هارتز: پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەزە پڕبوون لە جرج و مشک
سەوسەن سەید
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، هێرشی جرج و مشک سەربازانی سوپای ئیسرائیل و پێگە سەربازییەکانی هاوسنووری کەرتی غەززە و ناوچەکانی دەوروبەری کەرتەکەی گرتووەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکان سەرچاوەی ئەو دیاردەیە بۆ وێرانکارییە بەرفراوانەکە و کەڵەکەبوونی داروپەردووی ناو غەززە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانەوە دروست بووە.
دیاردەکە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بە دروستکردنی بێزاری بۆ سەربازانی ئیسرائیل لە ناو پێگە و خاڵە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی کەرتەکەوە دەستیپێکرد، پاشان تەشەنەی سەند بۆ ناوچەکانی دەوروبەری غەززە.
جرج و مشکەکان زیانی ئابووری و کشتوکاڵیی زۆریان هەبووە، بەتایبەت لە کێڵگەکانی فستقی سودانی کە رێژەی زەرەر و زیان تیایاندا گەیشتووەتە 70٪ی کۆی بەرهەمەکە.
لە رووی تەندروستی و مەیدانییەوە، لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا بەلانیکەمەوە 10 کەس بەهۆی گەستنی جرجەوە چارەسەریان وەرگرتووە.
هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە رایانگەیاندووە کە دەیان مشکیان لە ناو ماڵەکانیان دەرهێناوە، بە جۆرێک لە هەندێک حاڵەتدا ژمارەیان لە ناو یەک ماڵدا گەیشتووەتە نێوان 50 بۆ 100 مشک.



