ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، تەمەنی ٤٩ ساڵە و لە بەریتانیا لەدایکبووە، نزیکەی ٢٥ ساڵ لە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، هاوسەر و هاوکاری بەشار ئەسەد بوو.
ئەسما لە خانەوادەیەکی سوری لە لەندەن لەدایکبووە و دوای خوێندنی زانستی کۆمپیتەر دەستی بە کاری وەبەرهێنان و بانکداری کردووە.
کاتێک بەشار ئەسەد لە لەندەن خەریکی خوێندنی پزیشکی چاو بوو، ئەسمای ناسی و ساڵی ٢٠٠٠ـیش ئەسما رۆشتە سوریا و لە رۆژی ١٨ـی ١٢ هاوسەرگیری لەگەڵ بەشار کرد.
چاوەڕوان دەکرا ئەزمونی ئەسما بتوانێت هاوکاری چاکساسی و بەرەوپێشبردنی سوریا بێت، ئەم چاوەڕوانییە وەک خۆی جێبەجێ بوو، بەڵام بە دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١١ هەموو شتەکان پێچەوانەبوونەوە.
دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزی و جەنگ لە سوریا، ئەسما کەمتر لە شانۆی سیاسیدا دەردەکەوت، لە ساڵی ٢٠١٢ یەکەم سەرنجی لەسەر بارودۆخی سوریا خستەڕوو، هەروەها تەئکیدی لە پشتیوانی هاوسەرەکەی کردەوە، لە هەمان ساڵدا بڵاوبوونەوەی ئەو ئیمەیڵانەی کە هۆگربوونی ئەسمای بە بەرهەمە گرانبەهاکانی نیشاندەدا، سیمای سیاسی ئەسمای جارێکی دیکە شێواند.
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا، ئەسما لە کارە خێرخوازییەکانی بەردەوامبوو، هەروەها بەرپرسی ئەمینداریەتی گەشەپێدانی سوریای گرتە ئەستۆ، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەبوو و دواتر چاکبوونەوەی راگەیاند، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤ ئاشكرای کرد کە تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە.
دەورانی ئەسما ئەسەد وەک خانمی یەکەمی سوریا کۆتاییهات، ئەسما و هاوسەرەکەی لەئێستادا لە روسیا دەژین، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە رژێمەکەیان رووخا و خۆری ئەسەد لە سوریا ئاوابوو.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، بە نێوەندگیری ئەمریكا لە مەنبەج ئاگربەست راگەیەندراوە و شەڕڤانان لە شارەكە دەبەنە دەرەوە، دەشڵێت، ئامادەن بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی داهاتووی دیمەشق.
مەزڵوم كۆبانێ لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، لەكاتێكدا هێزەكانیان لە مەنبەج بەردەوامن لە بەرگریكردن بۆ وەستاندنی هێرشی گروپە چەكدارەكان لە خۆرئاوای فوڕات، بەڵام بەنێوەندیگیری ئەمریكا گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە مەنبەج لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وتیشی، بەزووترین كات هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لە شارەكە دەكشێننەوە، چونكە ئامانجی ئەوان وەستاندنی شەڕ و پێكدادانەكانە لە تەواوەتی خاكی سوریادا.
هاوكات، مەزڵۆم كۆبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەن بۆ ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ حكومەتی داهاتووی دیمەشق هەبێت، وتیشی، لەڕێی ئەمریكییەكانەوە پەیوەندی بە توركیا و دەستەی تەحریر شامەوە دەكەن بە ئامانجی كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
هەوەرها ئەوەشی خستەڕوو، هیچ پەیوەندیان لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا نەبووە و هێزەكانیان زۆرترین ململانێیان لەگەڵ ڕژێمی پێشوودا هەبووە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی موچەی موچەخۆران و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و دوایین پێشهاتەكانی سوریا دەكات.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی موچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 تاوتوێدەكات، هەروەها گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی رووداو و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریا .
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، پێشنیازی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی گشتی راژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفیەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەن وەزیری دارایی دەخرێتەروو، هەروەها وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی راپۆرتێك لە بارەی كاروباری وەزارەتەكەی دەخاتەروو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ كرد و رایگەیاند، درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین
لە دیدارێکدا سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گەرمی بەخێرهاتنی لویس ئایالای كرد بۆ سلێمانی و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییە بەردەوامەكانی كرد بۆ دۆزی كورد و یەكێتی و رایگەیاند، یەكێتی دۆستەكانی لەیادناكات بەتایبەت كە ئێوە دۆستی سەرۆك مام جەلال بوون و پشتگیریی مافەكانی گەلی كوردتان كردووە.
وتیشی، بەدڵنیاییەوە درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتەواییدا.
لەبەرامبەردا لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ و سیاسەتمەداری دیاری جیهان سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و بە گرنگییەوە لە رۆڵی سەرۆك مام جەلالی روانی وەك سەركردەیەكی كاریگەر و ماندوونەناس بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، ئاشتی و پێكەوەژیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، دڵنیاین ئێوەش میراتگری ئەو مێژووە درەوشاوەیە دەبن و بە هەمان رێگەی ئەودا خەبات بۆ دیموكراسی و یەكسانی دەكەن، سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتیش رەنگدانەوەی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلالە.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی پرەنسیپەکانی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، ئاشتی و بیروباوەڕی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و تەواوی جیهان کرایەوە.
وەفدێكی باڵای ئەمریكا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق كۆبونەوە و جەختیان لە پاڵپشتیكردنی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە پێشوازی كردووە لە جۆن باس بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و باربێرا لیڤ یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و میشێل سایدەرز راوێژكاری سیاسی.
دەشڵێت، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان لە هەماهەنگی و هاریكاری بەردەوام كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كە هەڕەشەیە لەسەر عیراق و گەلەكەی و وەفدەكەی ئەمریكا جەختی لە پاڵپشتیكردنی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حسێن رایگەیاندووە، عیراق سورە لەسەر دۆستایەتی ئەمریكا لە قۆناغی ئێستا و داهاتووی سوریادا.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا رێككەوتون لەسەر راوێژكردن و راگۆڕینەوە و تاوتوێیكردنی دەستپێشخەری بە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژەوەندی هەردولا و سەقامگیری ناوچەكە.
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و نازانرێت داهاتەكەی چی لێهاتووە، پێویستە دیوانی چاودێری لێپرسینەوەی دارایی بكات.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، حكومەتی فیدراڵ داوادەكات داتابەیسێكی روون بۆ ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و پێشمەرگە هەبێت، بەڵام ئەو لیستەی هەرێم ناردویەتی ناوی دووبارە و دوو موچە و ناوی ناڕاستیشی تێدایە، ئەوەش حاڵەتێكی بێ متمانەیی دروستكردووە.
باسی لەوەشکردووە، دەبێت لێپرسینەوەی دارایی هەبێت لەلایەن چاودێریی داراییەوە بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێم وایە ساڵی داهاتوو رێککەوتنێک دەبێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای سۆمۆ، لەگەڵیشیدا وەزارەتی نەوتی عێراق چاودێر دەبێت بەسەر پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت و رێگە لە بەقاچاغبردنی دەگرێت، لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەبێت بە ناردنی موچە و شایستە داراییەکانی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێم لەکاتی خۆیدا".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، رەوا نییە هەزاران كەس لە هەرێم بە پلەی وەزیر موچە وەردەگرن.
سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی بەغداد دەکات، کە وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دیاری کراوە، دەشڵێت، "ئەمە داوامان لێدەکات، هەوڵی زیاتر بدەین بۆئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و رەونەقترین شار".
دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی، داوا لە هەموومان دەکات هەوڵی زیاتر بدەین بۆ ئەوەی بەغداد بکەینە جوانترین و ڕەونەقترین شار، چونکە خاوەنی ئەو میراتی شارستانی و کەلتووریەیە کە جیهانی بە بۆن و بریسکەی ڕووناک کردووەتەوە".
ئەوەشی خستووەتە روو، "سوپاس و ستایشی ئەو هەوڵانە دەکەین کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزار بەدی کرا و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین".
ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە رێکخراوی عەرەبی بۆ گەشتوگوزار، بەغدادی وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردووە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەرێم لە مانگی شەشی رابردووەوە هیچ بڕە داهاتێكی ناوخۆی رەوانەی بەغداد نەكردووە.
عەلی حەمەساڵح لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عیراق داوای یاسای هەیە بۆ داواكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم لە مانگی شەشەوە هیچ بڕە داهاتێكی ناوخۆی رادەستی بەغداد نەكردووە. وتیشی، ئەگەر هەرێم پابەندبێت بە ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەوا عیراقیش موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ دەنێرێت.
ئاشكراشیكرد، حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی هەولێر و دهۆكی لە بانكی (ئار تی) داناوە كە بانێكی ئەهلییە و ئێستا ئەو بانكە پارەی نەختینەی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی پارەكە رەوانەی بەغداد بكرێت.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بە هەوڵی هەموو نوێنەرانی كورد لە بەغداد، كورتهێنانی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی هەرێم چارەسەركراوە.
د.نەرمین مەعروف بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پركردنەوەی كورتهێنانی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ بە هەوڵی هەموو نوێنەرانی كورد و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بووە نەك تەنها كەس و لایەنێك.
وتیشی لە ماوەی رابردوودا كە لەگەڵ خالید شوانی و كاروان یاروەیس سەردانی سودانیان كرد بۆ چارەسەری پرسی موچە، بە نوسراوێك كە ئیمزای سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانی لەسەر بوو، داوای تەوتینی موچەیان كردووە و داواشیان كردووە كە بەشێوەی زیادكردنی پشك یان بەشێوەی گواستنەوەی پارە گرفتی موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەربكرێت.
د. نەرمین مەعروف باسی لەوەشكرد، گرفتی سەرەكی موچەی ئەم سێ مانگە ئەوەبوو كە بەشێك بوو لە خەرجی راستەقینە، هەربۆیە بۆ ساڵی ئایندە و بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی ٢٠٢٥ ، دەبێت موچەی فەرمانبەران لەو خەرجییە دەربهێندرێت و هەمواری یاسای بودجەش كە تایبەتە بە هەناردەی نەوتی هەرێم، سەنگی كورد لە بەغداد زیاتر دەكات، چونكە كە دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكرێتەوە، ئەوكاتە هەرێم باشتر دەتوانێت پشكی خۆی وەربگرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، تانكەكانی سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو قوڵایی خاكی سوریا، بەجۆرێك تەنها ٢٥ كلیۆمەتر لە ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەختەوە دوورن
هاوكات دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەدەکات، ئیسرائیل بە واشنتۆنی راگەیاندووە نیەتی چوونە ناوخاكی سوریای هەیە، لەبەرامبەردا واشنتۆن هیچ رێگرییەكی نیشاننەداوە.
دەستەكە لەزاری بەرپرسێك لە ئیدارەی ئەمریكاوە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئیسرائیل بە واشنتۆنی وتووە چوونە ناو خاكی سوریا كاتییە.
ئەوە لە كاتێكدایە، دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرزاییەکانی جۆلانی سوری بۆ هەتاهەتایە دەبێت بە بەشێك لە خاكی ئیسرائیل.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، داوادەكات بەزوویی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرێت، لایەنەكانیش لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێكبكەون.
مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەرچەند یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دەبێت بەزوویی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، هەروەها ئەو لایەنانەی بەشداری لە حكومەت دەكەن پەلەبكەن لە پێكهێنانی حكومەت، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بەدواداچون بكات و یاسای نوێ دەربكات و توانای لێپرسینەوەی هەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی سوریا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، " لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت".
دەقی راگەیەندراوەکە
لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانمان کرد و بە بایەخەوە لە گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی دەڕوانین.
ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت.
لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان.
لەکۆتاییدا جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، كێشەی گواستنەوەی پارەیان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە چارەسەركردووە كە بڕەكەی ٤٣٠ ملیار دینارە و سبەینێ رێكارەكانی ناردنی دەستپێدەكات.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، دوای سەردانی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی بۆ بەغداد و بردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەركەوتوانە توانیان كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ موچە چارەسەر بكەن.
راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فرمانی گواستنەوەی پارەكە دەرچووە، تیمەكەشیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە و گەیشتنی پارەكە بە چارەسەركردن و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروستكراوە.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی پێكراوە لە پشكی بودجەی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە، سبەینێش دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.
هاوڵاتییەک لە هەولێر دەڵێت کچەکەم کوژراوە و کەیسەکەی داخراوە، زاواکەم هەفتەیەک دەستگیرکراو دواتر ئازادیان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، لە هەولێر، باوکێک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامداو رایگەیاند، "کچەکەم لە ماڵی هاوسەرەکەی ئەشکەنجەدراوە و خنکێندراوە"، داواشدەکات کەیسەکە بەلارێدا نەبرێت
لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە پشكی بودجەی هەرێم گواستنەوەی پێكراوە بۆ ئەوەی كورتهێنانی موچەی پێ پڕبكرێتەوە و بڕیارە سبەینێ ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارەكە دەستپێبكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار، لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی بۆ كراوە لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە.
ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ كوردسات نیوز ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغداد پشووە، سبەینێ چوارشەممە دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە عیراق بڕیاریداوە ٧٦١ ملیار دینار بۆ مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام وەزارەتی درایی هەرێم دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە بەشی موچە ناكات و ٢٣٥ ملیار دینار كورتهێنان دروستبووە، چونكە هەرێم بۆ هەر مانگێك پێویستی بە ٩٩٦ ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی موچە.
هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بەردەوامە و لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانیش بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە كەسێك گیانی لەدەستدا و كەسێكی دیكەش برینداربوو.
سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چڕی زۆربەی بنكەكانی رژێمی سوریایان لە باكور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆردومانكردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئیسرائیل تەنها لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 300 هێرشی لە خاكی سوریا ئەنجامداوە و تانك و زرێپۆشەكانی سوپای وڵاتەكەشی گەیشتوونەتە 40 كیلۆمەتریی دیمەشقی پایتەخت.
ئاژانسی هاوار نیوزیش بڵاویكردووەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند بنكە و كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی سوپای سوریایان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ بۆردومانكردووە كە بە هۆیەوە چەند تەقەینەوەی گەورە روویداوە و كەسێك گیانی لەدەستداوە و كەسێكی دیكەش برینداربووە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسەی گیانیلەدەستداوە ناوی حەسەن فەرید-ی تەمەنی 25 ساڵی خەڵك عەفرین بووە كە بەهۆی داگیركردنی عەفرینەوە بە ناچاری ئاوارەی قامیشلۆ بووە.