"ئازاد مستەفا" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، ڕۆژانە تووشبوون بە کۆرۆنا کەم دەبێتەوە، چونکە ھۆشیاری ھاوڵاتیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین زیادیکردووە، کە تا ئێستا نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.
وتیشی، ئێستا لە نەخۆشخانەی وەفای تایبەت بە کۆرۆنا لە ھەڵەبجە ١٩ تووشبووی کۆرۆنا ھەیە، کە باری تەندروستی پێنجیان ناجێگیرە.
ھاوکات ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ژمارەیەک ئامێری تەندروستی لە جۆرەکانی مۆنیتەر و ئامێری ھەناسەدانی دەستکردی پێشکەشی نەخۆشخانەی وەفای تایبەت تووشبووانی کۆرۆنا کرد.
ڕێکخراوی "پی یو ئای" فەڕەنسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکە بە ئەلکترۆنی دەکرێت و بڕی یەک ساڵ دەرمانی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی دابین دەکەن، ھەروەھا ڕاھێنان بە کارمەندانی تەندروستی دەکەن و پێداویستییەکانی ئامێری پزیشکی و تاقیگەش دابین دەکەن، بۆ ئەو پڕۆژانەش ٦٠٠ ھەزار یۆرۆیان تەرخان کردووە.
"عەلا جبوری" وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، بڕی ١٠٠ ملیار دیناریان بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١ تەرخانکردووە، بۆ ئەو بڕە گەنمەی لە وەرزی بە بازاڕکردنی ساڵی ٢٠٢١ لێیان وەرگیراوە.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا بڕی پارەکە دەخرێتە سەر ئەژماری بانکی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە بۆ جوتیاران خەرج بکرێت.
"کوێستان محەمەد" وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بە بەشداری ڕێکخراوی یونسێف و لەسەر بنەمای جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی جیھانی مافەکانی منداڵ، ڕەشنووسی یاسای پاراستنی مافی منداڵیان تەواو کردووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی شورا کراوە، بە پەسەندکردنی ڕەشنووسەکەش، بۆ یەکەم جار ھەرێم دەبێتە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بە مافەکانی منداڵ.
وتیشی، ڕەشنووسی یاساکە لە ٨٢ ماددە پێکھاتووە و باس لە دروستکردنی ئەنجومەنێک دەکات بۆ دانانی ستراتیژ و پلان و سیاسەت بۆ پاراستنی منداڵ و دابینکردنی مافەکانیان.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتیش پاراستنی منداڵە لە تاوان و دەستدرێژییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.
(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەشبینین بەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پڕۆسەیەک دەبێت کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە لە ڕووی پاکی و بێگەردییەوە، لە ڕووی لۆجستی و ئەمنیشەوە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
(مستەفا کازمی)، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھەوڵەکانی کڕینی دەنگ لە ڕێگەی "دامەزراندنی وەھمی" شکستپێدەھێنن، بەڵێنی درۆش جێبەجێ ناکرێن. وتیشی، ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئومێدی عێراقییەکانە بۆ داھاتوویەکی باشتر.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و لەو ڕێژەیەش ١٤ ملیۆنیان دابەشکردووە کە دەکاتە ٧٠٪ی ھەموو کارتە نوێکراوەکان.
بڕیاریشی داوە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا ٢٤ سەعات پێش دەستپێکردنی کاتی دەنگدان بەردەوام بێت، لە کاتێکدا پێشتر ٤٨ سەعات پێش دەنگدان ھەڵمەتی بانگەشە ڕادەگیرا.