کامەران عوسمان گەنجێکی کوردی شاری سلێمانییە و بە نوێنەرانیەتی رێکخراوەکەی بووە براوەی یەکەمی خەڵاتیHuman Rights Tulip Awardـی نیودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە یەکەمجارە کەسێک ئەو خەڵاتە لە هەرێم و عیراق بەدەستبهێنێت.
کامەران عوسمان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "خەڵاتەکە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە حکومەتی هۆڵەندا ئەو خەڵاتە دەبەخشێتە باشترین بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، خەڵاتەکە بە دوو قۆناغ دابەشدەکرێت، سەرەتا هەر باڵیۆزخانەیەک خەڵات بە بەرگریکارێکی مافی مرۆڤ دەبەخشێت، ئێمە لەسەر ئاستی عیراق هەڵبژێردراین و دواتریش کاندید بووین بۆ باشترین بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا".
کامەران عوسمان وتیشی، "دواتر لەسەر ئاستی جیهان پێنج کەس ماینەوە و من بوومە براوەی خەڵاتەکە، کە دەخرێتە خزمەتی کاری رێکخراوەکەم کە CPTـیە، یەکەمجارە کوردێک و تەنانەت عیراقییەک ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت".
رۆژی ١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی هۆڵندا، ژمارەیەک لە باڵوێزخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان لە هۆڵندا، لە کۆشکی ئاشتی لاهای خەڵاتی براوەی یەکەمی Human Rights Tulip Awardی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤دا، پێشکەشی کامەران عوسمان کرا لە رێکخراوی CPT وەک چالاکترین بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا
ئاسایشی سلێمانی لە كەمتر لە ٤٨ سەعاتدا تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی ئەو هاوڵاتییەی دەستگیركرد كە تەرمەكەی لەئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزرایەوە، ئاسایش دەڵێت هاوڵاتییەكە بە ٤ فیشەك كوژراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو تەرمی هاووڵاتییەك لەناو ئوتۆمبێلەكەی خۆیدا، لەسەر رێگای (عەربەت - سلێمانی) دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیش لەسەر رووداوەكە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستیپێكرد و شوێنی دوو تۆمەتبار دەستنیشان كرا، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لەماوەی كەمتر لە ٤٨ سەعاتدا دەستگیربكرێن كە تەمەنیان ٢٢ ساڵ ٣١ ساڵن.
راشیگەیاندوە، دوای دەستگیركردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكان تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیانداناوە و دەركەوت تۆمەتباری سەرەكی بەچەكی جۆری دەمانچە بە چوار فیشەك لە نزیك گوندی (گڵەزەردە) ئەو هاووڵاتییەی كوشتووە و دواتر تەرمەكەی كردووەتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەكە و لەسەر رێگای (سلێمانی - عەربەت) ئۆتۆمبێلەكەیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون، لە ئێستاشدا تۆمەتباران بەماددەی 406 لەیاسای سزادان دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.
لە سلێمانی هەڵمەتێكی فراوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان دەستیپێكرد.
هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە هاوبەشی هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان و لێپێچینەوەی یاسایی لە شۆفێرانی سەرپێچیكار دەستپێكردوە و هەڵمەتەكەش بە دانانی بازگەی كاتی لە سەر شەقامەكانی سلێمانی بەردەوام بێت.
لە هەڵمەتەكەدا رێكاری یاساییش بەرانبەر ئەو شۆفێرانەش دەگیرێتەبەر كە جامی رەش و پەردەیان بە بێ مۆڵەتی یاسایی بەكار هێناوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرتاكاندا دەگرن و نابێت هاتوچۆ بەو ئۆتۆمبێلانە بكرێت.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی كاتیی سوریا رایگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە لە سەرانسەری وڵات پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكاتەوە.
محەمەد بەشیر، سەرۆكی حكومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، ناوەندەكانی خوێندن بە خوێندنگە و زانكۆكانەوە لە هەفتەی داهاتووەوە بە رووی خوێندكاراندا دەكرێنەوە.
وتیشی، بەدیهێنانی ئاسایش لە سەرجەم شارەكان لە پێشینەی كارەكانیانە بۆ ئەم قۆناغە لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ هەموو دانیشتوان.
رۆژی ١١ی ئەم مانگە زانكۆی حەلەب بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی دەوام بۆ فەرمانبەران و دەستەی كارگێڕی و خوێندكارانیش رۆژی شەممەی داهاتوو دەست بە خوێندن دەكەنەوە.
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە توركیا لەوە تێبگات كە كورد بۆ ناوچەكە دڵنیاییە نەك هەڕەشە.
میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردوەتەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا هاوسەرۆكانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان هەدەپە لەگەڵ محەمەد ئاریكان، سەرۆكی پارتی سەعادەت كۆبونەتەوە و لە كۆبونەوەكەشدا جەخت لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا كراوەتەوە.
دوای كۆبونەوەكەش، تولای حاتمئۆغلاری، هاوسەرۆكی دەمپارتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو دۆخەی ئێستا لە سوریا رودەدات دەرخەری ئەو راستیەیە كە توركیا زیاتر لە هەموو كاتێكی تر پێویستی بە پڕۆسەی چارەسەری دیموكراتیانە هەیە، بەڵام لایەنی دەسەڵات بە سەپاندنی قەیوم زیانی بە پڕۆسەی ئاشتیانە دەگەیەنێت.
دەشڵێت، پێویستە هەموان لەوە تێبگەن كە كورد بۆ ناوچەكە گەرەنتی و دڵنیاییەوە و نەوەك هەڕەشە.
سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران بە نزیك دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هەموو ئەگەرەكان بۆ سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ ئێران نزیكن.
پشتڕاستیشی كردەوە گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە ئاسانتر بێت لە چارەسەری قەیرانی ڕووسیا و ئۆكراین و دڵنیاییدا كە دۆخەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەبێت.
ترەمپ جەختی لە پاڵپشتی خۆی بۆ هەر دەستپێشخەرییەك كردەوە كە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت و وتی: بیرۆكەی دیكە هەیە جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی.
سەبارەت بە ئەگەری ڕێگەدان بە ئیسرائیل بۆ لكاندنی كەناری خۆرئاوای فەلەستین بەخۆیەوە، رایگەیاند، هەرچی بێت، گرنگ ئەوەیە ئاشتییەكی سەقامگیر و بەردەوام بەدوای خۆیدا بهێنێت.
وەزیری دەرەوە و سەرۆكی دەزگای هەوڵگری توركیا گەیشتنە دیمەشق.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای میت گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئەوەش یەكەم سەردانی لێپرسراوانی ئەو وڵاتەیە دوای روخانی بەشار ئەسەد.
تائێستا ئامانج و ئەجێنداكەی فیدان بۆ دیمەشق ئاشكرا نەكراوە، بەڵام پێدەچێت ئەو سەردانە خاڵێكی وەرچەرخانی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بێت.
دوای كۆنتڕۆڵكردنی سوریا لەلایەن چەكدارانی تەحریر شام، هاكان فیدان رایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت سوریای نوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا باش بێت و ئەوانیش هاوكاری دەكەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای تەکیە- ئاغجەلەر، کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لە نزیک گوندی کانی سپیلکە روویداوە و لەنێوان چوار ئۆتۆمبێلدا بووە.
ئەوەشی خستە روو، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکە تەمەنی لەنێوان ٥٥ بۆ ٦٠ ساڵ دایە و خەڵکی گوندی داڵاوا بووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ و لە ژێر چاودێری پزیشکدان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای باوەنوور بەرەو کەلار، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و ژنێکیش بریندار بوو.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە تەرمی هاوڵاتییەک لە پزیشکی دادوەرییە و داواش دەکات، هەر کەسێک زانیاریی لەسەری هەیە پەیوەندییان پێوە بکات.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، هاوڵاتییەک بەناوی (ئیسماعیل عەبدوڵا دەروێش)، کە تەمەنی ٧٣ ساڵە، لە ٧ی ١٢ی ٢٠٢٤ـەوە لە نەخۆشخانەی شار بە نەخۆشی گیانی لەدەستداوە، لەئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری شاری سلێمانییە.
ئەوەش هاتووە، "داوا لە کەسوکاری یان هەر کەسێک دەکەین کە زانیاری لەبارەیەوە هەیە سەردانی پزیشکی دادوەری بکات یان پەیوەندی بکەن بە بنکەی پۆلیسی کوردساتەوە بەم ژمارەیە، ٠٥٣٣٣٦٠٦٥٧".
میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، حکومەتی چێن دەیەوێت چەند رێکارێکی نوێ بگرێتە بەر، بۆئەوەی بەهای دراوەکەی بەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە.
میدیاکانی چین لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیانەوە ئەوەیان خستووەتە روو، حکومەتی چین دەیەوێت رێژەی سودی بانکی داببەزێنێت و بەهای یێوانی چینی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزتر بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا دەکات.
ئەوەشیان راگەیاندووە، حکومەتی چین بۆیە ئەو هەنگاوە دەگرێتە بەر، ئەگەرەکانی پەیوەست بە باجی گومرگی لەبەرچاو دەگرێت، کە پێدەچێت لەگەڵ هاتنەوە سەر حوکمی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کاری لەسەر بکات.
باس لەوەش کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەگەرانە حکومەتی چین بیر لە دابەزاندنی رێژەی هەڵئاوسان دەکاتەوە لە مامەڵە داراییەکانی پەیوەست بەو پرسە.
میدیاکانی چین ئەوەشیان خستووەتە روو، ئەو هەنگاوەی حکومەتی چین دەیەوێت بینێت، چەند رێکارێکی بۆ داناوە کە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێیان دەکات و دەشیەوێت لەو رێگایەوە بازرگانانی وڵاتانی دیکە والێبکات، زیاتر روو بکەنە وڵاتەکەی.
لە ئێستادا چین بەهۆی پێشکەوتنە بازرگانییەکانی بووەتە ناوەندێکی جیهانی و هەژموونی بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا هەیە، کە چاوەڕوان دەکرێت بە ئەگەری زۆرەوە ئەو هەنگاوە کاریگەریی زیاتر بکاتە سەر ئەو هەژموونە ئابوورییەی چین.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیاریدا ئاڵای نوێی سوریا لەسەرجەم دامەزراوەكانی رۆژئاوای كوردستان هەڵبكات و دەڵێت، بەشێكی دانەبڕاون لە جوگرافیای سوریا.
ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەبۆنەی كۆتایهاتنی سەركوتكاری و خۆسەپێنی رژێمی بەشار ئەسەد كە لە ٥٠ ساڵی رابردوودا بەسەر خەڵكدا سەپێندرابوو، كە بەو هۆیەوە سورییەكان لە تاریكی و پەراوێزخستن دەژیان، بۆیە ئێستا مافی سوریەكانە خۆشی و شادی بگێڕن بەبۆنەی سەركەوتنی ئیرادەیان لە رووخانی ئەو رژێمە سەركوتكارە.
راشیگەیاندووە، لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییە مێژووییە كە روویداوە، ئاڵای نوێی سەربەخۆیی سوریا بە هەر سێ رەنگی سەوز و سپی و رەش، لەگەڵ سێ ئەستێرەی رەش، وەك قۆناغی نوێ كە ئاماژەیە بۆ ئاواتەكانی گەلی سوریا بەرەو ئازادی و یەكگرتووی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپشتبەستن بەو راستییەی كە ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشێكی دانەبڕاوە لە جوگرافیای سوریا و دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە پێكهاتە رەسەنەكانی سوریا، بۆیە ئاڵای نوێی سوریا لەسەر هەموو ئەنجومەن و دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵدەكرێت. راشیگەیاند، ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیكردنی خواستەكانی گەلی سوریا و هەموو پێكهاتەكانی دیكە دەكاتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام دا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: " ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی کەڵەپیاو و جوامێرێکی بەوەفا و نیشتمان پەروەر دەکەینەوە"
دەقی پەیامەکە
ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی کەڵەپیاو و جوامێرێکی بەوەفا و نیشتمان پەروەر دەکەینەوە.
پێشمەرگەیەک پڕ بەمانای وشە فێری کەم ژیان و کەڵ ژیانی کردین.
نەمریی بۆ روحی فەرماندە ئاکام عومەر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ د. رەمەزان ئەبو جەناح جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری تەندروستی لیبیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا پێشکەوتنەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە بەتایبەتی بارودۆخی سوریا تاوتوێکرا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێز لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سوریای بگیرێت و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن کە کۆتایی بەنەهامەتییەکانی بهێنێت و یەکڕیزی و سەروەری سوریا بپارێزێت.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری تەندروستی لیبیا تەئکیدی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عێراق و گەیشتن بە چارەسەرێک کە پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
رێكخراوی خاوەن پێداویستی نێودەوڵەتی ناسراو بە هاندی كاپ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای پەسەندكردنی پەیماننامەی مافەكانی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام رێگری لە ژنان و پیاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكرێت لە وەرگرتنی تەواوی مافەكانیان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ٪١٥ی دانیشتوانی عیراق بەدەست خاوەن پێداویستی تایبەتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن، لەنێوان دۆخی جەستەیی و دەروونی و نەخۆشی كە پێویستیان بە پشتگیری و چاودێری تایبەتە.
هاوکات، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش پێشبیندەكات، ١٦٪ی خەڵك لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵ جۆرێكی دیاریكراوی خاوەن پێداویستیدا دەژین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی دۆخی سوریا گەیشتە ئوردن و بڕیارە سبەینێش لەسەر هەمان پرس سەردانی توركیا بكات.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵا شای ئوردن و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش پێكهێنان و رادەستكردنی دەسەڵاتە بە حكومەتی راگوزەری سوریا.
دەشڵێت، ئەمریكا گرنگی بە حكومەتی نوێی سوریا دەدات كە رەچاوی مافەكانی مرۆڤ و مافی پێكهاتەكان بكات و دەیانەوێت رێگایەك بدۆزنەوە بۆ لەناوبردنی چەكی كیمیایی و چەكە كۆكوژەكانی بەشار ئەسەد.
بڕیارە، بلینكن سبەینێ سەردانی توركیاش بكات و باسی قۆناغی داهاتوی سوریا بكات لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام دا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد".
دەقی پەیامەکە
ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاكام عومەر دەكەینەوە، یادی سیمبوولێكی ئازایەتی و جوامێرێكی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەكەینەوە.
ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد، ئەو كوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاكەكەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و كاروانی نەمرانەوە.
دوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بەڵێنماندا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو، بەهێزتر و گەورەتر بکەین. بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و ئێستا ئەو هێزە لەهەمووكاتێك بەهێزتر و پتەوترە. لەهەمووكات زیاتر ئامادەی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی كوردستان و یاساشكێنانە، هەموو پێشمەرگەكانی بە رۆحێكی یەكێتییانە و ئازایەتییەك كە لە شەهید ئاكامەوە فێریبوون، زیاتر ئامادەی بەخشینی خوێنی خۆیانن لەپێناو خاكی كوردستاندا.
دروود بۆ رۆحی شەهید ئاكام و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.. سەربەرزی بۆ كەسوكارە خۆڕاگرەكانیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان