کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، لە سبەینێوە کەش ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت بەگشتی، لەگەڵ نمەبارانی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات، پلەکانی گەرماش 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە هەندێک کات و ناوچەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، هەروەها بەهەمان شێوەی ئەمڕۆ، سبەینێ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای تۆمارکراو بە پلەی سیلیزی بۆ بەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی
دهۆک : 29 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 33 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 28 پلەی سیلیزی
سۆران : 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان :33 پلەی سیلیزی
نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند، پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا بەردەوامە و ئەو وڵاتە لە رووی دادپەریی و مرۆییەوە پاشەكشێی كردوە.
دەستەی مافی مرۆڤ سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لە كۆبونەوەی ساڵانەی دەستەكە و پێداچونەوەی خولی گشتگیر یو پی ئار رایانگەیاند: توركیا لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی دەداوەرییدا پاشەكشێی كردوە و هاوكات یاساكانی تایبەت بە بەرنگاربونەوەی تیرۆری جێبەجێ نەكردوە و ئەو یاسایەی بۆ سەركوتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی بەكارهێناوە.
لە راپۆرتی دەستەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكاندا ئاماژە بەوە كرا كە توركیا لە روی سەربەخۆیی دەزگای داد و ئازادی رادەربڕین و مافی خۆپیشاندان پاشەكشێی زۆری كردوە .
محەمەد كەمال بۆزای، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆبونەوەكەدا رەتی كردەوە وڵاتەكەی لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و دادوەریی پاشەكشێی كردبێ و وتی: توركیا لە چەند رویەكەوە گۆڕانكاریی و ریفۆرمی گەورەی كردوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆببێتەوە و تاوتوێی پرسی موچە و نرخی كارەبای 24 سەعاتی بكات، بەڵام كۆبوونەوەكە هەڵوەشایەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆتاوتوێكردنی سێ پرس كۆببنەوە.
باسی لەوەشکرد، بە هۆكارێكی نادیار كۆبوونەوەكە ئەنجام نادرێت و دوادەخرێت بۆ كاتێكی دیکە.
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تاوتوێی خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی دابەشكردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم و پرسی خانەنشینیی گشتی و نرخ و دواپێشهاتەكانی پرۆژەی 24 سەعاتی كارەبا پرۆژەی رووناكی بكات.
فڕۆكەیەكی جەنگی ئەمریكا لە دەریای سور كەوتەخوارەوە و بەوەش لە ماوەی هەفتەیەكدا دوو فڕۆكەی جەنگیی ئەو وڵاتە تێكشكاوە.
تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریكا بڵاویكردەوە فڕۆكەی جەنگیی جۆری ئێف 18ی ئەمریكا لە دەریای سور كەوتوەتە خوارەوە و فڕۆكەوان و یاریدەدەرەكەی رزگاریان بووە.
فڕۆكەكە لە یەكەی كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ترۆمەنی ئەمریكا بووە و بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە پێش ئەوەی بتوانی لەسەر كەشتییەكە بنیشێتەوە، كەوتووەتە خوارەوە.
لە ماوەی شەش مانگی رابردودا سێ فڕۆكەی جەنگیی ئەمریكا لە دەریای سور كەوتوونەتە خوارەوە كە نرخی هەر فڕۆكەیەكی ئێف 18 زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارە.
ناوەندی روناکبیریی گەلاوێژ بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عیراق وۆرکشۆپێکی دوو رۆژەیان لەژێر ناونیشانی "نووسین و رێنووسی کوردی لە میدیادا" بەڕێوەبرد.
لە وۆرکشۆپەکەدا دوو رۆژنامەنووسی دەزگای میدیایی کوردسات بە ناوەکانی (ئاکار ئەنوەر کەریم و سەعید سەروەت مەحمود) و بەشێک لە رۆژنامەنووسە گەنجەکانی دەزگا میدیاییەکان بەشداربوون.
لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا رۆژنامەنووسان و رێکخەرانی خولەکە تیشکیان خستە سەر ئەو هەڵە باوانەی کە لە میدیادا دەکرێت بە ئامانجی راستکردنەوەی زمانی میدیا و نەهێشتنی هەڵەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 4ـی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دوای ئەوەی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە.
شایەنی باسە ئەم هاوکارییە داراییە بەشێکە لەو پشتیوانییەی کە هاوپەیمانان پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و بەرگری هەرێمی کوردستان.
لە روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگەی هەڵەبجە - سەیدسادق دوو ژن و منداڵێک لە ئۆتۆمبێلێکدا گیانیان لەدەستدا.
سەڵاح جەمیل پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: روداوەکە لەسەر رێگەی هەڵەبجە - سەید سادق رویداوە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا وەرگەڕاوە و سێ لە سەرنشینەکانی گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی: روداوەکە بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە و دوو ژن و منداڵێک تیایدا گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆک کۆمار، د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە، یاسین جابر وەزیری دارایی و جۆزێف سەدی وەزیری ووزە و ئاوی لوبنان.
لەسەرەتای دیدارەکەدا وەفدەکە، سڵاوی جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنانی گەیاندە سەرۆک کۆمار و لە بەرامبەردا د. لەتیف رەشید سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک کۆماری لوبنان وهیوای بەردەوامی، پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ گەلی لوبنان خواست.
سەرۆک کۆمار دووپاتی لە قووڵی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، هەروەها پەرۆشی عیراقی بۆ فراوانکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لەکەرتەکانی بازرگانی، ئابووری، پیشەسازی و وزەدا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا نیشاندا.
هەروەها ئاماژەی بەئاڵنگاریەکان کرد کە روبەروی ناوچەکە دەبنەوە و پێویستی درێژەدان بەکاری هاوبەش و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و هەڵوێستی پشتیوانی عیراقیشی بۆ گەلی لوبنانی برا دووپاتکردەوە.
سەرۆک کۆمار رونی کردەوە کە میوانداریکردنی عیراق بۆ لوتکەی عەرەبی دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی عەرەبی بەدیدێکی یەکگرتوو بۆ بەرنگاربونەوەی بارودۆخی ناوچەکە و هاوکات خواستی عیراقی بۆ بەشداری کاریگەرانەی لوبنان دەربڕی لە سەرکەوتنی لوتکەکە و چەسپاندنی هاوکاری کاریگەرانەی عەرەبی.
لەلای خۆشیانەوە هەردوو وەزیری لوبنان پابەندبوونی وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لەبەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد و بەشداریکردن لەسەرکەوتنی بەلەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە یەکخستنی ڕیزەکان و پێشخستنی گفتوگۆکان و ئاماژەیان بەوەشکرد، وڵاتەکەیان گرنگییەکی زۆر بە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عیراق و لوبنان لە هەموو بوارەکاندا دەدات.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، وادەی تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانی و لیستی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریکرد و رایگەیاند؛ هاوپەیمانی و حزب و لیستەکان لە رۆژی 15ی4ی2025وە دەتوانن هەتا رۆژی14ی5ی2025 ناوی خۆیان تۆماربکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن:" کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و حزب و لیستەکان ماوەکەی 30 رۆژ دەبێت و دوای خۆ تۆمارکردنەکە ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتییەکان دەدرێت."
سەبارەت بە کاتی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان ئاماژەی بەوەشکردووە:" کاتی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان لە 15ی5ی2025وە دەستپێدەکات و تا رۆژی 13ی6ی2025 بەردەوام دەبێت، وادەی تۆمارکردنی سکاڵای هاوپەیمانێتی و حزبەکانیش لە 15ی4 بۆ 1ی7 دەبێت کە ماوەی 67 رۆژە".
کۆمسیۆن ئەوەشی رونکردووەتەوە:" رۆژی 10ی7ی2025 راکێشانی ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتییەکان ئەنجامدەدرێت".
دەربارەی دەستپێکردنی بانگەشە، کۆمسیۆن رایگەیاندوە: "بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە 9ی10ی2025 دەستپێدەکات و ماوەی 30 رۆژ دەخایەنێت".
داعش لە رۆژئاوای كوردستان چالاككراوەتەوە و هەسەدەش رایگەیاند، لە دێرەزوور شكستیان بە دوو هێرشی ئەو تیرۆریستانە هێناوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە ، بۆ رۆژی دووهەم لەسەر یەك ، دوو هێرشی شانە نوستووەكانی داعشیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هەسەدە لە هەردوو شارۆچكەی زیبان و شحێل لە دەوروبەری دێرەزوور شكستپێهێناوە .
لە چەند رۆژی رابردووشدا ، هەسەدە دەستگیركردنی تیرۆریستێكی مەترسیداری داعشی لە ئۆپراسیۆنێكدا بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ریفی دێرەزوور ڕاگەیاند.
بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەکسیۆس رایانگەیاند کە تەلئەبیب سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوو وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ دیاری کردووە، هەروەها هۆشداریشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان داوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کردووە تا کەرتی غەززە داگیر بکات و تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەر تا 15ـی ئایار رێککەوتن نەکرێت.
لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە؛ بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا رونی کردەوە: "بژاردەی دیکەی بەردەستی فەلەستینییەکان ئەوەیە کەرتی غەززە جێ بهێڵن، بەڵام ئەستەمە دانیشتووان لە کەرتەکە بڕۆن، بە تایبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێک رازی نەبووە فەلەستینییەکان وەربگرێت؛ بەڵام دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لەم بارەیەوە لە ئارادایە".
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن ئەم پلانە نوێنەرایەتی بژاردەیەکی "ئەتۆمی" دەکات و جەختیان لەوە کردەوە: "پێمان باشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی خۆمان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی بەدوور بگرین".
بەپێی وتەی هەمان ئەو بەرپرسانە، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا رۆڵی راستەوخۆ لە نێوەندگیریدا ناگێڕێت، ئەمەش بە شێوەیەک گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵکردووە تاکوو بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە بە پێویستی دەزانێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی بەرفراوان پاڵ بە حەماسەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ترەمپ سەردانێکی سێ رۆژە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات و بچێتە سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات یان نا.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا، نرخی کارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی چـوار لە سلێمانی لەنێوان 6500 بۆ 7500 دینار دیاریکرد.
بەپێی راگەیاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ کوردسات نیوز نێردراوە، بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا، نرخی هەر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یەك ئەمپێر (42) دینار دیاریکراوە، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكانی ناوشاری سلێمانی لەنێوان (6500) بۆ (7500) دینار دەبێت.
لیژنەکە رونیشیکردۆتەوە کە ئەم نرخانە بە پێی کارکردنی موەلیدەکان لە نێوان (155 بۆ 179)سەعات لە مانگێکدا دیاریکراوە.
هەروەها بەپێی راگەیاندنەکە، خشتەی كارپێكردنی موەلیدەش بۆ مانگی (پێنج) تا بەرواری 15/5/2025 بەمشێوەیە دەبێت:
- رۆژانە لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تا 1ی شەو کاردەکەن.
- کاتژمێر 1ـی شەو دەکوژێتەوە تا 6:30ـی بەیانی.
- کاتژمێر 6:30ـی بەیانی تا 8:00ـی بەیانی کاردەکەن.
- کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 12ـی نیوەڕۆ کارناکەن.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا جەختیان لەوەكردۆتەوە كە لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاووڵاتیان لە (پێنج) خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزادەدرێت.
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاند كە شەپۆلی بارانبارین و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ كە چەند رۆژێكە ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ كۆتایی دێت و دۆخەكە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
سادق عەتییە، بەرپرسی بەشی پێشبینییەكان لە دەستەی كەشناسی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ راگەیاندنەکان؛ رایگەیاند: "لە هەندێك ناوچە هەوری باراناوی و شەپۆلی تۆز و خۆڵ تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ كاریگەرییەكەیان كۆتایی بێت و دۆخی كەشوهەوا بە شێوەیەكی تەواو ئاسایی بێتەوە".
هەروەها سادق عەتییە ئاماژەی بەوەشكرد كە: "ئەمڕۆ كاریگەری شەپۆلی خۆڵبارین بەهۆی چالاكی با-ـەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتیان دروست ناكات".
بەرپرسی بەشی پێشبینییەكانی دەستەی كەشناسی عیراق لە درێژەی قسەكانیدا راشیگەیاند: "لەگەڵ كۆتایی هاتنی شەپۆلی خۆڵبارین، پلەكانی گەرما كەمێك نزم دەبنەوە و دۆخی كەشوهەوا بۆ ماوەیەكی باش جێگیر دەبێت".
شایەنی باسە، ڕۆژانی ڕابردوو زۆربەی ناوچەكانی عتراق و هەرێمی كوردستان روبەروی شەپۆلێكی بەهێزی تۆز و خۆڵ و بارانبارین بوونەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست كردبوو.
روسیا رایگەیاند کە ئۆکراین بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەری و بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ لە تێلێگرام، هەر چوار فڕۆکەخانە سەرەکییەکەی پایتەخت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەهۆی هێرشەکەوە داخران.
سێرگێی سۆبیانین، شارەوانی مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە لانیکەم 19 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراین "لە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە" لەناوبراون پێش ئەوەی بگەنە شارەکە. ئاماژەی بەوەشداوە هەندێک لە پاشماوەکان کەوتوونەتە سەر یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی چوونە ناو شارەکە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە.
ئوکراین تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە نەداوە. بەڵام شارەوانی خارکیڤ رایگەیاند، کە هاوکات روسیاش هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەنجامداوە بەتایبەت لە ناوچەکانی کیێڤ.
پارێزگاری ناوچەی ئۆدێسای ئوکراین، ئۆلێه کیپێر، رایگەیاند کە کەسێک لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی روسیادا کوژراوە.
ئەمە دووەم شەوە بە دوای یەکدا روسیا بڵاویدەکاتەوە، کە لەلایەن ئۆکراینەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکرێتە سەری - رۆژی دووشەممەش، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند کە 26 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئوکراینی لەناوبردووە.
لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە کە روسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە، کیێڤ چەندین هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەرەو مۆسکۆ ئەنجامداوە. گەورەترین هێرشیشی لە مانگی مارسدا بوو کە تیایدا سێ کەس کوژران و زیاتر لە 10کەسیش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئامانجە تیرۆریستییەکانمان تێکشکاند."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستیەکانی رژێمی تیرۆریستی حوسی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە".
هەروەها رایگەیاند کە "ژێرخانی حوسییەکانی لە ناوچەی کەناراوی یەمەن کردووەتە ئامانج".
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تیادا بەکاردێت".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "هێرش کرایە سەر کارگەی چیمەنتۆی باجل لە رۆژهەڵاتی حودەیدە، کە وەک دامەزراوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ حوسییەکان بەکاردەهێنرێت و بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی سەر بە ڕژێمی حوسی کەڵکی لێوەردەگیرێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەهێزەوە بەردەوام بێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک لە سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل لە هەر مەودایەکدا کە پێویست بکات".
پرۆژەی روناکی رایگەیاند؛ کە بەهۆی نالەباری بارودۆخی کەش و هەوا، تۆڕی کارەبای نیشتمانی توشی چەندین کێشەی تەکنیکی بوە و بوەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە ژمارەیەک گەڕەک.
بەپێی راگەیەنراوێکی پرۆژەی روناکی، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەت لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن و هەوڵدەدەن بەزوترین کات کارەبای نیشتمانی بگەڕێننەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لەم ماوەیەدا مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان کارا دەبن و کارەبا بەدەست هاووڵاتیان دەگات تا کۆتایی چاککردنەوەی کارەبای نیشتمانی 24 سەعاتی.
پرۆژەی روناکی جەختی کردووەتەوە کە هاووڵاتیان لە کۆتایی مانگ هیچ بڕە پارەیەک بە مۆلیدەی ئەهلی نادەن و داوای لێبوردنیشی کردووە بۆ هەر ناڕەحەتییەک کە دروست بوە بەهۆی ئەم پچڕانەوە.