رێککەوتنە، کە مانگی رابردوو لە کاتی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەریتانیا راگەیەندرا، رێگە بە ناردنەوەی هەندێک لەو کەسانە دەدات کە لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرامبەر وەرگرتنی هەندێک پەنابەری تر کە پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە.
رێککەوتنەکەی نێوان کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ کاروباری کۆچبەران ئەمڕۆ، سێشەممە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بکرێت.
پلانی تاقیکاری "یەک بە یەک" - کە رێگە بە بەریتانیا دەدات هەندێک لەو کەسانەی کەناڵەکەیان بەزاندووە بنێرێتەوە بۆ فەرەنسا لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەیە - هەفتەی رابردوو ئیمزا کرا و ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە پەسەند کراوە.
ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، بە "سکای نیوز"ی راگەیاند کە ئەم پلانە بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە دەگەن، نەک ئەوانەی پێشتر لێرەن، و "دەستبەجێ لە کاتی گەیشتندا دەستبەسەر دەکرێن".
ناوبراو ئامادەنەبوو ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە کۆتاییدا دەنێردرێنەوە، بە بیانووی ئەوەی ئەمە زانیاریی کارپێکردن دەداتە گروپەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و وایان لێدەکات کار لەسەر ئەو ژمارانە بکەن.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەپێی پلانەکە هەفتانە تەنها 50 کەس دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا.
لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەدا، هەمان ژمارە دەتوانن لە رێگەیەکی یاسایی نوێوە بێنە بەریتانیا، بە مەرجێک پێشتر هەوڵی پەڕینەوەیان نەدابێت و بە وردی پشکنینی بەڵگەنامە و ئەمنییان بۆ بکرێت.
کوپەر، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پلانێکی تاقیکارییە و وتی، ژمارەکان "بە کەمی دەست پێدەکەن و وردە وردە زیاد دەکەن."
هەروەها وتی: "بەشێک لەوەی ئێمە لێرە دەیکەین، تاقیکردنەوەی چەمکەکەیە... بنەماکە ئەوە دەڵێت، راشکاوانە، ئەگەر تۆ بە بەلەمێکی بچووکەوە بگەیتە ئێرە، تۆ هەزاران پاوەندت داوە بە قاچاخچییەکی تاوانبار، لە راستیدا، دەبێت بگەڕێندرێیتەوە... و ئێمە دەبێت ئەوانە وەربگرین کە بە شێوەیەکی یاسایی داواکارییان پێشکەش کردووە و پشکنینی ئەمنییان بۆ کراوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی 2025 لە رێگادایە ببێتە ساڵێکی ریکۆردی بۆ پەڕینەوەکان. بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی هەواڵی PA بۆ ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، نزیکەی 25,436 کەس ئەمساڵ ئەو گەشتەیان ئەنجامداوە، کە 49% بەرزترە لە هەمان کات لە ساڵی2024.
رۆب پاوڵ، پەیامنێری سیاسیی سکای نیوز، رایگەیاند لە کاتێکدا ئەمە "سەرکەوتنێکی سیاسییە" بۆ حکومەت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا ژمارەکان "زۆر بەرزتر" بن لە 50 کەس لە هەفتەیەکدا ئەگەر بمانەوێت وەک هۆکارێکی رێگریکردن کاربکات.
پاوڵ وتی: "رێژەی تێکڕای پەڕینەوە نزیکەی 800 کەسە لە هەفتەیەکدا، بۆیە پێویستە ئەم ژمارەیە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگاتە ئەو کەسانەی هەوڵی ئەو پەڕینەوەیە دەدەن."
ئامانج ئەوەیە کە پەنابەران وا تێبگەن کە "مەترسیی گەڕانەوە بۆ فەرەنسا ئەوەندە گەورەیە کە شایەنی ئەوە نییە پارەکانیان بدەن بە قاچاخچییەکان" بۆ ئەنجامدانی ئەو پەڕینەوەیە.