لانە زرار عەبدوڵا خێزانی شەهید ئاکۆ، ئەو ئاسایشەی لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ شەهید بوو، لە ئێستادا جەڵتەی مێشک لێیداوە وچەند ئەندامیکی جەستیە بە تەواوەتی لەکارکەوتون.
ئەمڕۆ هەینی، کەسوکاری لانە زرار بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، بەهۆی خرواپی تەندروستییەوە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانییە و بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە چەند ئەندامێکی جەستەی بەتەواوەتی لە کارکەوتون.
لانە زرار، دایکی چوار منداڵە، کە دوو کوڕ و دوو کچن بە ناوەکانی دەنیس، رەیان، لۆنە و مینان.
ەکسوکارەکەی رایدەگەیەنن، دوای شەهیدبونی ئاکۆی هاوسەری، بە تەواوەتی رەوشی تەندروستی تێکچوە و رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، لە ئێستاشدا دەست و قاچێکی لە کارکەوتون و چاوێکیشی بە باشی نابینێت.
ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویکردوەتەوە ئەمریکا دەستیکردوە بە هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ وڵاتەکەی و رۆژی پێنجشەممە، لە کۆی 11 کەشتی کە سەر بە کۆمپانیای "شیڤرۆن"ـن سێ کەشتی نەوت هەڵگر، کە نەوتی ڤونزوێلایان تێدابووە ئەو وڵاتەیان بەرەو ئەمریکا بەجێهێشتوە .
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە فەرەنسییەکە کۆمپانیای "شیڤرۆن" تەنیا کۆمپانیای ئەمریکییە، کە رێگەی پێدراوە لە ڤەنزوێلا کاربکات، ئەم کەشتیانەی نەوتیشی بەکرێگرتووە وەک بەشێک لە خشتەیەکی پلان بۆدانراو بۆ بارکردنی نەوتی خاو بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
گەرچی کۆمپانیای "شیڤرۆن" رەتیکردەوە ئەو جموجۆڵەی کەشتییەکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاست بکاتەوە، تەنها ئەوەندەی وتوە، هێشتا سەرنجیان لەسەر سەلامەتی کارمەندەکانیانە و بەردەوامن لە کارکردن بەپێی یاساکان.
شیکەرەوەکانی کێپلەر هۆشداریدا لەوەی گەمارۆدانی ئەمریکا بۆ سەر هەناردەی ڤەنزوێلا، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی نەوت لە کۆگاکانی ئەو وڵاتەدا و رۆژی سێشەممەش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە کاراکاس بڕی 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رادەستی ئەمریکا دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، دەسەڵاتی ئەو وەک فەرماندەی گشتی تەنها بە "ئەخلاقی کەسی" سنووردارە، بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆت و بەندەکانی تر، کە توانای بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ هێرشکردن، داگیرکردن، یان ناچارکردنی وڵاتان لە سەرانسەری جیهان سنووردار دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رایگەیاندوە؛ تەنها بنەما ئەخلاقییەکانم دەتوانێت رێگری لێبکات لە بە کارهێنانی دەسەڵاتەکانی، ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد، كە ئامانج لێی سنوورداركردنی دەسەڵاتە جەنگییەكانی دۆناڵد ترەمپە لە ڤەنزوێلا و بەپێی ئەو پرۆژە بریارە ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس ناتوانێت ئۆپراسیۆنی تر ئەنجام بدات.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە، کە بەهۆی کارەکانیەوە بە بوێرانەوە هەستی بە کاریگەری خۆی کردووە لە لە سەرانسەری جیهاندا.
لەبارەی ڤەنزوێلاشەوە ترەمپ دەڵێت؛ ئەمریکا دەتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوو تێکەڵ بە ڤەنزوێلا بێت و "کات" ماوەی چاودێری راستەوخۆی ڤەنزوێلا لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی کردەوەی سەربازیدا دیاری دەکات.
ترەمپ هۆشداریش دەداتە نێجیریا و دەڵێت؛ ئەگەر بەدەوام بن لە کوشتنی مەسیحییەکان، بە دڵنیاییەوە هێرشی سەربازی زیاتر دەکەینە سەر ئەو وڵاتە.
دوای چوار رۆژ لە پێکدادان و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگری سوریا ئاگربەستی لە شاری حەلەب راگەیاند و نێردی تایبەتی ئەمریکاش بۆ کاروباری سوریا دەڵێت هەوڵدەدەین ماوەی ئاگربەست درێژ بکەینەوە.
وەزارەتی بەرگری سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە وتێیدا هاتووە؛ لەبەر سەلامەتی دانیشتوان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێی چالاکییە سەربازییەکان لەناو گەڕەکە کوردنشینەکاندا، وەزارەتی بەرگری ئاگربەست لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنی زەید رادەگەیەنێت.
ئاگربەستەکە لە سەعات سێی بەرەبەیانەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا سەعات نۆی ئەمڕۆ هەینییە و بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزارەی ناوخۆی سوریا داوا لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات ئەو گەڕەکانە چۆڵ بکەن.
لای خۆشیەوە تۆم باراکی نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگیاندوە، لە هەوڵدان ماوەی ئاگربەستەکە درێژبکەنەوە بۆ زیاتر لەوەی دیاری کراوە.
درەنگانێکی ئەمشەو، وەزارتەی ناوخۆی سوریا کۆنتڕۆڵکردنی گەڕەکی شێخ مەقسودی راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیان کرد ئەم رێوشوێنە ئامانجی دەستەبەرکردنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت و بەرزکردنەوەی سەقامگیریە و رێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی دانیشتووان بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی گرژی و پێکددانەکانی چوار رۆژی رابردوەوە زیاتر لە 60 کەس بریندار بوون و نزیکەی 20 هاووڵاتی مەدەنیش شەهید بوون.
تۆم باراک رایگەیاند، ئەمریکا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی روداوەکانی گەڕەکەکانی ئەشرافییە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەکات، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندابگرن و نەرمی بنوێنن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و موڵک و ماڵیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و جەختیشدەکاتەوە بە زوویی کۆتایی بە ناکۆکی و شەڕ بهێنرێت.
نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ لە ماوەی سێزدە مانگی رابردوودا، سوریا هەنگاوی مێژوویی ناوە بەرەو سەقامگیری، ئاشتەوایی نیشتمانی، و ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش دوای چەند دەیەیەک لە ململانێی وێرانکەر.
تۆم باراک نوسیویەتی؛ گفتوگۆ سەرنجڕاکێشەکان، کە ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ئەنجامدران، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو ئاشتییەکی فراوانتری ناوچەیی، ئەمەش جەخت لە پابەندبوونی بەردەوامی سوریایە بە شکاندنی بازنەی توندوتیژی، ئازار، و تاوانکاری کە زیاتر لە نیو سەدەیە تووشی نەتەوەکەی بووە.
نێردەی ترەمپ داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی سەرکردایەتی حکومەتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF)، دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە ناوچە کوردییەکان و هەموو لایەنە چەکدارەکان دەکات، کە دەستبەجێ دەست لە دوژمنایەتی هەڵبگرن، گرژییەکان کەم بکەنەوە و پابەند بن بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داهاتووی حەلەب و سوریای بە گشتی، هی خەڵکەکەیەتی و دەبێت لە رێگەی هێمنانەوە، نەک توندوتیژی، دابڕێژرێت ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانانیان و بەرپرسەکانی ناوچەکە، ئامادەن بۆ ئاسانکاریکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی نوێ بە سوریا و خەڵکەکەی بدەن بۆ هەڵبژاردنی رێگەی گفتوگۆ لە جیاتی ناکۆکی.
لەبارەی گرژی و پێکدادانەکانی حەلەب، شاناز ئیبراهیم، ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەوە و رایگەیاند بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەیەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رودەدات کارەساتێکی مرۆییە و هاووڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان بۆردومان دەکرێن و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرانبەر بەوەی رودەدات لە گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب.
دەقی راگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق نیگەرانی و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو هێرش و گەمارۆ بەردەوامانەی دەخرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەشاری حەلەب لە سوریا.
ئەوەی ڕوودەدا کارەساتێکی مرۆییە. هاوڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان و ئەو خێزانانەی بە هۆی کێشمەکێش و زەبرو زۆری چەندین ساڵەوە ئاوارەبوون جارێکی تر وا سزا دەدرێن و بۆردوومان دەکرێن. ماڵ و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان وێران دەکرێن و بە دەستی ئەنقەست بێبەش ئەکرێن لە ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و چاودێری تەندروستی و خوێندن.
بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەییەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
دەست نەپاراستن لەهاوڵاتیان و رێگری کردن لەگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری منداڵانی بریندار و ژنانی دووگیان و هەموو ئەوانەی پێویستیان بەچاودێریی تەندروستیە.
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوای بەپەلە ڕاگرتنی ئەم توندوتیژییانە و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و بژاردەی ئاشتی دەکات لەگەڵ هەڵگرتنی ئابڵوقە و زامنی گەیاندنی بێ ئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان.
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە نابێت هاوڵاتیان وەک کارتی فشار بەکار بهێنرێن و باجی ئابلوقە بدەن.
کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و یاسایی لەئەستۆیە تا کۆمەکی مرۆیی بەپەلە بگەیەنێ و هاوڵاتیان بپارێزێ و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەم دەستدرێژییانە بکات..
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد، كە ئامانج لێی سنوورداركردنی دەسەڵاتە جەنگییەكانی دۆناڵد ترەمپە لە ڤەنزوێلا و بەپێی ئەو پرۆژە بریارە ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس ناتوانێت ئۆپراسیۆنی تر ئەنجام نادات.
پرۆژە بڕیارەكە بە 52 دەنگی بەڵێ و 47 دەنگی نەخێر پەسەندكرا و جگە لە دیموكراتەكان پێنج سیناتۆری كۆماریش دەنگیان پێدا.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوا لە ترەمپ دەكات، كە بۆ هەر هێرشێك یان بەكارهێنانی سەربازی لە دژی ڤەنزوێلا، پێشوەختە مۆڵەت لە كۆنگرێس وەربگرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەكاتی هێرشكردنەسەر ڤەنزوێلا ترەمپ رایگەیاندبوو، پێشوەختە كۆنگرێسی لە ئۆپەراسیۆنەكە ئاگادار نەكردووەتەوە چونكە كۆنگرێس كێشەی دزەكردنی زانیارییەكانی هەیە و ئەمەش نیگەرانی زۆری لای یاسادانەران دروستكرد.
ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لەحەلەب لە زیادبوندایە و ئاسایشی ناوخۆی ئەو شارەش كوشتنی 13 چەكداری سوریای راگەیاند.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، توانیویانە شكست بەهێرشێكی چەكدارانی سوریا بۆسەر هەردو گەرەكی شێخ مەقسود وئەشرەفسیە بهێنن 13 چەكدار بكوژن و دوو چەكداریش بەدیل بگرن و دوو زرێپۆش تێكبشكێنن درۆنێكی بەیرەقداری توركیاشیان خستوەتەخوارەوە.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەكانیش، ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی چەكدارانی سوریا 12 هاولاتی مەدەنی كوژراون و 64 هاولاتی دیكەش برینداربوون ، لە ئەنجامی بۆردومانكردنی شارۆچكەی دێرحافریش شەش هاوڵاتی شەهید بوون و چەند كەسێكیش برینداربوون.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، راگەیەندراویكی لەسەر رەوشی ئێستای گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب بڵاوکردوەوە دەڵێت؛ شەڕ بەردەوامە و لە کاتی هەوڵدانی چەکدارەکانی سوریا بۆ ناو گەرەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نۆ چەکداران کوژراوە.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، هێزەکانیان دوو زرێپۆشیان تێکشکاند و چەند ئەندامێکی گروپە چەكدارەكانی سویایان کوشتوە، كە ویستویانە پێشڕەوی بكەن بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی حەلەب.
ئاماژەبەوەکراوە، شەڕ و پێکدادان و بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامە، کە روربەڕوی تۆپبارانی بەردەوام بوونەتەوە لەلایەن تانک و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدارەکانی سوریاوە و ژمارەی کوژراوەکانیشیان گەیشتوەتە نۆ چەکدار.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەگەر لەسەر بنەمای رێزی یەكتر و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، بەڵام ئامادەی جەنگیشن لەگەڵ واشنتۆن.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لە بەیروت رایگەیاند، ئامانجی سەردانەكەی بۆ لوبنان تاوتوێكردنی ئاڵنگاری و هەڕەشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.
دەشڵێت، ئامادەن لەگەڵ ئەمریكا دانوستان بكەن بە مەرجێك لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش بێت.
راشیگەیاند، ئەمریكا دەبێت جیاوازی بكات لە نێوان دانوستان و سەپاندنی مەرجدا و ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین جەنگ هەڵبگیرسێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا و ئیسرائیل خوازیاری جەنگ، تاران ئامادەی جەنگە.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی چەکدارەکانی سوریاوە، ژمارەی شەهیدەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب گەیشتە 12 کەس و بریندارەکانیش بۆ 64 کەس بەرزبونەتەوە.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، نوێترین ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکانیان، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی شەهید بوون گەیشتوەتە 12 کەس، لە بەرانبەردا، ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبوەتەوە بۆ 64 برینداری مەدەنی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆردومانی چڕی هەڕەمەکی چەکدارەکانی سوریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەردەوامی هەیە و لە رێگەی تانک و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەردەوامن لە بە ئامانج گرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژمارەی قوربانییەکانیش بەردەوام لە زیادبوندایە.
شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب پێی ناوەتە رۆژی سێیەمەوە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
مەزڵوم کۆبانێ، رایدەگەیەنێت بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لاواز دەکات و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبووڵکراو نییە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیەندراوێکی لەسەر پێشهاتەکانی حەلەب بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەردەوامبوون لەسەر رێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبووڵکراو نییە، لە رابردودا بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی، کە گەیشتووەتە ئاستی تاوانی جەنگ لە کەناری سووریا و سوەیدا.
مەزڵوم کۆبانی دەشڵێت؛ بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی بێتاوان و دەربەدەرکردنیان، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی پرۆسەی گفتوگۆدا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لاواز دەکات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی مەترسیدار خۆش دەکات.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت؛ لە تەنیشت خەڵکی خۆمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە وەستاوین و چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە.
ناوبراو لە کۆتایشدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دوابەدوای شکستی هێزەکانی حکومەت، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نەخۆشخانەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان کردە ئامانج.
روانگەی سوری لەسەر زاری سەرچاوەکانیەوە رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەشدارییان کردوە لە گرژییەکان حەلەب و هێرشیان کردوەتە سەر نەخۆشخانەی عوسمان و بۆردومانیان کردوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، کە چەکدارەکانی سوریا نەیانتوانی هیچ پێشکەوتنێک لە گەڕەکە کوردییەکاندا بەدەستبهێنن.
بەپێی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرسی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا زیانی زۆری لێکەوتوەتەوە لە نەخۆشخانەکەدا، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە سەرەتای گرژییەکانەوە ژمارەیەکی زۆر بریندار هەیە تا ئەمڕۆ و هۆشداری دەدرێت لە کارەساتێکی مرۆیی ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن.
ئەمڕۆ سێیەم رۆژە لەسەر یەک، کە پێکدادان و گرژییەکان بە چری لە نێوان جەکدارەکانی سوریا و ئاسایشی ناوخۆی حەلەبدا بەردەوامە سەرەڕای بونی رێکەوتنی ئاگربەست لە نێوانیاندا
ئەمە لە کاتێکدایە، ناوچەکە روبەڕوو پێکدادانێکی قورس بوەتەوە، کە هەموو جۆرە چەکێکی تێدا بەکارهێنراوە لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سوریاوە بۆ جونە ناو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، بەڵا تا ئێستا سەرکەوتوو نەبون.
بە گوێرەی داتاکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، نۆ شەهیدی مەدەنی هەیە، کە جواریان ژنن و یەکیان منداڵە و ژامرەیەکی زۆریش خانو زیانیان بەرکەوتوە.
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیداری خۆسەر رایدەگەیەنێت، هەوڵە دیپلۆماسییەكان لەنێوان فەرەنسا و ئەمریكا و تورکیادا بەردەوامە بۆ هێوركردنەوەی رەوشی حەلەب و پەیوەندییەكی چڕوپڕیان لەگەڵ واشنتۆن، پاریس و ئەنقەرە هەیە سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش كردوە، كە هەوڵ دەدەن ئەم وڵاتانە رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەوان و دیمەشقدا بگێڕن بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و دوپاتیشیکردوەتەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەین بگەینە بەكارهێنانی زمانی عەقڵ و لۆژیك بۆ چارەسەری پرسەكان بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی رەشەكوژی.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەوان وا لە پرسەکە دەڕوانن، کە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و دەبێت چارەسەرەکەشی هەر لە ناوخۆی سوریادا بێت.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت؛ لە پەوەندیدان لەگەڵ دیمەشق بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و رێگریكردن لە ئاڵۆزی زیاتر، دوپاتیشیکردوەتەوە، ئەوان لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەری پرسەكاندان، بەڵام ژمارەیەک لە گروپەکان، کە لە لازقیەو سوەیدا رەشەكوژییان ئەنجامداوە دەیانەوێت هەمان شت بکەنەوە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب.
سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری گرژی و توندوتیژییەکانی سوریا دەکەن، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دراوسێی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و کار بۆ وەستاندنی ئەو پێکدادانانە بکەن کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.
د. لەتیف رەشید، راشیگەیاند، پشتیوانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ چارەسەری ئاشتییانە کە بنەماکانی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتر پتەوتر بکات و جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا تەواوکەری یەکترن، هەروەها دەبێت ئاشتی و دیالۆگ تاکە بژاردە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم رەوشە قەیرانەدا کە تێیدا هاووڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکە.
ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب هێرشی پێچەوانەی نۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارەکانی لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی کۆنترۆڵکرد.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هێرشی پێچەوانەیان دەستپێكرد.
وتیشی، هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكان چەند شوێنێكیان لە گەڕەكەكانی حەی سەرەیان و زهور كۆنتڕۆڵكرد.
راگەیاندنی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، هێزەكانمان لە گەڕەكەی سەرەیان لە رووبەڕوو بوونەوەدان لەگەڵ چەكدارانی سوریا و زیانی زۆریان بە چەکدارانی دیمەشق گەیاندووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئەوەشی خستەروو، هێزەکانمان لە ناوچەکانی سەریانی نوێ، یانەی جەلا، مەیدان، گۆڕەپانی شێخان و نەخۆشخانەی یۆنانی لە پێشڕەویدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی هێزەکانی سوریا کوژراون.
نوێدەکرێتەوە....