ئەمڕۆ سەرچاوە نزیکەکانی یانەی ریاڵ مەدرید ئاشکرایان کرد کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، یانەی پایتەختی ئیسپانیا بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پێگەی "ئێل چیرینگویتۆ" بڵاوی کردۆتەوە، یانەی ریاڵ مەدرید لە بەیاننامەکەیدا داوای لێبوردن لە دەستەی ناوبژیوانی ئیسپانیا دەکات و بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردن لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رادەگەیەنێت.

ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هێشتا گرێنتی ئەوە نییە کە یانەی ریاڵ مەدرید بەشداری لە "کلاسیکۆ"ی سبەی شەممە بکات. هەر دوو رۆژنامەی ناسراوی "مارکا" و "موندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی جەختیان کردۆتەوە کە بەشداریکردنی ریاڵ مەدرید لە یارییەکە مسۆگەر نییە و یانەکە بیر لە کشانەوە دەکاتەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و راگەیاندووە کە ریاڵ مەدرید ئاگاداری کردوونەتەوە کە بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی و هیچ بۆنەیەکی فەرمی پەیوەست بە یارییەکە ناکات.

هۆکاری ئەم ئاڵۆزییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ "دێ بۆرگۆس"، ناوبژیوانی دیاریکراو بۆ یارییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەستی بە گریان کرد، ئەمەش وای کردووە کە یانەی ریاڵ مەدرید متمانەی پێی نەمێنێت و داوای گۆڕینی بکات. بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەم داوایەی رەتکردۆتەوە و پێیوایە ناکرێت ناوبژیوانی یارییەکە بگۆڕدرێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاسی یانەی ریاڵ مەدرید گەیشتبووە بەردەم یاریگا بۆ مەشقکردن، بەڵام یاریزانەکان گەڕانەوە پاسەکە و مەشقەکان هەڵوەشێنرانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەگەری کشانەوەی یانەکە لە یارییەکە.

بڕیارە سبەی شەممە کاتژمێر 10.00ی شەو، ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لاکارتۆخا لە شاری سێڤییا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.