هەواڵەکانهەواڵەکان

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، فەرمانی بۆ دوورخستنەوەی چوار بەرپرسی پایەبەرزی سەربازی دەرکرد، پاش ئەوەی دوو خوێندکار لە کاتی مەشق و راهێناندا لە کۆلێژی سەربازی چوارەم لە پارێزگای زیقار گیانیان لەدەستدا.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە، سودانی بڕیاری داوە کە سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازی، یاریدەدەرەکەی، عەمیدی کۆلێژی سەربازی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتمەند لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە و پاشان بە تەواوەتی لە ئەرکەکانیان لابدرێن.

هەروەها سەرۆک وەزیران فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە داوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لە روداوەکەدا کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی خوێندکارانیش.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە سودانی بڕیاری داوە پلەی مولازم بە دوو خوێندکارە گیانلەدەستداوەکە ببەخشێت و بە شەهید هەژمار بکرێن.

هەروەها داوای کردووە مامەڵەیەکی گونجاو و باش لەگەڵ سەرجەم ئەو خوێندکارانە بکرێت کە لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکاندا مەشق و راهێنان دەکەن و بە هیچ جۆرێک زیانیان پێنەگەیەندرێت.

شایەنی باسە کە دوو خوێندکار لە کۆلێژی سەربازی چوارەم لە پارێزگای زیقار ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی ئەشکەنجە و مەشق و راهێنانی قورسەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ "کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام بە مەرج" ئاشکرا کرد.

ناتانیاهۆلە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامادەم کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنم، بەڵام بە مەرجێک کە گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و رێگری بکرێت لە مانەوەی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماس دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ "کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام بە مەرج" ئاشکرا کرد.

ناتانیاهۆلە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامادەم کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنم، بەڵام بە مەرجێک کە گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکرێت و رێگری بکرێت لە مانەوەی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماس دا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەگەری ئاگربەست هەبێت بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەکان، ئێمە ئامادەین، بەڵام ئاگربەستێکی کاتی دەبێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هێزەکانمان بە توندی هێرش دەکەنە سەر حەماس، منیش وەزیری بەرگریم ئاڕاستە کردووە کە هێرشی زیاتر و بەهێزتر ئەنجام بدات، هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە دەخرێنە ناو ناوچە ئەمنەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە.

ناتانیاهۆجەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی "پابەندە بە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە لە غەززە، و کارەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "20 زیندانی زیندوو و 38 تەرم هەیە، ئێمەش کاردەکەین بۆ وەرگرتنەوەی هەموویان".

سەبارەت بە یارمەتییەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "ئێمە کاردەکەین، لە قۆناغی یەکەمدا، بۆ هێنانی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە بۆ ئەوەی قەیرانی مرۆیی رونەدات."

جەختیشی لەوە کردەوە کە "حەماس بەشێکی زۆری هاوکارییەکان دەبات و دەیفرۆشێت بۆ دابینکردنی دارایی بزووتنەوەکە"، رونیشیکردەوە، "دۆستەکانمان پشتگیریمان دەکەن، بەڵام ئاگاداری برسێتی یان قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززەن".

سەبارەت بە ئێران، نەتانیاهۆ وتی: ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت یۆرانیۆم پیتاندن بکات و مافی بەرگریکردن لە خۆمان دەپارێزین.

ناوبراو وتیشی: پشتگیری لە هەر رێککەوتنێک دەکەین لەگەڵ ئێران کە ببێتە هۆی رێگری کردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.

هەروەها نەتانیاهۆ هەڕەشەی لە حوسییەکان کرد و رایگەیاند ئیسرائیل "زەربەی توندی داوە لێیان، بەڵام هێشتا قسەی کۆتاییمان نەکردووە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند کە پێنجەمین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 23ـی مانگ لە ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت."

تاکو ئێستا هیچ کام لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا بە رەسمی پشتڕاستی ئەم هەواڵەیان نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عومان وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گرنگی لەم دانوستانانەدا دەبینێت.

ئەم خولەی دانوستانەکان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەردولا بەردەوامن لە لێدوانی دژ بە یەک و هاوکات، لە ئاستی باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ئەنجام.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راپۆرتێکی نوێدا، نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای بەسرە ئاشکرای کردووە کە رێژەی هەژاریی لەم پارێزگایە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو زیادبوون چووە، بەجۆرێک کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بێبەشن.

مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای ناوخۆی عیراق رایگەیاند: "پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەسرە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێن و سەرنجی زیاتر بخەنە سەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان".

تەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "داتا و ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی بەسرە هێشتا شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە، هەروەها بەگوێرەی پێوەری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بۆ پێناسەی هەژاری، رێژەی هەژاریی لە پارێزگاکەدا لە 40% زیاترە. ئەم ژمارانە رەنگدانەوەی قەیرانێکی ئابووریی ڕاستەقینەن کە پێویستی بە چارەکردنی بەپەلە هەیە".

بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە هەروەها ئاماژەی بە کێشەی ژینگەیی لە پارێزگاکەدا کرد و گوتی: "بەسرە بەدەست پیسبوونی ئاو و خاک و هەواوە گیرۆدەیە، کە مەترسییەکەی لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە سەرووی 50%. ئەمەش مەترسی راستەوخۆی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هەیە".

شایانی باسە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی بەسرە بە 3.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، کە 9%ـی کۆی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم پارێزگایە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و چەندین بەندەری بازرگانی گرنگی تێدایە، بەڵام رێژەی بێکاریی و هەژاریی تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزە. هەروەها ئەم پارێزگایە لە رێژەی بێکارییدا لە پلەی چوارەم دێت لە دوای پارێزگاکانی نەینەوا، موسەننا و زیقار بە ڕێژەی 21.8%.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتی و روونیکردەوە کە کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەرێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشیبینی خۆیان دەربڕی کە لە سوریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراوبێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی 5ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی کرد لە ژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، فەرماندەی نوێی نێردەی ناتۆ لەعیراق بە ئامادەبوونی فەرماندەی پێشوو ژەنەڕاڵ لۆکاس شوایەرز. 

لەمیانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، بەخێرهاتنی هەردوو سەرکردەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرک و کارەکانیان و باسیان لەچۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و هاوپەیمانی ناتۆ کرد لەبوارەکانی پەیوەست بە بنیاتنانی توانا و پاڵپشتی لۆجستی بۆ هێزە چەکدارەکانی عیراق و راوێژکاری و راهێنان.

سەرۆک کۆماری کۆمار ئاماژەی بەگرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و توانایان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان کرد، کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

هەر لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە رەوش و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار دوپاتی لە گرنگی فراوانکردنی هاریکاری دوو قۆڵی نێوان عیراق و ناتۆ کردەوە، بەجۆرێک کەبەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان و ئاسایشی ئەلکترۆنی و سیستمی هەواڵگری لەخۆ بگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ کریستۆڤەر هەنتزی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ دەربڕی، جەختیشی لەهەوڵەکانی ناتۆ بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی لە عیراق کردەوە بە شێوەیەک کەخواستەکانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەدیبهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل لە غەززە تەقە لە وەفدێكی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دەكات و ناچاریان دەكەن غەززە جێبهێڵن.

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی ئیسرائیل لە دەروازەی رۆژهەڵاتی كەمپی پەنابەرانی جێنین، تەقەیان لە وەفدێكی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی كردووە، كە بۆ لێكۆڵینەوە لە كەمپەكە سەردانیان كردبوو.

وتیشی، بەهۆی بەردەوامی تەقەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل كە لەو كەمپە جێگیركراون وەفدەكە ناچاربووە غەززە جێبهێڵێت و بڕوات.

راشیگەیاند، تەنها تەقەیان لەو وەفدە نەكردووە، بەڵكو تەقەیان بە رووی ئەو رۆژنامەنووسانەشدا كردووە كە هاتنی ئەو وەفدەیان گواستووەتەوە بۆ میدیاكانیان.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە، وەفدەكە بریتی بوون لە باڵیۆزی میسر، ئوردن، مەغریب، یەكێتی ئەوروپا، پورتوگال، چین، نەمسا، بەرازیل، بولگاریا، توركیا، ئیسپانیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، روسیا، ژاپۆن، رۆمانیا، مەكسیك، سریلانكا، كەنەدا، هیندستان، شیلی، فەرەنسا، بەریتانیا، و ژمارەیەك نوێنەری وڵاتانی دیكە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەركردەیەكی پەكەكە باس لەوەدەکات، ئەگەر هێرشەكانی توركیا بەردەوام بێت بە زمانێک وەڵامی دەدەنەوە کە تێبگات و دەشڵێت، گەریلا زۆر لە جاران بە ئەزمونتر و بەهێزترە.

ئاژانسی هەواڵی فورات بەشێك لە وتەكانی موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان 'پەکەکە'ی لە كۆنگرەی 12 بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بڕوایان بە رێبازی رێبەرەكەیان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بەڵام ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە هێرشەكان ئەوا وەڵامیان دەبێت.

قەرەیلان وتوشییەتی، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی 41 ساڵ خەباتی شاخیان هەیە، بەڵام بڕوایان بە شێوازی نوێی رێبەری پەكەكە هەیە و لە هەمانكاتیشدا ئەگەر ناچار بن جارێكی دیكە و بە هێز و توانای زیاترەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان دەبنەوە.

ئەو سەركردەیەی پەكەكە لە كۆنگرەی 12ی پارتەكەیدا وتوویەتی: ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە توندوتیژیی ئەوا ئەوان بەو زمانە وەڵامیان دەدەنەوە كە لێی تێدەگات.

قەرەیلان جەختی لەوە كردووەتەوە، گەریلا بە تەكنیكی نوێ و بە ئەزمونێكی زۆرەوە توانای بەرگریی و شەڕی بەهێزی هەیە بۆیە توركیا و هەمو كەسێك دەبێت ئەو راستییە بزانێت، ئەگەر پەكەكە ناچار بكرێت ئەوە هەمو بەرگرییەك لە خۆی دەكات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 12ی ئایار، پەکەکە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە و لەمەودوا لەبری خەباتی چەکداریی لە فۆڕمێکی دیکەدا لە رێگای خەباتی سیاسییەوە بەردەوام دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەما بۆ منداڵی کارمەندەکانی کۆشکی سپی دەکات.

ساڵانە کارمەندەکانی کۆشکی سپی لە رۆژێکی دیاریکراودا بەناوی "رۆژی کچ و کوڕەکانتان ببەن بۆسەر کار" منداڵەکانیان دەبەنە سەر کارەکانیان لەگەڵ خۆیان، کە وەک وتەبێژی کۆشکی سپی باسی دەکات، بۆ ئەوەیە منداڵەکان ئاشنای شوێنی کاری دایک و باوکیان ببن.

وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، دۆناڵد ترەمپ لەو رۆژەدا لەگەڵ گۆرانییەکی بەناوبانگی ئەمریکی بەناوی YMCA، سەما بۆ منداڵەکان دەکات.

هەر لەو رۆژەدا کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بۆ منداڵەکان رێکخست و لە هۆڵی کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی کۆشکی سپی؛ منداڵەکان کۆبوونەوە و پرسیاری جیاوازیان لەبارەی کۆشكی سپی و کارەکان و دۆناڵد ترەمپەوە لە کارۆلین کرد.

لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا کارۆلین باس لە دڵخوازترین خواردنی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، پێم وابێت حەزی لە "ستەیکە". یەکێک لە منداڵەکانیش لێی دەپرسێت، ئاخۆ دۆناڵد ترەمپ حەزی لە باوەشپێداکردن هەیە، بەشێکیشیان پرسیاری جددی دەکەن و باسی سنورەکانی لەگەڵذا دەکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە هەندێک شوێن دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، پلەکانی گەرماش بەنزیکەیی هاوشێوەی دوێنێ دەبن.

ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی کەمێک هەور لە ناوچە شاخاوییەکان، هەروەها پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:

هەولێر : 39  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 39 پلەی سیلیزی

دهۆک : 37  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 38 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 39 پلەی سیلیزی

سۆران : 35 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی

گەرمیان :44 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، دوو هێرشی تیرۆریستانی داعشی بۆسەر شەڕڤانان لە سنوری شارەكانی حەسەكە و دێرەزوور، تێكشكاند.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە بڵاویكردەوە، لە خاڵێكی پشكنین لە ناوچەی مەركەدە لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گرتووە كە چەك و تەقەمەنی بۆ داعش گواستوەتەوە، لەوكاتەدا شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزەكانیان و چەكدارانی داعش روویداوە و شەڕڤانان هێرشەكەیان تێكشاندووە.

هەر بە پێی راگەیەنراوەكەی هەسەدە شانەیەكی نوستوی داعش لە ناوچەی سوێدان لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر هێرشیان كردوەتە سەر كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانیان و بەو هۆیەوە شەڕ و پێكدادان دروست بوە و هێرشەكە تێكشكێنراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ئەگەری لێدان لە پێگە ئەتۆمییەكانی ئیران، نرخی نەوت و زێڕ لە بازارەكانی جیهاندا بەرزبوونەوە.

دوای كردنەوەی بازارەكانی ئاسیا، ئەمڕۆ نرخی نەوت بە رێژەی لە 1% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 66 دۆلار و 17 سەنت، هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تەكساسیش بە 62 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.

شارەزایانی بواری نەوتیش دەڵێن، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئیران، هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.

لە هەمانكاتدا، لە دوای چەندین رۆژ لە دابەزینی نرخەكەی، ئەمڕۆ بەهۆی وەستانی بەرزبوونەوەی نرخی پێنوێنەكانی ئەمریكا، نرخی زێڕ جارێكی دیكە رووی لە بەرزبوونەوەكرد و بە رێژەی 2% بەرزبوویەوە، نرخی ئۆنسەیەك گەیشتە سێ هەزار و 300 دۆلار و پێشبینیش دەكرێت ئەگەر نرخی پێنوێنەكانی ئەمریكا بەوشێوەیە بەردەوامبێت، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ بگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو هێڵی یەک و دووی ئاوی دوکانی سلێمانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە بەرواری 21/5/2025رادەگیرێت.

هۆکاری راگرتنەکەش بۆ کاری پاکردنەوەی وەرگری ئاوی هەردوو پڕۆژەکەیە لە کۆبوونەوەی لم و پاشماوەی ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی سەیرانگەی دوکانیان کردووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 9:30ی شەو روداوێکی هاتوچۆ لە نێوان شارۆچکەی شکارتە و گوندی دواوە رویدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین، روداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر و ماتۆڕسکیلێکی بێ سەرەتا.

لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

تیمەکانی هاتوچۆی راپەڕین و فریاکەوتنی پزیشکی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم روداوە دەستی پێکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا نیگەرانی قوڵی وڵاتەكەی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی پێكهاتەكانی سوریا و ئاشکرای کرد کە گروپە چەكدارەكان لەو وڵاتە دەستیان داوەتە کۆمەڵكوژیی.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لە میانی رێوڕەسمی جەژنی قیامەی ئەرتۆدۆكسی لە بارەگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا ریگەیاند: "مۆسكۆ لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سوریا بە تایبەتی نیگەرانە".

بەرپرسی دیپلۆماسیەتی روسیا جەختی کردەوە: "دۆخی سوریا بۆ روسیا مایەی نیگەرانییە بەتایبەتی كە گرووپە چەكدارە توندڕۆكان پرۆسەی راستەقینەی پاكتاوی نەژادی و كۆمەڵكوژییان لەسەر بنەمای نەژادی و تائیفی دەستپێکردووە".

شایانی باسە، لە پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریا و لایەنگرانی رژێمی پێشوی ئەسەد روی دا کە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی لەو پارێزگایانە.

بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025 بڵاوکرایەوە، ژمارەی کوژراوانی روبەروبوونەوەی کەناراوەکانی سوریا لە هەزار کەس تێپەڕیوە.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا رایگەیاندووە: "لێژنەیەکی سەربەخۆمان بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی کەناراوەکانی سوریا پێکهێناوە و بەڵێن دەدەین هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە تاوانی کۆمەڵکوژی بدرێنە دادگا".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئەمڕۆ سێشەممە ئیدانەی وەفدی ئیسرائیل دەکات لە قەتەر و وەک هەنگاوێک بۆ بەلارێدابردنی رەئی گشتی نێودەوڵەتی ناوی دەبات. 

بەپێی راگەیەندراوەکە، بزوتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردۆتەوە کە وەفدەکەی نەتەنیاهۆ لە دەوحە "هیچ دەسەڵآتێکیان نییە تا بگەنە رێککەوتن و تەنها هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتی و بە درۆ نیشاندانی بەشداری لە پرۆسەی دانوستانەکاندا".

حەماس ئاماژە بەوەش دەکات کە نەتەنیاهۆ "بەردەوامە لە درێژکردنەوەی مانەوەی وەفدەکەی رۆژ لە دوای رۆژ بەبێ ئەوەی بچێتە ناو هیچ دانوستانێکی جیدییەوە، بەو پێیەی لە رۆژی شەممەی رابردووەوە هیچ دانوستانێکی راستەقینە رووی نەداوە".

سەبارەت بە هاوکاریە مرۆییەکان، راگەیەندراوەکە باس لەوە دەکات کە هەموو لێدوانەکانی نەتەنیاهۆ "هەوڵێکن بۆ فریودانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" و راشیگەیاندووە کە "تا ئێستا یەک بارهەڵگریش نەچووەتە ناو کەرتی غەززە، لەوانە ئەو چەند بارهەڵگرانەی کە گەیشتوونەتە دەروازەی کەرم شالۆم و لەلایەن هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتییەوە وەرنەگیراون".

بزوتنەوەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "پەرەسەندنی هێرشەکان، بۆردومانی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دڕندانە دژی منداڵان و ژنان، نیازی نەتەنیاهۆ بۆ رەتکردنەوەی هەر جۆرە یەکلاییکردنەوەیەک ئاشکرا دەکات و پابەندبوونی بە بژاردەی شەڕ و تێکدان دەسەلمێنێت".

بزوتنەوەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە "فراوانبوونی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان کە هێرش و گەمارۆکان بۆسەر غەززە رەتدەکەنەوە، مانای رەوایەتی دۆزی فەلەستینە".

ئەم راگەیەندراوەی حەماس، یەکڕۆژ دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ رێگەیان بە بارهەڵگەری خواردەمەنی داوە بگەنە غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...342343344345346...1082