لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەما بۆ منداڵی کارمەندەکانی کۆشکی سپی دەکات.

ساڵانە کارمەندەکانی کۆشکی سپی لە رۆژێکی دیاریکراودا بەناوی "رۆژی کچ و کوڕەکانتان ببەن بۆسەر کار" منداڵەکانیان دەبەنە سەر کارەکانیان لەگەڵ خۆیان، کە وەک وتەبێژی کۆشکی سپی باسی دەکات، بۆ ئەوەیە منداڵەکان ئاشنای شوێنی کاری دایک و باوکیان ببن.

وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، دۆناڵد ترەمپ لەو رۆژەدا لەگەڵ گۆرانییەکی بەناوبانگی ئەمریکی بەناوی YMCA، سەما بۆ منداڵەکان دەکات.

هەر لەو رۆژەدا کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بۆ منداڵەکان رێکخست و لە هۆڵی کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی کۆشکی سپی؛ منداڵەکان کۆبوونەوە و پرسیاری جیاوازیان لەبارەی کۆشكی سپی و کارەکان و دۆناڵد ترەمپەوە لە کارۆلین کرد.

لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا کارۆلین باس لە دڵخوازترین خواردنی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، پێم وابێت حەزی لە "ستەیکە". یەکێک لە منداڵەکانیش لێی دەپرسێت، ئاخۆ دۆناڵد ترەمپ حەزی لە باوەشپێداکردن هەیە، بەشێکیشیان پرسیاری جددی دەکەن و باسی سنورەکانی لەگەڵذا دەکەن.