وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریک پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی لیوای ۱۰ی پیادە لە سنووری شارۆچکەی پردێ، لە ساتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای ۱۰ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەکانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەھید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە، چەندین جار ھۆشدارییان داوە لەسەر خۆڕێکخستنەوەی شانە نوستووەکانی داعش و سەرھەڵدانەوەیان، بەو کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە ھیچ ئامانجێک و بە بازووی ھێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرھەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەنەوە، ئەوەش بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی بە سەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی کۆلێژی پزیشکییان ھەیە بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی داتا و ئامارەکان تاوتوێکران و ڕاسپاردەی گونجاو ئامادەکرا بۆ چارەسەری پرسی وەرنەگیرانی دەرچووانی کۆنمرە بەرزەکان لە کۆلێژەکانی پزیشکی، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو کۆدەبێتەوە بە مەبەستی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ڕاسپاردەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ چارەسەری دۆسیەکە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنگۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەک خێزانیان لە گوندەکانی قەزای شارەبان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستیەوە و تا ئێستا ھیچ خێزانێکی تر بەھۆی پشێویەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئەو گوندانەوە ئاوارە نەبوون.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ٢٢٧ خێزان لە گوندی نەھر ئیمام بەھۆی پەلامارەکانی داعش بەرەو خانەقین ئاوارەبوون، ھاوکات ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان، بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشھاتەکانی ڕەوشی گوندەکانی سنووری شارەبان کۆبووەوە.
مستەفا کازمیش ڕایگەیاند، داعش ھەوڵ بۆ کردنەوەی جێپێی خۆی لە پاریزگای دیالە دەدات، بەڵام ھەرگیز ڕێگەیان پێنادەن.
جیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند، بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی گروپی ٢٠ لە رڕۆما، لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا و ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە و لە بارەی گرتنەبەری ھەڵوێستێکی ھاوبەش بەرامبەر دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکەن.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڤیەننا، سولیڤان ڕایگەیاند، تا ئێستا بۆیان ڕوون نییە کە ئایا ئێران دەیەوەێت بگەڕێتەوە دانوستانەکان یاخود نا.
بڕیارە دواتر و لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە گلاسکۆی سکۆتلەندا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبێتەوە.
میدیای ڕووسیا بڵاویکردەوە، بەھۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و ناوەندە گشتییەکان و خواردنگەکان، لە مۆسکۆ و ١٠ شاری دەوروبەری پایتەخت داخراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکە لەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ٧ی مانگی داھاتوو بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی ھەشت ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس لە ڕووسیا تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٣٥ ھەزار و ٥٧ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە.
ئاژانسەکانی ھەوڵ بڵاویانکردەوە، کەشتییەک کە ھەڵگری ٣٦٧ کۆچبەری نایاسایی بووە، گەیشتووەتە بەندەری "پالێرمۆ"، لەناویشیاندا ١٧٢ منداڵیان تێدابووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کۆچبەرانە ئەوانە بوون کە لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا، یەخت و بەلەمەکانیان لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا، پەکی کەوتووە و لە خنکان ڕزگارکراون.
بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ئەمساڵدا، لانیکەم ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەر لە ڕێگەی ئەوروپا گیانیان لە دەستداوە و بێ سەروشوێن بوون.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلایەن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ژمارەیەکی زۆری دەرچوو ناویان لە ھیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەھاتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش ناویان لەو کۆلیژانە نەگەڕاوەتەوە کە دڵخوازیانە.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەر کێشەی دەرچووان کۆدەبێتەوە.