هەواڵەکانهەواڵەکان

هەسەدە تاكو رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو مۆڵەت دەداتە سەربازانی رژێمی پێشووی سوریا چەكەكانیان رادەستبكەن.

هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر خواستی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییەكانی ناوچەكە و لە پێناو رێگریكردن لە دروستبوونی گرژی و شەڕ، تاكو رۆژی 10ـی مانگی شوباتی داهاتوو، مۆڵەت دەدرێتە سەربازانی رژێمی پێشووی سوریا لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە چەكەكانیان رادەستبكەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا، لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە كارەكانیان بۆ كۆكردنەوەی چەك و تەقەمەنی لە دەست سەربازانی رژێمی پێشوو دەستپێكردووە.

دەشڵێت، تاكو ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی رژێمی پێشوو، بە دەم بانگەوازەكەوە هاتوون و چەكەكانیان رادەستكردووە.

هەسەدە راشیگەیاندووە، لەدوای رۆژی 10ـی مانگی داهاتووەوە، بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو سەربازانە دەكرێت كە چەكەكانیان رادەستنەكردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ئامادەنەبوونی لیستی موچە و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی عیراق، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سبەینێی وەفدی دارایی هەرێم بۆ بەغداد، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی تەواو نەبوون و جێبەجێنەكردنی داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم، لەنێویاندا لیستی موچە و دەرهێنانی لیستی ناوی خانەنشینان، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی رۆژی یەكشەممەی وەفدی دارایی هەرێم بۆ بەغداد بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

سەرچاوەیەك لەو وەفدەی هەرێم كە بڕیارە سەردانی بەغداد بكات بە كوردسات نیوزی راگەیاند، داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم، زۆرە و ناتوانرێت لەماوەیەكی كەمدا سەرجەمیان جێبەجێبكرێن، بەو پێیەش نازانرێت سەردانەكە لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت یاخود زیاتر دوادەكەوێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، هەركاتێك داواكارییەكانی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم تەواوبوون، بە زووترین كات وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی دارایی عیراق كۆدەبێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیاربوو یەكشەممە وەفدی داراییەكەی هەرێم سەردانی بەغداد بكات و لیستی مووچەی مانگی یەک رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات، دواتریش لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وەزارەتە كۆببێتەوە و تاوتوێی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بكات و راسپاردەكان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بكرێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا فەرمانێكی دەستبەجێ و چوارچێوە فراوان دەردەكات، بە راگرتنی تەواوی هاوكارییە دەرەكییەكان بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە ئیسرائیل و میسر.

رۆژنامەی "پۆلۆتیكۆ"ی ئەمریكی، رایگەیاندوە ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، خەرجی بۆ زۆرینەی هاوكارییە دەرەكییەكان راگرت بۆ ماوەی 90 رۆژ. ئەو فەرمانە كە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تووشی شۆك كردووە، پێدەچێت هاوكارییەكانی ئۆكرانیاش بگرێتەوە.

 

هاوکات، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە رۆژنامە ئەمریكییەكە دەستی كەتووەو، رەوانەی سەرجەم بەرپرسە دیپلۆماسی و كونسوڵخانەكان كراوە، فەرمانی دەستبەجێ‌ دراوە بە راگرتنی كاركردن بۆ سەرجەم هاوكارییە دەرەكییەكان.

بەڵام ئەو فرمانە هاوشێوەی فەرمانە جێبەجێكارییەكانی ئەم دواییەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نیە، بەوپێیەی هاوكارییەكان بۆ ماوەی 90 رۆژ راگیراوە، لەچاوەڕوانی پێداچونەوەی لەلایەن وەزیری دەرەوەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەنامەكە بوارێكی بۆ شرۆڤەكردن و هەندێك تایبەمەندی هێشتووتەوە، كە هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ میسرو ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، رێگەشدەدات بە ناردنی هاوكاری خۆراكی بەپەلەو خەرجیە بڕیار لێدراوەكانی پێش ئەو وادەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێدەچێت راگرتنەكە ناردنی هاوكاری بۆ هاوپەیمانە سەرەكییەكان لە نمونەی ئۆكرانیاو ئوردون و تایوانیش بگرێتەوە.

"هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات"، وەك دوو هاوپەیمانی دیاری سوپای ئەمریكا لە شەڕی داعش، بەشێكن لەو لایەنانەی سودمەندن لە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا، ناویان لە چوارچێوەی ئەو شوێنانەدا نەهاتووە كە جیاكارییان بۆ دەكرێت هاوشێوەی میسرو ئیسرائیل، پێدەچێت راگرتنی هاوكارییە كە بۆ ماوەی 90 رۆژە ئەو دوو هێزەش بگرێتەوە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا 79 پەنابەری نایاسایی گواتیمالایی دیپۆرتی وڵاتەكەیان كردەوە و پرۆسەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران بەردەوام دەبێت. 

دامەزراوەی ئەمریكای ناوەڕاست بۆ كاروباری پەنابەران لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە دوو فرۆكە 79 پەنابەری نایاسایی كە خەڵكی گواتیمالا بوون دیپۆرتی وڵاتەكەیان كرانەوە كە 48 پیاو و 31 ژن بوون و ئەمەش یەكەمین فرۆكەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران بوو. 

كۆشكی سپی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران دەستی پێكرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بە فرۆكە پەنابەرانی تاوانبار و خراپ دیپۆرت دەكەینەوە.

پێشتر كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا 538 كۆچەری نایاسایییان دەستگیركردووە و سەدان كۆچەر بە فڕۆكەی سەربازی دیپۆرتدەكەنەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە رایگەیاند، لە گوندەكانی مەنبج و گوندی دێرحەفر نۆ چەكداری گروپەكانی سەر بە توركیا كوژراون، 11ی دیكەشیان برینداربوون.

هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە پێكدانانەكانیان لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی هێزەكانیان بۆ وەڵامدانەوەی پەلاماری گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، لە گوندی هەوشارییە و گوندەكانی دەوروبەری مەنبج و گوندی دێرحەفر نۆ چەكدار كوژران و 11ی تریش برینداربوون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە ئۆپراسیۆنێكی تردا لە گوندی ئاتشانە لە باشووری مەنبج، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی چەكدارەكان تێكشكێنران، بەڵام ژمارەی كوژراو و بریندارەكان نەزانراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت، تێكەڵكردنی هێزەكانیان و وەزارەتی بەرگری سوریا، پێویستی بە میكانیزمی باش هەیە.

مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدە لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە، پێشوازی لە هەوڵەكانی گەیر پیدەرسن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە سوریا و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكات، كە ئامانج لێیان سەركەوتنی قۆناغی ڕاگوزەری سیاسییە لە سوریا.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هاتووە، دۆسیەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەنێو وەزارەتی بەرگری سوریا، پێویستی بە پلانێكی ورد و میكانیزمی باش هەیە، كە ڕیگە بۆ دیدیێكی نیشتمانی خۆش بكات و وڵات بەرەو سوریایەكی یەكگرتو ببات و رەنگدانەوەی فرەیی هەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستیان بە حكومەتێكە، نوێنەرایەتی هەموان بكات و دەستورێكی دادپەروەرانەی هەبێت و  دادپەروەری و یەكسانی بەدی بهێنێت.

ئەوەش لە كاتێدایە پێشتر پیدەرسن داوای كردبوو، دەرفەت بدرێتە ئەحمەد شەرع و هەسەدە لەسەر میكانیزمی پێكەوەكاركردنیان رێكبكەون. 
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای زیندانە فیدراڵیەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند؛ بڕیارێکیان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ گواستنەوەی ئەو ژنانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە بۆ زیندانی پیاوان بۆ تەواوکردنی سزاکانیان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو بەڵگەنامەیە بەشێک بووە لە زنجیرە بڕیارێکی ترەمپ کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا ئیمزایکردوە و تیایدا داوا دەکات دەوڵەت تەنها دان بە دو ڕەگەزدا بنێت "نێر و مێ"، ئەمەش لەلایەن چالاکوانانی ئەو بوارەوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو: لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا ئیمزا له‌سه‌ر ده‌ركردنی سه‌ربازانی سوپا و خوێندکارانی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ڕه‌گه‌زی خۆیانیان گۆڕیوه‌، جەختیشی کردبوەوە؛ پیاوان له‌ وه‌رزشی ژنان دووربخاته‌وه‌.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەریتانیا یەكەی ژێردەریایی سوپای وڵاتەكەی بەهێز دەكات و گرێبەستێكی هەشت ساڵەی لەگەڵ كۆمپانیایەك ئیمزاكردووە بۆ ئەوەی ڕیاكتۆری ئەتۆمی بۆ دروست بكات.

گرێبەستەكەی حكومەتی بەریتانیا بۆ 8 ساڵە و لەگەڵ كۆمپانیای ڕۆڵز ڕۆیسی بەریتانی بۆ دروستكردنی ڕیاكتۆری ئەتۆمی بۆ ژێردەریاییەكانی بە بەهای 11 ملیار دۆلار ئیمزا كردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەو وڵاتەدا دێت بۆ بەهێزكردنی یەكەی ژێردەریایی و پاراستنی سنوری ئاویی.

ئەوەش لە كاتێكدایە سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا و ناتۆ، لە 3ی مانگی داهاتوو لە بەلجیكا سەبارەت بە بەرگری ئەوروپا كۆدەبنەوە، كۆبوونەوەكەش دوای دوو هەفتە لە دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا دێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی عیراق داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە ناوی 35 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دەربهێنێت، بەو هۆیەوە تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی یەكی موچەخۆران ئامادە نییە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، لەگەڵ بڕیاری خانەنشی لە هەرێمی كوردستان لە 22ی ئەم مانگەدا، لیستی ئامادەكراوی مووچەی مانگی یەك لەسەر داواكاری بەغداد راگیرا و داوا كرا ناوی ئەو 35 هەزار مووچەخۆرەی تێدا دەربهێنرێت كە بەپێی بڕیارەكە خانەنشین دەكرێن.

وتیشی، چوار رۆژە وەفدەكانی عیراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم و تەرازووی پێداچوونەوەن كە خەرجی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەگرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لیستی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان دەكرێتە بنەما بۆ ساڵی 2025، بەڵام تا ئێستا كاری لیژنە هاوبەشەكانی هەردوولا لە هەولێر تەواونەبووە و بەغداد داوای وردەكاری زیاتر لە هەرێم دەكات، بەو هۆیەوە تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی یەك ئامادە نییە و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو ئامادە بكرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە سبەی شەممە ٢٠٢٥/١/٢٥ هاتووچۆ لە شەقامەکانی دەورووبەری یەکتربڕی تۆفیق وەهبی لەگەڵ (U-turn)ی گەڕانەوە بۆ گەڕەکی چوارچرا دادەخرێت.

شارەوانی سلێمانی ڕونیکردوەتەوە؛ بەمەبەستی تەواوکردنی کارەکانی پڕۆژەکە و بەهۆی کارکردن لە پرۆژەکەدا هاتوچۆ لەو شەقامە بەڕوی شۆفێراندا داخراوە.

داواش لە شۆفێران دەکات، ڕێگای جێگرەوە بەکار بهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجێک ئۆتۆمبێلێک دروست دەکات کە بۆ 100 کیلۆمەتر لێخوڕین تەنها یەک لیتر سووتەمەنی دەسوتێنێت، سۆران بەهرامی گەنجێکی کوردی داهێنەرە و خەڵکی شاری مەریوانە، ئۆتۆمبێلێکی بەناوی MT7" دروستکردوە کە بوەتە هۆی جێگەی سەرنجی شارەزایانی بوارەکە.

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ڤیدیۆیەکی ئەو گەنجەیان بڵاوکردوەتەوە بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت و باس لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەی دەکات و دەڵێت: دروستکردنی ئەم ئۆتۆمبێلە ساڵێکی خایاندوە و جێگەی چوار سەرنشینی تێدا دەبێتەوە و بۆ 100 کیلۆمەتر ڕۆیشتن تەنیا یەک لیتر بەنزین دەسوتێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین کاردەکەن بۆ هەر   100کیلۆمەترێک بەنزیکەی 15لیتر بەنزین دەسوتێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانکۆی ڕاپەڕین بڵاوی کردوەتەوە، لە درێژەی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونەكانیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەپلەی “Reporter” لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهانی تایمزی بەریتانی (Times Higher Education World University Rankings 2025)  تۆماركراو خرایە ڕیزبەندیەکەوە بۆ ساڵی 2025.

ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساڵی پێشودا زانکۆی ڕاپەرین وەک ریپۆرتەر لە دامەزراوەی تایمز (Times Higher Education) دا بەشداریکردووە و بەپلەی “Reporter” لە ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی (Times Higher Education Arab University Rankings 2024) دا خراوەتە ڕیزبەندیەکەوە، ئەمساڵیش لەریزبەندی جیهانی تایمزی بەریتانی بەهەما پلە قبوڵكراوە.

زانکۆی ڕاپەڕین باس لەوەشدەکات: ناوی زانکۆکەیان لە وەشانی 2025ـی ریزبەندی جیهانی تایمزی بەریتانی بەفەرمی ئاماژەی پێدراوە.

 

لە بڵاوکراوەکەی زانکۆی ڕاپەڕیندا هاتووە، ساڵی ڕابردوو دەزگای (Times Higher Education) لە ڕێکەوتی ( 12/6/2024)/( ڕیزبەندی (Impact Ranking)ـی راگەیاند كە جۆرێكی دیكەی رانكی تایمزی بەریتانییە و بۆ یەکەمجار زانکۆی راپەڕین توانی ئاستی یەكەم و بەرزترین ئاستی زانكۆكانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تۆماربكات و لەسەر ئاستی عێراقیش لەریزبەندی شەشەم بەرزترین زانكۆدا بوو.

 

زانکۆی ڕاپەڕین دەشڵێت: چونە ناو ڕیزبەندیە جیهانیەکان بایەخێکی گرینگی بۆ زانکۆمان هەیە، دەرکەوتن و پێگەی زانکۆمان لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر زیاتر بەدەردەخات و تۆکمەتری دەکا و هەروەها لەلایەکی ترەوە ئاستی توێژینەوە و کوالێتی فێرکردن و کاریگەری زانکۆمان لەسەر کۆمەڵگا باشتر دەردەکەوێت. 

 

Times Higher Education World University Rankings دامەزراوەیەکی بەریتانییە و لە ساڵی 2024ەوە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ڕیزبەندی باشترین زانکۆکان لە تەواوی دونیادا وداتای متمانەپێکراوی لە شێوازی کارکردنیان بڵاودەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتدارانی ئێران نۆ هاووڵاتی كوردیان بە تۆمەتی بەشداریكردن لە مانگرتنی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كرد.

دوای مانگرتنی فراوانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناڕەزایی دەربڕین دژی دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەردوو ژنە چالاكونی كورد "پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی"، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد ، نۆ كەس بە تۆمەتی بەشداریكردن لەو مانگرتنە، لە شارەكانی سنە، سەقز ، سەردەشت دەستگیركران.

ڕۆژی چوارشەممە خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی لەسێدارەدانی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دەستیان بە مانگرتن كرد و بازاڕ و دوكانەكانیان داخست، تا ئێستاش بەشێكیان دوكانەكانیان نەكردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جارێكی تر ئیدارەی ترەمپ حوسییەكانی یەمەنی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە, کۆشکی سپیش  ئاماژەبەوەدەکات چالاكی حوسییەكان هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنی و كارمەندانی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشەكانیان لە دەریایی سوور دەكات

 

كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە سزای توندتر لەو سزایانە دەسەپێنێت كە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەسەر ئەو گرووپە هاوپەیمانەی ئێراندا سەپاندبووی، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور.

كۆشكی سپی دەشڵێت، چالاكی حوسییەكان هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنی و كارمەندانی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشەكانیان لە دەریایی سوور دەكەن.

حوسییەكان كە زۆربەی ناوچەكانی یەمەنیان كۆنتڕۆڵكردووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023وە تا ئێستا، زیاتر لە 100 هێرشی مووشەكیان بۆ سەر كەشتییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لە دەریای سوور ئەنجامداوە.

لە سەرەتای سەرۆكایەتییەكەیدا لە ساڵی 2021، بایدن ناوی گرووپەكەی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا كە پێشتر ترەمپ بڕیاری لێدابوو، بە ئامانجی چارەسەركردنی نیگەرانییە مرۆییەكان لە ناوخۆی یەمەن، بەڵام ساڵی ڕابردوو دووبارە بایدن سزای بەسەر گرووپەكەدا سەپاندەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران چیتر فشار ناخاتە سەر ژنان بۆ پۆشینی باڵاپۆشی، راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت: لە ئێران ژمارەیەكی زۆری ژن بەبێ لەچك هاتوچۆ دەكەن.

راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، حكومەتی ئێران بڕیاریداوە فشار نەخاتە سەر ژنان بۆ پۆشینی باڵاپۆشی و لە شەقامەكانی تاراندا بەشێكی زۆری ژنان دەبینرێن و سەرۆكی ئێران بڕیاریداوە یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ نەكرێت.

لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەشێك لە ژنان كەمتر پابەندی یاسای باڵاپۆشی بوون ، هاوکات لە مانگی ئەیلولی 2023دا حكومەت پرۆژە یاسایەكی توندی بۆ باڵاپۆشی ئامادەكرد ، بەڵام مەسعود پزیشكیان پرۆژە یاساكەی ئیمزا نەكرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەرهەیە لەپاش ئازادکردنی ئەو 30 بارمتەیەی لای حەماس ماون شەڕ لە غەززە دەست پێبکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئێمە پابەندین بە بەڵێنی خۆمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازی حەماس و حکومەتەکەی لە کەرتی غەززە.

ڕۆژنامەکە روونیشیکردوەتەوە، شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل رەنگە رووبەڕووی فشار ببێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بەتایبەت ئەگەر هەنگاوێکی راستەقینەی نێودەوڵەتی نەنرێت.

نیۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ناوخۆی غەززە بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێوان لایەنگرانی حەماس و دانیشتوانی غەززە، زۆرێک لە دانیشتوانی کەرتەکە ترسیان لەوە هەیە کە مانەوەی بزوتنەوەکە لە دەسەڵاتدا ببێتە هۆی بەردەوامبوونی جەنگ و سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ لە ئایندەیەکی نزیکدا.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی شەڕ لە غەززە "بە پشتیوانی ئەمریکا" دەستپێبکاتەوە، ئەگەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە نەچێتە پێشەوە.

ناتانیاهۆ لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا وتیشی: ئەگەر ناچار بین بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، ئەوا بە شێوازی نوێ و بەهێز ئەو کارە دەکەین وئەمەش قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە دیاری دەکات.

نەتانیاهۆ بەڵێنیدا هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە جێبەجێ بکات و وتی: کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەکانی شەڕ لە غەززە بەدی بهێنین و حەماس والێدەکەین مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکاتەوە. هەروەها هەموو دەستبەسەرکراوە ئیسرائیلییەکانیش دەگەڕێنینەوە. 

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس 19ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوکات بەپێی دوایین ئاماری تەندروستی غەززە، بە تێكڕای رۆژانە نزیکەی 100 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...335336337338339...990