هەواڵەکانهەواڵەکان

حكومەتی بەریتانیا سزای نوێی بەسەر دوو كۆمپانیای ئێرانیدا سەپاند، بەهۆی هاوكاریكردنی روسیا لە جەنگی ئۆكراین.


وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سزای بەسەر هێڵی ئاسمانی ئێرانی و كۆمپانیای كەشتیوانی ئێران و كەشتییەك سەپاندووە بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی روسیا لە شەڕی دژ بە ئۆكراینادا.


وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەپاندنی سزاكە لە وەڵامی گواستنەوەی مووشەكی بالیستیكی ئێرانە بۆ روسیا.


هەروەها ئەوەشهاتووە، سامانی ئەو دوو كۆمپانیا ئێرانییە لە دەرەوە بلۆككراوە، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان بینیوە لە دابینكردنی چەك بۆ روسیا.


هاوكات دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی، هەوڵەكانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی جیهانی مەترسیدارە و قبوڵناكرێت، داواش لە ئێران دەكات  پشتیوانی خۆی لە شەڕی نایاسایی ڕوسیا لە دژی ئۆكراین رابگرێت.


هێما بۆ ئەوەشكراوە، سزای بەسەر كەشتییەكی بارهەڵگری روسیاشدا سەپاندووە كە ناوی پۆرت ئۆلیا-سێیە، بەهۆی ئەوەی پێداویستییە سەربازییەكانی بۆ روسیا گواستووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرجەم تانەكانی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە و چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكرێت.


جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی  باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان سەرجەم ئەو تانانەی رەتكردووەتەوە كە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی كۆمسیۆن كرابوون.


پێشتر سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، وەڵامی سەرجەم تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە رەوانەی كۆمیسیۆن كراونەتەوە، دوای تەواكردنی رێوشوێنەكان و بەراوردكردنی لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەكرێت و رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، بۆ ئەوەی رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستنیشانبكرێت.


بەپێی ماددەی ٣ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و لە ماوەی ١٠ رۆژدا لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.


هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، ٢٤ سەعات دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجامی بەراییەكان راگەیەنرا، هەروەها لە ٣٠ی تشرینی یەكەم ئەنجامی كۆتایی راگەیەنرا. دواتر ٤١ تانە لە سەرجەم بازنەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركرا، كە ٢٥ تانەی لە سلێمانی و ١٢ لە هەولێر و ٣ لە دهۆك و تانەیەكیش لە هەڵەبجە تۆماركران.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، ناردنی پارەی موچە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دەكەوێتە دوای پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.

سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان بەدەستنەگەیشتووە بۆ رەوانەكردنی پارەی موچە بۆ هەرێم

وتیشی، رەوانەكردنی موچە بۆ هەرێم دەكەوێتە دوای پڕۆسەی سەرژمێری.

ئەمڕۆ زیاتر لە مانگێك بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی نۆی فەرمانبەراندا تێپەڕی و تا ئێستا وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نادیارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نرخی بەنزین و غاز و نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە، نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە ٩٥٠ دینار و موحەسەنیش گەیشتە هەزار و ١٥٠ دینار.

پەیامنێری كورسات نیوز رایگەیاند: نرخی بەنزین ٢٥ بۆ ٥٠ دینار بەرزبوەتەوە و نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ٩٢٥ دینارەوە بووەتە ٩٥٠ و بەنزینی موحەسەن بووەتە ١١٥٠ هەزار دینار.

پەیامنێری كوردسات وتیشی نرخی یەك لیتر غاز لە ٤٥٠ دینارە بووە بە ٥٠٠ دینار و نرخی یەك لیتر نەوتیش لە ٧٠٠ دینارەوە بوەتە ٧٢٠ دینار.

بەرزبونەوەی بەهای سوتەمەنییەكان لە كاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ١٠ـی مانگی نۆی ئەمساڵ رایگەیاند نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دادەبەزێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە مەبەستی رێگریكردن لە كۆچبەران، بەریتانیا بە نیازە پارە بداتە هەرێمی كوردستان و توركیا و ڤێتنام.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی عیراق دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەت، لەنێویاندا حكومەتی كوردستان و توركیا و ڤێتنام، سەبارەت بە هاوكاری و رێككەوتنی ئەمنی، كە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.

لای خۆیەوە، كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی ٢٠ لە بەرازیل بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێك جار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەكەنە مەترسیەوە.

وتیشی، حكومەت پلانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە تاوانكاریانەی كە بەشدارن لە قاچاخچێتی بە خەڵك.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، گۆڕانكاریی وزاریی چوار بۆ پێنج وەزارەت دەگرێتەوە و گۆڕانكارییەكانیش پەیوەندییان بە كاری وەزارەت و وەزیرەكانەوە هەیە.


سەبهان مەلا جیاد، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەدا، گۆڕانكارییە وەزارییەكانی سودانی بەهۆی چۆڵ بوونی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر دواكەوتووە و ، پێویستی بە راوێژ و لێكتێگەیشتنی سیاسیی هەیە.


ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانكاریە وەزارییەكان چوار بۆ پێنج وەزارەت دەگرێتەوە و پەیوەندیی بە كاری وەزارەت و وەزیرەكانەوە هەیە، بە تایبەتی كە لە ماوەی سێ مانگدا كاری هەر وەزیرێك روون دەبێتەوە. 

 
ئەو راوێژكارەی سودانی ئاماژەی بەوەشدا، لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای وەزارەت و وەزیرەكان دەكرێت و دواتر بە ڕاپۆڕتێك پێشكەشی سەرۆك وەزیران دەكرێت، وتیشی، رەنگە چەند لایەنێكی سیاسی ناڕەزایی دەرببڕن لە گۆڕانكارییە وەزارییەكان بەڵام تا ئێستا هیچ ناكۆكییەك لەسەر لەو بارەیەوە لەنێوان سودانی و لایەنەكاندا دروست نەبووە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاكی عیراق لێكۆڵینەوە لە دۆسێیەكی گەورەی گەندەڵی تایبەت بە بردنی زێڕ بە نایاسایی دەكات.


دەستەی دەسپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، محەمەد عەلی لامی سەرۆكی دەستەكە فەرمانی كردووە فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەسپاكی لێكۆڵینەوە دەستپێبكات لە دۆسێیەكی گەورەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕیی تایبەت بە بردنی زێڕ بە نایاسایی لە رێگەی یەكێك لە فڕۆكەكانی سەر بە هێڵی ئاسمانی عیراق.


راشیگەیاندووە، لە ئێستادا دۆسێكە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدایە و وردەكارییەكانی بڵاوناكەنەوە، بەڵام لە داهاتوویەكی نزیكدا و دوای كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەكان و دڵنیابوونەوە لە زانیارییەكان و دیاریكردنی تۆمەتباران، راپۆرتی كۆتایی لەبارەی ئەو دۆسێ گەورەیەی گەندەڵی بڵاودەكەنەوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری سوریا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئێران كۆبووەوە و جەختیكردەوە، لەناوبردنی تیرۆریستان بەرپرسیارێتییەكی هەرێمی و نێودەوڵەتییە.


ئاژانسی سانا بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا لە دیمەشق پێشوازیكردووە لە عەمید عەزیز نەسر زادە وەزیری بەرگری ئێران و لە دیدارەكەدا، تاوتوێی دۆسییەكانی بەرگری و ئەمنی لە ناوچەكە كراوە.


هەر لە دیدارەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی، كە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەكات.


لە بەشیكی تری دیدارەكەدا، ئەسەد جەختلەوەكردەوە لەناوبردنی تیرۆریستان بەرپرسیارێتییەكی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، چونكە مەترسییەكانی هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی گەلانی جیهان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەمساڵدا ٥٢ هاوڵاتی مەدەنی لە زیندانەكانی رژێمی سوریا لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.


روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رژێمی سوریا بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر زیندانی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی رژێمدایە، ئەویش بە پشتگوێخستنی دۆخی تەندروستی و دەروونیان.


ئەوەشی خستەڕو، لەمساڵدا ٥٢ هاوڵاتی مەدەنی لە زیندانەكانی رژێمی سوریا لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی بە توندترین شێوە و پێچەوانەی یاسا مرۆییەكان ئەشكەنجەدراون، لەنێویشیاندا چالاكوانی سیاسی و خوێندكاری زانكۆ و نووسەر و ئەندازیار بوونیان هەیە.


روانگەی سوری راشیگەیاندووە، كاردەكەن بۆ دەستنیشانكردن و ئاشكراكردنی بارودۆخی زیندانەكانی رژێمی سوریا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاكو لەسەر ئاستی باڵا فشاربكرێت بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكی پارتی ئایندە لە توركیا رایگەیاند، بەرپرسیارێتی مێژوویی توركیایە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ كوردەكانی سوریا و عیراق دروستبكات.


ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، كە قەیووم لە جێگەی دانراوە، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی گشتیی پارتی ئاییندە كۆبونەوە، هەردولا جەختیان لەوەكردەوە، نابێت پردەكانی پەیوەندیی زیانیان پێبگات.


ئەحمەد تورك لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕای خۆیان سەبارەت بە داهاتوویەكی دیموكراتی خستووەتەڕوو، هەمووان پێویستیان بە ماندووبوون هەیە بۆ ئاشتی و ئایندەیەكی دیموكراسی.


لای خۆیەوە، ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی توركیایە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ كوردەكانی سوریا و عیراق دروستبكات.


وتیشی، ئەگەر ئاشتی هەبێت، دەبێت لەسەر دوو بابەت ڕێكبكەون، یەكەمیان؛ دیموكراسییەكی تەواو بۆ هەمووان. دووەم؛ سازشنەكردن لەسەر سیستمی گشتی. تا ئەو كاتەی ئەوە ڕوونەدات، هیچ پرۆسەیەك ناتوانێت بەردەوام بێت.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت ئەگەر ترەمپ بەڵێنەكانی لەبارەی كشانەوە لە عیراق و راگرتنی شەڕی لوبنان و غەززە جێبەجێ بكات، هێرشەكانیان بۆسەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا رادەگرن.


سەركردەیەكی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی رایگەیاندووە، جیاوازییەكی گەورەی ترەمپ لەگەڵ جۆبایدن ئەوەیە كە سیاسەتی ترەمپ هێندەی بیركردنەوەیە لە بەرژوەندییە ئابوورییەكانی ئەمریكا لەناوخۆی وڵاتەكەی و دەرەوەش، ئەوەندە بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕ ناكاتەوە، بەڵام سیاسەتی بایدن پێچەوانەی ترەمپە و ئەوەندەی بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕ و ئاڵۆزی دەكاتەوە، ئەوەندە بیر لە پاراستنی بەرژوەندییە ئابوورییەكانی ئەمریكا ناكاتەوە.


وتیشی، سەرجەم گرووپە چەكدارەكانی ناو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق چاوەڕوانن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بەڵێنەكانی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عیراق و راگرتنی ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر كەرتی غەززە و لوبنان، جەختیشیكردەوە، ئەگەر ترەمپ بەڵێنەكانی بباتەسەر، ئەوانیش خۆیان لە هێرشكردنە سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزن و هێرشەكانیشیان رادەگرن.
 


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەپەگە رایگەیاند، لە زاپ و مەتینا دوو سەربازی توركیا كوژراون، وەزارەتی بەرگری توركیاش دەڵێت، هەشت گەریلای پەكەكەی لە باكوری سووریا و عیراق گیانیان لەدەستداوە.


ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە رایگەیاند، گەریلاكانی یەژاستار و هەپەگە لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ ی ئەم مانگە پێنج چالاكییان لە دژی سوپای توركیا لە سنوری ئامێدی و رۆژئاوای زاپ و مەتینا ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوپای توركیا كوژراون، كە یەكێكیان فەرماندەیەكی سەربازییە، هەروەها هێلیكۆپتەرێك و حەفارەیەك تێكشكێنراون.


هاوكات وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند، لە ناوچەكانی لقی زەیتون و كانی ئاشتی لە باكوری سووریا چوار گەریلای پەكەكە و یەپەگە، گیانیان لە دەستداوە، لە ناوچەی چنگ-قفڵیش چوار گەریلای دیكە گیانیان لە دەستداوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ‌ وەزیری بازرگانی توركیا بەمەبەستی پەرەپێدان بە كاری هاوبەش سەردانی عیراق دەكات.


سبەینێ‌ عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی توركیا و وەفدێكی كۆمەڵەی هەناردەكارانی توركیا و یەكێتیی بەڵێندەرانی توركیا سەردانی عیراق دەكات و دوو رۆژ دەمێنێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی بەغداد و بەسرە دەكات.


بڕیارە لەسەردانەكەیدا هەناردەكاران و بەڵێندەرانی توركیا لەگەڵ خاوەنكارەكانی عیراق كۆبنەوە بۆ پەرەپێدان بە كاری هاوبەش لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا.


بەپێی ئامارەكان، قەبارەی هەناردەی توركیا بۆ عیراق لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە هەتا تشرینی دووەمی ئەمساڵ،  بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕی ٥.٣ ملیار دۆلار زیایكردووە و گەیشتوەتە ١٠.٨ ملیار دۆلار.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبوونەوە و جەختیانكردەوە، لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاویكردەوە، نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغداد لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبووەتەوە و تێیدا، دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێكراوە.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخراوەتەسەر گرنگی هەوڵەكان بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، جەختیشكراوەتەوە لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە.


لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مالكی رەخنەی لە بێهەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت بەرانبەر دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا رۆمانۆسكی پشتیوانی ئەمریكای بۆ سەقامگیری عیراق دووپاتكردەوە و جەختیشیكردەوە، لە پێشكەشكردنی هاوكاری پێویست و بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی دوو بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون و كەمپێكی ئاوارەكان لە كەرتی غەززە زیاتر لە ٨٠ كەس كوژران و دەیانی تریش برینداربوون.


فەرماندەیی هێزەكانی بەرگری شارستانی فەلەستین رایگەیاندووە، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی بەیت لاهیا لە باكووری كەرتی غەززە كردووەتە ئامانج و بەهۆی داڕووخانی باڵەخانەكەشەوە ٧٢ كەس كوژران و زیاتر لە ٥٠ كەسی تریش برینداربوون و دەیان كەسیش كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەكە رووخاوەكە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بۆردومانێكی تری سوپای ئیسرائیل كەمپی بریج لە غەززە، ١١ كەس كوژران و دەیانی تریش برینداربوون.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەكان سبەی شەو شەپۆلێكی باران بارین روو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە سنوری دهۆكیش بەفر دەبارێت.


بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەینێ‌ دووشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان لەكاتەكانی دوای نیوەرۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو وە لەگەڵ بارانبارین لەكاتەكانی شەودا.


راشیگەیاندوە، لە سنوری پارێزگای دهۆك ئەگەری بەفربارین هەیە لەهەندێك لە ناوچە شاخاوییەكان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...388389390391392...992