هەواڵەکانهەواڵەکان

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پرتوگالی دوای زیاتر لە 10 ساڵ وەک راهێنەری نوێ گەڕایەوە یانەی ریاڵ مەدرید.

راهێنەرە پرتوگالیەکە ساڵی 2010 تا 2013 راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بوو، لەوکاتەدا روبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەوە بەهۆکاری ئەوەی ریاڵ مەدرید لە بارودۆخێکی باشدا نەبوو، بەڵام جۆزێ هەرچەند نەیتوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، بەڵام یانەی ریاڵ مەدریدی بردە قۆناغێکی دیکە.

مۆرینیۆ لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید توانی نازناوی خولی ئیسپانی، جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستبهێنێت، لەو وەزرەشی کە خولی ئیسپانی بەدەستهێنا یانەکەی توانی 100 خاڵ کۆبکاتەوە و 121 گۆڵ تۆماربکات کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ بوو.

مۆرینیۆ دوای ریاڵ مەدیرد، راهێنەری هەریەک لە یانەکانی، چێڵسی، مان یونایتد، تۆتنهام، رۆما، فەنەرباخچە و بەنفیکای کرد، دواجاریش ئەمڕۆ 16ـی 5ـی 2026 گەڕایەوە یانەی شاهانە.

گەڕانەوەی مۆرینیۆ لەکاتێکدایە کە یانەی ریاڵ مەدرید بە چەندین کێشەوە دەتلێتەوە، دیارترینیان ژوری جلگۆڕینی یانەکەیە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو یاریزانی یانەکە کردیان بەشەڕ و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی جیهاندا دروست کرد.

ریاڵ مەدرید دوو وەزری لەسەر یەکە هیچ نازناوێک بەدەست ناهێنێت، ئەمەش یانەکەی خستووەتە ژیر فشارێکی قورس، چونکە یانەی شاهانە خاوەنی زۆرترین نازناوی خولی ناوخۆی ئیسپانیا و یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە، بەڵام لە کۆتا دوو وەرزدا، لە هیچ نازناوێک نزیک نەبووەتەوە.

جۆزێ مۆرینیۆی پرتوگالی لەئێستادا تەمەنی 63 ساڵە و ئەزمونێکی زۆری لە کاری راهێنەرایەتیدا کۆکردووەتەوە، هەرچەند لە 10 ساڵی رابردوودا بەپێی پێویست سەرکەوتوو نەبووە لەگەڵ ئەو یانانەی کە راهێنەرایەتی کردوون، بەڵام هاندەرانی ریاڵ مەدرید دڵخۆشن بە گەڕانەوەی مۆرینۆ و چاوەڕێدەکەین یانەکەیان رێکبخاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند،  فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرش و بۆردوومانانەی داوە کە بڕیار بوو ئەمشەو بکرێنە سەر ئێران، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران لە بەرانبەردا میدیاکانی ئێران گەیشت بە رێکەوتن رەتدەکەنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆردوومانەکە دوای ئەوە هاتووە کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتی و لایەنی ئێرانیش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

 دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا لە تروس سۆشیال جەختی لەوە کردوەتەوە، کە خاڵە کۆتاییەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرەین، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکەوە پەسند کراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە،تەواوی لایەنەکان رێککەوتنەکەیان قبوڵ کردووە و ئێمە هێرش ناکەینە سەر ئێران گەمارۆی دەریایی سەر ئێران وەک خۆی کاری پێدەکرێت و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.

لە دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ ئاژانسی فارس، لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە رایگەیاندوە، تا ئێستا بە هیچ یاداشتێک لەگەڵ ئەمریکا رازی نەبوون و ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دەیڵێت دورە لە راستییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، ئاگری جەنگە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتیش دەکەن.

فەرماندەی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، وەڵامەکەیان زۆر توندتر دەبێت لە جاران و ئاگری ئەم شەڕەش تەنها لە ناوچەکەدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو بە شێوازێکی بەربڵاوتر پەرەدەسێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی دژایەتییەکی ئاشکرا بووە؛ چونکە لە لایەکەوە باس لە رێککەوتن و دانوستان دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە دەست دەکەن بە تێکدان و توندوتیژی، ئەم دژایەتییە لە رەفتار و گوتاری ئەمریکاشدا بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە گەروی هورمزد دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، سەرکردەکانی ئەمریکا بەهۆی شارەزانەبوون  و نەناسینی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی، کەوتوونەتە ناو خولگەیەکی پووچەوە و پشتبەستن بە درۆی بەردەوام نیشانەی ئەم بێسەروبەرییەیە.

فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە واشنتۆن ناتوانێت لە رێگەی پڕوپاگەندە و جەنگی راگەیاندنەوە شکستە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی لە بەرانبەر ئێراندا بشارێتەوە.

 لە کۆتاییشدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، هۆشدارییەکی رون و یەکلاکەرەوەی داوە و دەڵێت؛ یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەسێک رێگەپێدراو نابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێکی باڵای پنتاگۆن و دوو لێپرسراوی ئیدارەی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندوە، پلانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی ژێرخانی وزەی دورگەی خارگ ماوەی چەند مانگێکە لەبەردەستدایە، بەڵام بەهۆی مەترسی زۆرەوە چەندین جار دواکەوتووە.

سی ئێن ئێن لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لێپرسراوانی کۆشکی سپی پێیان وایە دەستبەسەرداگرتنی خەرگ یان لەناوبردنی دامەزراوە نەوتییەکانی بەشێوەیەکی کاریگەر ئێران مایەپوچ دەکات و توانای درێژەدان بە جەنگەکەی لەناو دەبات.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هۆکاری دواخستنی ئەو پلانە هۆشدارییە سەربازییەکانی پنتاگۆنە، کە بە دۆناڵد ترەمپیان وتوە، ئۆپراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر هێزی زەمینی دەبێت و ئەگەری هەیە زیانی گیانی زۆی بۆ سوپای ئەمریکا لێبکەوێتەوە.

سی ئێن ئێن دەڵێت؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پنتاگۆن و کۆشکی سپی ئەم کارە بە  دوا رێگە یان  کۆتا پلان دەزانن کە دەتوانێت هاوسەنگی شەڕەکە بگۆڕێت، بەڵام تێچووی زۆری دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵذ ترەمپ رایگەیاند ئەمشەو گورزێکی کوشندە لە دورگەی خارگ دەدەین و پێشتریش سوپای ئەمەریکا چەندین هێرشی ئاسمانی گەورەی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی خەرگ ئەنجامداوە، بەڵام بە ئەنقەست خۆی لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی گرنگی دورگەکە بەدور گرتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەر زیانێک ئێران بە هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کەنداودا بگەیەنێت، لە هەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە دەبڕدرێت.

بێسێنت وتی: ئێران ئەو یارییە دۆڕاوە کە دەیکات، هەر زیانێک بە هاوپەیمانانمان لە کەنداو بگەیەنێت، باجەکەی لەو پارانە دەدات کە لە هەژمارەکانی ئێران دەبڕدرێن.

هۆشداریشی دا کە: هەر باجێکی تێپەڕبوون کە بدرێت بە دەستەی گەروی کەنداوی عەرەبی، لە بەرامبەردا پارە لە هەژمارەکانی ئەوان دەبڕدرێت، دووپاتیشی کردەوە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ئەو دەرئەنجامە ئابوری و داراییانەی کە ڕروبەروی دەبنەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارەگای "خاتەمو ئەنبيا"ی ئێرانی رایگەیاند: لەم ساتەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی باری تەناهی لە ناوچەکە، داخستنی گەروی هورمز بەروی هاتوچۆی سەرجەم جۆرەکانی کەشتیاندا رادەگەیەنین.

ئەم گرژییە سەربازییەی ئێستا، رۆژی دووشەممەی رابردوو کاتێک دەستی پێکرد کە کۆپتەرێکی جۆری "ئەپاچی" ئەمریکی لە نزیک گەروی هورمز خرایە خوارەوە، ئەو روداوەش زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لێکەوتەوە کە خاکی ئێران و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەی کەنداو گرتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی رونیان کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن، سیستمەکانی چاودێری، تۆڕەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان کردوەتە ئامانج، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەوەی کە بە دەستدرێژی بەردەوامی ئێران لە ناوچەکەدا ناویان بردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن، بە توندی بۆردومانی دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئێرانییەکان زۆر خۆبەزلزانن و ماوەی 47 ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوازی سەرەڕۆیانە رەفتار دەکەن.

ترەمپ قەبارەی زیانە سەربازییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و وتی: سەرجەم رادارەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانمان تێکشکاندووە، پێمانوایە ئەوەی ئێستا لەبەردەستیاندا ماوەتەوە تەنها نزیکەی 20٪ی تواناکانیانە.

 هەروەها رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی بە یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان لە مێژوودا ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە: لە ئێستادا دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاراندا واژۆ بکات.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ترەمپ هۆشداریدا و وتی: پردەکان ئامانجی داهاتووی هێرشەکانمان دەبن، بەڵام من نامەوێت ئەو کارە بکەم، چونکە کاتێک ئەوە ئەنجام دەدەم خەڵکی دەناڵێنن و تووشی ناڕەحەتی دەبن.

لەلایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ بۆ سەر ئێران، ئامانج لێی دروستکردنی گوشارە بۆ سەر تاران تا نەرمی زیاتر لە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نیشان بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری چالاکییەکانی مانگی رابردووی سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێی راگەیاند و زیاتر لە 100 نەشترەگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون.

بەپێی ئامارەکە، لە رێکەوتی (1ـی5 تا 31ـی 5 ئەمساڵ بەگشتی  106 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە سەنتەرەکەدا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون

ئاماژەبەوەکراوە، نەشتەرگەرییەکان بەپێی قەبارە و جۆرییەکانیان دابەشبوون بەسەر 17 نەشتەرگەری سەرووگه‌وره‌، 12 نەشتەرگەری گەورە و 77 نەشتەرگەری ناوەند.

هاوکات لە پاڵ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییانەدا، لە هەمان مانگدا پێشوازی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە نەخۆشان کراوە.

تەندروستی سلێمانی دەشڵێت؛ 110 نەخۆش لە سەنتەرەکە داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 7 نەخۆش سەردانی بەشی (ئی سی جی)یان کردووە بۆ پشکنینی پێویست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەڕەشەیەکی بێپێشینە و هێرشبەرانەدا، ترەمپ زەنگی هێرشێکی وێرانکەر و کەمەرشکێنی بۆ سەرانسەری ئێران لێدا و دەڵێ؛ ئەمشەو کۆتایی بە پاشماوەی توانای بەرگریی تاران دەهێنن و لە داهاتووشدا بە زەبری هێز دەست بەسەر تەواوی کێڵگە نەوتییەکان و بازاڕی وزەی ئەو وڵاتەدا دەگرن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی بەپەلە و تونددا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمشەو هێرشێکی بەهێز دەکاتە سەر ئێران و لە داهاتووشدا کۆنتڕۆڵی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە دەکەن.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا ئەمشەو بە توندی لە ئێران دەدات، وڵاتێک کە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، رادار، سیستمی دژەفڕین و سەرجەم شێوازەکانی تری بەرگری، لەگەڵ زۆربەی توانای هێرشبەرییەکەی لەناوچوون و نەماون.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە پلانەکانی داهاتووی واشنتۆن کرد رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نێزیکدا، دەست بەسەر دورگەی 'خارک' و بنکەکانی تری ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕەکانی نەوت و غازی ئێران دەکەن، رێک هاوشێوەی ئەو کارەی لەگەڵ ڤەنزوێلا کردیان، کە ئەنجامەکەی هەم بۆ ڤەنزوێلا و هەم بۆ ئەمریکا زۆر نایاب و سەرکەوتوو بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەکخستنی نەوتبەرێکی راگەیاند کە ئاڵای گینیا بیساوی لەسەر بووە لە کەنداوی عومان.

فەرماندەیی ئەمریکا رایگەیاند: سێیەم نەوتبەر لە کەنداوی عومان پەکخراوە، و دووپاتی کردەوە کە: نەوتبەرەکە گەمارۆی سەپێندراو بەسەر ئێرانی پێشێل کردووە.

هەروەها رونکردنەوەی دا کە: نەوتبەرەکە ئاڵای گینیا بیساوی بەرزکردبووەوە، و یەکێک لە فڕۆکە ئەمریکییەکان بە دوو مووشەکی جۆری 'هێڵفایەر' ئامانجی گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری رەوشەکە، ئیتاڵیا داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات ئامادەبن بۆ سوککردنی سزاکانی سەر ئێران ئەگەر تاران رێگەی گفتوگۆ هەڵبژێرێت.

جورجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، پێویستە یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژییەکی هاوسەنگی هەبێت بەرانبەر تاران، بە شێوەیەک ئامادە بێت بۆ سووککردنی سزاکان ئەگەر ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان پێشاندا، یاخود توندکردنی سزاکان لە ئەگەر بەردەوامبوونی گرژییەکاندا.

وتیشی، گرژییە بەردەوامەکانی دەروازەی ستراتیژیی "گەروی هورمز" بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کاریگەری نەرێنی قورسی لەسەر ئابووری جیهان دروستکردووە.

جۆرجیا میلۆنی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر تاران بەردەوام بێت لەسەر رێڕەوە هەڵەکەی، لە هەڕشەکردن لە ئازادیی گەشتی دەریایی، ئەنجامدانی هێرش، پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان و پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی، ئەوا پێویستە یەکێتیی ئەوروپا ئامادە بێت بۆ زیادکردنی گوشارەکان، تەنانەت لە رێگەی گرتنەبەری رێکاری نوێ و ئاراستەکراو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ کێر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لەسەر قەبارەی خەرجییە سەربازییەکان.

هیلی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانە داراییەکەی ستارمر بۆ وەبەرهێنانی بەرگری (DIP)، زۆر کەمترە لەوەی کە بۆ پاراستنی وڵات لەم قۆناغە مەترسیدارەدا پێویستە.

وەزیری بەرگریی دەستلەکارکێشاوە رونیکردەوە، لە کاتێکدا کە پێویستییەکی بەپەلە بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی شەڕکەری سوپا لە دوو ساڵی داهاتوودا هەیە، بەڵام ئەو پلانە داراییە پشتگیرییەکان دوا دەخات و تا ساڵی 2030 رێژەی خەرجییە سەربازییەکان تەنها دەگەیەنێتە 2.68٪ ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بەرنامەیەکی کوردسات نیوز سەبارەت بەکێشەکانی جوتیارانی کەرکوک وەفدێکی  فراکسیۆنی  یەکێتی لەبەغداد کێشەی جوتیارانی کەرکوکی گەیاندە  وەزیری کشتوکاڵی عیراق.

دوای ئاوەی لەدواین بەرنامەی فایل و دیارە لە کوردسات نیوز کە تایبەت بوو بەکێشەکانی جوتیارانی کەرکوک کەلەو بەرنامەیەدا، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشداربوو، بەڵێنیدا کێشەکانی جوتیارانی کەرکوک بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار لەبەغداد، کێشەکان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە گەیەندرایە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق.

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند، وەکو فراکسیۆن سەردانەکەمان بۆ لای وەزیری کشتوکاڵی عیراق ئەنجامدا، دوای ئەو بەرنامەیەی من هەمبوو لەگەڵ کوردسات نیوز سەبارەت  بەکێشە و داواکاری جوتیارانی کەرکوک بەتایبەت کێشەی وەرگرتنی گەنمی ناو پلان و دەرەوەی پلان و جیاوازیەکانی ،وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەو سەردانەدا داواکاریەکانی جوتیارانی کەرکوکمان گەیاندە وەزیری کشتوکاڵ بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەی کەوا پەیوەندی بەجوتیارانی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی 140ـەوە هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا باسیان لەپشکی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستانیش کرد، لەوەرگرتنی گەنم کە پشکەکە زۆر کەمە بۆیە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی داوایانکرد ئەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ هەرێمی کوردستان رێژەکە زیاد بکرێت، بەتایبەت کەئەمساڵ ئاووهەوا باشبووە و گەنمی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانیی سلێمانی: سەعات 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای نزیک مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار بەربەست دەکرێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی شەقامەکانی شار، ئەمڕۆ پێنجشەممە پاش سەعات 12:00ـی نیوەڕۆ دەست بە کاری (قشط) هەڵگرتنەوەی بەشە خراپبووەکانی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای نزیک مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار دەکرێت بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ سەرلەنوێ قیرتاوکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی کارەکان، رۆژی هەینی بەشێک لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای کارکردندا بەربەست دەکرێت، هەروەها شۆفێران دەتوانن شەقامی خزمەتگوزاریی مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی وەک رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت؛ " داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەین هاوکاریی و هەماهەنگی تیمەکانمان بکەن و رێنماییەکانی هاتوچۆ پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و سەرکەوتوویی تەواو بکرێن".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 بە رەسمی لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەختی مەکسیک دەستپێدەکەن، کە لە ساڵی 1930 وە و لە مێژوی پاڵەوانێتییەکەدا، بە بەرفراوانترین و گەورەترین خول دادەنرێت.

بۆ یەکەمجار لە مێژوی مۆندیالدا، سێ وڵات کە بریتین لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، و مەکسیک) بە هاوبەشی میوانداری ئەم خولە دەکەن.

لەم خولەدا ژمارەی تیپە بەشداربووەکان بۆ 48 هەڵبژاردە زیادکراوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی یارییەکان لە 64 یارییەوە بۆ 104 یاری بەرزبێتەوە کە بە درێژایی شەش هەفتە بەردەوام دەبن.

یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور لەسەر یاریگای مێژوویی "ئەزتێکا" بەڕێوەدەچێت، کە دەبێتە یەکەم یاریگا لە مێژوودا میوانداری سێ وەشانی جیاوازی مۆندیال بکات.

یارییەکانی دیکەش لە 16 شاری جیاواز (11 شار لە ئەمریکا، 3 لە مەکسیک، و 2 لە کەنەدا) لەسەر 16 یاریگای جیاواز ئەنجام دەدرێن، لە نێویاندا یاریگای "میتلایف" لە نیوجێرسی کە کاندیدە بۆ یاریی کۆتایی.

ئەم خولە شاهیدی بەشداریکردنی پێوانەیی و بێوێنەی 8 هەڵبژاردەی عەرەبییە کە بریتین لە: عیراق، میسر، مەغریب، تونس، جەزائیر، سعودیە، قەتەر، و ئوردن.
هەروەها پشکی کیشوەر بەم شێوەیەیە: 9 تیپ لە ئاسیا، 10 لە ئەفریقا، 16 لە ئەوروپا، 6 لە کۆنکاکاف، 6 لە ئەمریکای باشوور، و 1 لە ئۆقیانووسیا.

لەسەر ئاستی ئابوری، فیفا پێشبینی دەکات ئەم مۆندیالە بەهۆی زیادبوونی مافی پەخش و سپۆنسەرییەوە بەرزترین داهات لە مێژوی خۆیدا تۆمار بکات، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت 7 ملیۆن هاندەر بچنە ناو یاریگاکان و نزیکەی 6 ملیار کەسیش لە رێگەی شاشەکانەوە بینەری بن.

بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانیش، بەهای بازاڕی سەرجەم هەڵبژاردەکان دەگاتە 17.26 ملیار یۆرۆ، کە تێیدا ئینگلتەرا لەسەر ئاستی جیهان و مەغریب لەسەر ئاستی عەرەبی لە پێشەنگدان.

لەم چوارچێوەیەدا، جانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رایگەیاند کە مۆندیالی 2026 دەبێتە "گەورەترین و گشتگیرترین خول لە مێژوودا" و قۆناغێکی نوێ لە گەشەکردنی تۆپی پێ لە جیهاندا دەستپێدەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، لە میانی بەشداریی لە "کۆڕبەندی جیهانیی حوکمرانیی مافەکانی مرۆڤ 2026" لە پەکینی پایتەختی چین، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان گەشەپێدان، مافەکانی مرۆڤ کردەوە، هاوکات داوای هاوسەنگی زیاتری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا کرد و پشتگیری خۆی بۆ گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە.

لە کۆڕبەندەکەدا، کە بەبۆنەی 40ەمین ساڵیادی راگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ "مافی گەشەپێدان" رێکخرابوو، د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەشەپێدان بەپێی کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بپێورێت، نەک تەنها لە رێگەی ئامارە وشکەکانەوە.

سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق وەک شارەزایەک لە بواری سەرچاوەکانی ئاو، روونی کردەوە کە دابینکردنی ئاوی خاوێن، تەندروستی، پەروەردە و دەرفەتی ئابووری، بنەما سەرەکییەکانی گەشەپێدانی راستەقینەن و کەرامەتی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەوە.

د. لەتیف رەشید ئاوڕی لە مێژووی هاوچەرخی عیراق دایەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە وڵاتەکە بەدەستیانەوە ناڵاندوویەتی، وەک: شەڕ، دیکتاتۆرییەت، گەمارۆ ئابوورییەکان، تیرۆر، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو.

دکتۆر لەتیف رەشید وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو، باسی لە پرۆسەی بووژاندنەوەی زۆنگاوەکانی باشوری عیراق کرد کە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بە ئەنقەست وشککرابوون، و ڕایگەیاند کە ئێستا زۆنگاوەکان بوونەتەوە بە هێمای بووژانەوە و گەڕانەوەی ژیان و کولتوور بۆ دانیشتووانەکەی.

 هاوکات جەختیشی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی کەرتی تەندروستی عیراق کردەوە و رایگەیاند: هیچ گەشەپێدانێکی راستەقینە لە کۆمەڵگەیەکدا بەدی نایەت کە نەتوانێت تەندروستی هاووڵاتیانی بپارێزێت.

د. لەتیف رەشید چوار خاڵی سەرەکی وەک پێشینەی کارەکانی کۆڕبەندەکە دیاری کرد، وەک  بەهێزکردنی مافی گەشەپێدان وەک بەردی بناغەی سیستمی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، هەروەها دەستەبەرکردنی دادپەروەری کەشوهەوا لە کاتی گواستنەوە بەرەو ئابووری سەوز، هاوکات بەشداریکردنی دادپەروەرانە لە حوکمڕانیی ژیریی دەستکرددا (AI) ، لەگەڵ وەبەرهێنان لە توانای گەنجاندا وەک بزوێنەری سەرەکی پێشکەوتن.

بەشێکی گرنگی وتارەکەی سەرۆک کۆماری پێشوو تەرخانکرابوو بۆ پرسی فەلەستین و ئەوەی خستەڕوو، گفتوگۆکانی مافی مرۆڤ ناتوانن چاو لەو ستەمە بپۆشن کە دەیان ساڵە لە گەلی فەلەستین بەگشتی و کەرتی غەززە بەتایبەتی دەکرێت.

سەبارەت بە رەوشی مرۆیی غەززە ئاماژەی بەوەکرد،  منداڵانی غەززە مافی خوێندن و ژیانێکی ئارامیان هەیە، پزیشکەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە نەخۆشخانەی شیاودا کار بکەن، و گەلەکەشی مافی ئاو، خۆراک و کەرامەتی هەیە.

له‌ کۆتایی وتارەکەیدا، د. لەتیف رەشید ستایشی رۆڵی کۆماری گەلی چینی کرد لە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ژێرخان و وزە لە عیراقدا، داواشی کرد سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو هاوسەنگی و دادپەروەری زیاتر بڕوات، بە شێوەیەک کە مافی گەشەپێدان وەک مافێکی گشتگیر بۆ هەمووان تەماشا بکرێت، نەک وەک ئیمتیازاتێک کە تەنها چەند وڵاتێکی کەم لێی سوودمەند بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، ئێران ئەو کارە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و سەروەرییەکەی دادەنێت.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، هێرشە بەرفراوانەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، نەک هەر پێشێلکردنی رونی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەروەری خاکی ئێرانە، بەڵکو بە تەواوی رێککەوتنی ئاگربەستە، تاران جەختیش دەکاتەوە کە واشنتن بەرپرسیارە لە هەر دەرئەنجامێکی مەترسیدار کە بەهۆی ئەم "ئاگردۆخی و شەڕەنگێزییەوە" بێتە ئاراوە.

ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و رایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی هەر وڵاتێک بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا لەم هێرشانەدا، بەشدارییە لە تاوانەکەدا.

لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، ئێران مافی رەوای خۆیەتی لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا، سەرچاوەی هێرشەکان و ئەو شوێنانەی کە هێرشەکەیان لێوە کراوەتە سەر خاکەکەی، بکاتە ئامانج و بێدەنگیان بکات.

هەروەها رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی تاوانەکانی ئەمریکا دەکەین لە هێرشە بەرفراوانەکەیدا بۆ سەر ئێران لە شەوی رابردوودا.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، تاران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمینداری گشتی رێکخراوەکە دەکات کە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە پاراستنی ئاشتەوایی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، جیهان بەرەو پشێوی و نائارامی زیاتر دەبات."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5758596061...1117