بۆ ناچارکردنی تاران بە قبوڵکردنی مەرجەکان، واشنتۆن هەموو بژاردە سەربازییەکانی بۆ هێرشی تر و بەردەوامی فشارەکان خستووەتەڕوو.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بەرەو پێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتن، بەڵام هاوکات جەختی کردەوە کە بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورزی نوێ لە ئەگەرە هەمیشەییەکانن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، واشنتۆن ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکان. وتیشی: "سەرۆک ترەمپ هیچ بژاردەیەک بەدوور نازانێت، تەنانەت ناردنی هێزی وشکانی بۆ ناو خاکی ئێران، جەنگیش تەنها بەو مەرجانە کۆتایی دێت کە واشنتۆن دایانناوە.
هێگسێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی ئاگرینی ئەمریکا لە زیادبووندایە و تواناکانی ئێرانیش بەرەو نەمان دەچن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا وردەکاری نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار ئامانجیان لەناو خاکی ئێران پێکاوە. راشیگەیاند کە باڵادەستیی ئاسمانیی تەواویان هەیە و فڕۆکە زەبەلاحەکانی "B-52" بە ئازادی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
ئامارەکان و زیانە دەریاییەکان: بەپێی وتەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، زیانەکان بەم شێوەیەن:
تێکشکانی 150 کەشتی جەنگی ئێران.
پێکان و تێکشکانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی موشەک، درۆن و ناوەندەکانی توێژینەوەی سەربازی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئاگاداری ئەوەن هەندێک وڵاتی رکابەر زانیاری هەواڵگری دەدەنە ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە جووڵە بەردەوامەکانیدا ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەکاتەوە و ئامانجەکانی لە گەرووی هورمز و تەواوی ناوچەکە زۆر روونن.