کەسوکاری ئیبراھیم عەلی پور، فۆتۆگرافەری خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە بە کوردسات نیوزیان ڕاگەیاند، بە ھاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران توانیویانە کوڕەکەیان ئازاد بکەن کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەستبەسەرکرابوو.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئێستادا عەلی پور لە شوێنێکی پارێزراوە و باری تەندروستی جێگیرە، بڕیاریشە لە چەند سەعاتی داھاتوو بگەڕێتەوە خۆرھەڵاتی کوردستان.
ئیبراھیم عەلی پور ناسراو بە شوانە فۆتۆگرافەری سەربەخۆ و ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی وێنەگرانی (FIAP) و ئەندامی ئاژانسی میدڵ ئیست ئیمەیجز چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەستبەسەرکرا و تاوەکو ئێستاش ھۆکارەکەی نەزانراوە.
دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک، ژن و مێردێک، لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و ئۆتۆمبێل و سەرجەم کەلوپەلەکانیان دزرا، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوک ھەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد، بە پێی زانیارییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە کە بە ڕەگەز عەرەبە.
دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی توانای نوسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید و ئەنفالە.
ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢١ لە شاری کەرکوک کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان سازکرا.
ئامانج لەم یەکێتیە برەودانە بە بواری نوسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەکانی جینۆساید و پێشێلکاری مەترسیداری مافی مرۆڤە. تا پرسی جینۆسایدی کوردستان بکاتە پرسێکی جیھانی بە بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان و ناوەندە زانستی و ئەکادیمیەکان. ھەروەھا دروستکردنی پەیوەندیە لەگەڵ نوسەرانی جیھانی بواری جینۆساید و ناساندنی جینۆسایدی کوردستانە لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و ئەرشیفکردنیانە لە ڕێگەی یەکێتی نوسەرانەوە.
ھەروەھا یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ساڵانە کۆنفرانسی بەرفراوان ساز بدات بە بەشداری نوسەران و لێکۆڵەرانی بواری جینۆسایدی جیھانی. کۆنگرەکە بە دەنگدان دەستەی بەڕێوەبردن ھەڵبژارد و دەستەی بەڕێوەبردنیش سەرۆک و جێگر و سکرتێری ھەڵبژارد.
ڕێکخراوی کەشناسی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژی شەممەوە شەپۆلێک باران بارینی بەخوڕ و تەرزە ڕوو لە ١٨ پارێزگای باکور و خۆرئاوای وڵاتەکە، لەوانەش پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و سنە و ورمێ دەکات و تا ڕۆژی سێشەممەش بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووبار و دەریاکان و دروستبوونی لافاو لە ھەندێک ناوچە لە ئارادایە، بۆیە پێویستە ھاوڵاتیان خۆیان لە نزیکبوونەوە لەو شوێنانە بە دوور بگرن و تا ھێوربوونەوەی ڕەوشەکە، لە گەشتەکانیان کەم بکەنەوە.
ماریۆش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو جیاواز نەبووە لە شەوەکانی تر و چەند ھەوڵێکی بە کۆمەڵی کۆچبەران ھەبووە بۆ تێپەڕاندنی نایاسایی سنورەکەیان.
ڕوونیشیکردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی بێلاروس ڕێنمایی کۆچبەران دەکەن و شوێنی گونجاویان پیشان دەدەن بۆ دزەکردنە ناو خاکی وڵاتەکەیان.
لەلایەکی ترەوە لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە بێلاروس ڕایگەیاند، تا ئێستا ٦٥ کۆچبەر لەلایەن ھێزەکانی پۆڵەنداوە بریندارکراون کە لە نێویاندا ١٤ منداڵ و ژنێک ھەیە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە تۆمارکردنی ناوی ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوری بێلاروسن و دەیانەوێت بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا ٧٥ کۆچبەری تر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە و بەردەوامن لە ھەماھەنگییەکان بۆ ڕێکخستنی گەشتی گەڕانەوەی کۆچبەران.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ ٤٣١ کۆچبەر کە زۆرینەیان کورد بوون لە بێلاروسەوە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ھەینی شەڕ لە نێوان خاوەنی گەراجێک و کاسبکارێک لەسەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل ڕوویداوە و بەھۆی تەقەکردنەوە دوو کەس برینداربوون، دوای ڕووداوەکەش پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆلینەوە دەستێپێکردووە.
شەوی ڕابردووش لە شەقامی (١٠٠ مەتری) نزیک فڕۆکەخانە، دوو کەس لەسەر پارککردنی ئۆتۆمبێل لە گەراجی چێشتخانەیەک بوو بە شەڕیان و دوای بریندارکردنی یەکتر بە سەختی، ھەردووکیان گیانیان لە دەستدا.
میدیاکانی بەریتانیا ڕایانگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە وتارێکیدا لە کۆنگرەی ئاسایش لە واشنتن، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و ھەفتەی داھاتووش پڕۆژە یاسایەک لەو بارەیەوە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی تاکو پەسەند بکرێت.
بە پێی پڕۆژە یاساکە، ئەو کەسانەی لە بەریتانیا بە ئاشکرا پشتیوانی حەماس دەکەن یان ئاڵای بزوتنەوەکە بەرز دەکەنەوە، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و سزاکەشیان تاکو ١٤ مانگ زیندانیکردن دەچێت.
لە یەکەم کاردانەوەشدا نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پێشوازی لە بڕیارەکەی بەریتانیا کرد و سوپاسی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای کرد. تا ئێستا ئەمریکا و ئیسڕائیل و کەنەدا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بزوتنەوەی حەماسیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
یێنس شپان وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا وڵاتەکەی گرتووەتەوە و ڕەوشی تەندروستی زۆر مەترسیداردار تر بووە لە ڕەوشی ھەفتەی ڕابردوو، ئەوەش وایکردووە، وڵات بچێتە ناو باری نائاسایی نیشتمانی.
بەھۆی تەشەنەکردنی ئامارەکانی کۆرۆنا، پەرلەمانی ئەڵمانیا ژمارەیەک ڕێکاری نوێی خۆپارێزی پەسەند کرد، بە پێی ڕێکارەکان تەنھا ڕێگە بە وەرگرانی ڤاکسین دەدرێت بچنە شوێنە گشتییەکان و ھۆیەکانی گواستنەوە بەکاربھێنن.
ھاوکات ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ماوە تەواوبووی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنە بەر بۆ سنوردارکردنی ئامارەکانی کۆرۆنا.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە لایەنە ناڕازییەکانی ھەڵبژاردن لە خۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پلاسخارت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە لەسەر بوونی بەڵگەی ڕوون و دڵنیاکەرەوە لەسەر گرفتەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە بە بێ ھیچ گومانێک دەریدەخەن لە ڕۆژی ١٠ی ١٠ بە شێوازێکی ڕێکخراو دەنگە دروستەکان دزراون و بەشێک لە بەڵگەکانیش خراونەتە بەردەست نێردەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیشی کردووەتەوە لە بەردەوام بوون لەسەر ڕێڕەوی یاسایی بۆ یەکلاکردنەوەی تانەکان کارکردن لەسەر ڕێکارە دەستورییەکان.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەینەوا رایگەیاندوە، لە ناوچەی مشیرفە لە خۆرئاوای موسڵ بە مووشەک ھێرشکراوەتە سەر بنکەی زیلکان کە ھێزەکانی تورکیای تێدا جێگیرە لە باکوری موسڵ .
بەوتەی سەرچاوەکە، یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک کەنیسەی مارمتی لە ناحیەی بەعشیقە کەوتوەتە خوارەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتوەتەوە.
سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە بنکەی سەربازی زیلکان لە باکوری موسڵ جێگیر بوون و لەماوەی رابردوودا چەندین جار رووبەرووی ھێرشی مووشەکی بوونەتەوە.
دێنیس مۆناستیرسکی، وەزیری ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند، رێگری لە ھاتنە ناوەوەی کۆچبەرانی بێلاروس بۆ خاکی وڵاتەکەیان دەکەن.
وتیشی، فەرمانیان بە ھێزەکانی سەر سنور کردووە، ھەر کۆچبەرێک سنوری بەزاند تەقەی لێبکەن.
لەبارەی رێکارەکانیان وەزیری ناوخۆی ئۆکراین دەڵێت، ١٥ ھەلیکۆپتەر و دوو فڕۆکە و ٤٤ درۆن چاودێری سنورەکانیان دەکەن لەگەڵ بیلاروس، تاکو رێگە نەدەن ھیچ کۆچبەرێک سنوری ئۆکراین ببەزێنێت.
پۆلیسی یۆنان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگایەکی خێرای نزیک سنورەکانی ئەو وڵاتە، ئۆتۆمبێلێک کە ھەڵگری کۆچبەرانی نایاسایی بووە، وەرگەڕاوە و لەئاکامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ھەشتی دیکەش برینداربوون.
رونیشیکردووەتەوە، ئۆتۆمبێلەکە لە چەند خاڵێکی پشکنین ھەڵاتووە و لەکاتێکدا پۆلیس بەدواوەی بووە، خۆی کێشاوە بە گاردریلی کەنار جادەکە و وەرگەڕاوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، شەش لەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە پیاو بوون و یەکێکیشیان ژنە.
پۆلیسی یۆنان راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا نەبووە، بەڵام چوار لە بریندارەکان پاکستانی و دوو کەسیان ئەفغانی و یەکێکیشیان نیپاڵی بووە.
ھەزاران جوتیار ھاوشانی نوێنەری چین و توێژە جیاوازەکان، لە نزیک رووباری "زایندەڕود" لە شاری ئەسفەھان گردبوونەوە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر رێکارەکانی حکومەت بۆ گرتنەوەی ئاوی رووبارەکە و دابەشکردنی بەسەر شار و ناوچەکانی تری ئێران دەربڕی.
سەرەتای کێشەکە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی ئیران بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر ناوچەکانی تر، ئاوی رووباری "زایندەڕود"، پێش گەیشتنی بە ئەسفەھان بەسەر ناوچەکانی تردا دابەش کردوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکانی ئەسفەھان دروست کردووە و کاریگەریەکانیش لەگەڵ ھاتنی وشکەساڵی زیادیانکردووە.
ئەو جوتیارانە داواشیان لە حکومەت کرد، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی وشکەساڵی لەسەر جوتیاران و زەویە کشتوکاڵیەکانیان، دەستوەردان بکات و ئاوی رووباری "زایندەڕود"، بۆ جوتیارانی ئەسفەھان بەربداتەوە، کە ئێستا ساڵانە تەنھا چەند رۆژێک ئاوی ئەو رووبارە بۆ جوتیارانی ئەسفەھان بەردەداتەوە.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا رایگەیاند، فەرمانی کردووە بە ھەڵوەشاندنەوەی لیوای "یەوم ئەلمەوعود"، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن خودی سەدرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دامەزراوە.
بە پێی فەرمانەکەی سەدر سەرجەم بارەگاکانی ئەو لیوایە لە پارێزگاکانی عێراق دادەخرێن و لە ماوەی ٤٨ سەعاتیشدا سەرجەم چەکەکانیان رادەستی ھێزەکانی "سەرایا سەلام"ی سەر بە رەوتی سەدر دەکەن.
ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنج شەممە موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا داوای ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەکەکانیانی بە حەشدی شەعبی کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرمانی دەست بەکاربوونی بۆ رەوەند مەلا مەحمود وەک لێپسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سنورەکەی ناوەندی شاری کەرکوکە دەرکرد، ھەروەھا بەھەمان فەرمان ھیوا عەبدوڵا ئەحمەد کرا بە لێپرسراوی مەڵبەندی ۱۷ ی رۆژئاوای کەرکوک کە سنوری قەزای دووبس و ناحیەکانی سەرگەران و شوان و کۆمیتەی کانی دوومەڵان دەگرێتەوە، ئاڤێستا محەمەدیش وەک لێپرسراوی مەڵبەندی ۱۸ ی رۆژھەڵاتی کەرکوک دەست بەکار دەبێت کە سنوری قەزای داقوق و ناحیەی لەیلان و تۆپ زاوا و قەرەھەنجیر دەگرێتەوە .
ئاڤێستا محەمەد لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گۆڕانکارییەکان و زیادکردنی دوو مەڵبەندی تر بۆ کەرکوک دەریدەخات کەرکوک لە ئەولەویەتی سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە.