هەواڵەکان

روسیا رایگەیاند کە ئۆکراین بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەری و بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ لە تێلێگرام، هەر چوار فڕۆکەخانە سەرەکییەکەی پایتەخت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەهۆی هێرشەکەوە داخران. 

سێرگێی سۆبیانین، شارەوانی مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە لانیکەم 19 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراین "لە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە" لەناوبراون پێش ئەوەی بگەنە شارەکە. ئاماژەی بەوەشداوە هەندێک لە پاشماوەکان کەوتوونەتە سەر یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی چوونە ناو شارەکە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە.

ئوکراین تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە نەداوە. بەڵام شارەوانی خارکیڤ رایگەیاند، کە هاوکات روسیاش هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەنجامداوە بەتایبەت لە ناوچەکانی کیێڤ.

پارێزگاری ناوچەی ئۆدێسای ئوکراین، ئۆلێه کیپێر، رایگەیاند کە کەسێک لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی روسیادا کوژراوە.

ئەمە دووەم شەوە بە دوای یەکدا روسیا بڵاویدەکاتەوە، کە لەلایەن ئۆکراینەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکرێتە سەری - رۆژی دووشەممەش، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند کە 26 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراینی لەناوبردووە.

لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە کە روسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە، کیێڤ چەندین هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەرەو مۆسکۆ ئەنجامداوە. گەورەترین هێرشیشی لە مانگی مارسدا بوو کە تیایدا سێ کەس کوژران و زیاتر لە 10کەسیش بریندار بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئامانجە تیرۆریستییەکانمان تێکشکاند."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستیەکانی رژێمی تیرۆریستی حوسی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە".

هەروەها رایگەیاند کە "ژێرخانی حوسییەکانی لە ناوچەی کەناراوی یەمەن کردووەتە ئامانج".

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تیادا بەکاردێت".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "هێرش کرایە سەر کارگەی چیمەنتۆی باجل لە رۆژهەڵاتی حودەیدە، کە وەک دامەزراوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ حوسییەکان بەکاردەهێنرێت و بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی سەر بە ڕژێمی حوسی کەڵکی لێوەردەگیرێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەهێزەوە بەردەوام بێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک لە سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل لە هەر مەودایەکدا کە پێویست بکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پرۆژەی روناکی رایگەیاند؛ کە بەهۆی نالەباری بارودۆخی کەش و هەوا، تۆڕی کارەبای نیشتمانی توشی چەندین کێشەی تەکنیکی بوە و بوەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە ژمارەیەک گەڕەک.

بەپێی راگەیەنراوێکی پرۆژەی روناکی، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەت لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن و هەوڵدەدەن بەزوترین کات کارەبای نیشتمانی بگەڕێننەوە.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لەم ماوەیەدا مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان کارا دەبن و کارەبا بەدەست هاووڵاتیان دەگات تا کۆتایی چاککردنەوەی کارەبای نیشتمانی 24 سەعاتی.

پرۆژەی روناکی جەختی کردووەتەوە کە هاووڵاتیان لە کۆتایی مانگ هیچ بڕە پارەیەک بە مۆلیدەی ئەهلی نادەن و داوای لێبوردنیشی کردووە بۆ هەر ناڕەحەتییەک کە دروست بوە بەهۆی ئەم پچڕانەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک پێی راگەیاندین، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر شاری كەركوكی هەژاند.

بەپێی راگەیەنراوی كەشناسی عیراق، بوومەلەرزەكە لە قولایی 10 كیلۆمەترەوە بووە.

لە هەفتەی رابردووەوە ئەمە دەبێتە دووەم بوومەلەرزە لە کەرکوک کە هاوڵاتییان هەستی پێبکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، رێنماییە پێویستەکانی بۆ چۆنێتیی خۆپاراستن لەکاتی خۆڵبارین بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، لەکاتی خۆڵباریندا پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بەم ڕێنماییانەی خوارەوە:

یەکەم: لەکاتی چوونەدەرەوەدا ماسک بەکاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.

دووەم: لەکاتی خۆڵباریندا لەماڵەوە بمێنەرەوە و مەچۆرەدەرەوە.

سێیەم: چاویلکە و قەترەی چاو بەکاربهێنە بۆ پاراستنی چاوەکانت.

چوارەم: چاوەکانت بشۆ لەبری خوراندنی چاو.

پێنجەم: بەباشی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخە.

شەشەم: لەکاتی خۆڵباریندا لە پلەی گەرمی بەرزدا برێکی باش ئاو بخۆرەوە.

حەوتەم: لەکاتی شۆفێریدا جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەت دابخە.

هەشتەم: ئەوانەی نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە بەبەردەوامی پەمپی ئۆکسجین هەڵبگرن لەژێر ڕێنمایی پزیشکیدا چارەسەر وەربگرن.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن بۆ پاراستنی تەندروستیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوو لا چەندین پرسی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسی غەززە، سوریا، ئۆکراین و دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.

سەرۆکی تورکیا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە بەرەو پێشبردنی کەرتی بەرگری و کەرتەکانی دیکە. هاوکات ئەردۆغان پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا و دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران کردووە.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی تورکیا بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ سەردانی وڵاتەکەی کردووە و ترەمپ دەڵێت؛ ئەردۆغان بانگهێشتی کردم بۆ تورکیا و خۆشی دێت بۆ واشنتۆن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە کەرتی غەززە پەسەند کرد، هاوکات پلانی راگواستنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا بڕیار دراوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە فراوانتر بکرێن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە.

ئەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە، تیایدا جەخت لەسەر راگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشوری کەرتەکە کراوەتەوە، هەروەها چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە “ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ رزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس”.

نەتانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ سەرخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە راگواستنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەرگرتنی دانیشتوانی غەززە بکەن.

لەلایەکی ترەوە، دەستەی گشتیی میدیای ئیسرائیل (کان) بڵاوی کردووەتەوە کە پلانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت و وردەکارییەکانی بە نهێنی پارێزراون.

شایەنی باسە، ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە کە باس لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان چەندین تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد لەخۆدەگرێت، دوورە لە راستییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی عیراق هەواڵێکیان بڵاوکردەوە لەبارەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ خێرا بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان و ئەوەش هاتبوو، کە ئامێرەکان بە جۆرێک دەبن جیاوازی دەكەن لە نێوان كاغەزە نادروست و مۆرنەكراو و دەرهێنراوەكاندا و ئەنجامەكان راستەوخۆ لەسەر ئامێرەكە دەردەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێت لەوەی نەیەوێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا زۆر پرس چارەسەر دەبن.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، چاوەڕێی عومان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

وتیشی، داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن کە رۆڵی بنیاتنەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بگێڕن.

دەشڵێت: هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئیرادە و پرەنسیپە جێگرەکانی ئێمە نابێت.

ئەوەشی خستە روو، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتە روو و لەو رووەوە جێگیرین. ئەگەر خواستی لایەنە ئەمریکییەکان ئەوە بێت کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، پێموایە ئەگەر راستگۆ بن زۆر پرس چارەسەر دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی سەربەخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستان کرد لەسەر پڕۆگرامییە ئەتۆمییەکەی ئێران و تاوەکو ئێستاش دوو گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بارانبارین و هەورەتریشقە و خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و خێرایی با زیاد دەکات، پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەل تاوەباران و بروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتیش لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم. هەروەها لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری شەپۆلەکە بۆماوەیەکی کەم درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، پاشان کاریگەری دابارین لاواز دەبێت بەرەو ناوچە سنورییەکان.

کەشناسیی دەشڵێت، ئەمڕۆ خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێکدا، پێشبینی چالاکبوونی خێرایییەکەی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە بۆ نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا لە زوربەی ناوچەکان، لەگەڵ بایەکەشدا خۆڵبارین زیاد دەکات.

کەشناسیی هەرێم راشیگەیاندووە، لە ناوچەکانی قەزای بەردەرەش و ئاکری و سەنتەری دهۆک و دەوروبەری پێشبینی ژمارەیەکی زۆر لە هەورەتریشقە دەکرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بارینی کەمیک تاوەباران و هەبوونی هەورەتریشقە، بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکانی باکور.

کەشناسی لەبارەی پلەکانی گەرماوە ئەوەی روونکردووەتەوە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، بەڵام سبەینێ 3 بۆ 5 پلەی دیکە دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:

هەولێر : 28  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 23 پلەی سیلیزی

دهۆک : 23  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 29 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 24 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 24 پلەی سیلیزی

سۆران : 19 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 13 پلەی سیلیزی

گەرمیان :32 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر باكوری كەرتی غەززە، 19 فەلەستینی كوژران.

بەرگری شارستانی كەرتی غەززە بڵاویكردەوە، بەیانی زووی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردوومانی باكوری كەرتی غەززەی كردووە و گەڕەكی كەرامە و خانوویەكی لە گوندی عەتاترە كردووەتە ئامانج.

بەرگری شارستانی كەرتی غەززە ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیلی بە دوو كۆمەڵكوژی نوێی ئیسرائیل ناوبردووە و رایگەیاند، لانی كەم 19 كەس كوژراون و تەرمەكانیان گواستراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، بەهۆی نوقوومبوونی دوو بەلەمی گەشتیارییەوە لە چین، نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 75 كەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی شینخوای چینی رایگەیاند، دوو بەلەمی گەشتیاریی کە 84 گەشتیار و تیمی بەلەمەکەی لەسەر بووە، لە رووبارێکی ناوچەی تشینشی سەر بە گویتشو نوقومبوون و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستداوە و 75ی دیکەش بریندار بوون.

ئەوەش هاتووە، 70 گەشتیاریان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، کە بەشێکیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، هێشتا یەکێک لە گەشتیارەکان بێسەروشوێنە و تیمەکان سەرقاڵی گەڕانن بە دوایدا.

لەبارەی رووداوەکەشەوە شی جینبینگ سەرۆکی چین رایگەیاندووە، ئەوەی پێویست بکات دەیکەن بۆ ئەوەی بە زووترین گەشتیارە بێسەروشوێنەکە بدۆزرێتەوە و باشترین چارەسەریش پێشکەشی بریندارەکان بکرێت، هەروەها جەختیشی کردووەتەوە لە دووبارە پێداچوونەوە بە رێکارە ئەمنییەکانی بەلەمی گەشتیاران و سەرجەم گۆمەڵگە گەشتیارییەکان.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "تۆڕی نێودەوڵەتی تەلەفزیۆنی چین" لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو دوو بەلەمە گەشتیارییە زیاتر لە توانای خۆیان گەشتیاریان سەرخستووە، بەوهۆیەشەوە روداوەکە رویداوە.

ئەم رووداوە نزیكەی دوو مانگ، لە دوای رووداوێكی هاوشێوە دێت لە ناوەندی پارێزگای هونان كە بەهۆیەوە 11 كەس گیانیان لەدەستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵدا دابەزی و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە خوار 60 دۆلار. 

ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 3.5% دابەزی و گەیشتە 59 دۆلار و 17 سەنت، نرخی نەوتی تەكساسیش 3.8% دابەزی و گەیشتە 56 دۆلار و 8 سەنت.

ئەوە یەكەمین جارە لەماوەی چوار ساڵ و نیودا نرخی نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار، دابەزینی نرخەكەش دوای ئەوە بوو كە رێكخراوی ئۆپیك پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا خێرا دەكەن.

بەپێی ئەو بڕیارە، سعودیە و روسیا و شەش وڵاتی دیكەی ئەندامی ئۆپیك پڵەس لەنێویاندا عیراق، لە مانگی حوزەیرانەوە رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بەرهەمدەهێنن، لەكاتێكدا بڕیار بوو زیادكردنەكە 137 هەزار بەرمیلی رۆژانە بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای 22 ساڵ تەمەن، ئەمڕۆ تۆڕی پەیوەندییەکانی skype بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە بەکارهێنەرانی دەکات و لەبری ئەوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، microfost teams شوێنی دەگرێتەوە.

Skype ئەو تۆڕەی کەم کەس هەیە یادگاریی لەگەڵیدا نەبێت و لەو رێگایەوە قسەی لەگەڵ ئازیزێکیدا نەکردبێت، یان چاوپێکەوتنێکی کاری پێ ئەنجام نەدابێت، ئێستاش دوای 22 ساڵ ئەمڕۆ 5ی ئایار، بە تەواوی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تۆڕەکە دادەخات.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاندووە، لەبری سکایپ، دەتوانن هەژماری تایبەتی لە MICROSOFT TEAMS بکەنەوە و سەرجەم زانیاریی و پێویستییەکانتان راستەوخۆ لە سکایپەوە بگوازنەوە سەری.

Skype لە 29ی ئابی ساڵی 2003، لەلایەن سکاندیناڤیاس نیکلاس زێنسترۆم و جانوس فریس ئیستۆنیاوە دامەزراوە، کە بۆ ئەو قۆناغە وەک شۆڕشێک لە سیستمی پەیوەندیدا دادەنرا، کە بە تێچوویەکی کەم لەرێگای کۆمپیوتەرەکانەوە پەیوەندی ئەنجام دەدرا، تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنی ئینتەرنێت و زیادبوونی خێراییەکەیدا، سکایپیش زیاتر پێشکەوت و خزمەتگوزارییەکانی فراوانکرد بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی، ئەوە جگە لە نامە و ناردنی فایل و پەیوەندیکردن بە گروپ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی بەرازیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە توانیویەتی پیلانی ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی لە کۆنسێرتی گۆرانیبێژی جیهانی لەیدی گاگا پوچەڵ بکاتەوە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە کەناری "کۆپا کابانا" لە ویلایەتی ڕیۆ دی جانیرۆ لە ڕۆژی شەممەدا کۆکردبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی ریۆ دی جانیرۆ، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە کاری کردووە، ئەم پیلانە لەلایەن گروپێکەوە داڕێژرابوو کە هانی ڕق و کینە دەدات و هەوڵی تووندڕەوکردنی گەنجان و هەرزەکاران دەدات. ئەم گروپە رێگەی جۆراوجۆری وەک خۆئازاردان و پەیامی توندوتیژی بەکارهێناوە وەک شێوازێک بۆ دروستکردنی هەستی پەیوەندی لای ئەندامەکانی.

پۆلیس لە راگەیەندراوێکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "گومانلێکراوەکان خەریکی راکێشانی بەشداربوان بوون، لەنێویاندا کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی، بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناو کۆنسێرتەکەدا".

وەزارەتی داد رونی کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی ئەو تیمە بوون بە  "وەحشە بچووکەکان" ناسراون و خۆیان بە هەواداری لەیدی گاگا نیشانداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی NBC رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران "هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی تارانە".

لە چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە ئامادەیە گوێ لە پێشنیازەکانی ئێران بگرێت سەبارەت بە دەستکەوتنی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا و گوتی: "لە زۆربەی باردا وزەی ئەتۆمی مەدەنی دەبێتە هۆی جەنگی سەربازی".

سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراین و روسیا، ترەمپ رایگەیاند: "پێم وایە لەگەڵ لایەنێک نزیکترین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن"، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی لایەنەکە ئاشکرا بکات.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی خۆ کاندید کردنەوەی، وتی: "بە دوای خولی سێهەمی سەرۆکایەتی نیم، تەنیا دەمەوێت چوار ساڵی مەزن هەبێت و پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە جێبهێڵم".

ترەمپ سەبارەت بە شوێنگرەوەی داهاتووی رایگەیاند، پێی باشە کەسێکی دیموکراتی بێت و هاوکات جەختی کردەوە کە جەی دی ڤانس "کەسێکی لێوەشاوە دەبێت بۆ ئەو پۆستە".

شایانی باسە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە سەبارەت بە بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خولی سێهەم "گاڵتە ناکات"، بەڵام بە پێی لێدوانە نوێیەکەی، بەڵێنی داوە تەنها بۆ یەک خولی دیکە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5960616263...784