییەکان مەزڵوم کۆبانێ داوای لە جۆی ھۆد کردووە، ئەمریکا ناوچەیەکی دژەفڕین لە ڕۆژئاڤای کوردستان دروست بکات و دان بە خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریادا بنێت.