پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە رەسمی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، کە تاوەکو دوایین ئامار لە ١٠ی ١١ی ئەمساڵدا، نزیکەی ٧٧٧ ملیۆن توشبوو تۆمارکراون.
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩دا، بۆ یەکەمجار بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەرپرسان و میدیاکان لێدوانی جیاوازیان دەدا و هەندێک بە دەنگۆ ناویان دەهێنا و هەندێک دەیانوت راستە.
دواجار لەنێوان ئەو دەنگۆیانەدا، چین راپۆرتێکی ئاڕاستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کرد و لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاگاداری کردەوە، کە دواتریش لەدوای گەیشتنی تیمی رێکخراوەکە، لە راپۆرتێکدا ئەوەیان دەرخست، ڤایرۆسەکە سەرچاوەکەی خواردەمەنییە دەریاییەکانە کە لە ناوەندی شاری وهانی چین دەفرۆشرێن.
دواجار رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رەسمی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی لە چین راگەیاند، کە یەکەمجار بە هەوکردنی سییەکان ناوی هێنرا.
لە سەرەتا و لە مانگی ١ی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسەکە بە 2019-nCoV ناونرا بەشێوەیەکی کاتی، دواتریش لە مانگی ٢ی هەمان ساڵدا بە فەرمی ناونرا Covid-19.
یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوە
لە شاری یان-نانی چین بۆ یەکەمجار توشبوونی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرا، کە پێشتر گەشتی بۆ شاری وهان کردبوو، دواتر نەخۆشەکە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو و باسی لەوەکردبوو، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک ماوەی پێنج رۆژە هەناسەی تەنگە و جەستەی شەکەت و ماندووە، دوای پشکنینەکان دەرکەوت هەوکردنێکی زۆر لە سییەکانیدا هەیە، هەروەها رێژەی چەند پڕۆتینێکی هەستیار لە جەستەیدا بەرزن.
لە سەرەتادا چارەسەری سەرەتاییان بۆکرد و چەند دەرمانێکی پێویستیان بۆ نووسی و پزیشکەکان داوایان لێکرد پشوو بدات، دوای پێنج رۆژ لە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکان بۆیان دەرکەوت رێژەی هەوکردنەکە زیاتر بووە و توشی ئاوسانی سییەکان بووە و ئاو لە سییەکانیدا کۆبووەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتاندا
نیپاڵ کە هاوسنوورە لەگەڵ چین، لەدوای چین یەکەم وڵات بوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدا راگەیەنرا، کە پیاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو و لە شاری وهانی چین خوێندکار بوو و یەکەم کەسبوو پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو، چونکە توشبووی یەکەم لە سەرەتادا بە حاڵەتی هەوکردنی سییەکان ناسێنرا دواتر پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا.
ئەو پیاوە دوای ١٠ رۆژ لە گەڕانەوەی بۆ نیپاڵ وردە وردە هەستی بە نەخۆشکەوتن کردبوو و دواتر کۆکەیەکی توندی گرتبوو و لەماوەی نەخۆشییەکەشیدا پلەی گەرمی جەستەی زۆر بەرزببووەوە، ئەو نیشانە توندانەی لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا لێدەرکەوتبوون و لە رۆژی سێیەمدا نیشانەکانی بەرەو باشبوون چووبوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین تێستی ڤایرۆسی و بەکتریایی بۆکرابوو سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و پشکنینەکانی پاک بوون، کە دواتر بە توشبوویەکی سوک پۆلێنکرا و لەماوەی چوار رۆژدا تەندروستی باشبووەوە و نەخۆشییەکەی تێپەڕاند.
نیشانەکانی توشبووان جیاواز بوون
رۆژ لەدوای رۆژ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر بوو و نیشانەی جیاوازی لێدەرکەوت، سەرچاوەی سەرەکیشی شاری وهانی چین بوو، ئەو کەسانەشی توشببوون، یان گەشتی وهانیان کردبوو یان بەرکەوتەی کەسێک بوون هەڵگر یان توشبووی ڤایرۆسەکە بوو.
نیشانەکانی ڤایرۆسەکە تا توشبوون زیاتر بووایە جیاواز بوو و دەگۆڕا، سێیەم کەیسی پشتڕاستکراوە کە ژنێکی ٥٥ی ساڵی تایوانی بوو و گەشتی وهانی کردبوو، قورگ و گەرووی بەتەواوی ئاوسابوو، کۆکەیەکی وشک و توند، تایەکی مامناوەند، شەکەتییەکی زۆری هەبوو، هەروەها رێژەی ئۆکسجینی خوێنی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو بۆ ٨٨-٩٠٪، کە دواتر پشکنینی SARS-CoV-2یان بۆ ئەنجامدا و ئەنجامەکەی پۆزستیڤ بوو، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکێک لە نەوەکانی سارس دادەنرێت و بەشێکی نەخۆشەکانیش سەرەتا ئەو چارەسەرانەیان بۆ بەکاردەهێنان کە بۆ توشبووانی سارس بەکاردەهات و جەستەیان کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو بۆی.
ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی و ئاسانی بڵاودەبووەوە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان بەرکەوتنی جەستەییشیان نەبووایە لە رێگای هەوا و دەستدان لە شتەکانەوە دەگوازرایەوە. ئەوەش وایکرد زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا لەنێوان وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەوە، تاوەکو لەماوەی سێ بۆ چوار مانگدا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە.
بەشێوەیەکی گشتی توشبووان یان گەشتی وهانیان کردبوو، یان بەرکەوتەی کەسێک بوون و لەو رێگایەوە شار بە شار و وڵات بە وڵات گەشەی کرد.
قۆناغی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین کردن
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پەرەسەندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری وهانی چین راگەیەنرا و وهان لە جیهان دابڕینرا، هاتنەدەرەوە و چوونەناوەوەی وهان قەدەغە کرا، لەناو وهانیشدا کەرەنتین راگەیەنرا و دەبوو خەڵک لە ماڵەکانیاندا نەیەنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەو رێکارانە گیرانە بەر، بەڵام ڤایرۆسەکە بەر لەوە دزەیکردبوو و کەس بە کەس بڵاوبووبووەوە.
دواتر رێکارەکانی کەرەنتین کردن گیرانە بەر و وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان لە چینەوە دەگەڕاندەوە و لە سەرەتاشدا ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتینیان دەکردن و رێگەیان نەدەدان بچنە دەرەوە، تاوەکو وایلێهات قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان و دواتر وڵاتەکاندا راگەیەنرا.
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ حاڵەتی کتوپڕ ئەنجامدەدران و هاوڵاتیان لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا رێگەیان نەدەدرا لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو رێکارە خۆپارێزیانەشدا، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر و خێراتر دەبوو و رۆژ بە رۆژ ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان زیاتر دەبوو.

رێکارە جیهانییەکان و ناساندی کۆرۆنا بە پەتایەکی جیهانیی
لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی وەک بارێکی لەناکاو و نائاسایی لە جیهاندا ناساند.
لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠دا بە فەرمی ناوی نرا COVID-2019 و لە سەرەتای مانگی ٣دا نتەوە یەکگرتووەکان ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەرخانکرد.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێکارەکانی خۆپارێزی گیرانە بەر، بەستنی ماسک کرا بە ناچاری و پاککردنەوەی گشتی لە زۆرینەی ناوەندەکاندا ئەنجامدرا و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ لەرێگای ماددە پاککەرەوەکانەوە پاکدەکرانەوە و دەڕشێنران.

بەهۆی خێرابڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زۆری ژمارەی توشبووان، بەشێوەیەکی گشتی وڵاتان نەخۆشخانەی نوێیان تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا دروستکرد، سەرەڕای ئەوەش جێگای نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا نەمابوو، هەر بۆ نموونە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لەماوەی ١٠ رۆژدا چین نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی دروستکرد.

لە مانگی ٣ی ٢٠٢٠دا رێژەی توشبوون گەیشتە ١٠٠ هەزار حاڵەتی پشتڕاستکراوە و تۆمارکراو و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسەکەی وەک پەتایەکی جیهانیی ناساند.
لە مانگی ٣دا گۆڕانکارییەکان خێراتر و زیاتر بوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە تەواوی پەرەی سەند، ئەوروپا بووە ناوەندێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەمریکاش دۆخی لەناکاوی راگەیاند، کە دواتر ئەمریکا بووە ئەو وڵاتەی زۆرترین توشبووی تێدا تۆمار کرا.
هەر لە مانگی ٣دا یەکەم ڤاکسین بۆ کۆڤید-١٩ گەشەی پێدرا.
لە مانگی ٤دا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەک گەشەی سەند، لەماوەی یەک مانگدا توشبوون لە ١٠٠ هەزارەوە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
دواتر لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
ڤاکسین و گەڕانەوەی ئومێد بۆ جیهان
لەکۆتاییدا لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، کۆمپانیای Pfizer ئەمریکی رایگەیاند، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە جەستە وەڵامدانەوەی بۆی هەیە و بەرێژەی ٩٠٪ کاریگەرە.

هەر لە مانگی ١١ی هەمان ساڵدا، Modernaش سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی خۆی راگەیاند.
هەر لە هەمان مانگدا زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئەسترازینکا ڤاکسینێکیان راگەیاند.
لەماوەیەکی کەمدا و لەنێوان مانگی ١١ تاوەکو مانگی ٤ی ٢٠٢١، یەک ملیار ڤاکسین گەیەنرایە سەرانسەری جیهان و وەرگرتنی دۆزێک لە ڤاکسینەکە کرایە ناچاری و لە فڕۆکەخانەکاندا رێگەیان نەدەدا هاوڵاتیان گەشت بکەن، ئەگەر پێشتر دوو دۆز یان لانی کەم یەک دۆزی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، کە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەش، وەرگتنی پێکوتەکەیان بۆ کرا بە کارتێکی ئەلیکترۆنی.
بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکانی کۆرۆنا
تەنها هەشت مانگ لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکەم گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بەناوی lambda راگەیەنرا، دواتریش رۆژ بە رۆژ گۆڕاوی دیکەی کۆرۆنا بڵاوبوونەوە بە ناوەکانی alpha, beta, delta, omicron. تەندروستی جیهانیش دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەکان، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بۆ سەرجەم ڤایرۆسەکان.
دوایین ئامارەکان
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ١٠ی ١١ی ٢٠٢٤، زیاتر لە ٧٧٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمارکراون، ئەوە جگە لەو کەسانەی توشبوون و تۆمارنەکراون.
هاوکات، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، کە بە شێوەیەکی گشتی پەرەسەندنی ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و لە ٢٠٢٢ بەدواوە وردە وردە ئامارەکانی گیانلەدەستدان روویان لە کەمبوونەوە کرد.
کاریگەریی رێکارەکانی کۆرۆنا لەسەر ژینگە
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرجەم وڵاتەکاندا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا و گەشتی نێوان وڵاتان وەستێنران، بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆمبێلەکان نەدەچوونە سەر شەقامەکان و کارگە و شوێنەکانی دیکەش کارەکانیان راگرتبوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژینگە دروستکرد.
گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوون، تەنها لەماوەی نێوان مانگی ١ بۆ ٤ی ٢٠٢٠دا، دەردانی رۆژانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی ٨.٦٪ کەمی کرد بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٩دا.
دوایین راپۆرتەکانیش ئەوەیان نیشان دەدا، کە دەردانی گازەکانی دەبنە هۆی گەرمبوونی جیهان، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین کرد.
دۆخی ئێستای جیهان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا
ئەگەرچی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا هەرکەسێک توشببووایە راستەوخۆ بۆماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرا و چاودێریی تەندروستی دەکرا، وردە وردە بەپێی جیاوازی بارودۆخەکان و زیاتر بڵاوبوونەوەی رێکارەکان شلتر کرانەوە و بەو توندییە جێبەجێ نەدەکران، بۆ نموونە دوای چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە نەخۆشەکان دەوترا لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆتان لە ئەندامانی دیکەی خێزان بە دووربگرن.
هاوکات، لەگەڵ ئاشنابوونی جیهانیش بە ڤایرۆسەکە و نیشانەکان و شێوەی چارەسەرکردنی، رۆژ بە رۆژ ترسەکان رەوینەوە و ئێستا کەسەکان ئەگەر توشی ڤایرۆسەکەش ببن، هەمان ئەو ترسەیان لێنانیشێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەیانبوو.
ئێستا و دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توشبوون بە کۆرۆنا وەک پەتایەکی وەرزی ئاسایی بووەتەوە و کاتێک کەسەکان توشدەبن، ئەگەر نیشانەکانیان توند نەبێت نەک خۆیان کەرەنتین ناکەن، بەڵکو دەچنە سەر کار و بەردەوام دەبن لە ژیانی ئاسایی و رۆژانەیان.
کاریگەرییەکانی دوای توشبوون بە کۆرۆنا
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، کاتێک کە کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبوو و چاکدەبووەوە، بە ماوەی مانگێک یان زیاتر لەدوای چاکبوونەوەی چەند نیشانەیەکی لێدەردەکەوت، هەندێک بە پشتئێشە و هەندێک بە قاچ و ئەژنۆئێشە، بەشێکیشیان بە گرژبوونی ماسولکەکانی جەستەیان دەیان ناڵاند.
سەرجەم نەخۆشەکان سەرەتا نەیاندەزانی ئەو هۆکارانە چین توشی ئەو ئازارانەی کردوون و بەشێکی ئەو ئازارانەش بە ئازارشکێن نەدەڕەوینەوە، ئەگەر ئازاریشیان بشکایە بۆماوەیەکی کاتی دەبوو.

لە بەشێکی نەخۆشەکاندا دوای چاکبوونەوەیان رێژەی ڤیتامینەکان لە جەستەیاندا دادەبەزی، بەتایبەت رێژەی 'ڤیتامین دی'، کە دابەزینی ڤیتامینەکانیش بەرگری جەستەی لاوازدەکردن و رووبەڕووی چەند گرفت و حاڵەتێکی دیکەی وەک تێکچوونی پێست و هەڵوەرینی قژ و لاوازبوونی نینۆکەکان، یانیش خەمۆکی و شەکەتی بەردەوامی دەکردنەوە، یانیش دەبووە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکانی جەستەیان.
بەشێکی دیکەش هەستیان بە بێهێزی بەردەوام دەکرد و بەشێکیان ماوەیەکی درێژ بەدەست هەناسەتەنگی و زوو ماندووبوونەوە دەیان ناڵاند، یانیش دەیانوت هێزی جەستەمان نییە وەک پێشوو ئەرکەکانی رۆژانەمان ئەنجامبدەین.
ئێستا کە توێژینەوەکان زیاتر ئەنجامدراون لەسەر ڤایرۆسەکە و توشبوون و چاکبوونەوە و نیشانەکانی دوای کۆرۆنا، لەدوایین توێژینەوەدا، پزیشکەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن، کۆرۆنا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن لە بەشێکی مێشکدا کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی رەفتار و هەڵسەکەوت و کاری رۆژانە و لە بەشێکی نەخۆشەکاندا پەکیان دەخات و وایانلێدەکات بە ئاسانی نەتوانن کارەکانی رۆژانەیان ئەنجام بدەن.
پێنجەم ساڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەڵوێستی چین
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا باس لەوەدەکرا، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەک لە وهانی چین بەرهەمهێنراوە و لەوەوە دزەی کردووە، لە راپۆرتێکیشدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا 'سی ئای ئەی' ئەمریکی رادەستی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکای کردووە باس لە هەمان بابەت دەکات.
ئەگەرچی چین ئەو تۆمەتەی رەتدەکردەوە، ئەمڕۆ لەدوای پێنج ساڵ، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، کە پێویستە چین زانیاریی ورد و تەواویان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و ئامارەکان پێبدات.
خاتوو گەلاوێژ بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردساتەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی میدیاکارانی دەزگاکە دەکات و دەڵێت هیوادارم وەك هەمیشە لە خزمەتی بوارە ڕەسەنەكانی كوردەواریدا بن و ڕاستیەكان وەك خۆیان بگەیەنن، هەر ئەمەیشە وایكردووە شاشەكەتان سەرتۆپی میدیای خێزان بێت.
دەقی پەیامەکەی...
چارەكەسەدەیەكی تەمەنی كوردسات پیرۆزبێت
كوڕ و كچە ئازیزەكانی كوردسات، لە قووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی كەناڵە ڕەنگیینەكە لە یەك بەیەكی خۆتان و بەڕێوەبەرە گشتییەكەتان و لێپرسراوی بەشەكان و شۆفێر و پاسەوانە ئێشكگرەكانی پارێزەری كەناڵەكەتان دەكەم.
لەگەڵ ئێوەدا، ئەم یادە لە بینەران و بیسەران و خوێنەرانی ڕەنگ و دەنگ و نووسینەكانتان و هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو كوردانی تاراوگە پیرۆز دەكەم، چونكە یادێكی ئەوەندە جوانە كە هەموومان دەگرێتەوە، ئەمەیش لەبەرئەوەی كەناڵەكەمان "دەنگی كوردان و دەنگی هەموانە".
لەو ڕۆژەوەی "هێرۆ" بە پشتگیریی "مام" و دڵسۆزانی میدیای بینراوی كورد، ئەم هەنگاوە مێژووییەی نا و تا بەئەمڕۆ دەگات كە چارەكە سەدەیەكی تەواوە، ڕۆژ بەڕۆژ كوردسات لەگەشەی بەردەوامدایە و ئێستا ئەوەندە فراوان بووە كە هەر "خەرمان بەرەكەت" و دەستخۆشیی دەوێت.
ئەگەرچی ئێوە خۆتان دەزانن، بەڵام منیش وەك وەرگرێكی پەیامەكانتان و دڵسۆز و خەمخۆرێكی میدیای كوردی، دەمەوێت پێتان بڵێم كە سەردەمەكە ئەوەندە بەخێرایی دەڕوات مەگەر هەر میدیاكاری پیشەیی وەك ئێوە بتوانێت پێیڕابگات، بۆیە دەستخۆشیتان لێدەكەم و هیوادارم وەك هەمیشە لە خزمەتی بوارە ڕەسەنەكانی كوردەواریدا بن و ڕاستیەكان وەك خۆیان بگەیەنن، هەر ئەمەیشە وایكردووە شاشەكەتان سەرتۆپی میدیای خێزان بێت و چاوی گەورە و بچووكی هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵی كوردەواریتان لەسەربێت.
هەمیشە وەك چڵەنێرگزەكانی بەهاری كوردەواری گەش و گەشتر بن و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم و چارەكەسەدەیەكی تەمەنی كەناڵەكەتان پیرۆز دەكەم.
گەلاوێژ
لە ئۆپۆاسیۆنێكدا لە چیای حەمرین حەوت تیرۆریستی داعش كوژران و چەند حەشارگەیەكی تیرۆریستانیش لەناوبران.
دەزگای دژەتیرۆری عیراق راگەیەنراوێكی سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێك لە چیای حەمرین بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هێزەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە زنجیرە چیای حەمرین ئەنجامداوە و تیایدا حەوت تیرۆریستی داعش كوژراون، پێنج تونێل و چەندین شوێنی تیرۆریستان خاپوركراون.
بەپێی راگەیەنراوەكە، لە ئەركێكی دیكەدا لە سنوری نێوان هەردو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە دەستیان بەسەر بڕێك تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازیدا گرتووە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان پیرۆزبایی ٢٥م ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات دەکات و رایگەیاندووە، پارێزەری زمان و کەلتور و بەها بەرزەکانی کۆمەڵی کوردەواری بووە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاندووە، لە ٢٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردسات، پیرۆزیایی گەرمتان ئاڕاستە دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مێژووی پڕتەمەنی خۆیدا، دەزگای میدیایی کوردسات، پیشەیی و هاوسەنگ پەیامەکانی خۆی گەیاندووە و بووەتە دەنگ و رەنگی هەموو کوردان، سەرمەشقی هەواڵ و زانیاری دروست و راستگۆیی و پارێزەری زمان و کەلتور و بەها بەرزەکانی کۆمەڵی کوردەواری بووە.
ئەوەش هاتووە، تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک لە خزمەت و تێکۆشانی میدیایی لە خزمەتی کورد و کوردستاندا کوردساتی کردووەتە مۆرێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی و بەشێکی گرنگی یادەوەریی فەرهەنگی و سیاسییمان.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، "ئومێد دەکەین بۆ ساڵانی ئایندە، دەزگای میدیایی کوردسات بەهەمان گوڕو تین بەردەوام بێت و گەشەی زیاتر بەخۆی بدات".
سبەینێ ١ی ١ی ٢٠٢٥، تەمەنی دەزگای میدیایی کوردسات دەبێتە ٢٥ ساڵ و ماوەی ٢٥ ساڵە ئەو دەزگایە وەک ماڵێک بۆ هەمووان، خزمەت بە کۆمەڵگەی کوردی دەکات و لە خەمی زمان و کلتور و بەها کۆمەڵایەتییەکاندایە.
روانگەی سوری رایگەیاند، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، روسیا دەیان ئەفسەر و فەرماندەی سەربازی باڵای ئەو رژێمەی بۆ سەربازگەیەكی خۆی لە ئەفریقا گواستووەتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، روسیا بە دوو كاروان و بە فڕۆكە، رۆژانی 8 و 13ـی ئەم مانگە ئەو ئەفسەر و فەرماندە سەربازییانەی رژێمی سوریای بردووەتە ئەفریقا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كاتێك بەشار ئەسەد رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە سەربازگەی حەمیمیمەوە بەرەو روسیا بەڕێكەوت، دەیان ئەفسەر و فەرماندە و دیپلۆماتكار و ژمارەیەك كەسایەتی سزادراوی ئەمریكا و ئەوروپای لەگەڵدا بووە.
پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، دوو کەسی بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵە ١٠ساڵانەکە دەستگیرکردووە.
ئەو منداڵە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، منداڵەکە "لە لایەن مام و ئامۆژنییەوە بە دار، ئاسن و ئاگر ئەشکەنجە درابوو".
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند، دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکی، لە دوو کاتی جیاوازدا گەیشتووەتە حەسەکە، یەکێکیان لە بنکەی سەربازیی شاری شەدادی لە دەوروبەری باشووری حەسەکە نیشتۆەتەوە و ئەوی دیکەیان لە بنکەی سەربازیی خەرابەجیر لە دەوروبەری رمێلان لە باکووری حەسەکە نیشتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، فڕۆکەکان کەرەستەی سەربازی و لۆجستیان گواستۆتەوە بۆ هەسەدە ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکان و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی هەسەدە .
ئەمە لەکاتێکدایە، هەڕەشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆسەر هەسەدە و رۆژئاوا بەردەوامە و زیاتر لە دوو هەفتەیە پێکدادانی قورس دەکرێت، هاوکات سەعاتی سفری هەسەدەش بەرەو کۆتایی دەڕوات، کە پیشتر لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا کردبوو ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی و عفرین چۆڵبکەن، چونکە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ئەو ناوچانە دەستپیدەکەن.
وەزیری تەندروستی رەتی دەكاتەوە كە بۆ پشكنینی نەخۆش تاقیگەی نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی درابێت بەكەرتی تایبەت
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بۆ پشكنینی نەخۆش هیچ یەكێك لە تاقیگە و نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی نەدراوە بە كەرتی تایبەت و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەكاتەوە كە ئەو هەواڵە دورە لە راستییەوە و ئەركی وەزارەتەكەیەتی كە سەرپەرشتی كردن، جێبەجێ كردن و ئەنجامدان و گەڕاندنەوەی پشكنینەكە بۆ چارەخوازەكان بكات.
وتیشی: پشكنینی چارەخوازەكان لە (١٠٠%) لای وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە،. وەك دەرمان نییە كە نێوی لای حكومەت و بەشەكەی دیكەی لای كەرتی تایبەت بێت.
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، نرخی بلیت و پشكنییەكان وەك پێشتر دەمێننەوە و ئاڵوگۆڕ لە نرخەكانیاندا ناكرێت، كەلەنێوان (٥٠٠ بۆ ١٠٠٠) دینار دەبێت، بەڵام هەندێك پشكنینی دیكە هەیە كە كەمێك نرخەكەیان بەرزە و بەگشتی نرخەكانیش زۆر كەمە..
لێدان بە پاپوچ مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەگەرچی پاپوچ یەکێکە لەو کەرستانەی بەکارهێنانێکی رۆژانەی ئەرێنی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە کلتورە جیاوازەکاندا بۆ سەرزەنشتکردن بەکارهێنراوە.
گۆزەیەک وەک پارچەیەکی هونەریی لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی شوێنەواریی تارانتۆی ئیتاڵیادا پارێزراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٦٠ ساڵ بەر لە زایین، ئەو چیرۆکە روون دەکاتەوە.
وێنەی سەر ئەو پارچە هونەرییە ئەفسانەیەکی یۆنانی دەگێڕێتەوە، کە تیایدا ئەفرۆدیتی خواوەندی جوانی ئەفسانەی یۆنانییەکان، پاپووچێکی بەدەستەوەیە و سەرزەنشتی ئیرۆسی کوڕی دەکات.
ئیرۆس لە ئەفسانەی یۆنانییەکاندا بە خواوەندی خۆشەویستی ناوی دەبرێت و لەبەشێکی زۆری ئەفسانەکانیشدا بە خراپرەفتار وێنا کراوە.
ئەو گۆزەیە تاکە پارچەی هونەریی ناو مۆزەخانەکە نییە کە ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە، بەڵکو پارچەی دیکەش هەن کە لەناویاندا پەیکەرێک هەیە.

ئەو وێنەیەی کە تیایدا ئەفرۆدیت لەرێگای پاپوچێکەوە سەرزەنشتی ئیرۆس دەکات، لە بەشێکی زۆری پارچە هونەرییەکانی دیکەی یۆنانیشدا دەبینرێت و بەوە لێکدەدرێتەوە، کە وەک بەشێکی پەروەردەی منداڵيکانیان لەو سەردەمەدا سزا بەکارهێنراوە. کە ئەوەش رەوایەتی نادات بەوەی سزادانی منداڵان لەرێگای لێدان و ئەشکەنجەوە جێبەجێبکرێت، بەڵکو تەنها مێژووی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە.
بەکارهێنانی پاپوچ و پێڵاو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی
بەدەر لە بەکارهێنانی پاپوچ بۆ سەرزەنشتکردنی منداڵان لەلایەن دایکیانەوە کە ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئەو کلتورە درێژەی کێشاوە و لە زۆرکاتدا وەک دەربڕینی ناڕەزایەتیش بەکارهاتووە.
هەر بۆ نموونە لە بەشێکی پەرلەمانەکانی جیهاندا زۆرجار رووداوی لەو جۆرە روویانداوە کە پێڵاوەکانیان هەڵداوە، یان لە خۆپیشاندانەکاندا لەکاتی دروستبوونی گرژیدا پێڵاو بەکارهاتووە.
یانیش بەکارهێنانی پێڵاو لە هەڵمەت و رۆژە جیهانییەکاندا بەپێی دۆخە جیاوازەکان مانای جیاوازی بەخشیوە، هەروەک ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە لە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا دانانی سەدان پێڵاوی سوور بووەتە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو رۆژە.

ئەمڕۆ و بۆ یەکەمجار، حکومەتی نوێی سوریا ژنێکی وەک پارێزگاری بانکی ناوەندیی سوریا دیاریکرد.
میساء سابرین ئەو خانمەیە کە وەک پارێزگاری بانکی ناوەندیی سوریا دیاریکراوە، ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی راگوزەری سوریا دەستبەکاربوونەکەی راگەیاند.
میساء خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایە لە ژمێریاریدا و لە مێژووی دامەزراوە داراییەکانی سوریادا ئەوە یەکەمجارە ژنێک بچیتە ئەو پۆستەوە.
میساء لە شوێنی محەمەد عیسامی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی دەستبەکاربووە، کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن بەشار ئەسەدەوە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرابوو.
میساء بەر لە بوون بە پارێزگاری بانکی ناوەندی، چەندین پۆستی دیاری لە بانکەکەدا هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٨شەوە جێگری یەکەمی محەمەد عیسام بووە. سەرەڕای ئەوەی پێشتریش سەرۆکی بەشی چاودێری بانکەکە بووە و چەند پۆستێکی دیکەشی هەبووە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، حکومەتی ئێستای سوریا عائیشە دبسیان بە پۆستی بەرپرسی نوسینگەی کاروباری ژنان دیاریکرد، کە عائیشە بووە یەکەم ژن لە حکومەتی نوێی سوریادا پۆستێکی فەرمی هەبێت و لەئێستاشدا میساء دووەم ژنە پۆستێکی فەرمی وڵاتەکەی پێبدرێت.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کۆماری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو منداڵەی کەرکوک، کە شەوی رابردوو بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە لەهۆش خۆی چووبوو و گەیەنرابووە نەخۆشخانە، ئێستا لەناو نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
شەوی رابردوو، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کۆماری کەرکوک بەکوردسات نیوزی راگەیاند، درەنگانی شەو منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ کە لەهۆشخۆی چووبوو گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، دوای بینینی منداڵەکە لەلایەن کارمەندە تەندروستیەکانەوە بۆیان دەرکەوت لەژێر لێدان و ئەشکەنجە و ئازار منداڵەکە لەهۆشخۆی چووە و بوراوەتەوە.
منداڵەکە هەر لە شەوی رابردووەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش کە گیانیلەدەستداوە، لە ژووری چاودێری چڕدا ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بەجێ پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماری لە کەرکوک پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە منداڵەکە باوکی لە رابردوودا دەستگیرکراوە و دایکیشی جیابووەتەوە، لە گەڕەکی کۆبانی کەرکوک لەلای مام و ئامۆژنێکی ژیاوە.
شەوی رابردوو دوای وەرگرتنی وتەی منداڵەکە، پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مامی منداڵەکە دەرکردووە و دەست بەجێ مامەکە دەستگیر کراوە.
كۆریای باشوور سەرجەم فڕۆكەكانی بۆینگ ٧٣٧ - ٨٠٠ی لە ئەرك راگرت، ئاماژە بەوەشکراوە، تاوەکو ئەوكاتەی پشكنینی سەلامەتییان بۆ ئەنجام دەدرێت نەخرێنەوە کار.
دوێنێ یەکشەممە، فڕۆكەیەكی بۆینگ-٧٣٧ی هێڵی ئاسمانی جیجوی کۆریای باشور، بە ١٨١ سەرنشینەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی یووان كۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەهۆیەوە ١٧٩ كەس گیانیانلەدەستدا.
دوای ئەو رووداوە، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی كۆریای باشوور فەرمانێكی دەركرد بۆ پشكنینی سەرجەم فڕۆكەكانی بۆینگ ٧٣٧ -٨٠٠ و دڵنیابوون لەوەی كە هیچ كەموكوڕییەكیان نییە.
بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، فڕۆکەکەی دوێنێ گرفت لە میكانیزمی هایدرۆلیكی تایەكانیدا هەبووە و لەکاتی نیشتنەوەیدا تایەکانی نەهاتوونەتە دەرەوە.
لەوبارەیەوە سەرۆكی فەرمانگەی سیاسەتی فڕۆكەوانی لە وەزارەتی گواستنەوەی كۆریای باشوور رایگەیاندووە، کۆریای باشور ١٠١ فڕۆكەی بۆینگ ٧٣٧ - ٨٠٠ هەیە کە رۆژانە گەشت دەکەن، بۆیە پشكنینی تایبەتیان بۆ دەکرێت.
رووداوەکەی دوێنێ کاردانەوەی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکەش داوای لێبوردنی لە کەسوکاری سەرجەم قوربانییەکان کرد و باسی لەوەکرد، لە پشکنینی بەر لە فڕیندا فڕۆکەکە هیچ گرفتێکی نەبووە، لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکان بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە.
ئەمە دووەم رووداوی تێکشکانی فڕۆکەیە لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، رۆژی ٢٥ی ئەم مانگەش، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی کازاخستان بە ٧٢ سەرنشینەوە لە باکووری ئازەربایجانەوە بەرەو روسیا بە رێگاوە بوو، لە کازاخستان کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و کەوتە خوارەوە.
یەكێك لە سەرۆكەكانی پێشووتری ئەمریكا كۆچیدوایی كرد و یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتەشە تەمەنی بگاتە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، جیمی كارتەر كە سەر بە دیموكراتەكانی ئەو وڵاتەیە و لە ساڵانی نێوان ١٩٧٧ بۆ ١٩٨١ سەرۆكی ئەمریكا بووە، لە تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵیدا كۆچیدوایی كرد و لەماوەی رابردووشدا زیاتر لە ١٩ مانگ بوو لە خانەی چاودێری بەساڵاچووان لە ویلایەتی جۆرجیا لە ژێر چاودێری پزیشكدا بوو، كە پێشتریش حاكمی ئەو ویلایەتە بووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ جیمی كاتەر سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا مۆمی ١٠٠ ساڵەی تەمەنی كوژاندووەتەوە، بەوەش یەكەم سەرۆكی ئەمریكایە بگاتە تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش رۆژی نۆی مانگی یەكی داهاتووی وەك رۆژی ماتەمینی بۆ كۆچیدوایی جیمی كارتەر دیاریكرد.
حكومەتی عیراق، هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ كەرتی غەززە و لوبنان بەهۆی نەبوونی رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە رادەگرێت.
زیدان خەڵەف عەتوان راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ مافەكانی مرۆڤ و سەرۆكی لیژنەی باڵای هاوكاریكردنی لوبنان و كەرتی غەززە رایگەیاند، لە ناوخۆی عیراق و بە تایبەتیش رێكخراوە مرۆییەكان بەردەوامن لە كۆكردنەوەی هاوكاری مرۆیی بۆ فەڵەستین و لوبنان كە پێشتر سەرجەم هاوكارییەكان لە رێگەی سوریاوە دەگەیەنرانە ئەو دوو وڵاتە.
وتیشی، تائێستا هەزاران تۆن هاوكاری مرۆیی وەك پێداویستی تەندروستی و خۆراكی بۆ لوبنان و كەرتی غەززە رەوانەكراون، بەڵام لە ئێستادا هیچ رێگەیەكی وشكانی و ئاسمانی بەردەست نییە و لەبەرئەوە ناردنی سەرجەم هاوكارییەكان لە عیراقەوە بۆ كەرتی غەززە و لوبنان راگیراون.
لە ئەمریكا لە رووداوێكی سەیردا كارمەندێكی گەیاندنی خواردنە خێراكان لەسەر دوو دۆلار ١٤ چەقۆ لە ژنێكی دووگیان دەدات و بە سەختی برینداری دەكات.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لە ویلایەتی فلۆریدا ژنێك بەناوی میلیندا ئیریزاری كە دوو گیان بووە، داوای خواردنی كردووە و كە خواردنەكە گەیشتووەتە ماڵەكەی بەهاكەی كە ٣٣دۆلار و ١٠ سەنت بووە، رادەستی كارمەندی گەیاندنی خواردنەكەی كردووە و كارمەندەكەش، داوای لە ژنەكە كردووە وەك بەخشش دوو دۆلاری پێبدات.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای ئەوەی ژنەكە رازی نەبووە دوو دۆلارەكە بدات، كارمەندەكەی گەیاندنی خۆراكەكە هێرشی كردووەتە سەر ژنەكە و ١٤ چەقۆی لێداوە و بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر سییەكانی ژنەكە كەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆكراوە، ئێستا تەندروستی جێگیرە و كارمەندەكەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، سەرەڕای كێشەوگرفتە داراییەكان و پشووی رەسمی، بەڵام سبەینێ لە نەخۆشخانەكەیان دەوام ئاسایی دەبێت.
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە راگەیەندراوێكدا ئاماری ئەمڕۆی نەخۆشخانەكەی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تەنیا لەمڕۆدا ٢١ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە، هەروەها چارەسەری كیمیایی بۆ ١٥٠ نەخۆش كراوە و ٥٢ نەخۆشی دیكەش چارەسەری رۆژانەیان بۆ كراوە.
دەشڵێت، ئەمڕۆ ٧٥ نەخۆش لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەكە داخڵكراون و ٨٣ نەخۆشی دیكەش پشكنینەكانی تیشك و سۆنەر و ئیكۆیان بۆكراوە، هەروەها پشكنینی مۆخی ئێسك بۆ ١٠ نەخۆشی دیكەش كراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەشڵێت، سەرەڕای كێشەوگرفتە داراییەكان و پشووی رەسمی لە فەرمانگەكانی حكومەت، بەڵام سبەینێ لە نەخۆشخانەی هیوا دەوامی ئاسایی دەبێت، بە ئامانجی پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە.