دەروازەی باشماخ: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە
هەساو ئەمیر
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 14 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە و هیچ باجێکی گومرگیش لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرد وەرناگیرێت.
شاخەوان بەکر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە ترافیک ئێف ئێمی سەر بە هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، گۆڕانکاری بەسەر باج و رسوماتی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا نەھاتووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 14 هەزار و 522 ئۆتۆمبێل لە دەروازەکەوە هاوردە کراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ژمارە ئۆتۆمبێلەی هاوردە کراون، 23 ئۆتۆمبێلیان بەھۆی نەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتی، رێگە بە داغڵبوونیان نەدراوە.
ئەوەشی خستە روو، هیچ باجێک لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھایبرید وەرناگیرێت، بەڵکو تەنها رسوماتیان لێ وەردەگیرێت.
لەبارەی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیشەوە بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ روونیکردەوە، لە ساڵی داهاتووەوە پشکنینەکان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھاوردەدەکرێن زیاتر دەکرێن.