ڕۆبێرت مالی نێردەی ئەمریکا بۆ دۆسیەی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو گفتوگۆ لە بارەی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن.
وتیشی، گەشبینە کە تاران بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر تاران بە کردار بیسەلمێنێت کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا.
(جۆزێف بۆریڵ) لێپرسراوی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش ڕاگەیاندووە، ئەوروپا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەڵام (ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان) وەزیری دەرەوەی سعودیە، ھۆشداری داوە لە پڕۆسەی خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی و دەشڵێت، گفتوگۆکانی نێوان تاران و ڕیاز تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.
لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی و حکومی، یادی ٣٩ شەھیدی ١٦ی ئۆکتۆبەر کرایەوە کە لە کاتی بەرگریکردن لە کەرکوک لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم شەھیدبوون.
عەمید عەبدوڵا لێپرسراوی ڕاگەیاندنی لیوای ١٠٢ لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەھۆی ھەڵەی سیاسی بەشێک لە سەرکردایەتی، کورد ڕووبەڕووی تەنگەژەی سیاسی و سەربازیی بووەوە.
وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرگری قارەمانانەی لە کەرکوک کردووە، لەو بەرگرییەشدا ٣٩ پێشمەرگە شەھیدبوون.
کوڤان جەلال بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ئامانجی بەستنی ئەو کۆڕبەندە پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و ھەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی گشی و تایبەت.
حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری ھەرێم ڕایگەیاند، لە ڕەوشی ئێستای ھەرێم و لە بەردوامی قەیرانە ئابورییەکان ئەو جۆرە کار و چالاکییانە پەرەپێدەدەن.
مەھدی شوشتەری سەرکونسوڵی ئێرانیش لە سلێمانی ڕایگەیاند، پیشەسازی کاری دەستی ڕەنگدانەوەی دەستڕەنگینی ھەموو گەلێکە.
ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئەفغانستان، تەقاندنەوەی مزگەوتێکی شیعەکانی لە قەندەھار لە ئەستۆ گرت کە بووە ھۆی کوژرانی ٦٠ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی تر.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش تەقینەوەکەی ئیدانە کرد و داوای سزادانی ئەو کەسانەی کرد لە پشت تەقینەوەکەوە بوون.
پەلامارەکانی داعش بۆ سەر مزگەوتی شیعەکان لە ئەفغانستان چڕبووەتەوە و ھەینی ڕابردووش داعش مزگەوتێکی لە کندوز لە باکوری ئەفغانستان تەقاندەوە و بەھۆیەوە دەیان کەس گیانیان لە دەستدا.
پەیوەست بە دۆسیەکەی سەدات پەکەر ٢٦ کەس دەستگیرکراون و دۆسیەش بۆ ٩٢ گومانلێکراوی تر کراوەتەوە و رەوانەی دادگای تاوانە قورسەکانی ئەنادۆڵ کراوە.
سەدات پەکەر مافیایەکی بەناوبانگە و لە تورکیا ھەڵاتووە، لە چەند مانگی رابردووشدا چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و باسی لە چەند دۆسێیەکی نھێنی کرد کە یەکێک لەوانە ناردنی چەک بوو بۆ بەرەی نوسرە لە سوریا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک دورگەی بالی لە ئەندۆنیزیا ھەژاند و بەھۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستدا و حەوت کەسی تریش بریندار بوون، دەیان باڵەخانە و خانووش زیانیان پێگەیشتووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی، گوڕی بومەلەرزەکە ٤.٨ پلە بووە بە پێوەری ڕێختەر و قوڵاییەکەشی ١٠ کیلۆمەتر بووە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ٩٥٪ی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لە ٣ ھەزار و ٦٨١ وێستگەی دەنگدان تەواوکراوە، کە لایەنەکان سکاڵایان لەسەر تۆمار کردبوو، لە ماوەیەکی نزیکیشدا پڕۆسەکە بە تەواوی کۆتایی دێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندبوو، ئەنجامی دەنگەکانی ٣ ھەزار و ٦٨١ وێستگەیان ڕاستەوخۆ بە دەست نەگەیشتووە و ئەوانەی بە میمۆری کارتیش ھاتوون لە کاتی خۆیان نەگەیشتوون.
لە بارەی گرنگی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ناوەڕۆکێکی ئەلیکترۆنی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی ھەموو زانیارییەکانی خاوەنی پاسپۆرت، لە فڕۆکەخانەکانیش دەرگای ئەمنی دەکرێتەوە لەو کاتەی زانیارییەکانی ناو پاسپۆرتەکە ھاوتا دەبێت و پەیوەستیش دەبێت بە کۆمپیوتەری ناوەندی و ناکرێت ھیچ دەستکارییەکی تێدا بکرێت و ھاک بکرێت.
جەختیشکراوەتەوە، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەبێتە ھۆی دەوڵەمەندکردنی کارتی یەکگرتووی نیشتمانی، کە ھەموو زانیارییەکانی تێدایە، لە کاتی نوێکردنەوەی پاسپۆرتیشدا پێویست ناکات ھاووڵاتی ھەموو بەڵگەنامەکان پێشکەش بکات، چونکە پێشتر ھەمووی تێدا تۆمار کراوە.
ڕەوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا لە سوریا داوایان لە گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانیان کردووە لە ئامادەباشیدا بن بۆ ھەر فەرمانێکی سوپای تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان.
ئەو داوایەی سوپای تورکیا دوای لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دێت کە ڕایگەیاندبوو وادەی شەڕ لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە ڕۆژئاڤای کوردستان نزیکبووەتەوە.
ڕەوانگەی سوری ئاشکراشیکردووە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە کوردییەکان و گوندی عەلقەمیە و مەرعەناز و شوارغە لە باکوری حەلەب و لە ھەمان کاتیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی عەفرین دەسوڕێنەوە.
بەرەی نیشتمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان ١٢٪ بۆ ١٩٪دا بووە، بۆیە داوا لە دادگای باڵا فیدراڵی دەکەن ئەنجامەکانی ئەو ھەڵبژاردنە قبوڵ نەکات و ھەڵیبوەشێنێتەوە.
ئەو بەرەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەوەی نەبن بە بەشێک لەم ھەڵبژاردنە و ھاوڵاتیان بێھیوا نەکەن، بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە.
ھەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ئەیاد عەلاوی سەرۆکی بەرەی نیشتمانی رایگەیاند، ھۆکاری بەشدارینەکردنیان لە ھەڵبژاردن بەھۆی گەندەڵی ئیداری و دارایی و دەستوەردانی دەرەکییەوە بووە.
موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندوە، ئەوەی جیھان چاوەڕێی دەکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن رەوتەکەیەوە سەبارەت بە ئەمریکا و داگیرکەر چەند خاڵێکی گرنگیان ھەیە بۆ دەرکردنی عێراق لە پاشکۆیەتی.
سەدر رایگەیاندوە، پێویستە لەسەر ئەمریکا مامەڵەی ھاوئاستی دیبلۆماسی لەگەڵ عێراق بکات لە سەرجەم ئاستەکاندا بەواتای مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتی خاوەن سەروەری.
ھەروەھا دانوستانی جدی و کارا بکرێت سەبارەت بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و سەربازگەکان و فرۆکە جەنگییەکانی و دەستوەردانەکانی لە عێراق، لەگەڵ دوورخستنەوەی عێراق و گەلەکەی لە ململانێی ھەرێمی و جگەلەوە ھیچی تر قبوڵ ناکەن.
موقتەدا سەدر راشیگەیاندوە، ئەگەر ئەو خاڵانە بەدیھاتن لەسەر ئاستی ئابوری و ئاستەکانی تر مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا دەکەن ، ئەگەرنا ملکەچی فشارو پاشکۆیەتی نابن و دەوڵەتێکە دوژمنی عێراقە.
بەھرام عەینوڵاھی وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند، ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ھاتنی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لە وڵاتەکە ئەنجامداوە و سەرجەم نەخۆشخانەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ھیواشی خواست، بەھۆی کوتانی ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیانی ئێران بە ڤاکسینی کۆرۆنا و بەڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لە شەپۆلەکانی پێشووتر سوکتر بێت.
بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، پێنج ملیۆن و ٧٧٣ ھەزار و ٤١٩ کەس لە ئێران توشی کۆرۆنا بوون و ١٢٣ ھەزار و ٨٧٦ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
زەبیحوڵا خوداییان وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، وەلیوڵا سەیف سەرۆکی بانکی ناوەندی لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی، بە ١٠ ساڵ زیندانیی و جێگرەکەی، ئەحمەد عێراقچی بە ھەشت ساڵ زیندانیی سزا دراون.
سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران و جێگرەکەی، بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانیان و شێواندنی بازاڕی دراو و زەمینە خۆشکردن بۆ کڕین و فرۆشتنی نایاسایی دراو بە رێژەی ١٥٩ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار و ٢٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار یۆرۆ، سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی نرخی غاز بەرزنەبوەتەوە و رۆژانە بڕی پێویست بۆ ھەموو گەڕەکەکان دابین دەکرێت، ھەر گەڕەکێکیش بڕی زیاتری پێویست بوو پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بکات بۆیان رەوانە دەکرێت.
وتیشی، ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە نێردراوەو چاوەڕێی ھاتنی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی لەنزیکترین کاتدا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکەن.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، ساڵانە حکومەتی عێراق لە ١٥ی تشرینی دووەمەوە پشکی پارێزگاکان دیاری دەکات و دواتر رەوانەی دەکات.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێزەکانی شیعە کە پێکدێت لە ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا و ھاوپەیمانی فەتح و چەند لایەنێکی تر لە راگەیەنراوێکدا تەواوی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختیان رەتکردەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، ھیواخوازبوون کۆمسیۆن ئەو ھەڵە گەورانە راستبکاتەوە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکەی کردبوونی، بەڵام دوای سوربوونی لەسەر دروستی ئەنجامی تانەلێدراو، تەواوی ئەنجامی ھەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
جەختیشیانکردوەتەوە، کۆمسیۆن بەرپرسیارێتی تەواوەتی دەکەوێتە ئەستۆ لە شکستی دەستکەوتی ھەڵبژاردن و خراپی ئیدارەدانی کە رەنگدانەوەی خراپیان دەبێت لەسەر رێڕەوی دیموکراتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.