لە رێوڕەسمێکدا لە مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، گۆڕانکاری لە پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین کرا و هەڤاڵ جەزای سەید مەجید ماڵئاوایی لە پۆستەکەی کرد و هەڤاڵ حەیدەر سەعید وەک لێپرسراوی نوێ دەستبەکار بوو.
لە رێوڕەسمەکەدا، قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە هەڤاڵ جەزای سەید مەجید کرد کە لەگەڵ ئەوەی لە قۆناغێکی سەختدا ئەرکی لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕینی پێ سپێردرابوو، بەڵام بەهۆی دڵسۆزییەکەی و شارەزاییەکەی لە ئیدارەدان و هەروەها بەهۆی هاوکاریی ئەندامانی مەڵبەند و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی توانی بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە پێگەی یەکێتی لە دەڤەرەکەدا بەهێزتر بکات.
وتیشی ئێستا کاک جەزا دەتوانێت بەوپەڕی سەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە پۆستەکەی و لە دەڤەری راپەڕین بکات.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، پیرۆزباییشی لە هەڤاڵ حەیدەر سەعید کرد و رایگەیاند: لەناو ئەو هەموو کادر و خەڵکە دڵسۆزەی یەکێتی لە سنوورەکەدا هەیەتی، دەستنیشانکردنی کەسێکی نوێ بۆ ئەو پۆستە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام پێگە و دڵسۆزی و ئەزموونی دەوڵەمەندی کاک حەیدەر هۆکار بوو بۆ دەستنیشانکردنەکەی.
وتیشی ئێمە دڵنیاین کە هەڤاڵ حەیدەر بە هاوکاری و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەند و هەموو تێکۆشەران و یەکێتییە دڵسۆزەکانی سنوورەکە دەتوانێت لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو بێت. لەمبارەیەوە پشتیوانیی سەرۆک بافڵ و خۆی و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتیشی بۆ دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی ئێستای یەکێتی کرد و رایگەیاند: یەکێتی ساڵ لە دوای ساڵ لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا پێگەی بەهێزتر دەبێت. وتیشی یەکێتیی ئێستا لە بەغدا بووەتەوە بە یەکێتییەکەی مام جەلال و کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان.
سەبارەت بە پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، ئێستا یەکێتی بەهۆی سیاسەت و هەڵوێستەکانی چەند ساڵی رابردوو و هەروەها بەهۆی سەرکردایەتیی ژیرانەی سەرۆک بافڵەوە لە هەموو ناوەندەکانی بڕیاردانی ناوچەکە و جیهاندا گوێی لێ دەگیرێت و رۆژ لە دوای رۆژیش پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەبێت.