هەواڵەکانهەواڵەکان

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ حكومەتی عیراق بۆ موچەی مانگی ١١ زیاتر لە ٦٣١ ملیار دیناری خستووەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتیان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڕی ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دینار بۆ تەمویلی موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم خراوەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆران كردووە و تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

پێشتر حكومەت رایگەیاندبوو، لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پارەیەك راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی موچە دەكەن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆبوونەوە و رایانگەیاند، لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی كارنامەی حكومەت بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو پێكدەهێنن.

وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی دوای كۆبوونەوەیان لە پیرمام راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی ناوچەكە كرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی بۆ پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و هەنگاوەكانی سەرخستنی پرۆسەكە تاوتوێكراوە لەگەڵ ئامادەكردنی كارنامەیەكی هاوبەش بۆ حوكمڕانی داهاتووی كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو بەشێوەیەك بێت پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان و پێكهاتەكان بكات.

هەروەها ئەوەشخراوەتەروو، لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی كارنامەی حكومەت بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو.

ئەمە دووەم كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتییە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 30ی مانگی رابردوو، وەفدی یەكێتی و پارتی لە سلێمانی كۆبوونەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە

0222222.png
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئاڵای کوردستان هێمای خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمانە لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیدا، لەپێناو شەکانەوە و شکۆداریی ئەم ئاڵایەدا خەباتی بێوچانمان کردووە و قوربانیی زۆرمان داوە"

 

دەقەی راگەیاندراوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی 

ئاڵای کوردستان هێمای خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمانە لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیدا، لەپێناو شەکانەوە و شکۆداریی ئەم ئاڵایەدا خەباتی بێوچانمان کردووە و قوربانیی زۆرمان داوە. بۆیە پێویستە هەموومان بە یەک خەون و یەک ئامانجی هاوبەشەوە، بە قبووڵکردنی جیاوازییەکان و دوور لە بەرژەوەندیی حزبییەوە ئەو مێژووە پڕ لە قوربانیدانە لەیادنەکەین و کار بۆ کوردستانێکی بەهێزتر بکەین، داهاتوویەکی گەشتر بونیادبنێین و ژیانێکی سەقامگیرتر لەژێر سایەی ئاڵاکەماندا بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین.

دروود بۆ رۆحی شەهیدان

بەرز و شکۆداربێت ئاڵای کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێک لە مووچەی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم کراوە.

رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێك لە موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە كراوە و لیستی موچەی مانگی ١٢ش وردبینی بۆ دەكرێت.

وتیشی، هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و لەئێستادا سەرقاڵی پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی هەر سێ مانگی كۆتای ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن.

ئەمڕۆ دوای دوو مانگ، دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆران و بڕیارە لەماوەی شەش رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بدرێت.

بەپێی لێدوانی بەرپرسان، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتووش لیستی مووچەی مانگی ١١ رابگەیەنرێت.

دوو رۆژ بەر لە ئێستاش حکومەتی هەرێم رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدادا ئەرێنین و لە رۆژی سێشەممە ١٧ی ١٢ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەکەن، لەگەڵ گەیشتنی پارەش لە بەغداوە، موچەی مانگەکانی دیکە دابەش دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی هەریەک لە کەشناسیی هەرێم وعێراق، لەمڕۆوە پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە نزمبوونەوە بە خۆیانەوە دەبینن و لە چەند ناوچەیەکی هەرێم باران دەبارێت.

کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش، پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ و ئەمڕۆ.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، لەمڕۆوە نزمترین پلەکانی گەرما بۆ سەرروو سفری سیلیزی بەرزدەبنەوە، لەکاتێکدا دوێنێ لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم نزمترین پلەکانی گەرما لەژێر سفری سیلیزییەوە بوون.

لەلایەکی دیکەوە، کەشناسیی عێراق رایگەیاندووە، سبەینێ چوارشەممە، پلەکانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن، رۆژی پێنجشەممە و هەینی، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە، رۆژی هەینیش ئەگەری بارینی کەمێک باران هەیە لە ناوچە بەرز و شاخاوییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی شەممە، جارێکی دیکە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و پێشبینی دەکرێت، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێم باران ببارێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

١٧ی ١٢ی هەموو ساڵێک رۆژی ئاڵای کوردستانە، ئەو ئاڵایەی بە ڕوانین لێی و بینینی خۆرێکی گەش و سێ رەنگی سور و سپی و سەوز، خەبات و تێکۆشان و هیوا و وەفا؛ وێنا دەکات.

لە ١٦ی ٤ی ساڵی ٢٠٠٤دا، پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٧ی ١٢ی وەکو رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد. پێشتر پەرلەمانی کوردستان ئەوەی راگەیاندووە، "ئاڵای کوردستان رەمزی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانی پێدانراوە."

ساڵانە لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، لە سەرجەم دامودەزگا و خوێندنگەکانی هەرێمدا ئاڵا هەڵدەکرێت و جلی کوردی لەبەردەکرێت و بە چەندین چالاکی یادی دەکرێتەوە، لە ناوەندەکانی خوێندنیشدا چالاکی تایبەت بۆ ئەو یادە بەڕێوەدەچێت.

ئەگەرچی مانگی ١٢ لە هەرێمی کوردستان بەر سەرماوسۆڵە دەکەوێت، بەڵام دڵی جگەرگۆشە و خوێندکارانی ئەم خاکە و مامۆستایان و کارمەندانی دیکە ئەوەندە گەرمە، بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەو رۆژە پیرۆز دەکەن و بەرز رایدەگرن.

لەپاڵ هەڵکردنی ئاڵادا لە ناوەندە جیاوازەکان، بەهۆی دۆخی ئابووری و نەدان و دواکەوتنی موچەوە لە چەند ناوەندێک دەوام راگیراوە و ئەو یادکردنەوەیە بەڕێوەناچێت.

ساڵی رابردووش، بایکۆت بەشێوەیەکی گشتی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین وقەزای کۆیە، ئەو یادە تەنها لە چەند خوێندنگەیەکدا کرایەوە و بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی نەگرتەوە.

رۆژی ئاڵای کوردستان

١٧ی ١٢ی ساڵی ١٩٤٥ی زاینی، کە بە ساڵی کوردی هاوکات بوو لەگەڵ ٢٦ی سەرماوەزی ٢٦٤٥، لە مەراسمێكدا، ئاڵای کوردستان لەسەر شانی کەریمی نازمی، لە مەیدانی چوارچرای مەهابادەوە بەرەو باڵەخانەیەکی بەرزی مەهاباد برا و بە ئامادەبوونی قازی محەمەد و هاوشانی چەندین کەسایەتی ئەو کاتە و هاوڵاتیان، ئاڵاکە لەسەر ئەو باڵەخانەیە هەڵکرا.

دوابەدوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مەهاباد، ئاڵا لەو شار و شارۆچکانەی دیکەش هەڵکران کە لەژێر دەسەڵاتی شای ئەوکاتەی ئێراندا نەبوون.

رەنگەکان و شێوەی ئاڵای کوردستان

دکتۆر قاسملۆ سکرتێری پێشووتری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئەو کات ئاڵای کوردستان رەنگە بنەڕەتییەکانی بەهەمان شێوەی ئێستا سێ رەنگ بوون، سوور لە سەرەوە و سەوز لە ناوەڕاست و سپی لەنێوانیاندا، هێمای کوردستانیش قەڵەمێک بوو لەنێوان دوو گوڵەگەنمدا و خۆرێک لە سەریانەوە هەڵهاتبوو. کە قەڵەمەکان مانای بایەخ و گرنگی فەرهەنگ و زانست بوو و گوڵەگەنمەکانیش هێمایەک بوون بۆ کار و بەرهەمی کوردەکان، خۆریش سیمبولی ئازادی بوو.

ئاڵای کوردستان | کاوە شەریفیان/ Kawe Sharifiyan

 

ئاڵای کوردستان هەر لە رابردووەوە و بەپێی سەردەمە جیاوازەکان چەندین جار گۆڕانکاری بەسەر شێوەکەیدا هاتووە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی لەنێووان ئەو چوار رەنگەدا ماوەتەوە.

بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان ئەمانە چەند وێنەیەکی ئاڵای کوردستانن لە سەردەمە جیاوازەکاندا

No photo description available.

 

پەرلەمانی کوردستان و بەیاسا رێکخستنی ئاڵا

لە ساڵی ١٩٩٩دا پەرلەمانی كوردستان بە یاسا شێوازی ئاڵا و مامەڵەكردنی لەگەڵیدا رێكخست، لە دەقی یاساکەدا هاتووە:

هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت، پانیەكەی سێ یەكی درێژیەكەی دەبێت و بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی ‌و پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیە:

یەکەم: لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.

دووەم: لاكێشەی ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتی ‌و ئازادی‌ و دیموكراتی‌ و لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.

سێیەم: لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ‌ و سروشت‌ و ژینگەی كوردستان.

چوارەم: لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، ٢١ تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوور و سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان‌ و مەعریفە و هیوا و گەشبینی، ٢١ تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوە و راپەرین‌ و شۆڕش‌ و رزگاری دژی زوڵم‌ و ستەم‌ و چەوسانەوە.

ئازادانە ئاڵا هەڵدەکرێت

ئێستا ئاڵای کوردستان سنوورەکانی هەرێمی بڕیوە و ئازادانە لە وڵاتانی دیکەش هەڵدەکرێت، بە جۆرێک، لە بەشێکی زۆری سەردانە فەرمییەکانی بەرپرسان بۆ وڵاتان بە ئاڵای کوردستان پێشوازییان لێدەکرێت.

ئێستا کورد لە وڵاتە جیاوازەکاندا بە ئازادانە رۆژی ئاڵاکەی بەرز رادەگرێت و لە ١٧ی ١٢دا یادی دەکاتەوە و چالاکی بۆ رێکدەخات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی هێزەکانی كۆماندۆی كوردستان بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ئەمڕۆ یادی "ڕۆژی ئاڵا" دەكەینەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەتەبایی ناوخۆیی و گیانی برایەتی و لێكتێگەیشتن و لێبووردەیی و كاری پێكەوەیی و ئامادەسازی سیاسی و سەربازی هەیە.

دەقی پەیامەکەی کۆماندۆی کوردستان

رۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستان

ئاڵاكەمان سیمبوڵی گیان فیدایی و قوربانیدان و سەرفرازییمانە، شانازی بە سەر بڵندی و شكۆمەندی ئاڵاكەمانەوە دەكەین، سڵاو و درود بۆ رۆحی پیرۆزی ئەو شەهیدانە دەنێرێن، كە لە پێناو "ئاڵای كوردستان"دا  کاروانێک قوربانیان داوە و "كوڕانی كۆماندۆ" درێژە پێدەری ئەو كاروانەن.

لەرۆژی ئاڵای كوردستاندا گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ڕێبوارانی ڕێگای ئەو ئاڵایە دەكەین، دەستمان لە سەر دڵ و بەشكۆوە لە بەرامبەر ئاڵاكەمان ڕادەوەستین و ئەو یادە بەرز ڕادەگرین.

"كوڕانی كۆماندۆ" زیاتر لە جاران قوربانی بۆ خاك و ئاڵاكەمان دەدەین، هاوشێوەی (لۆگۆ)كەمان ئاڵای کوردستانمان لەنێو سنگ و دڵ و ناخمان هەڵگرتووە، کە مێژوویەكی دووری نیە بۆ پاراستنی شكۆی ئاڵا و خاكی پیرۆزی كوردستان، شەهیدی فەرماندەی خۆشەویستمان "ئاكام عومەر" یەكێك بوو لە رێبوارانی ئەو کاروانە.

ئەمڕۆ لە كاتێكی هەستیاردا ئێمە لەم بەشەی كوردستان یادی "ڕۆژی ئاڵا" دەكەینەوە، كە ناوچەكە بە گۆڕانكارییەكی زۆر خێرا و ئانیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە جەخت لەوە دەكەینەوە، كە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەتەبایی ناوخۆیی و گیانی برایەتی و لێكتێگەیشتن و لێبووردەیی و كاری پێكەوەیی و ئامادەسازی سیاسی و سەربازی هەیە، لە پێناو پاراستنی ئەو قەوارە دەستوورییە، كە بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی خەڵكی كوردستانە و موڵكی تایبەتی هیچ كەس و لایەن و ئایدۆلۆژیاییەكی دیاریكراو نییە، كە ئەركە لەسەر هەموولایەك كاری  لەپێشینەمان پاراستنی قەوارەكە و ئاڵاكەی بێت.

جارێکی دیکە بەڵێن بە خودا و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەدەین، کە خوێنی تاك بە تاكی " كوڕانی كۆماندۆ" خەڵات بێت ، بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و پاراستنی خاك و نیشتمان.

ڕۆحی شەهیدانی كاروانی پاراستنی شكۆی ئاڵای كوردستان شاد و هەر بەرز و شەكاوە بێت ئاڵاكەمان...

راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی كۆماندۆی كوردستان
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەتیدەكاتەوە ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سوریا لەناو خاكی عیراقدا بێت.

مقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەكەن كە گوایا ماهیر ئەسەد لەناو خاكی عیراقدایە، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە.

پێشتریش روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوەكردبوو كە ماهیر ئەسەد لە روسیایە، ئەوەش دوای ئەوەی كە بە هەلیكۆپتەرێك لە سوریاوە گواستراوەتەوە بۆ عیراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە تائێستا شوێنی ماهیر ئەسەد برا بچوكی بەشار ئەسەد كە فەرماندەی فیرقەی چوار بووە لە سوپای سوریا و لە لیستی سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپا و بەریتانیادایە، ئاشكرانیە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیوک لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس و گیانیان لەدەستدا، کە هەردووکیان جەنەڕاڵی سوپای روسیا بوون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەکردووە، تەقینەوەکە بەهۆی سکۆتەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە روویداوە، کە لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکەوە دانراوە، لە رێگای ریمۆت کۆنتڕۆڵەوە تەقێنراوەتەوە.

میدیاکان ئەوەیان خستووەتە روو، بەهۆی تەقینەوەكەوە جەنەڕاڵ ئیگۆر كریلۆڤ فەرماندەی هێزی تایبەتی ئەتۆم و جەنەڕاڵێكی یاریدەدەری لە بەردەم ماڵەكەیاندا كوژراون.

باس لەوەشكراوە، دوای تەقینەوەكە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە، كە بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان، تاکە زانیاری هەیە ئەوەیە سكۆتەرێكی كارەبایی بۆمبڕێژكراو تەقێنراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێکی دانوستانکاری یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە پیرمام

پێشتر وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاندبوو،کە بۆ مەبەستی پێکهێنانی حکومەت و پرسی مووچەو تاوتوێکردنی دۆخی سوریایش سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە


ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دەرەوەی دیمەشق ڕوفاتی زیاتر لە ١٠٠هەزار لەو کەسانەی تێدایە کە لە سەردەمی حکوومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریادا کوژراون.

مەعاز مستەفا، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سووریا لە دیدارێکدا  لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە دیمەشق ڕایگەیاند " لە دووریی ٤٠ کیلۆمەتر لە ئەلقەتیفە لە باکوری پایتەختی سووریا، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستنیشانیان کردووە."

مەعاز مستەفا ئاماژەی بەوەش کردووە، گۆڕەکە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ڕووفات تێدایە،"دڵنیایە لەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ زیاتری هەن کە هاووڵاتیی سووری، ئەمەریکی، بەریتانی و کەسانی دیکەشیان تێدایە."

ئەمە لە کاتێکدایە،مەزەندە دەکرێت لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا سەدان هەزار سوری کوژرابن، کە لە رابردوودا ناڕەزایەتییان لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد دەربڕیوو

هەروەها لە ڕابردووشدا، ئەسەد چەندان جار ڕەتی کردووەتەوە حکوومەتەکەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی کردبێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، توركیا و گروپە چەكدارەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشێكی فراوان و داوا لە سەرجەم لایەنەكانیش دەكات یەكڕیزبن و پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن.

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ناوچەكە بە رەوشێكی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت و وادەخوازێت كە پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە و ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری بكەن.

داوا لە سەرجەم لایەنەكانیش دەكات كە یەكڕیز بن بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان و ئاگاداری هەموو هەوڵێكی گێرەشێوێنی دوژمنەكانیان بن.

فەرماندەیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوا دەشڵێت، توركیا ئاسانكاری بۆ هاتنی گروپە چەكدارەكان دەكات و دەیەوێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، بەڵام بەڵێندەدەن كە هێزەكانی سوریای دیموكرات پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و ئامانجیان پاراستنی گەل و بەدیهێنانی ئاشتییە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی نزیک دیمەشق و چەند ناوچەیەکی دیکەی لە سوریا بۆردومانکرد،چەند شوێنێکی دیکەی سەربازی کردە ئامانج. 

ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی نزیک دیمەشق و چەند ناوچەیەکی دیکەی لە سوریا بۆردومانکرد، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل چەند کۆگایەکی چەکیان لە ناوچەی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب له‌ دیمه‌شق کردە ئامانج. هەر لە هێرشەکاندا چەند شوێنێکی سەربازی له‌ گوندەکانی باكوری حمس له‌ ناوه‌ڕاستی چەند ناوچەیەکی شاری لازقییه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی سوریا له‌ ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ کرانە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەقینەوەیەك لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا روویدا و بەهۆیەوە دوو جەنەڕاڵی سوپای روسیا كوژراون.

ئاژانسی تاس رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ڕێگەی بۆمبێکەوە بووە کە بە سکۆتەرێکەوە چێندراوە .

نوێدەکرێتەوە...
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی دەستەی تەحریر شام داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەكات، ناوی دەستەكەیان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن، تاكو بتوانن دەست بكەن بە بنیادنانەوەی سوریا.


رۆژنامەی " نیویۆڕك تایمز"ـی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەستەی تەحریر شام داوای لە حكومەتەكانی وڵاتانی رۆژئاوا كردووە، ناوی دەستەكەیان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن، تاكو بتوانن دەست بكەن بە بنیادنانەوەی سوریا.


ئەحمەد شەرع جەختی لەوەشكردووەتەوە، سوریا لەئێستادا پێویستی بەوەیە بنیادنانەوی دەوڵەت و دروستكردنەوەی دامەزراوە گشتییەكان بكاتە پێشەنگی كارەكانی تاكو لە رێگەیانەوە خزمەتی گەلی سوریای پێبكەن. 


ئەوەش لەكاتێكدایە، نزیكەی ٩ ساڵە دەستەی تەحریر شام لە بەشێكی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ـیدا، تایبەت بە ئاگربەست و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان لە سوریا، داعش و بەرەی نوسڕەی خستە لیستی تیرۆرەوە و دەستەی تەحریر شامیش بەشێكە لە بەرەی نوسڕە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە و لە دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی باكور و رۆژهەڵاتیش بەفر دەبارێت.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سبەینێ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما یەك بۆ دوو پلە نزمدەبنەوە و ئاسمانیش بە گشتی بەرزە هەور دەبێت.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەینێ نێوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی باكور و رۆژهەڵات بەفر دەبارێت و دواتریش، لەكاتەكانی شەودا ئاسمان ساماڵ و كەشوهەوا جێگیردەبێت.


هەروەها، بەگوێرەی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، پێشبینیدەكرێت سبەینێ بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر بە 11 پلەی سیلیزی و نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەران بە سفر پلەی سیلیزی تۆماربكرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...361362363364365...991