هەواڵەکانهەواڵەکان

بەهۆی دوو بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون و كەمپێكی ئاوارەكان لە كەرتی غەززە زیاتر لە ٨٠ كەس كوژران و دەیانی تریش برینداربوون.


فەرماندەیی هێزەكانی بەرگری شارستانی فەلەستین رایگەیاندووە، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی بەیت لاهیا لە باكووری كەرتی غەززە كردووەتە ئامانج و بەهۆی داڕووخانی باڵەخانەكەشەوە ٧٢ كەس كوژران و زیاتر لە ٥٠ كەسی تریش برینداربوون و دەیان كەسیش كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەكە رووخاوەكە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بۆردومانێكی تری سوپای ئیسرائیل كەمپی بریج لە غەززە، ١١ كەس كوژران و دەیانی تریش برینداربوون.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەكان سبەی شەو شەپۆلێكی باران بارین روو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە سنوری دهۆكیش بەفر دەبارێت.


بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەینێ‌ دووشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان لەكاتەكانی دوای نیوەرۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو وە لەگەڵ بارانبارین لەكاتەكانی شەودا.


راشیگەیاندوە، لە سنوری پارێزگای دهۆك ئەگەری بەفربارین هەیە لەهەندێك لە ناوچە شاخاوییەكان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی کردەوه تیرۆریستییەکەی دژبه لیوای هاوبەشی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگه دەکات، کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی لیواکە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو له ناوچەی دوزخورماتوو شەهیدبوون. 


راشیگەیاند، پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدە قارەمانەکان دەکەن و لە خودای گەورە دەپاڕێنەوە بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادیان بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازن.


وتیشی، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەماندا دوپاتدەکەنەوە و بەردەوام دەبن لە روبەڕوبونەوەی شانەکانی گروپە تیرۆریستییەکان بە هەموو هێز و ئیرادەیەکەوە تا لەناوچوونی دوایین پاشماوەیان لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پلاندانانی عیراق داوا لە سەرجەم دانیشتووان دەكات لە رۆژانی سەرژمێریدا بەبێ‌ ترس و دوودڵی هەموو زانیارییەك بدەنە تیمەكان، چونكە زانیارییەكان پارێزراون و دزەیان پێناكرێت.


مەكی غازی جێگری سەرۆكی دەستەی ئامار و رێكخستنی زانیارییە جوگرافییەكان لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، لەو فۆڕمەی لە رۆژانی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا بۆ هاووڵاتیان پڕدەكرێتەوە و هیچ پرسیار و زانیارییەكی نهێنی تێدا نییە و نزیكن لەو زانیارییانەی لەكاتی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێن.


وتیشی، پێویستە هاووڵاتیان لە رۆژانی سەرژمێریدا بەبێ‌ ترس و دوودڵی هەموو زانیارییەك بدەنە تیمەكان، چونكە زانیارییەكان ١٠٠% پارێزراون دزەیان پێناكرێت و جگە لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی ئامار هیچ كەسێكی تر رێگە پێدراو نییە سەیری زانیارییە كەسییەكان بكات و سەرجەم زانیارییەكانیش كۆد و ژمارەی نهێنییان لەسەرە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا پێویستە هاوڵاتییان لەماڵەكانیان بمێننەوە، نانەواخانە و سۆپەرماركێتەكانیش بە سنورداری رێگە بە كردنەوەیان دەدرێت.


لیژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە سەرژمێری چەند بڕیارێكی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری دەركرد و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، بە راستی و دروستی داتاكانی خۆیان لە پرۆسەی سەرژمێری تۆمار بكەن، سەبارەت بە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانیش كە بە ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ ناسراون، دەڵێت ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بكەن، لپێویستە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی ١٧ تاوەكو ١٩ی تشرینی دووەم تۆمار بكرێن و لە ڕۆژانی ٢٠-٢١ی مانگیشدا داتاكانیان پشت ڕاستبكرێتەوە، لەو ناوچانە كە زێدی خۆیانە تۆمار بكرێن.


لیژنەكە دەشڵێت، هەر هاووڵاتییەك بەهەر هۆكارێك لە ئێستادا لە هەرێم نییە، پێویستە خانەوادەكەی بەڵگەنامەكانی پێشكەش بە بژمێرەكان بكەن.


لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگ قەدەغەی هاتوچۆی گشتی رادەگەیەنرێت، تەنیا تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و تیمەكانی تەندروستی و راگەیاندن و نانەواخانە و سۆپەرماركێتەكان بە سنورداری كراوە دەبن، فرۆكەخانە و دەروازەنێودەوڵەتییەكانیش بۆ گەشتیاری و جوڵەی بازرگانی كراوەدەبن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری پارێزگاری سلێمانی بەرەسمی داوا لە بانكی ناوەندی دەكات موچەی مووچەخۆرانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە بانكی بكات، بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.


شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لە نوسراوێكدا چواری ئەم مانگە ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردووە، داوای لە بانكی ناوەندی كردووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ تایبەت بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێبكات و مووچەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی بە بانكی بكات.


هەروەها، لە نووسراوەكەدا جێگری پارێزگاری سلێمانی داوای لە بانكی ناوەندی كردووە، بانكە فیدراڵییە پەیوەندیدارەكان راسپێردرێت رێوشوێنەكانیان دەستپێبكەن بۆ بە بانكیكردنی مووچەی موچەخۆرانی سلێمانی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی ٣ی لیوای ١ی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا تەقییەوە. کە بەداخەوە عقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەیی فەوجی سێ و عقید ئەندازیار محمد رەزا کریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سووپای عێراق و ن.ڤ شریف احمد محمد، لەو رووداوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون.

وتیشی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەین. لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین، گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆیی شادبکات و سەبووری و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو کوردستانیان. هەروەها هیوایی زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین.

 

راشیگەیاند، ‎ خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە هێزی پێشمه‌رگه له‌ئاماده‌باشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.


ئاماژەی بەوەشکرد، جمجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا.

 

وتیشی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و، لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سووپای عیراق بەردەوام دەبێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەعێراق پرۆسەیەكی گرنگ و چارەنوسسازە بۆ گەلەکەمان تایبەت بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، چونكە پرۆسەكە هەنگاوێكە بۆ دیاریكردنی شوناسی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، بۆیە پێویستە هەموومان وەك ئەركێكی نیشتمانی و پیرۆز  بەشداری لەم پرۆسەیەدا بكەین


راشیگەیاند، ئەركە لەسەر هەموو خێزانێك و تاك بەتاكی كەركوكییەكان و خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان كە ئاوارەی هەرشارێكن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچەدابڕێندراوەكان بسەلمێنین.


ئاماژەی بەوەشکرد، كوردستانیبوونی كەركوك بەندە بە گەڕانەوەی تۆی كەركوكی و دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەكانی تر، ئەمەش ئەركێكی پیرۆزی نەتەوەی و نشتیمانییە و ئایندەی  میللەتەكەمان دیاری دەكات.


وتیشی، وەك مام دەڵێت كەركوك قودسی كوردستانە و تا كوردێك مابێت و دەست لەكەركوك و ناوچەی كەركوك هەڵناگرێت
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران سەرجەم كارگەكانی بەرهەمهێنانی لە سوریا دادەخات و هەناردەی تارانیش بۆ دیمەشق لە دوو ملیار دۆلارەوە بۆ كەمتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.


سەعید عارف سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و سوریا رایگەیاند، ئاستی هەناردەی ئێران بۆ سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و زۆربەی كارگە گەورەكان و بە تایبەت بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سایپای ئێران لە سوریا راگیراوە.


باس لەوەشدەكات، سەرەڕای راگرتنی زۆربەی كارگەكانی ئێران لە سوریا، هاوكات ئاستی هەناردەی ساڵانەش لە دوو ملیار و ٥٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٢٤ ملیۆن دۆلار دابەزیووە، بەوەش دەردەكەوێت داهاتی ئێران لە سوریا زۆر كەمیكردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی هاوخەمی ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی کە لە سنوری خورماتوو  شەهیدبوون کرد و رایگەیاند، دڵنیاییان دەدەینێ تۆڵەی ئەم شەهیدانە لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بەهەدەر بڕوات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...

شەهیدبوونی فەرماندە عەقید روکن سامان سابیر لە هێزەکانی پێشمەرگە و عەقید محەمەد رەزا و  قارەمان شەریف سەرباز لە هێزەکانی سوپای عیراق  لەکاتی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان کۆستێکی گەورەیە و لەدڵەوە نیگەرانیکردین.

بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمە گەورەیەم. دڵنیاییان دەدەینێ تۆڵەی ئەم شەهیدانە لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان بەهەدەر بڕوات. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم و هیوادارم بەزووترین کات بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو کەسوکارەکانیان.

خوای گەورە شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری و ئارامی بەهەموولایەک ببەخشێت.

دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی هاوخەمی بۆ رووداوی تەقینەوەكەی خورماتوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەو كردەوە تیرۆریستییە ئەوە دەسەلمێنێت كە تیرۆر هێشتا مەترسییەكی راستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێم و ناوچەكە بەگشتی.  
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم...

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی قووڵم ئاراسته‌ی خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدانی ئه‌مڕۆی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی سنووری خورماتوو ده‌كه‌م كه‌ له‌ كاتی ئه‌ركدا و له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو به‌ ئۆتۆمبیلی لیوایه‌كی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا‌، سێ پله‌دار شه‌هید بوون. له‌ خوای مه‌زن داواكارم گیانیان به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هاوسۆز و هاوخه‌میانین و هیوای سه‌لامه‌تی و زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ تیرۆر هێشتا مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 ده‌كات. بۆیه‌ جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی و پته‌وكردنی زیاتری هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنی تیرۆرستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیماد ئەحمەد رایگەیاند، پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیج حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمەی کورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لە پێناو پاراستنی خاک و زمانەکەمان.

عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری لەبارەی گرنگی پرۆسەی سەرژمێری و بەشداری کورد و کاریگەریی لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ عیراق گرنگە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بۆ کورد چارەنووسسازە بۆیە ئەرکی هەمووانە بە گڕوتینی کوردانەمانەوە بەشداری بکەین و سەریبخەین تا بتوانین پێگەی کورد بەهێزتر بکەین و هاوسەنگی هێز لە عیراق بە شێوەیەک رێکبخەینەوە کە لەبەرژەوەندی هەرێمەکەمان و پاراستنی مافەکانماندا بێت.

عیماد ئەحمەد راشیگەیاند، ئەم پرسە لە ناوچە دابڕێندراوەکانمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کورد زۆر گرنگترە چونکە پەیوەستە بە پرسی کورد و خاک و نەتەوەوە بۆیە لەپێناو ئایندەی کوردبوونمان لەو سنورانە ئەرکمانە پەرۆشانە بەشداری تێدابکەین و سەنگی کورد بە سەربەرزییەوە دەربخەین چونکە ئەم هەنگاوە پشتیوانێکی باش دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەکانمان  و کوردستانی بوونمان و رێگرکردن لەو بیرە شۆڤێنییانەی مەرامیانە ئارامی و پێکەوەژیان بخەنە مەترسییەوە  لەورووە داوای لەهەموو ئەو کەسانەش کرد کە نیشتەجێی پارێزگاکانی هەرێمن و خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکانن ئەم چەند رۆژە بگەڕێنەوە خاکی باوباپیرانیان و بەشداری سەرژمێری بکەن و بوونی خۆیان بسەلمێن لەپێناو پارێزگاریکردن لە کوردستانی بوونی ناوچەکانمان و بەهێزترکردنی پێگەی کورد چونکە دڵنیاین تا دەنگی کورد دلێر تر و بەهێزتربێت ئارامی و ئاسایش زیاتر لەو سنورانە پارێزراوتردەبێت  و ئەو کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیانەشی کەلەنێوان هەموو نەتەوەو  پێکهاتەکاندا هەیە پارێزراوتر دەبێت.

 روونشیکردەوە پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیج حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمەکورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لە پێناو پاراستنی خاک و زمانەکەمان بۆیە داوا دەکەین لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتووی کاربکەن بۆ سەرخستنی ئەم پرسە  بە ویستی گەلەکەمان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەی لە میانەی ئۆپراسیۆنێکدا بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی لیوا هاوبەشەکان لە سنوری خورماتوودا تەقییەوە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و  رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تۆڵەی شەهیدبوونی ئەم سێ پێشمەرگە قارەمانەمان دەکەینەوە.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

بەداخەوە جارێکی تر دەستی تیرۆر گەشتە خوێنی رۆڵە قارەمانەکانمان و سێ پێشمەرگەی گیانفیدامان شەهیدبوون و سیانی تریش بریندار بوون.

لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

وەکچۆن هەموو جارێک دوای شەهیدبوونی رۆڵەیەکی گەلەکەمان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانمان گورزی کوشەندە و جەرگبڕتر لە تیرۆریستان دەوەشێنن، بە دڵنیاییەوە دوای شەهیدبوونی ئەم سێ پێشمەرگە قارەمانەشمان، هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی پیرۆزیان دەکەنەوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەوی ڕووداوی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی لیوا هاوبەشەکان لە سنوری پەڵکانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ڕووداوەکە لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە. 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم  راشیگەیاند، بەداخەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەعات نۆ لە سنوری خورماتوو، بۆمبێكی چێندراو بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق تەقییەوە.

دەشڵێت، بەهۆی روداوەكەوە  عەقید روكن سامان سابر سلێمان فەرماندەی فەوج و عەقید محەمەد رەزا كەریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی نۆی سوپای عیراق و شەریف ئەحمەد شەهیدبوون، هەروەها سێ سەربازیش برینداربوون.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، روداوەكە لە ئەنجامی كێوماڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سنوری خورماتوو بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی لیوا هاوبەشەكان تەقییەوە، بەهۆیەوە دوو فەرماندەو سەربازێكی هێزەكانی پێشمەرگە شەهیدبوون.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمرۆ بۆمبێكی چێندراو لە تەنیشت بیرەنەوتی پەلكانە لە سنوری خورماتوو بە ئۆتۆمبێلێكی لیوا هاوبەشەكان تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو فەرماندەو شۆفێرێكی هێزەكانی پێشمەرگە كە پلەی سەربازی هەبووە شەهیدبوون.

وتیشی، ئەو دوو عەقیدەی كە شەهیدبوون ناویان عەقید سامان سابیرە فەرماندەی فەوجی سێی لیوای ٢٠ هاوبەشە و خەڵكی سەرگەرانە، ئەوی تریشیان عەقید محەمەدە ئەندازیاری فەوجەكە بووە.

پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، هەر بەهۆی تەقیینەوەكە دوو كەسی تریش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی كەركوك كراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر، وتیشی تەقینەوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە رویداوە كە لەسەردەمی داعشدا لەو ناوچانەدا چێندراون.

یاسین مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو هێزە لە كاتی چونیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەو ناوچەیەدا بۆمبیان پیادا تەقیەوەتەوە و سێ ئەندامیان شەهید بوون و هیوادارن لە داهاتوودا ئۆپراسیۆن بكرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكانی چین و ئەمریكا كۆدەبنەوە و بایدنیش دەڵێت، ئەگەرچی ئەو دوو وڵاتە ركابەری یەكترن، بەڵام نەیانهێشتووە جەنگ لە نێوانیان دروست بێت.

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و شی جین پینگ، سەرۆكی چین لە پەراوێزی لوتكەی رێكخراوی هاوریكاریی ئاسیا ئەپێك لە پیرۆ كۆبونەوە و كۆشكی سپیش لە راگەیەنراوێكدا كۆبونەوەكەی بە هەنگاوێكی باشی نێوان ئەو دوو وڵاتە ناو برد.

لە كۆبونەوەكەدا بایدن رایگەیاند؛ ئەمریكا بە بەردەوامی وەك ركابەرێك لە چین دەڕوانێت بەڵام بە جۆرێك هەنگاوی نەناوە تا ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتە، وتیشی، لە چوار ساڵی رابردودا هەمو كاتێك هاوڕا نەبون لەگەڵ چین، بەڵام لەگەڵ یەكتردا راستگۆ و راشكاو بوون.

هاوكات شی جین پینگ لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ بایدن رایگەیاند؛ پێشوازی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ترەمپ دەكات، بەڵام پەكین سورە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و هۆشداریشی داوەتە واشنتۆن هاوكارییەكانی بۆ تایوان هێڵی سوری چین تێنەپەڕێنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...389390391392393...992