وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و توركیا لەبارەی دۆخی سوریا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و داوای رادەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەكەن لە سوریا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنی نێوان ئەنتۆنیۆ بلینكن وەزیری دەرەەی ئەمریكا و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، رەوشی سوریا و دوایین پێشهاتەكانی ئەو وڵاتە تاوتوێكراوە و هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەوەی كە پێویستە دەسەڵات بە ئاشتیانە بەپێی بریاری ژمارە دوو هەزار و ٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش رادەست بكرێت.
هەروەها بلینكن جەختیكردووەتەوە لەوەی، پێویستە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا بەردەوامبێت و گرەنتی پاراستنی مەدەنیەكان و ژێرخانی ئابوری بكرێت.
بلینكن، داواشیكردووە هەموو لایەنە كاریگەرەكان لە سوریا ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان بگرن.
بەهۆی هێرشەكانی دوێنێ سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ١٧ كەس گیانیانلەدەستداوە، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانیش داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان دەكات هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكی ئاماژەی بەوەكردووە، لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر گوندەكانی سنوری كۆبانێ و زیرگان و موستەریحەی سەر بە عەین عیسا، ژنان و منداڵ شەهیدبوون و بە پشتیوانی توركیا كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت.
هاوكات داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە مرۆییەكان دەكات، بە خێرایی هەنگاوبنێن و كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنن و فشاربخەنە سەر توركیا بۆ ئەوەی واز لە پشتیوانیكردنی تیرۆر بهێنن.
رۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا، ١٧ كەس لە عەین عیسا و كۆبانێ گیانیانلەدەستدا كە ١٢ هاووڵاتییان ئەندامی یەك خێزان بوون كە شەشیان منداڵ بوون.
وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی رێباز حەملان دەداتەوە و دەڵێت، بە ناوی ئەوانەوە قسە مەكە و ئەوان تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە ڕاگەیەنراوی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق هەرچەندە لەو ئەركەیدا نوێیە، بەبیریان دێننەوە كە ئەو بەشێكە لە وەزارەتی دارایی عێراق و پێویستبوو لە وەزارەتەكەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە بدات كە بۆ موچە دروستكراوە، ئەو بابەتانەی باسی كردوون لە بنەڕەتدا كێشەی دەستكردن و سیاسین، پێویستە ئەو سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بێت لە وەزارەتەكەی خۆی نەك لە وەكیلی ئەوانەوە قسە بكات.
دەشڵێت، هەموو ئەو بابەتانەی رێباز حەملان باسیكردوون ئاگایان لێی نییە، بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئەوانەوە قسەبكرێت كە ئەوان كەسیان نەكردووە بە وەكیل، ئەو نوێنەرایەتی عێراق دەكات نەك هەرێم، بۆیە هیوادارە دەسەڵاتی خۆی بزانێت، نەك بێت لەبری وەزارەتیان قسە بكات، لەمكاتەدا چاوەڕێیان دەكرد وەزارەتەكەی كۆی تەمویلی موچەی دوو مانگی بناردایە نەك بێت هەواڵی موچە بڵاوبكاتەوە كە ئەركی ئەو نییە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر زانیاریەكی تایبەت بە موچە تایبەتمەندی وەزارەتیانە و هەر زانیاری و داتا و هەواڵێكی موچە لە پێگەی رەسمی بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییە و ڕەتكراوەیە، ئەوان بەرپرس و تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.
رۆژی دووشەممە، رێباز حەملان رایگەیاند، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان بەغداد و هەولێر و پێداچوونەوە بە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم، موچەی مانگی ١٠ خەرجكرا و كۆتایی ئەم هەفتەیەش موچەی مانگی ١١ خەرجدەكرێت و بەزووترین كاتیش دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ دەكرێت.
بەریتانیا و پێنج وڵاتی یەكێتی ئەوروپا پێدانی مافی پەنابەرێتیان بە هاووڵاتیانی سوریا راگرت و هۆكارەكەشی بۆ رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگێڕنەوە.
هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەمسا و دانیمارك و سوید و نەرویج، پێدانی مافی پەنابەرێتییان بە هاووڵاتیانی سوریا راگرت، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش دەڵێت، بڕیاری راگرتنی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتانی سوریا بۆ كاتێكی نادیار، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هاتووە و لەئێستاشدا، چاودێری دۆخی سوریا دەكەن.
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، روخانی رژێمی ئەسەد گرەنتی گەشەسەندنی ئاشتی لە سوریا ناكات و بەوهۆیەوە بڕیاریانداوە، پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوریا بۆ كاتێكی نادیار رابگرن.
هەروەها، وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رایگەیاندووە، پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوری بۆ كاتێكی نادیار راگیراوە و و رێككارەكانیش دەستیپێكردووە، بۆ دیپۆرتكردنەوەی هاووڵاتیانی سوریا بۆ وڵاتی خۆیان.
سوید و نەرویج و دانیماركیش لەڕێی وەزارەتی ناوخۆیانەوە رایانگەیاندووە، بە رەچاوكردنی دۆخی سوریا بڕیاردانەوە پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوریا رابگرن، تاكو دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.
دوای دوو رۆژ لە لە گەڕان و پشكنین، سەرجەم زیندانیكراوانی ناو گرتووخانەی سیدنایا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئازادكران كە ژمارەیان نزیكەی ٢ هەزار كەس بووە.
كۆمەڵەی دەستبەسەركراو و بێسەروشوێنان لە گرتووخانەی سیدنایا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ەوە زیاتر لە ٣٠ هەزار كەس لە سەیدنایا بەندكرابوون، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد نزیكەی دوو هەزار كەس ئازادكراون، واتە نزیكەی ٢٨ هەزار كەسیان بەهۆكاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، لەئێستادا هیچ شوێنێكی نهێنی لە سەیدنایا نەماوە بەندكراوی تێدابێت و سەرجەمیان ئازادكراون.
گرتووخانەی سیدنایا سەر بە وەزارەتی بەرگریی حكومەتەكەی ئەسەد بوو، دەكەوێتە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لە دیمەشق، دوای رووداوەكانی ٢٠١١ كرایە بنكەیەك بۆ زیندانیكراوانی خۆپیشاندانەكانی دژ بە ئەسەد.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتەكەی ئەسەد لە زیندانەكەدا لەڕێی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵەوە، لەسێدارەدانی بەبێ دادگاییكردن ئەنجامداوە و لەنێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٥ هەموو هەفتەیەك یان دوو هەفتە جارێك ٥٠ كەسیان لەسێدارەداوە.
سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەسەد رایكرد و دوای خۆی وڵاتێكی جێهێشت كە یەك ملیۆن كەسی تێدا كوشت، ١٢ ملیۆن كەسیشی ئاوارە كرد و بەشێكی زۆری شارەكانیش وێران بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، سەردەمی تاریكی لە سوریا كۆتایی پێهاتووە و سەردەمێكی رووناك دەستیپێكردووە، وتیشی ئەگەر سوریا سەقامگیری تەواوی تێدا بەدیبكرێت، ئەوا گەڕانەوەی ئاوارەكانیش زیاد دەبێت.
ئەردۆغان دەڵێت، توركیا هەوڵی فراوانكردنی پێگەی سەربازی خۆی لە سوریا نادات و چاوی لە خاكی وڵاتانی دیكە نییە و ئەو گۆڕانكارییە بەهێزەی سوریاشی گرتووەتەوە، ئاكامێكی باشی بۆ هەموو گەلی سوریا و بە تایبەت بۆ ئاوارەكان دەبێت.
سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، خواستی ئەنقەرە بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی سوریا بە ڕێگەی دیالۆگ، لەلایەن ئەسەد رەتكرایەوە و نرخی ئەوەیان نەزانی كە دەستی هاوكارییان بۆ درێژكردبوون.
بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، كۆتایی ئەم هەفتەیە موچەی مانگی 11ـی موچەخۆرانی هەرێم خەرجدەكرێت و بەزووترین كاتیش دەستدەكرێت بە دابەشكردنی موچەكان.
رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان بەغداد و هەولێر و پێداچوونەوە بە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم، بە هەوڵی هەردوولا توانراوە، موچەی مانگی 10 لەلایەن عیراقەوە خەرخبكرێت كە بڕی 761 ملیار دینارە، كۆتایی ئەم هەفتەیەش موچەی مانگی 11 خەرجدەكرێت كە نزیكەی 759 ملیار دینارە.
ئەوەشی خستەڕوو، گواستنەوەیەك لە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی كورتهێنانی موچەی فەرمانبارانی هەرێم، چونكە هەرێم مانگانە پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی موچە.
رێباز حەملان دەشڵێت، ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق كراوە بۆ وردبینیكردن و بەزووترین كاتیش دەست بە دابەشكردنی مووچەكان دەكرێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، پێدەچێت ئەمریکا دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە رووسیا پەنابەرە، بەڵام لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی کۆشكی سپی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی وتووە، لە ئێستادا ئەمریکا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ ئەو پرسە، پێدەچێت بە ئامانجی رێککەوتن و پاراستی ئارامی و سەقامگیری سوریا، دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت.
باسی لەوەشکردووە، ئێستا دەرفەتێک لەبەردەم گەلی سوریادا هەیە بۆئەوەی وڵاتەکەیان بنیات بنێن و ئەمریکاش هاوکاریان دەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەکات لە سوریا.
ئەوەشی خستووەتە روو، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە رووسیا مافی پەنابەری وەرگرتووە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان لێپرسینەوەی لێدەکات لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلەکەی کردوونی.
لە رۆژی ٢٧ی ١١ی مانگی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریادا روویدا، دواتر بە سەرجەم گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات و راپەڕینی خەڵکی سوریا، توانیان شکست بە رژێمەکەی بەشار ئەسەد بهێنن و دوێنێ ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤، بە فەرمی لە تەلەفزیۆنی سوریاوە ئەوە راگەیەنرا، "گەل شکستی بە رژێمەکەی ئەسەد هێنا". بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٢ـی رادەستی بەغداد كرد، تا ئێستاش وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نادیارە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی دووشەممە لیستی موچەی مانگی كانونی یەكەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كرا.
رادەستكردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بە بەغداد لە كاتێكدایە تا ئێستا وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی ١٠ـی رانەگەیاندووە و دەڵێت، ئەو پارەیەی رەوانەكراوە كە بڕەكەی ٧٦١ ملیار دینارە بەشی موچە ناكات.
رۆژی یەكشەممە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە ئێستادا گرفتەكانی بەردەم تەمویلكردنی موچە چارەسەركراوە و تا كۆتای ئەمساڵ موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ دابەشدەكرێت.
ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە.
سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاند، ئەسەد پێش هەڵهاتنی هیچ پەیوەندیەكی بە حكومەتەوە نەكردووە، باڵیوزی ئێرانیش دەڵێت ئەسەد ناچاربووە ئەو بڕیارە بدات.
محەمەد غازی جلالی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەی سوریا رایگەیاند، رۆژی یەك شەممە سوپای سوریا بە تەواوەتی لە دیمەشقی پایتەخت كشایەوە، ئەوەش وایكرد گروپە چەكدارەكان بە بێ شەڕكرن كۆنترۆڵی بكەن.
وتیشی، بەشار ئەسەد بەرەبەیانی یەك شەممە دیمەشقی بەجێهێشت و هەڵهات، بەڵام پێش هەڵهاتنەكەی هیچ پەیوەندیەكی بە حكومەتەوە نەكردووە و كەس ئاگاداری هەڵهاتنەكەی نەبووە.
هاوكات، حسێن ئەكبەری باڵیوزی ئێران لە دیمەشق رایگەیاند، ئەسەد پێش هەڵهاتنی كۆبونەوەیەكی ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی سوپای سوریا لە دوای كەوتنی "حمس"ـەوە هیچ بەرگرییەكی نەكردوە و لە هەموو ناوچەکان دەکشایەوە، بڕیاریدابوو دەسەڵات بە ئاشتیانە و بە بێ خوێن رشتنی زیاتر رادەستبكات.
لە دوای بەجێهێشتنی دیمەشق، بەشار ئەسەد گەیشتە مۆسكۆ و مافی مانەوە بەخۆی ئەندامانی خانەوادەكەی دەدرێت.
ئاژانسی تاسی روسیا لە زاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا كە بە كرملن ناسراوە ئاشكرایكردووە، لە دوای بەجێهێشتنی دیمەشق، لەئێستادا بەشار ئەسەد و ئەندامانی خانەوادەكەی گەیشتوونەتە مۆسكۆ و راستەوخۆش مافی مانەوە بە خۆی خانەوادەكەی دراوە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوی روسیا رایگەیاندبوو، بەشار ئەسەد دوای گفتوگۆ لەلایەن لایەنە نەیارەكان دیمەشقی بەجێهێشتووە و فەرمانیشیكردووە بە ئاشتی دەسەڵات رادەست بكرێت، بەڵام روسیا بەشداری ئەو گفتوگۆیەی ئەسەد و لایەنە نەیارەكانی نەكردووە و پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەردەوام دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەی سوریا بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.
لەدیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر کرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری پێکبهێنرێت و رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت، بە کارنامەیەکی بەهێز و دوور لە دەستتێوەردانی حزبییەوە خزمەتی هەموولایەک بکات و کارەکانی لەپێناو ئاوەدانیی کوردستان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتردا بێت.
لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، یەکێتی بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکان دەکات، بڕواشمان وایە پێویستە هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پێشهاتەکانی سوریا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی دووپات دهكهينهوه، هەروەها هەرێمی کوردستان له چوارچێوهى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سووریا دووپات دەکاتەوە".
دەقی پەیامەکە
پهيامى سهرۆكایهتیی ههرێمی کوردستان دهربارهى پێشهاتهكانى سووريا
ئێمه له ههرێمى كوردستان به بايهخێكى زۆرهوه چاودێريی پێشهاتەکانی سووریا دەکهين. داوا لە هەموو لایەك دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیيانە بگرنە بەر، به شێوهيهك دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، ههروهها بەشداريی کارايان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا، مسۆگەر بکات.
هەرێمی کوردستان له چوارچێوهى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سووریا دووپات دەکاتەوە. ههموو ململانێيهك كه دۆخى ناوچهكه ئاڵۆز بكات ڕهت دهكهينهوه، ههروهها جەخت له پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرى و بەرژەوەنديی هەموو گەلان و پێكهاتهكانی ناوچهكه دهكهينهوه.
له كاتێكدا پێشهاتهكان خێران، جەخت له گرنگيی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا. بۆيه داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى و وڵاتانى ناوچهكه دهكهين ڕۆڵى خۆيان بۆ چارهسهرى ئاشتييانه بگێڕن، ههروهها پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات دهكهينهوه.
سهرۆكایهتیى ههرێمى كوردستان
2024/12/8
حکومەتی عیراق راگەیانراوێکی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا.
حکومەتی عیراق راگەیەنراوێكی لەبارەی رووداوەكانی سوریا بڵاوكردەوە و رایگەیاند، چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لەسەر هێڵ دەبن بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا.
حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تایبەت بە دۆخی ناوخۆی سوریا و پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاکەکەی، سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی سوری.
ئەوەش هاتووە، عیراق جەخت لە رێزگرتنی ئیرادە و سەربەستی سەرجەم هاوڵاتیانی سوریا دەکاتەوە و سورە لەسەر یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی وڵاتەکە، چونکە ئەوە گرنگییەکەی تەنها بۆ عیراق نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە.
حکومەتی عیراق راشیگەیاندووە، هەموو هەوڵێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەخەنە گەڕ بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بەرووی سەرجەم هێزەکانی سوریادا، بە پشتبەستن بەوەی چی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی سوریادایە، بە پاراستنی سەرجەم مافە مرۆڤایەتی و شارستانییەکانیان، هەروەها پشتگیری لە هەمەجۆری کلتور و ئایین و نەتەوەیی سوریا دەکەن، عیراق بە گرنگی دەزانێت پارێزگاری لەو فرەچەشنیەی سوریا بکرێت، چونکە ئەوە وڵاتەکەی دەوڵەمەند کردووە.
لە راگەیانراوەکەی حکومەتی عیراقدا هاتووە، "رەتی دەکەینەوە هیچ دەستوەردانێک لە کاروبارەکانی ناوخۆی سوریادا بکرێت، یان پشتی لایەنێک بگیرێت لەپێناو بەرژەوەندیدا، چونکە ئەوە خزمەت بە دۆخی ئێستای سوریا ناکات و تەنها ململانێکان زیاتر دەکات و زیانمەندی یەکەم لەو دۆخەدا گەلی سوریا دەبێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریاوە، بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی رەسمی سوریا کۆتایی رژێمی بەشار ئەسەدی راگەیاند و بەوەش دوای ٥٣ ساڵ کۆتایی بە حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا لە سوریادا، لە ئێستاشدا بەشار ئەسەد نادیارە و نازانرێت بەرەو کوێ هەڵهاتووە.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد و كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشق لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، جارێكی دیکە ئاڵای شۆڕشی سوریا لە زۆربەی ناوچەكان و لەلایەن زۆرینەی سورییەكانەوە بەرز كرایەوە.
ئاڵا سەوزەکە و ئاڵا سورەکە
ئاڵاكەی شۆڕشی سوریا بە رەنگە سەوزەكەی جیا دەكرێتەوە لە ئاڵا سورەكەی سەردەمی ئەسەد. ئاڵاكە لە سێ بەش پێكدێت كە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە ڕەنگی سەوز و سپی و رەش رەنگكراون و لە بەشە سپیەكەی ناوەراستدا سێ ئەستێرەی سوور هەیە. رەنگەكان مانای جیاوازیان هەیە و سێ ئەستێرە سورەكەش نوێنەرایەتی سێ ناوچە لە سوریا دەكەن ئەوانیش ناوچەكانی حەلەب و دیمەشق و دێرەزورن .
سەبارەت بە ئاڵای سوریش كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بەرز دەكرایەوە، لە سێ بەش پێكهاتبوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە ڕەنگی سوور و سپی و رەش رەنگ كرابوو، لە بەشە سپیەكەی ناوەراستدا دوو ئەستێرەی سەوز هەبوون، كە تا درەنگانی شەوی ٧ی ئەم مانگەش ئەو ئاڵایە بە ئاڵای رەسمی سوریا دادەنرا.
مێژووی ئاڵا سەوزەكەی ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەربەخۆبوونی سوریا لە داگیركەری فەڕەنسی كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٣٢ لە دیمەشق بەرزكرایەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ لە قۆناغی یەكگرتوویی نێوان سوریا و میسر ئاڵای سوریا گۆڕا و كرا بەو ئاڵایەی لە سەردەمی ئەسەددا بەكاردەهێنرا .
ساڵی ٢٠١١، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد، دیسانەوە ئاڵای سەوز دەركەوتەوە و خۆپیشاندەران لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پارێزگا جۆراوجۆرەكاندا بەكاریان دەهێنا و داوای رووخاندنی رژێمیان دەكرد.
دواتریش ئەو ئاڵایە بە رەسمی لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریای ئازادەوە بەكارهێنرا و ئەو حكومەتە كاتییەش كە ئەوكات ئۆپۆزسیۆن پێكیهێنا، ئەو ئاڵایەی كردە ئاڵای رەسمی خۆی .
لە سەرەتاكانی ئەم مانگەشدا و دوای كۆنتڕۆڵكردنی چەند شارێكی سوریا لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنەوە، ئاڵا سەوزەكە جارێكی تر دەركەوتەوە و بووەوە بە هێمایەک بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، ئەمڕۆش لە زۆرینەی ناوچەكانی سوریا و دیمەشقی پایتەخت، ئاڵاكە بەرز كرایەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ژینگە پیرۆزبایی لە وەزیر کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی و لە خزمەتکردنی عیراق و گەلەکەی.
هەر لەو دیدارەدا پلان و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ژینگە بە ئامانجی پاراستن و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی وڵات تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان بە گشتی.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی دیاردەی دەردراوی غاز و بۆنی زیانبەخش کە کاریگەری لەسەر کوالێتی هەوای بەغدای پایتەخت هەیە و کارکردن بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەیان، ئاماژەیکرد بە پێویستی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و ئەمانەی بەغداد و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو جۆرە سەرپێچیەک کە زیان بە دۆخی ژینگەیی دەگەیەنن.
لای خۆیەوە وەزیری ژینگە هەنگاوەکانی وەزارەتی ژینگەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و هەروەها پلانەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو ڕوونکردەوە بە شێوەیەک کە دۆخی سروشتی ژینگەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.



