هەواڵەکانهەواڵەکان

لێپرسراوی نوسینگەی رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان لە عیراق رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و ٨٠٠ ئێزدی رزگارنەكراون .

حسێن قائیدی لێپرسراوی نوسینگەی رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان لە عیراق رایگەیاند، تا ئێستا لەكۆی شەش هەزار و ٤١٧ ئێزدی كە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە رفێندران، تا ئێستا سێ هەزار و ٥٨٣ كەسیان لە پیاو و ژن و منداڵ رزگاركراون و زیاتر لە دوو هەزار و ٨٠٠ ئێزدیش رزگارنەكراون، بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆر لە رزگارنەكراوەكان لە كەمپی هۆلی سوریادان. 

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای حەوت ساڵ لە لەناوبردنی داعش، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە ئێزدییەكان نەگەڕاونەتەوە شەنگال و هەزاران هاووڵاتی ئێزدیش لە كەمپی ئاوارەكاندان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سەرژمێری زانیاری پێویست دەخاتەڕوو بۆ چارەسەركردنی بێكاری و هەژاری لە وڵاتدا.

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكات بەشداری لەسەرژمێریدا بكەن، چونكە چەند لایەنێكی سودبەخش و ئەرێنی هەیە.

دەشڵێت، سەرژمێری زانیاری پێویست بۆ گەشەپێدان و حكومەتی ئەلیكترۆنی دابیندەكات و سەرچاوەی مرۆیی و ماددی گرنگ ئاشكرادەكات و دۆخێك دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەركردنی بێكاری و هەژاری.

وتیشی، سەرژمێری وادەكات ئەو ناوچانەی بێبەشن لە خزمەتگوزاری بناسرێن و گرنگە هاووڵاتیان بەشداری تێدا بكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگا ئەمنیەكانی ئیسرائیل رایانگەیاند، درەنگانی شەوی شەممە دوو بۆمبی رووناكی بەسەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەدا تێپەڕبوون.

پۆلیس و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، دوو بۆمبی رووناكی بەسەر ماڵی بنیامین ناتانیاهۆدا لە ناوچەی قیساریا تێپەڕبوون و لە دەوروبەری ماڵەكەیدا كەوتوونەتە خوارەوە. 

دەشڵێن، ناتانیاهۆ و ئەندامانی خێزانەكەی لە كاتی ئاڕاستەكردن و كەوتنە خوارەوەی بۆمبەكە لە ماڵەوە نەبوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆش سێ كەس بە گومانی پەیوەندی بەو رووداوەوە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

لە 19ی مانگی 10ی ئەمساڵدا سێ درۆن ئاڕاستەی ماڵی ناتانیاهۆ كران و ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار كرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاند، لە رۆژانی سەرژمێری و قەدەغەی هاتوچۆدا، گەشتە ئاسمانییەكان بەردەوامیان دەبێت و راناگیرێت.

مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاندووە، لە رۆژانی سەرژمێری گشتی و قەدەغەی هاتوچۆدا، كە بڕیارە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێت، گەشتە ئاسمانییەكانی عیراق بەردەوام دەبێت و راناگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان بەپێی خشتەی كاتەكانیان بەردەوام دەبن و هەماهەنگیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هەیە بۆ ئاسانكاریكردن بۆ هاتوچۆی گەشتیاران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابیندەكرێت و هەر پێشمەرگەیەكی بەشداربووی خزمەتگوزاییەكە ٧٠٪ـی خەرجی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابیندەكرێت، كە سیستەمێكە لە رێگەیەوە هەر پێشمەرگەیەك لەكاتی نەخۆشی و چارەسەردا، بەشێك لە تێچووی چارەسەرەكەی لە نەخۆشخانە حكومی و تایبەتەكان بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

هاوكات، د.رەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری كاروباری پزیشكی گشتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەرێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشكییەوە بڕیار لەسەر جۆری نەخۆشی و چارەسەری پێشمەرگە دەدرێت و دواتر رێگەپێدانی پێشوەختەی بۆ سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەكە بۆ دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێشمەرگانەی رێگەپێدانی پێشوەختەیان هەیە تاكو لە ٧٠٪ـی تێچووی چارەسەرەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو پێشمەرگانەشی رێگەپێدانی پێشوەختەیان نییە، لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشكییەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەكەی دەكرێت و تاكو لە ٢٥٪ـی تێچووی چارەسەرەكەیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عیراق رایگەیاند، شەپۆلێكی باران بارین روو لە عیراق دەكات و بەشێكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە. 


بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە هەورێكی چر لە رۆژئاوای وڵات دروست دەبێت و پێشبینی دەكرێت بارانی مامناوەند ببارێت. 


دەشڵێت، بەرەبەیانی سبەینێ باران لە موسڵ و هەولێر و دهۆك و چەند ناوچەیەكی هەرێم دەبارێت و رەشەبا هەڵدەكات و تەم دروست دەبێت. 


هاوكات، دەستەی كەشناسی هەرێمیش رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. 


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە ١٤-١١-٢٠٢٤ دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان بەڕێوەچو، گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت.


رۆژی دووشەممە 11-11-2024 سەرۆك کۆمار بەسەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی، کە پێکهاتبو لە دکتۆر ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی، فالح خەزعەلی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.کامل دولێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، حەیدەر مەکیە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان، جاسم فەلاحی بریکاری وەزیری ژینگە، د.عەلی لامی راوێژکاری سەرۆك وەزیران بۆ کاروباری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و ژمارەیەك راوێژکار و پسپۆڕان گەیشتە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و لە فڕۆکەخانەی حەیدەر عەلیێڤ لەلایەن ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حکومەتی ئازەربایجانەوە پێشوازی لێکرا.


دواتر سەرۆك کۆمار لەگەڵ ئیلهام حەیدەر عەلیێڤ سەرۆك کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە، کە لە بارەگای کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) بەڕێوەچوو.


لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە قوڵەکانی نێوان عیراق و ئازەربایجان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا کرا، هاوکات سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری، پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، ژینگە و وزە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.


هەروەها تاووتوێکردنی تەوەرەکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) بابەتێکی دیکەی دیدارەکە بو، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە و نێودەوڵەتی لە بواری بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە روبەڕوی جیهان دەبێتەوە و سنوردارکردنی کاریگەرییە مەترسییەکانی.


لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاووتوێ کران، هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵنگاریانە، بەشێوەیەك کە بنەمای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بچەسپێنێت.


لای خۆیەوە ئیلهام عەلیێڤ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرۆك کۆمار و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی، جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.


هەروەها لە دانیشتنی سەرەکیی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و هەڵوێستی چەسپاوی عیراقی سەبارەت بە رەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی سەر غەزە و لوبنان دوپاتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە سەپاندنی ئاگربەست و داننان بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی فەڵەستین، لەئەستۆ بگرێت.


سەرۆك کۆمار لەوتەکەیدا ئاماژەی بەو ئاڵنگاریانە کرد، کە روبەڕوی عیراق دەبێتەوە و زیانەکانی بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەك وشکەساڵی و بەبیابانبوون و زیادبونی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی باران و بەفر.


هاوکات سەرۆك کۆمار تەئکیدیکردەوە، کە عیراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی کەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان. داوای لە وڵاتانی ناوچەکەش کرد لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گروپێکی دانوستاندن پێکبهێنن بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن لەپێناو خۆپاراستن لەمەترسییەکانی گۆرانی کەشوهەوا.


هەر لە بارەگای بەڕێوەچونی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار سەردانی گۆشەی عیراقی کرد و لە وتەیەکدا ئاماژەی بەگرنگی بایەخدانی جیهان بە ژینگه کرد و تێیدا پێویستی ئەو سەکۆیەی خستەڕو بەوپێیەی دەرفەتێکی دیکەیە بۆ هەلی کارکردن و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.


سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە عێراق وڵاتێکی مێژوویی دێرینە، بەڵام ئەمڕۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کاریگەری لەسەر سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکانی هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت بەفیڕۆدانی ئاو چارەسەربکرێت و رێگای تەکنەلۆژی و شێوازی مۆدێرن بگیرێنەبەر بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتدا.

هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی کەشوهەوا COP29، سەرۆك کۆمار چاوی بە ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتان کەوت لەوانە ئەلیکسەندەر ڤۆچیچ سەرۆکی سڕبیا و هەروەها سەرۆکی حکومەتەکان لەوانە کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان، پیدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، پیتەر ڤیالا سەرۆك وەزیرانی چیك، ئەلیکسەندەر دی کرۆ سەرۆك وەزیرانی بەلجیکا و هەروەها ژمارەیەك جێنشین و میری وڵاتان لەوانە شێخ سوباح خالید ئەلحەمەد موبارەك سوباح جێنشینی دەوڵەتی کوەیت. لەو دیدارانەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی هاریکاری هاوبەش کرا. هەروەها دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لەسەر هەردوو ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خرانەڕو، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لوتکەی کەشوهەوا، دەرئەنجامە خوازراوەکان، پێشنیاری وڵاتانی بەشداربو، ئەو کێشانەی روبەڕویان دەبێتەوە و چارەسەرەکانی تێپەڕاندنی ئەو کێشانە. هاوکات میکانیزمەکانی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بنیاتنەر بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان، تاووتوێکران.


لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە نابێت پێشنیارەکان تەنها وشەی داڕشتن بن، بەڵکو دەبێت بە کردار لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێن و بکرێن بە پراکتیکی بۆئەوەی پلەی گەرما لەسەر هەسارەی زەوی دابەزێنرێت و نەوەی ئێستا و داهاتوو بپارێزرێن.
هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، سەرۆك کۆمار لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووەوە و هاریکاری نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە هەموو روویەکەوە تاووتوێ کرد.


لەلایەکی دیکەوە، سەرۆك کۆمار بەشداری لە پانێڵێکی گفتوگۆدا کرد، کە بە چاودێریی رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (فاو) و بە ئامادەبونی شو دۆنیۆ بەڕێوەبەری رێکخرابو.


لە پانێڵەکەدا میکانیزمەکانی خێراکردنی پارەدارکردنی کاروبارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لەپێناو سیستمی خۆڕاگری کشتوکاڵی و خۆراکی لە وڵاتانی لاواز و ئەوانەی ململانێیان تێدایە، تاووتوێکرا.


هەروەها سەرۆك کۆمار لە شوێنی مانەوەی خۆی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، پێشوازیکرد لە فاتیح بیرۆل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.


لەدیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاریکاری نێوان عیراق و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە کردەوە لە بواری بەکارهێنانی وزە و پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق لەم رێگەیەدا و لە بوارە جیاوازەکان بۆ بوژانەوەی ئابوری و سودوەرگرتن لە سامانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام.
هاوکات بەڕێزیان بەجیا پێشوازیکرد لە ئۆدیل رینو باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان، خاتوو کریستالینا گۆرگیێڤا بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.


لە هەردوو دیدارەدا باس لە هاریکاری دوولایەنە و رێگاکانی پەرەپێدانیان لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی رێبازی گەشەپێدان لە عیراقدا کرا و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر هەوڵەکانی عیراق بە ئاراستەی جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی تەواو بۆ پێشخستنی ئابوری و پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازیی دارایی و بانکی و پارەدارکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و بوارەکانی تەندروستی و وزە و کشتوکاڵ و کارەبا و پەروەردە.


هەر لەمیانی لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەك کەناڵی راگەیاندنی ئازەربایجان و بیانی ئەنجام دا و باسی لە لوتکەی کەشوهەوا COP29 و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە لەڕوی سیاسی و ئاسایش و ئابوری و ژینگەییەوە کرد، ئاماژەی بە رێگاکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ئیقلیمی و جیهانی لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردە سەر دەوروبەری باشوری بەیروت، دوای ئەوەی هۆشداریدا بە دانیشتوانی ناوچەیەكی بەیروت و داوای چۆڵكردنی كرد.


بەپێی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەردەكەوێت كە سوپای ئیسرائیل جارێكی تر ناوچەكانی دەوروبەری باشوری بەیروتی بۆردومانكردووە، دوای ئەوەی بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی ناوچەكەیان چۆڵكردووە، بەهۆی هۆشدارییەكانی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە لەو بارەیەوە.


سوپای ئیسرائیل دەڵێت، خەڵكی ئەو ناوچەیە نزیكن لە دامەزراوە و بەرژەوەندییەكانی حیزبوڵڵا كە سوپای ئیسرائیل لە ماوەیەكی نزیكدا بە چڕی لە دژیان چالاكی دەكات و هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەریان.


سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی ناوچەكە كردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و خێزانەكانیان، دەبێت دەستبەجێ باڵەخانەكان و دەوروبەریان چۆڵ بكەن و لانیكەم ٥٠٠ مەتر لێیان دوور بكەونەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا كۆمارییەكانی ئەمریكا بەبردنەوەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران لانیكەم بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو، كۆنتڕۆڵی كۆنگرێس دەكەن.


سەرباری بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كۆمارییەكان بەبردنەوەیان لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران دەتوانن سەرجەم دەمەزراوەكانی ئەمریكا بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.


لە ٢٠ ی مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٥ دا دۆناڵد ترەمپ وەكو ٤٧ هەمین سەرۆكی ئەمەریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دوو هەفتە دوای ئەوەش كۆنگرێسی نوێ پێكدێت، دیموكراتەكانیش لە زۆربەی پرسەكاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بێدەسەڵات دەبن بەوپێیەی كۆمارییەكان لە هەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێسدا دەبنە زۆرینە.


كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران ٥٣ كورسییان هەیە و دیموكراتەكانیش ٤٧ كورسییان هەیە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا كۆمارییەكان تا ئێستا ٢١٨ كورسییان لە كۆی ٤٣٥ كورسییەكەی ئەنجومەنەكە بە دەستهێناوە و بوونەتە زۆرینە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەڕانەوەی پۆلیسی ئەخلاق لەلیبیا، مشتومڕی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتووەتەوە و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە نیگەرانن لە سنوورداركردنی ئازادییەكان.


عیماد تەرابلوسی وەزیری ناوخۆی لیبیا ڕایگەیاند، بڕیاردراوە كارمەندانی پۆلیسی ئەخلاق لە مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو یگەڕێنەوە سەر كارەكانیان بۆ سەپاندنی دابونەریتی كۆمەڵگا.


وتیشی دەزگا ئەمنییەكان ڕێگری دەكەن لە پۆشینی ئەو جلوبەرگانەی كە لەگەڵ كەلتوور و تایبەتمەندی كۆمەڵگەی لیبیا ناگونجێن، هاوكات داوا لە ژنان و كچان دەكات جلی گونجاو لەبەر بكەن، جەختیش لە رێگریكردن  لە تێكەڵبوونی ژنان و پیاوان لە شوێنە گشتییەكاندا دەكاتەوە.


بڕیارەكەی حكومەتی لیبیا ڕای گشتی لەناوخۆی ئەو وڵاتە دابەشكردووە و هەندێك بە پاراستنی داب و نەریتی كۆمەڵگە پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەكە دەربڕیوە و زۆرینەش ڕەخنەیان لێگرتووە و نیگەرانن لەبارەی كەمكردنەوەی ئازادییەكان و ئەگەری سەپاندنی یاسای توند لەسەر جلوبەرگ و هەڵسوكەوتی كەسایەتی تاك.


بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی لیبیا، قەدەغەكردنی گەشتی ژنان بۆ ناو وڵات بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو قەدەغەیە و ئەوانەی داوای ئازادی كەسیی دەكەن دەبێت بچنە ئەوروپا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا نزیكبوونەوە و هاوپەیمانی نێوان روسیا و كۆریای باكوور بە مەترسییەكی گەورە بۆ قۆناغی ئێستای جیهان وەسف دەكات.


جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە پەراوێزی لوتكەی ئاسیا و زەریای هادی كە بە ئەپیك ناسراوە و لە شاری لیما پایتەختی پیرۆ بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ شیگیرۆ ئیشیبا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن و یون سوك یول سەرۆكی كۆریای باشوور كۆبووەوە و رایگەیاند، ژاپۆن و كۆریای باشوور كە دوژمنایەتییەكی دێرین و مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە، ئێستا بە نێوەندگیری ئەمریكا سەرقاڵی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئەمنی و ئابوورییەكانیان و لەگەڵ ئەمریكا هاوپەیمانییەكی سێقۆڵییان پێكهێناوە.


بایدن وتیشی، پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و كۆریای باكوور بەتایبەتیش لە بواری سەربازیدا، مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەیۆ بۆ قۆناغی ئێستای جیهان و ئاڵۆزتربوونی شەڕی ئۆكراین، چونكە كۆریای باكوور پلانی هەیە ژمارەیەكی زۆر سەربازی وڵاتی بۆ هاوكاریكردنی سوپای روسیا، رەوانەی مۆسكۆ بكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێكی باڵای ئێران دەڵێت بەهیچ شێوەیەك وڵاتەكەی دەستبەرداری حزبوڵای لوبنان نابێت و بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی لە هەموو بوارێكدا.


عەلی لاریجانی راوێژكاری رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەردانێكیدا بۆ بەیروت و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆكی پەرلەرمانی لوبنان رایگەیاند، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و كەرتی غەززە پێچەوانەی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكانەو پابەند نەبوونە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و تاوانێكی گەورەشە بەرامبەر خەڵكی مەدەنی لە كەرتی غەززە و ناوچەكانی باشووری لوبنان.


وتیشی، هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر حزبوڵای لوبنان لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا روون و ئاشكرایە و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هاوكاریكردنە لە هەموو روویەكەوە و بەهیچ شێوەیەك و لە هیچ قۆناغێكیشدا ئێران دەستبەرداری حزبوڵا نابێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوانی ئیسرائیل دەڵێن لە هێرشەكانیان بۆسەر ئێران ئەو پێداویستی و كەرەستانەیان لەناوبردووە كە ئەو وڵاتە بۆ گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی پێویستی پێیانە.


ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئیسرائیلیەوە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانیان ئەو بەڵگانەی دەستیان كەوتووە، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەرچەندە زیانێكی گیانی زۆری بەو وڵاتە نەگەیاندووە، زیانی گەورەی بە ژێرخانی سەربازیی ئێران گەیاندووە، بەڵام تاران ئامادە نییە هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو زیانە گەورانە ئاشكرا بكات و بۆ رایگشتی جیهانی بخاتەڕوو.


راشیانگەیاندووە، یەكێك لەو شوێنانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی ئیسرائیلدا زیانی گەورەی بەركەوتووە، كۆمەڵگەی بارشینی ئەتۆمییە كە یەكێكە لەناوەندە گرنگ و هەستیارە ئەتۆمییەكانی ئێران و زۆربەی ئەو كەرەستانەش كە ئەو وڵاتە پێویستی پێیانە بۆ گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەناو ئەو كۆمەڵگە ئەتۆمییە لەناوبراوان.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری پلاندانانی عیراق رایدەگەیەنێت، سەرژمێری گشتی دانیشتووان نەخشەی گەشەپێدان لە عیراق دیاری دەكات.


محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرژمێری گشتی دانیشتووان كە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا یەكەم سەرژمێری گشتگیری گەشەپێدانە و دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابووری بۆ عیراق.


وتیشی، سەرژمێری گشتی دانیشتووان سەركەوتنێكی گەورەی نیشتمانی و دەستوورییە و نەخشەی گەشەپێدان لە عیراق دیاری دەكات و دەبێتە بەرچاوڕوونی و بنەمایەكی گرنگ بۆ چۆنێتی دابەشكردنی پرۆژە و خزمەتگوزارییەكان لە پارێزگاكانی عیراق.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پارێزگای بەدلیسی باكوری كوردستان بۆ ماوەی دوو رۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و چالاكییەك قەدەغە دەكرێت.


پارێزگاری بەدلیس رایگەیاند، رۆژانی شەممە و یەكشەممە بۆ ماوەی دوو رۆژ چالاكی مەدەنی و هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبونەوەیەك قەدەغەیە، هەروەها هەموو جۆرە بڵاوكراوەیەكی میدیایی و كەمپینی مانگرتن و دانانی سەكۆی بانگەشە قەدەغەدەكرێت.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، قەدەغەكردنی خۆپیشاندان و چالاكی بۆ پارێزگاریكردنە لە ماف و ئازادییەكانی كەسانی دیكە.


ئەوەش لە كاتێكدایە مانگی رابردوو بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا چەند سەرۆك ئاشەوانییەك لە شارەكانی باكوری كوردستان لە كارەكانیان دوور خرانەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا، بەوهۆیەشەوە لە زۆربەی شارەكان گردبونەوەی و نارەزایەتی و خۆپیشاندان ئەنجام درا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری توركیا داوای كردووە پارێزبەندی لەسەر پێنج پەرلەمانتار هەڵبگیرێت كە سێ‌ ئەندامیان پەرلەمانتاری دەم پارتین.


بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، سەرۆك كۆماری توركیا، داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا كردووە، پارێزبەندی لەسەر سێ پەرلەمانتاری دەم پارتی و پەرلەمانتارێكی پارتی باش و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ هەڵبگیرێت.


ئەو پەرلەمانتارانەی كە داواكراوە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت پێكهاتوون لە، سالیحە ئایدەنیز، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و جەنگیز چاندار و سەباحەت ئەردۆغان سارتاش، پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانیی و دیموكرسیی گەلان (دەم پارتی) و بوراك ئاكبوراك، پەرلەمانتاری پارتی باش و یوكسەك ئاسڵان پەرلەمانتاری سەربەخۆ.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...390391392393394...992