جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وردبینی بۆ ٣٦٨١ وێستگە کراوە و دەرکەوتووە ئەنجامەکەی ھاوشێوەی ژماردنی ئەلکترۆنی بووە و خراوەتە سەر ئەنجامی بەرایی.
راشیگەیاند، تەواوی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەراییەو شایەنی تانە لێدانە.
سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران جەختیشی کردەوە لەسەر بێلایەنی کۆمسیۆن و رایگەیاند، بە یەک ئاست لە بەرامبەر ھەموو ھێزە سیاسییەکان وەستاون.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە گواستنەوەی ئەو ھاوڵاتییە ئەمریکی و ئەفغانییانە دەکەنەوە کە دەیانەوێت ئەفغانستان بەجێبھێڵن و لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆیان کردووە بۆئەوەی ھەندێک لە ئەفغانییەکان وەربگرن.
بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان گفتوگۆیان کردووە بۆئەوەی ھاوکاریان بن لە گواستنەوەی ئەمریکی و ئەفغانییەکان لە ئەفغانستان و لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردووشدا چەند ھاوڵاتییەکی وڵاتەکەیان گواستوەتەوە بۆ ئەمریکا.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، کاروانی چوارەمی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە بەغداد، کە بڕەکەی یەک ملیۆن دۆزە و بەسەر ھەموو پارێزگاکان دابەشدەکرێت.
لە چوارچێوەی گرێبەستی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کڕینی ٣٦ ملیۆن دۆزی جیاوازی ڤاکسینی کۆرۆنا، چەند کاروانێکی ڤاکسینەکانی سینۆفارم و ئەسترازینیکا و فایزەر ھاوردەی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیش، تائێستا نزیکەی پێنج ملیۆن و ١٥٥ ھەزار کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، ئامانجی وەزارەتی تەندروستیش زیادکردنی ئەو ژمارەیە بۆ پێنج ملیۆن کەس.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بە رۆژنامەی بەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی راگەیاندووە، تاکە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئەوەیە ھەردوولا خاوەن دەوڵەتی دانپێدانراو بن و ئەگەر ئەو کارەش نەکرێت ناکۆکییەکان بەردەوام دەبن.
لاڤرۆڤ داواش لە بەرپرسانی ئیسرائیل و فەڵەستین کرد بەردەوامیی بە گفتوگۆکانی نێوانیان بدەن، چونکە تەنھا بە گفتوگۆ دەتوانن بگەن بە رێککەوتن و چارەسەری تەواوەتی.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک دەوروبەری زینی وەرتێ و چیاکانی ئاسۆس و سەفرەیان بۆردومان کرد و بەھۆی بۆردومانەکەوە زیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.
راشیگەیاند، ناوچەکانی بێرمکە و قەڵاتوکان لە بناری قەندیل کەوتوونەتە بەر ھێرشی فڕۆکە جەنگەکانی تورکیا،
وتیشی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە نزمی بە ئاسمانی قەزاکانی رانیە و پشدەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین سوڕانەوە، ئەوەش ترس و دڵڕاوکێی لای ھاوڵاتیانی سنوورەکە دروستکردووە.
بەپێی دواین ئاماری سەرچاوەکانی تەندروستی لوبنان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە توندوتیژییەکانی لوبنان گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە حەوت کەس و زیاتر لە ٤٠ کەسی تریش بریندار بوون.
حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەلیش کە سوپای ئەو وڵاتە تۆمەتباری کردوون بە نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژی، رایانگەیاندووە، سورن لەسەر داواکارییەکانیان و پاشەکشە ناکەن.
کۆتایی ھەفتەی رابردووش لایەنگرانی حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل رژانە سەر شەقامەکانی بەیروت و داوای لابردنی دادوەری دۆسیەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتیان کرد و دواتر لە ناوچەی تەیونە پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و ژمارەیەک چەکدار و سوپای لوبنان روویدا.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەو بڕوایەدان حکومەت و گەلی لوبنان بە یەکێتی و یەکڕیزی، لەو پیلان و ئاژاوانە رزگاریان دەبێت کە وەک ھەمیشە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆیان دروست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لە گرنگیی سەقامگیری و ئاسایشی لوبنان دەکاتەوە و بەوردی و لەنزیکەوە چاودێری ئەو روداوانە دەکات کە لە چەند رۆژی رابردودا لە لوبنان رویانداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارھێنانی توندوتیژی و ھەڕەشەکردن، لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئیدانە دەکەن.
ھەرچەندە خودی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، ھەڕەشە لێکردنیان بەھۆی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەوە رەتکردەوە، بەڵام رۆژی دوو شەممە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، چەند سەرچاوەیەک باسیان لە بوونی ھەڕەشە و فشار لەسەر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کرد، بە تایبەتی لە ناوچەی سەوز لە بەغداد.
د.بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و د.فائیق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەیاندا دەڵێن، جەخت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەنەوە و ھەر ھەوڵێکیش رەتدەکەنەوە کە ئاسایشی گشتیی بخاتە مەترسییەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری بە لایەنەکان دراوە کە پێوستە تانە و ناڕەزاییەکانیان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا بێت و بە ھەموو توانایەکیشەوە پشتیوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکەن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنەکان کراوە زمانێکی ژیرانە بەکاربھێینن و مامەڵەی باش لەگەڵ یەکتر بکەن، چونکە ھەڵبژاردن مافی رەوای ھاوڵاتیانە بۆ دروستکردنی دیموکراسییەت و پێویستە رێز لە دەنگی دەنگدەران و ئیرادەیان بگیرێت.
دەقی راگەیەندراوەکە...
راگەیەندراوێکی ھاوبەش لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری
وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستووری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستووری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئەوەی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی گشتی بکات.
لەو چوارچێوەیەدا جەختدەکەینەوە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لەسەر بنەمای دەستوور، چونکە خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و ھەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و رێگەچارەیەکی دێموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەیی ھێنانەئاراوەی خواستی راستەقینەی گەل.
ھەروەھا سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە ھەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلایکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت.
ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە دووپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی ھەموو ئەو سکاڵا و تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو.
داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دوور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەرێ دەکرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەوەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان، و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە کار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک رووەو و ئایندەی باشتر بھێنێتەدی.
د. بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆمار
دادوەر د. فایەق زێدان
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی ١٥,٨٢٦,٠٠٠,٠٠٠پازدە ملیار و ھەشت سەد و بیست و شەش ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سێکتەرە جیاجیاکانی ڕێگەوبان، ئاو، تەندروستی، شارەوانیەکان، پەروەردە، ئاودێری، کارەبا وئاوەدانکردنەوە، لە ئیدارەی گەرمیان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕە پارەیە بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی ئیدارەی گەرمیان خەرجدەکرێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئیمزای لەسەر ئەو دەقە کرد کە رێگە بە قەرزکردنی ٤٨٠ ملیار دۆلار دەدات تا کۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش گەورەترین بڕی قەرزە لە مێژووی ئەمریکادا.
دەقەکە ھەفتەی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە ئامادەکرا و رۆژی سێشەمەش لە ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی ٢١٩ ئەندام بەرامبەر ٢٠٦ ئەندام پەسەندکرا.
دیموکراتەکانیش دەڵێن ئەم دەقە رێکارێکی کاتییە و ھەل بە سەرۆکی وڵات دەدات پابەندی ئەو بەڵێنە ئابوورییانە بێت کە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا بە ئەمریکییەکانی داوە.