بۆ یەکەمجار ئاڵای نوێی سوریا لە نەتەوەیەکگرتوەکان هەڵکرا
رەوەز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥
بۆ یەکەمین جار لەدوای روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانونی دووەمی 2024ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، ئاڵای نوێی وڵاتەکەی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڵکرد.
وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاس هەڵکردنی ئاڵاکەی وتی: ئێستا جیهان پێویستی بە گوێگرتن لە داواکارییەکانی گەلی سوریا هەیە، ئێمەش کراوەین بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا که "گەمارۆکان دەبێت هه ڵبگیرێن و چیتر ژیانی گەلی سوریا نەکرێتە قوربانی، چونکه هەڵگرتنیان هاوکار ده بێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووریمان". شەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە سورییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هیوایان هەیە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە و رایگەیاند کە "گەلەکەمان شایەنی متمانەیە".
شەیبانی لە هەژماری X ی خۆیدا نووسیویەتی: "بە نوێنەرایەتی کۆماری عەرەبی سوریا، ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژوویی پڕ لە کەرامەتدا وەستاوم، بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای نوێی سوریامان لەم بینا نێودەوڵەتییە، بۆ یەکەمجار دوای ئەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە ئازارمان لە مێژووماندا هەڵدایەوە".
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، وەفدێکی بەرپرسانی سوریا لەم هەفتەیەدا گەشتیانکرد بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی بانکی نێودەوڵەتیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کاتێکدا تا ئێستا رون نییە کە ئایا بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم سەردانەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبنەوە یان نا بە تایبەت کە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵیاندا نییە و سزاکانی سەر سوریای نوێی هەڵنەگرتووە.