بەهۆی هێرشەكانی توركیا ١٧ كەس لە رۆژئاوای كوردستان گیانیانلەدەستداوە
هادی
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی هێرشەكانی دوێنێ سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ١٧ كەس گیانیانلەدەستداوە، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانیش داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان دەكات هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكی ئاماژەی بەوەكردووە، لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر گوندەكانی سنوری كۆبانێ و زیرگان و موستەریحەی سەر بە عەین عیسا، ژنان و منداڵ شەهیدبوون و بە پشتیوانی توركیا كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت.
هاوكات داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە مرۆییەكان دەكات، بە خێرایی هەنگاوبنێن و كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنن و فشاربخەنە سەر توركیا بۆ ئەوەی واز لە پشتیوانیكردنی تیرۆر بهێنن.
رۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا، ١٧ كەس لە عەین عیسا و كۆبانێ گیانیانلەدەستدا كە ١٢ هاووڵاتییان ئەندامی یەك خێزان بوون كە شەشیان منداڵ بوون.



