میدیا رەسمییەکانی تورکیا بڵاویان کردووە، بەھۆی شکستی سیاسی بانکی ناوەندی تورکیا و جارێکی تر دابەزینی بەھای لیرە لەبەرامبەر دۆلار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سێ گەورە لێپرسراوی ئەو بانکەی لەکارەکانیان دورخستوەتەوە، چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، ھەنگاوەکەی ئەردۆغان لەبەرامبەر مەترسی زیاتر دابەزینی بەھای لیرە بووە.
دوای ئەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ھەڕەشەی ھێرشکردنە باکوری سوریای کرد، بەھای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ھەر دۆلارێک نۆ لیرەی تێپەڕاند.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ماددەی ٢٠ لە یاسای ژمارە ٣١ی کۆمسیۆن بۆ ساڵی ٢٠١٩، ئەو لایەنانەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی رەتدەکەنەوە یاخود گومانیان ھەیە، دەتوانن لە ماوەی سێ رۆژدا لە نوسینگەکانی کۆمسیۆن یاخود لە نوسینگەی نیشتمانیی و نوسینگەی دەستەی ھەرێم و دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن، تانە لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن تۆمار بکەن، ئەمڕۆش دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی تانەکان.
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەنجومەنی کۆمسیارانیش لە ماوەی حەوت رۆژدا وەڵامی دەستەی دادوەریی دەداتەوە و دەستەی دادوەرییش لە ماوەی ١٠ رۆژدا دەست دەکات بە کارکردن و لێکۆڵینەوە لە تانەکان.
پۆتن راشیگەیاند، رەوشی ئافغانستان و سەقامگیرییەکەی ئاسان نییە، چەکدارانی گروپە توندڕەوەکان کە بەشدار بوون لە بەرەکانی شەر لە سوریا و عێراق روویان لە ئەفغانستان کردووە، پرۆسەی گواستنەوەشیان چالاک و خێرایە.
ڤلادمیر پۆتن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر ھەیە گروپە تیرۆریستییەکان بتوانن سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان تێک بدەن.
نوێنەری بەرنامەی خۆراکی لە عێراق رایگەیاند، پلانی ستراتیژی قەتەری بۆبەرنامەی خۆراکی جیھانی بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ -٢٠٢٤ ھێڵەکانی پشتیوانی عێراقی دیاریکردووە کە گونجاوە لەگەڵ دیدگای ساڵی ٢٠٣٠.
رونیشیکردەوە، دیاردەی وشکە ساڵی کاریگەری لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵ ھەبووەو بووەتە ھۆی دابەزینی ئاستی بەرھەمی دانەوێڵە بەرێژەی ٣٨٪.
سەدر لە تویتێکدا نوسیویەتی، ئەوەی لە لای گرنگە تەنھا سەلامەتی عێراق و عێراقییەکانە، ھەربۆیە دەبێت ھەموو لایەنەکان دان بە خۆدا بگرن و بەرژوەندییە گشتییەکان پێش بەرژوەندییە تایبەتەکان بخەن .
دوپاتیشیکردوەتەوە، بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربونەوەی داگیرکەران و تیرۆر و ھەرگیز دژایەتی ھیچ عێراقییەک ناکەن.
ھەر لەو تویتەدا سەدر نوسیویەتی، بە یاسا بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە، پۆستی سەرۆک وەزیرانیش نە بۆ خۆرئاوا و نە بۆ خۆرھەڵاتە، بەڵکو بۆ عێراقییەکانە و دەبێت شکۆ و ھێز بۆ عێراق بگەرێندرێتەوە.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ جاری دوەمە سەدر داوا لە لایەنەکان دەکات دان بە خۆدا بگرن.
عومەر خدر سکرتێری یەکێتی نابیینایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، پێویستە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە رەوشی نابینایان لە بەرچاوبگیرێت و ھاوکاری بکرێن.
ھاوکات داوای لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم کرد، گۆچانی سپی بخرێتە تاقیکرنەوەی تیۆری شۆفێرییەوە بۆ ئەوەی شۆفێران لەشەقامەکان ھاوکارییان بکەن.
ھەروەھا داوای لە وەزارەتی پەروەردەش کرد، رۆژی جیھانی گۆچانی سپی بخرێتە پڕۆگرامەکانی خوێندن، داوای لە پەرلەمانی کوردستانیش کرد، پڕۆژە یاسای نابینایان بختە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای ئەوەی لایەنگرانی حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل لە بەردەم بینای دادوەری، لە دژی دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسێی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت گردبونەوە، ئاڵۆزی سەریھەڵداو، سوپای لوبنان ھێزی رەوانەی ناوچەکە کرد و ھەرەشەی تەقەکردنی لە ھەر کەسێک کرد کە بە نایاسایی چەک ھەڵبگرێت .
بە پێی ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، دەنگی تەقینەوە لە بەیروتدا بیستراوە و تا ئێستاش بەھۆی ئالۆزییەکانەوە سێ کەس کوژراون و دەیان کەس بریندارن، سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش داوای ھێورکردنەوەی رەوشەکەی کردوە .
عەبادی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، گرنگتر لە سەرکەوتن و شکستی ھەڵبژاردن پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکریزی نیشتمانیی و چاکسازی سیستمی سیاسییە، ھەر جۆرە پۆلێنکارییەکی سیاسی کە ببێتە مایەی ھەڕەشە لەسەر یەکریزی گەل و سەلامەتی سیستمی گشتی رەتیدەکەنەوە.
عەبادی رونیشیکردوتەوە، ھەڵوێستیان بەرامبەر ھەڵبژاردن روون و راشکاوانەیە کە نابێت بخرێتە ژێر بەرژەوەندی تایبەت و بەرژەوەندی بەرەیی، لە سەرەتای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ش داوای ھەڵبژاردنێکی پێشوەختی پاکیان کردوە کە دادپەروەری بەدیبھێنێت و متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ سیستمی سیاسی، لەگەڵ پیرۆزبایشیان لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن رەخنەیان لە پشێوی رێکارەکانی کۆمسیۆن ھەیە کە بوونەتە مایەی دروستکردنی ئاڵۆزی.
سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر راشیگەیاندوە، پشتیوانی ھەموو بانگەوازەکانی ھێورکردنەوە دەکەن و کاردەکەن بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دڵنیاکردنەوەی ھەموان، داواشی لە کۆمسیۆن کردووە ئەو کێشانە یەکلا بکاتەوە کەلە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەرکەوتوون و بوونەتە مایەی ئاڵۆزکردنی رەوشی گشتی.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئامانج لە پیشانگاکە زیاتر ناساندنی بەروبومی کشتوکاڵی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق ببێتە ناوەندێک بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا بەرێوەبەری گشتی کەرەستە کشتوکاڵیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: پیشەنگاکە بە ھاوبەشی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد بەرێوەدەچێت و تەنھا بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی تێدا نمایش دەکرێت، داواشی لە کۆمپانیەکان و جوتیاران کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری تێدا بکەن..
عالیە نسەیف سەرکردەی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ھاوپەیمانە نوێکە ھەر یەکە لە دەوڵەتی یاسا و ھاوپەیمانی فەتح و چەند گروپێکی تر لە خۆدەگرێت، ئەوەش دەیانباتە گۆڕەپانی دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
وتیشی، پێکھێنانی حکومەتی نوێ بە پێی دانوستانی سیاسی دەبێت ھاوشێوەی حکومەتەکانی پێشوو، بە بێ ڕێککەوتنیش ئەستەمە بتوانرێت حکومەت پێکبھێنرێت.
موقتەدا سەدر لە نوسراوێکدا ھەموو لایەنە سیاسییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە لیژنەیەکی چوار کەسی لە (حەسەن عەزاری و نەسار ڕوبەیعی و نەبیل تەرەفی و حاکم زاملی) بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان پێکھێناوە و ھیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نیە دەستوەردان لە کارەکانیان بکات.
سەدر ڕاشیگەیاندووە، لیژنەکە بۆ ئەم قۆناغە تەواوی دەسەڵاتی ھەیە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانی پەرلەمانی و سیاسی.
(خلوسی ئاکار) وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان تا ئەمڕۆ، چی پێویست بووبێت ئەنجام دراوە و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبن، و چی پێویست بێت لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەن.
(خلوسی ئاکار) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "سیاسەتی خۆپەرستی ھەندێک وڵات زیان بە ھاوپەیمانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا گەیاندووە و ئاسایشی ئەوروپاشیان خستووەتە مەترسییەوە.
کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیدا ڕایگەیاند، پابەندبوون بە بەڵێنەکەیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە بێ ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی و یاسایی.
وتیشی، یەکەمجارە ھەڵبژاردن بە بێ خۆکاندیدکردنی سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچێت و بەشداری ھەڵبژاردنیشی نەکردووە لە پێناو بەخشینی ڕاستگۆیی و متمانە بە پڕۆسەکە.
سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا دۆڕاو نییە و ھەمووان براوەن، ئەوانەشی تانەیان لە دژی ئەنجامی ھەڵبژاردن پێشکەشکردووە، پێویستە ڕێکار و چوارچێوەی یاسایی بگرنە بەر.
ھەروەھا کازمی داواشی لە کۆمسیۆن کرد بەدواداچوونی جدی بۆ تانەکان بکات، ھۆشداریشیدا لە ھەر ھەوڵێک بۆ دەرکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە چوارچێوە یاساییەکەی.
ھەروەھا سەرۆک وەزیران داوای لە کوتلە سەرکەوتووەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.