سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، پێشبیندەكەن بەیانی لیستی موچەی مانگی ١٠ رابگەیەنرێت و تا كۆتایی ساڵیش دوو موچە دابەشدەكرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پێشبیندەكەن سبەینێ دوو شەممە لیستی موچەی مانگی ١٠ رابگەیەنرێت، وتیشی تا كۆتای ئەمساڵ موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ دابەشدەكرێت.
راشیگەیاند، لە ئێستادا گرفتەكانی بەردەم تەمویلكردنی موچەی مانگی ١١ چارەسەركراوە.
ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیان كردووە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بڕیاریدابوو کە کاری سیاسی نەکات، بەڵام روداوێکی هاتووچۆ بڕیارەکەی پێ گۆڕی و وایکرد جێگای باوکی بگرێتەوە، دوای ٢٤ ساڵیش مانەوە لە پۆستی سەرۆک کۆماری سوریادا، لە ئێستادا هەڵهاتووە و چارەنوسی نادیارە.
بەشێک لە ژیاننامەی بەشار ئەسەد
بەشار ئەسەد ساڵی ١٩٦٥ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەدایکبووە، باوکی کە دەکاتە حافز ئەسەد لە ساڵی ١٩٧١ بووە سەرۆک کۆماری سوریا و تا کۆتایی ژیانی لەو پۆستەدا مایەوە کە بڕوای بە دیموکراسی نەبوو، هەروەها بە شێوەیەکی توندوتیژ حوکمی وڵاتی دەکرد.
بەشار لە سەرەتای ژیانیدا نەیدەویست رێگای باوکی بگرێتەبەر و سیاسەت بکات، دەیویست کاری پزیشکی بکات و دوای تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی دیمەشق، رۆشتە لەندەن بۆئەوەی بەشی پزیشکی چاو بخوێنێت، هەر لەوێش هاوسەری ژیانی ناسی کە ناوی (ئەسما ئەلئەخرس)ـە.

بەشار دووەم کوڕی حافز ئەسەد بوو، کوڕە گەورەکەی کە ناوی (باسل ئەسەد) بوو بۆ جێنشینی باوکی ئامادە دەکرا، بەڵام لە مانگی ١ـی ساڵی ١٩٩٤ کوڕە گەورەکەی حافز ئەسەد بە روداوێکی هاتووچۆ لە نزیک دیمەشق گیانیلەدەستدا، دوای ئەو رووداوە، بەپەلە بەشار ئەسەد لە لەندەنەوە گەڕایەوە سوریا و وەک جێنشێنی باوکی ئامادەدەکرا، دوای مردنی باوکیشی لە ساڵی ٢٠٠٠، بەشار ئەسەد لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا بووە سەرۆک کۆماری سوریا.
لەسەرەتادا حکومی بەشار ئەسەد دەربارەی چاکسازییە سیاسیەکان زۆر باش بوو کە ئەو سەردەمە بە (بەهاری دیمەشق) دەناسێندرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ جارێکی دیکە دەستگیرکردنی کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیپێکردەوە.
دوای دەیەیەک لە حکومی بەشار ئەسەد، چەندین ئاڵەنگاری رووبەڕووی بوونەوە لەوانەش بەهاری عەرەبی کە ساڵی ٢٠١١ رویدا، کە چەند مانگێک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەناو خاکی سوریادا بەردەوام بوو، بەڵام دواتر دەسوەردانی دۆستەکانی سوریا هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندی بەشار یەکلایی کردەوە و حکومەتەکەی نەکەوت.
بەڵام چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە گروپە ناڕازییەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی تەحریر شام دەستیان بە هێرش کردەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش دیمەشق کەوت و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماریش تا ئێستا شوێنی نادیارە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغداد لە سەرۆكایەتی كۆمار، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆكایەتیەكەو لێپراسراوانی باڵای عیراق كۆبونەوەیەكی گرنگ لە بارەی رەوشی سوریا بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە كۆبونەكەی كۆشكی بەغداد لە سەرۆكایەتی كۆمار، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فایەق زێدان سەرۆك ئەنجومەنی دادوەری و سەركردەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبونەوەكە تایبەتە بە گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكە و پێشهاتەكان و رەوشی ئێستای سوریا و بارودۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە.
ئەوەشی خستەڕوو لە كۆبونەوەكەدا، رەوشی ناوچە سنورییەكان بە تایبەت سنوری نێوان عیراق و سوریا و رێوشوێنە ئەمنیەكان كە لەو ناوچانە گیراونەتەبەر دەخرێنەڕوو.
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، سنورەكانیان لەگەڵ سوریا پارێزراوە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان .
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، سنورەكانی عیراق لەگەڵ سوریا پارێزراوە و لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبیەوە پارێزگاری لێدەكرێت، بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراویش، لە حاڵەتی ئامادە باشیدان و یەكەی سەربازی زیادەیان ئاماد كردووە تا سنورەكان پارێزراو بن .
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر گروپە چەكدارەكانی سوریا دوپاتیان كردەوە هیچكات پەیوەندییان بە وڵاتانی دراوسێوە نابێت و نابنە هەرەشە بۆ سەر هیچ كامیان.
لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەختی سوریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە، لەئێستادا هەوڵی دۆزینەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەدرێت.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیسۆی ئەمریکی، بەشار ئەسەد لە درەنگانێکی شەوی شەممەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری حکومەتەکەی دیارنەماوە و بۆ ئەوەش چەند بۆچوونێک لەسەر دیارنەمانی هەیە، ماڵپەڕەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان رایگەیاندووە ئەسەد هێشتا لە سوریایە و لە شوێنی سەربازیی روسیا لە وڵاتەکەی خۆی حەشارداوە و ئەگەرێکی لاوازیش هەیە کە بە فڕۆکەی سەربازیی روسیا خاکی وڵاتەکەی بۆ لای پوتن جێهێشتووە.
هەروەها بەپێی داتاکانی ماڵپەڕ "Flight radar" دەرکەوتوە کە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سوریا کە پێدەچێت بەشار ئەسەدی تیادابوبێت لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە فڕیوە، سەرەتا بەرەو ناوچەی کەناراوەکانی سوریا فڕیوە، بەڵام دواتر سوڕاوەتەوە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک بە ئاڕاستەی پێچەوانە فڕیوە، پاش کەمێکیش لە نەخشەکەدا دیارنەماوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی رووداوەكانی سوریا بڵاوكردەوە و دەڵێت، چیتر روسیا ئارەزووی پاراستنی بەشار ئەسەدی نەماوە.
ترەمپ لە نوسینێكدا كە لە تۆری كۆمەڵایەتی تروس بڵاویكردۆتەوە دەڵێت، ئەسەد لە سوریا هەڵهاتووە، روسیاش كە پێشتر پارێزگاری لێدەكرد، چیتر ئارەزوی پاراستنی ناكات، چونكە بەرژوەندی لە سوریا نەماوە.
ترەمپ دەشڵێت، روسیا و ئێران لە ئێستادا لە رەوشێكی لاوازدان، یەكێكیان بەهۆی شەری ئۆكراین و ئەوی تریان بەهۆی ئیسرائیلەوە، بۆیە چیتر هاوكاری ئەسەد ناكەن. ترەمپ لەو نوسینەیدا داوایكردوە دەستبەجێ شەر لە سوریا رابگیرێت و دانوستانەكان دەستپێبكەن.
هەسەدە رەتیدەكاتەوە لە دێرەزوور كشابێتەوە و ئەنجومەنی سەربازیی ناوچەكەش دەڵێت، بەردەوامن لە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی دێرەزوور.
ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردوەتەوە، شەڕڤانان لە دێرەزور كشابێتنەوە و جەخت لەوەدەكاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو شارە لە شوێن و ئەركی خۆیاندان.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، سەرجەم ئەو بانگەشانەی كە دەوترێت شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە دێرەزور كشاونەتەوە دوورن لە راستییەوە و ئەو هێزانە لە شەشی مانگەوە بە تەواوەتیی لە دێرەزور جێگیربوون.
ئەنجومەنی سەربازیی جەختی لەوەشكردوەتەوە، ئەوان بە ئامانجی پاراستنی دانیشتوانی دێرەزور لەو ناوچەیە و رۆژئاوای روباری فورات جێگیر بوون.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، دواكەوتنی موچە كاریگەری خراپی لەسەر پەروەردە و فێركردن و ژیانی مامۆستایان هەیە و داوای دابەشكردنی سێ موچەی ئەمساڵیش دەكەن.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیگەرانن بەرانبەر دواكەوتنی موچە و ئەمەش كاریگەری لەسەر پەروەردە و ژیانی مامۆستایان هەیە و لە چوارچێوەی رێكارە مەدەنییەكان پشتگیری لە داواكارییەكانیان دەكەن.
هەروەها، داواكارن موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دابەشبكرێت و ئەوان چاوەڕوانی پلەبەرزكردنەوە بوون، بەڵام دواكەتنی موچە دووبارە دەبێتەوە.
داواكاریشن حكومەتی عیراق و هەرێم پابەندی بڕیارەكانی دادگا بن و موچە بەدوور بگیرێت لەململانێی سیاسی.
دەشڵێن، ئەوان هەموو رێگەیەك دەگرنەبەر بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست، بەڵام هەرپێشهاتێكی نەرێنی لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن ڕوبدات، هۆكارەكەی مامۆستایان نین.
گروپە چەكدارەكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی دیمەشقی پایتەخت و كۆتایهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
گروپە چەكدارەكان بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمرۆ بەبێ هیچ بەرەنگاربونەوەیەك چونەتە شاری دیمەشقەوە، ئاماژەیان بەوەشداوە سەردەمی تاریكی لە سوریا كۆتایی هات و سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە وڵاتەكە دەستیپێكردووە، دواتریش لە رێی تەلەفزیۆنی رەسمی سوریاوە كۆنترۆڵكردنی شاری دیمەشق و كۆتاییهاتنی سەردەمی ئەسەدیان راگەیاند، هەروەها فرۆكەخانەی دیمەشق لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كۆنترۆڵكرا و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی راگیران.
روانگەی سوریش بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ بەشار ئەسەد لە رێی فرۆكەیەكەوە دیمەشقی بەجێهێشتووە و بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتووە، چەند سەرچاوەیەكیش باس لە كەوتنە خوارەوەی فرۆكەكەی ئەسەد كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەواڵە پشت راست نەكراوەتەوە .
هاوكات محەمەد غازی جەلالی سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاندوە، حكومەتی سوریا ئامادەیە هاوكاری هەر سەركردایەتیەك بكات كە گەل هەڵیدەبژێرێت و ئامادەشن بۆ رادەستكردنی دەسەڵات، راشیگەیاندووە، لەگەڵ ئیدارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە پەیوەندیدان و رێكەوتون لەسەر گرنگیی پاراستنی دەزگا حكومییەكان.
مەڵوم كۆبانێ؛ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەیامێكی سەبارەت بە رووداوەكانی سوریا بڵاوكردەوە و دەڵێت، دەرفەتێكە بۆ بنیاتنانی سەردەمێكی نوێ.
لەو پەیامەیدا كە لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردووەتەوە مەزڵوم كۆبانێ دەڵێت، لە ساتێكی مێژووییدا دەژین لە سوریا كە شایەتحاڵی رووخانی رژێمی ستەمكارین لە دیمەشق.
دەشڵێت، ئەم گۆڕانكارییە دەرفەتێكە بۆ بنیاتنانی سوریایەكی نوێ لەسەر بنەمای دیموكراسی و دادپەروەری كە مافەكانی هەموو سوورییەكان دەستەبەر بكات.
لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا باری نائاسایی راگەیەنرا و خەڵكی رۆژئاواش دڵخۆشن بە روخانی بەشار ئەسەد و پەیكەری حافز ئەسەد لە قامیشلۆ روخێنرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند؛ خۆبەڕێوبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا باری نائاسایی راگەیاندوە و داوای لە هاوڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان و ئەو ناوچانە كردوە بە هەستیاریی و بەرپرسیارانە لە ئاست ئاسایش و پاراستنی ناوچەكانیاندا مامەڵە بكەن.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی روخانی بەشار ئەسەد خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە گردبونەوە و رێپێوان دڵخۆشی خۆیان دەڕبڕی.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە قامیشلۆ رایگەیان،د ژمارەیەك خەڵك و خۆپیشاندەر پەیكەری حافز ئەسەد باوكی بەشار ئەسەدیان لە گۆڕەپانی چوار گۆشەی ئەمنیی قامیشلۆ شكاندوە و هێناویانەتە خوارەوە و دڵخۆشن بە روخانی دەسەڵاتی ئەسەد.
هاوكات لە شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان دانیشتوانی ئەو شارە دڵخۆشیی خۆیان بە روخانی ئەسەد دەڕبری.
وەزیری ناوخۆی عیراق گەیشتە پارێزگای ئەنبار و سنورەكانی سوریا بۆ بەدواداچوون لەسەر دوایین پێشهاتی رەوشی سوریا و سنورەكانی نێوان هەردو وڵات.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیر ناوخۆ و وەفدێكی یاوەری سەردانی پارێزگای ئەنباریان كردووە بۆ بەدواداچوون لە رەوشی سنوری سوریا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، شەمەری چەند كۆبونەوەیەك و دیدارێك ساز دەكات و لەگەڵ فەرماندەی پۆلیس و سوپا كۆدەبێتەوە بە ئامانجی دابینكردنی پێداویستیەكان.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنێکی باڵا لەنێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عیراق پێکدەهێنرێت.
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ لە شاری بەغداد یاوەری وەفدێکی ژووری بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەهێمای بازرگانیی کارگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆشتنی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی خوارووی عیراق و لابردنی رێگریەکان، وەفدێکی هاوبەشی ژوورە بازرگانییەکان سەردانی بەغداد-یان کرد، کە پەیوەندی بە هێمای بازرگانیی کارگەکان و جوڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقەوە هەیە.
د.بڕیار رەشید ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامی سەردان و دیدارەکاندا بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنێکی باڵا لەنێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عێراق پێکبهێنرێت و یەکگرتنەوەی پیشەسازیەکان رادەگەینرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپییان دابەشکردووە، بەوپێیەش تاوەکو ئێستا ٩٩٥ هەزار و ٣٢٥ خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەردەوامە و تاوەکو ٥ـی١٢ـی ٢٠٢٤، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ١٩٩ ملیۆن و ٦٧ هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگای هەولێر ٦٧ ملیۆن و ١٧٠ هەزار لیتر نەوتی سپی واتە رێژەی لە (٨١٪) نەوت دابەشکراوە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٧ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٤٠٠ لیتر واتە رێژەی لە ( ٩٨.٥٪) نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی سلێمانی بڕی ٧١ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٤٠٠ لیتر واتە لە (٦٧٪)ـی نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی ٤ ملیۆن و ٣٧٨ هەزار لیتر واتە لە ( ٧١٪) نەوتی سپی دابەشکراوە، لە پارێزگای دهۆک ٣٠ ملیۆن و ٧٤٢ هەزار و ٦٠٠ لیتر واتە لە (٦٨.٥٪)ـی نەوت دابەشکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بڕی ٧ ملیۆن و ٨٩٥ هەزار و ٤٠٠ لیتر (٦١٪) نەوتی سپی دابەش کراوە.
فەرمانگەکە دەشڵێت، ئێستا بڕی ٢٣٠ ملیۆن و ١٦٤ هەزار و ٢٧٦ لیتر نەوتی سپی دابینکراوە و بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراوە.
دەشڵێت، پشکی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بڕەی کە دابینکراوە ٨٥ ملیۆن و ٢١٦ هەزار و ٩٥٣ لیترە، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ٩٩ ملیۆن و ١٨٢ هەزار و ٣٢٢ لیترە و پشکی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ٤٥ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار و یەک لیترە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە کۆی ٢٣٠ ملیۆن و ١٦٤ هەزار و ٢٧٦ لیتر نەوتی سپی دابینکراو بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڕی ١٩٩ ملیۆن و ٦٧ هەزار لیتر نەوتی سپی کە دەکاتە لە (٧٤٪) نەوتی سپی دابینکراو دابەشکراوە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە سەرجەم مافەکانی كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی شەڕی داعش دەستەبەر بکرێن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەبۆنەی نزیكبوونەوەی حەوتەمین ساڵیادی سەركەوتنی سوپای عیراق بەسەر چەكدارانی داعش چەند رێنماییەكی دەركرد، كە یەكێكیان راسپاردنی وەزارەتەكان و دەزگا ئەمنییەكانە بۆ ئەنجامدانی چالاكی تایبەت بەو یادە.
هاوكات سودانی رێنمایی داوە بۆ راگرتنی دەوامی رەسمی رۆژی ١٠ی ١٢سێشەممە، لە سەرجەم وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكومەت كە رۆژی سەركەوتنی سوپایە بەسەر داعشدا.
داواش لە وەزارەتی پەروەردە دەكات، رۆژی پێنجشەممە ١٢ی مانگ خوێندكاران لە خوێندنگە و زانكۆكان ئاهەنگ بگێڕن و یەك سەعات تەرخان بكرێت بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای عیراق.
گروپی چەكداریی تەحریر شام دەستپێكردنی قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقی راگەیاند و روانگەی سوریش باس لەوە دەکات، گروپەکە چەند کیلۆمەترێک لە دیمەشقەوە دوورە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، گروپی چەكداریی تەحریر شام قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقی دەستپێکردووە و چەند کیلۆمەترێکی کەم لە دیمەشقەوە دوورە.
لەلایەکی دیکەوە لە گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری دیمەشق خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیكردنی چەكدارانی تەحریر شام بەڕێوەدەچێت.