کامەران عوسمان گەنجێکی کوردی شاری سلێمانییە و بە نوێنەرانیەتی رێکخراوەکەی بووە براوەی یەکەمی خەڵاتیHuman Rights Tulip Awardـی نیودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە یەکەمجارە کەسێک ئەو خەڵاتە لە هەرێم و عیراق بەدەستبهێنێت.

کامەران عوسمان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، "خەڵاتەکە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە حکومەتی هۆڵەندا ئەو خەڵاتە دەبەخشێتە باشترین بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، خەڵاتەکە بە دوو قۆناغ دابەشدەکرێت، سەرەتا هەر باڵیۆزخانەیەک خەڵات بە بەرگریکارێکی مافی مرۆڤ دەبەخشێت، ئێمە لەسەر ئاستی عیراق هەڵبژێردراین و دواتریش کاندید بووین بۆ باشترین بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا".

کامەران عوسمان وتیشی، "دواتر لەسەر ئاستی جیهان پێنج کەس ماینەوە و من بوومە براوەی خەڵاتەکە، کە دەخرێتە خزمەتی کاری رێکخراوەکەم کە CPTـیە، یەکەمجارە کوردێک و تەنانەت عیراقییەک ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت".

رۆژی ١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی هۆڵندا، ژمارەیەک لە باڵوێزخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان لە هۆڵندا، لە کۆشکی ئاشتی لاهای خەڵاتی براوەی یەکەمی Human Rights Tulip Awardی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤دا، پێشکەشی کامەران عوسمان کرا لە رێکخراوی CPT وەک چالاکترین بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا