كرملن ئامادەیی نیشاندا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ترەمپ بە مەرجی رێزگرتنی بەرامبەر و دەشڵێت، هیچ هەڕەشەیەكیان لە لێدوانەكانی ئەم دواییەی ترەمپدا بەدی نەكردووە.
دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی کۆشکی كرملن لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیادا تایبەت بە شەڕی ئۆكراین رایگەیاند، لە یەكەم رۆژی سەرۆكایەتی ترەمپەوە، مۆسكۆ بەدواداچوون بۆ لێدوان و بڕیارەكانی دەكات، هیچ هەڕەشەیەكی نوێیان بەدی ناكراوە.
پیسكۆڤ ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشاندا بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و رێزگرتنی یەكتر.
هەروەها پیسكۆڤ دانی بەوەدانا كە روسیا ڕووبەڕووی كێشەی ئابوری دەبێتەوە، بەڵام وڵاتەكەی سەرچاوەی هەیە بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییە سەربازییەكان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کلاوس شواب سەرۆکی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسە ئابوورییەکان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی هاندانی جوڵەی بازاڕی جیهانی و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری زۆربەی وڵاتان تاوتوێکران، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و ڕۆڵەکەی کرد، لە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی ڕێکخراوە گەورەکانی ئابووری و کۆمپانیاکان، بۆ بەدیهێنانی یەکخستنی ئابووری و گەیشتن بە رێککەوتنەکان کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری خەڵک.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عیراق ئارام و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و بەرەو بەهێزکردنی هەلومەرجی ئابووری لەبوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە و ژینگە و خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان هەنگاو دەنێت، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی عیراق لە رێگەی ئاسانکارییەکانی یاسادانان و جێبەجێکارییەوە کار بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت دەکات، تەئکیدی لەوە کردەوە کە عێراق ژینگەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری و بازرگانی.
هەروەها باسیان له پەرەسەندنەکانی روداوەکانی ناوچەکە کرد له هه رێم و کاریگەرییەکانی له سەر سەقامگیری ئابووری و گەشەپێدان.
لای خۆیەوە کلاوس شواب ستایشی بەشداری بەرچاوی عیراقی لە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کرد و تەئکیدیکردەوە، کە عیراق یەکێکە لەوڵاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و جیهان، ئاماژەکانیش پاڵپشتی دەکەن لەبەدیهێنانی پێشکەوتن لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و کۆمەلایەتیدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت و رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 23-1-2025 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست لە داهاتودا هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کارسازی و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا زیاتر پەرەبستێنێت.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە کە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە و هیواشی خواست گفتوگۆکان بەزوویی بە ئەنجام بگەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی هەوڵ دەدات حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت، چونکە بەبێ هاوبەشیی راستەقینە حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێز دروست نابێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت و کێشە سەرەکییەکان چارەسەر بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی ریفۆرم لە هێزی پێشمەرگەدا کرا. لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفۆرم بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت کە بە هاوکاری هاوپەیمانان پلانی بۆ دانراوە. جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە خێرایی و بە باشی بەڕێوەبچێت پێویستە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتووبێت و متمانەی تەواو لەنێوان لایەنە بەشدارەکاندا هەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرا. باس لەوەشکرا کە سوریا بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنەکانی سوریا بتوانن لەرێگەی گفتوگۆوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە کە پێویستە هەموو پێكهاتەکانی سوریا و بە تایبەتیش کورد وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بەشداری پێ بکرێت لە داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی نوێی سوریا و بەشێکی گرنگ بێت لە ئیدارەدانی سوریای نوێدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا، شۆن کوران ئەو پاسەوانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی هەوڵی پاراستنی دا وەک بەڕێوەبەری دەزگای نهێنی ئەمریکا دەستنیشان بکات.
کوران رۆڵی هەبوو لە پاراستنی دۆناڵد ترەمپ ، لە کاتی هەوڵە شکستخواردووەکەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا بۆ تیرۆرکردنی.
دوێنێ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵمیدا تایبەتەکەی خۆی دەستنیشانکردنی کورانی بۆ ئەو پۆستە راگەیاند و بە "نیشتمانپەروەرێکی راستەقینە" ناوی برد، ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆن لە چەند ساڵی رابردودا خێزانەکەمی پاراستوە، هەر بۆیە متمانەم پێی هەیە کە سەرکردایەتی ژن و پیاوە ئازاکانی دەزگای نهێنی ئەمریکا بکات.
دەزگای نهێنی ئەمریکا ئەرکی یەکگرتووی پاراستن و لێکۆڵینەوەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەمریکا، لە شوێنە سەرەکییەکان و روداوە گرنگەکانی نیشتمانی.
نەخۆشی هاری کە بە هاری سەگ ناسراوە، ئەو نەخۆشییەیە کە لە ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەگەرچی تەنها سەگ هۆکاری ئەو نەخۆشییە نییە، بەڵام نزیکەی 99٪ی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەو نەخۆشییە لە جیهاندا بەهۆی گەستنی مرۆڤ بووە لەلایەن سەگی بێلانەوە.
هۆکاری نەخۆشیی هاری ڤایرۆسیrabies virus ـە، لە گروپی lyssavirus کە چەند ڤایرۆسێکن، کە دوای گەستن و پێوەدانی ئاژەڵ و بەشێک لە خشۆکەکان و لە باڵندەشدا شەمشەمە کوێرە دەکرێت تووشی مرۆڤ ببێت، دوای گەستنیش دەتوانرێت بە ڤاکسین رێگری لێبکرێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسەی رووبەڕووی هێرش و گەستنی یەکێک لەو ئاژەڵ و خشۆکانە دەبێتەوە، وەرگرتنی ژەمەکانی ڤاکسینەکە پشتگوێ نەخات، بەپێچەوانەوە ئەگەری هەیە تاوەکو لێواری مەرگ بیبات.
ڤایرۆسی رابیس لەرێگای گەستن و پێوەدان، یان بەرکەوتن بە شوێنی برینی ساڕێژ نەبووەوە دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤ، یانیش ئەگەر لیکی ئاژەڵ بەر دەم یان چاوی کەسەکان بکەوێت.
ئەو کەسەی لەلایەن ئاژەڵ و ئەو خشۆکانەوە دەگەسترێت کە توشی نەخۆشییەکە بوون یان هەگری ڤایرۆسەکەن، پێویستە راستەوخۆ بگەیەنرێنە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەربگرن.
چی بکرێت ئەگەر رووبەڕووی گەستن و پێوەدانی ئاژەڵ و خشۆک بوویتەوە:
ئەگەر کەسێک رووبەڕووی گەستن لەلایەن ئاژەڵێک بووەوە، یانیش یەکێک لەو خشۆکانەی هۆکارن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە راستەوخۆ بچێتە نەخۆشخانە، تەنانەت ئەگەر برینەکەی قوڵیش نەبێت، بۆئەوەی پزیشکەکان پشکنینی پێویستی بۆ بکەن، بەتایبەت ئەو ئاژەڵانەی بێلانەن.
پاککردنەوەی برین یەکێکە لە رێکارە گرنگەکان، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە ئەو کەسە ڤاکسینەکان لەکاتی خۆیدا وەربگرێت و لەیادی نەکات، بەوجۆرە دەتوانێت رێگری لە توشبوون بە نەخۆشییەکە بکات، بەپێچەوانەوە توشی نەخۆشییەکە دەبێت کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و بەپێی ئامارەکان، ساڵانە نەخۆشی هاری دەبێتە هۆی مردنی سەتان کەس لە جیهاندا.
بەپێی وتەی پزیشکەکان، ڤایرۆسەکە ماوەی 24 کاتژمێر لەدوای مرداربوونەوەی دەتوانێت لە جەستەی ئاژەڵدا بمێنێتەوە، بۆیە دەبێت ئەگەر ئاژەڵێک مرداریش بووبێتەوە، بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
دەرکەوتنی نیشانەکانی توشبوون بە هاری دەگۆڕێت و بە گشتی لەماوەی یەک رۆژ تاوەکو چەند ساڵێکدا دەردەکەوێت. نیشانە سەرەکییەکان بریتین لە:
-هەستیار بوونی مرۆڤ بە دەنگ و رووناکی و ئاو و هەوا
-تێکچوونی خەو
-توڕەبوون
-نائارامی بەردەوام
-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە
-سەرئێشە
-لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
-لەرزین و تەزوو یان گرژبوونی ماسولکە
-توڕەیی و هەڵچوون
-گۆڕانی رەفتار و کەسایەتی و بیرکردنەوە
هەندێک جار ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک و بەهۆیەوە ماسولکەکان خاو دەبنەوە و لە جوڵە دەکەون، وەک نیشانەی ئیفلیجی دەردەکەون. بەتایبەت خاوبوونەوەی ماسولکەکانی بۆڕی هەوا و دڵ، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای قوتدان و هەناسەدان.
'دەڵێی سەگی هاری'
نەخۆشی هاری ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، ئەگەر کەسی توشبوو نەخۆشییەکەی درێژە بکێشێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت، رەنگە بگاتە قۆناغێک کە پەلاماری کەسانی چواردەوری خۆی بدات، ئەمە وەک ئەو وێردەی سەر زمانی خەڵک وایە، کاتێک کەسێک بەشێوەی نەشیاو وەڵامبداتەوە و زۆربڵێ لەگەڵیدا، دەوترێت، "دەڵێی سەگی سەگی هارە".
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، دەرکەوتنی نیشانەکانی هەڵچوون و پەلاماردان مانای ئەوەیە کەسەکە لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەیدایە و لە مردن نزیک بووەتەوە.
خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە:
-کوتانی ئاژەڵی ماڵی.
-بەکارهێنانی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵی بێلانەدا هەیە.
-دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵی بێلانە و شوێنێک کە کژ و گیا و پووشی زۆر بێت و بەردەم قاچت نەبینی لەکاتی رۆیشتندا.
-نابێت رێگە بدرێت ئاژەڵی ماڵی بچێتە دەرەوەی ماڵ و تێکەڵاوی ئاژەڵی بێلانە ببێت.
-پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵی مردراربووەوەدا بکرێت.
کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی هاری سەگ
رێگای سەرەکی ئەوەیە سەگە بێلانەکان بە پێکوتەی نەخۆشییەکە بکوترێن، کە تاوەکو ئێستا لە جیهاندا ئەوە رێگایەکی سەرکەوتوو بووە.
یەکێک لەو وڵاتانەی ئەو رێگایەی گرتەبەر بەنگلادیش بوو، کە لەرێگای پلانێکی درێژخایەنی 10 ساڵییەوە، لە ساڵی 2010 بۆ 2020 هەڵمەتی کوتانی سەگە بێلانەکانی ئەنجامدا و توانی لەو رێگایەوە بەرێژەی 95٪ نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکای لاتینیش یەکێکە لەو وڵاتانەی لەرێگای ئەو پلانەوە توانی توشبوون بە هاری کۆنتڕۆڵ بکات و ژمارەی توشبوون کەم بکاتەوە.
نیشانەکانی توشبوونی ئاژەڵ بە ڤایرۆسەکە
نیشانەکان تاڕادەیەک هاوبەشن، هەمان ئەو نیشانانەن کە لە مرۆڤەکاندا دەردەکەون، هەر بۆیە بە نەخۆشییەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ دادەنرێت.
ئەگەر ئاژەڵێک لەلایەن ئاهەڵێکی دیکەوە بگەسترێت، ئەوا پێویستە بۆماوەی ١٠ رۆژ کەرەنتین بکرێت تاوەکو چارەسەر وەربگرێت، هەروەها بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی ئەویش ئازاری هیچ کەسێک و ئاژەڵێکی دیکە نادات.
سەگی توشبوو بە نەخۆشی هاری چاکنابێتەوە، بۆیە دەبێت داببڕێنرێت و رێگەنەدرێت تێکەڵاوی ئاژەڵ و مرۆڤی دیکە ببێت، یانیش بەر لە دەرکەوتنی نیشانە سەختەکانی ئیفلیجبوون، دەکریت بەشێوەیەکی مرۆڤانە لەناو ببرێت.
نیشانەکان بریتین لە هەستیاربوونی ئاژەڵەکە بە دەنگ و رووناکی و دەستلێدان، نائارامی و گۆڕانی رەفتاری، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، دوورکەوتنەوە لە مرۆڤ و ئاژەڵی دیکە، گۆڕانی وەڕین و دەنگ.
لە سەرەکیترین نیشانەن هاتنەخوارەوەی لیکە بە ئەملاولای دەمی ئاژەڵەکەدا.
لە قۆناغی بەردەوامی نەخۆشییەکەشدا، نیشانەکانی توڕەبوون و هەستیاری زیاتر پێوەدیار دەبێت و پەلاماری ئاژەڵ و کەلوپەل و کەسانی چواردەور دەدات.
لە کۆتا نیشانەکانیش بریتین لە، سەختبوونی هەناسەدان و لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسە، هەروەها لاوازی و لەکۆتاییشدا مرداربوونەوە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند وتەكانی سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان بەرامبەر ئێران بێشەرمانەیە، چونكە گومان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە دروست دەكات.
عراقچی وتویەتی: سەرەڕای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ئێران جەختی لەوەكردوەتەوە كە بە هێچ شێوەیەك ئامانجی لە بەرنامەی ئەتۆمی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی نییە.
رۆژی چوارشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە داڤۆس رایگەیاند، پێویستە ئێران هەنگاو بنێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و نیازپاكی خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی نیشانبدات، هەمولایەك دڵنیا بكاتەوە كە ئامانجیان دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی نییە
ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێدا تێدەپەڕێت، ئەو هونەرمەندەی دڵێکی لای ئازادی و نیشتمانپەروەری بوو و دڵێکی لای هونەرەکەی.
ئەو بەئەڤین و سۆزێکی کوردانەوە، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە دەرکەوت و لە محەمەدی کوڕی میرزا سەعیدەوە بە ماملێ ناسرا، ناو و دەنگی ئەو بوون بە ئەڤینی هاوبەشی نێوان گوێگرانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وەک هونەرمەندێکی گەورە لە سەرانسەری وڵاتدا ناسرا.
محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ "مام عەلی" لە ساڵی 1925 له بنەماڵەیەكی پیشەكار، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.
میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بەهۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی "بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، رێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.
هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لەگەڵ هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی رەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی وتووە.
گەرچی بنەماڵەی ماملێ، لە ناوچەکەی خۆیاندا بە دەنگ خۆشی بەناوبانگ بوون، بەڵام هیچیان نەیانتوانی وەک ماملێ، بە گۆرانی و هونەرەکەیان سنوورەکان ببڕن و ببنە پێکهێنەری بەشێک لە کولتوری هونەری نەتەوەکەیان.
ماملێ چ وەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و چ وەك كەسایەتی هونەری، هەم لە رژێمی پاشایەتی "رەزا خان 1925-1941" و "حەمەڕەزا پەهلەوی 1941-1979"دا و هەم لە رژێمی ئیسلامی ئێران لەساڵی 1979، توانی بە شێوەیەكی گونجاو، نەک تەنیا ئەو لەنگەره رابگرێ و لەسەر هونەرەکەی بەردەوام بێت، بەڵكو وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و گەلپەروەر لە ساڵی 1968 زیندانیش کرا.
ماملێ لەماوەی ٥٦ ساڵی ژیانی هونەرییدا نزیكەی 328 گۆرانی تۆمار كردووە، لە ساڵی ١٩٩٤یشدا دوایین گۆرانی خۆی تۆمار كرد و ئیتر، بەهۆی نەخۆشییە سەختەکەیەوە هەتا پێنج ساڵی دواتر، لەناو بێدەنگیدا ژیا و لە 23ی 1ی 1999 کۆچی دوایی کرد.
ماملێ جیاواز لە زۆرێک لە هونەرمەندان، تەنیا دەنگ خۆش نەبووە، ئەو شیعر ناسێکی باشبووە و لە هەڵبژاردنی شیعرەکانیدا هەمیشە سەلیقە و ئاوەزێکی بەرزی ئەدەبی بینراوە.
هەر ئەم شارەزاییەی ئەو لە ئەدەبیات، وایکردووە بەرهەمەکانی هەم لەلای ئەو گوێگرانەی چێژ لە ئاواز دەبینن پەسەند بێت و هەم ئەوانەشی گرنگی بە وشە و هەڵبەست دەدەن.
هاوکات، نزیکی ماملێ له هێمن موکریانی و شاعیره ناودارهکانی موکریانهوه و وتنهوهی شیعره نیشتیمانییهکانیان دهریدهخات که ماملێ ههمیشه بهشێکی دڵی لای سهربهستی و بهواتایهکی تر لای سیاسهت و بهرهنگاری بووه.
ئامینە خان هاوسەری ماملێ، كە 18ی 12ی 2021 كۆچی دواییكرد، زیاد لە 40 ساڵ لەگەڵ هونەرمەند ماملێ ژیاوە، ئەو دەربارەی ئەوساڵانە دەیوت: بەختەوەرترین رۆژانی ژیانم ئەو كاتانە بوو كە لەگەڵ ماملێ بووم، ئەو هەمیشە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، خەڵكێكی زۆر لەهەر چوار پارچەی كوردستان رێزێكی زۆرمان لێدەگرن، بەڵام هیچی ناكاتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لەنێوماندا بوایە.
ئامینەخان تاوەکو مردنیشی، وێنەیەكی ماملێی وەك ملوانكە بۆ هەمیشە لەملدا بوو، لەوبارەیەوە دەیوت، "ئەوە خۆشەویستی منە بۆ ئەو، سومبولێك بوو بۆ خۆشەویستی و جوانی، لە ژیانم كەسم وەك ئەو نەبینیوە، خۆزگە چەند ساڵێكی دیكە تەمەنی بوایە و لەگەڵمان بژیایە، من ئەوەندە ساڵەی لەگەڵی ژیام زۆر بەخێرایی تێپەڕی".

ئەمڕۆ، دەبێتە 26ساڵ کە ماملێ کۆچی دوایی کردووە، بەڵام تا ئێستاش دەنگی ئەو، وەک بەشێک لە سۆزێکی ئەبەدی و هونەرێکی بەرز، لە گوێی گوێگرانیدا ماوەتەوە و یاد دەکرێتەوە.
راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند، حکومەتی ئێران بڕیاریداوە فشار خستنە سەر ژنان بۆ پۆشینی باڵاپۆشی کەمتر بکاتەوە.
محەمەد جەواد زەریف راوێژکاری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس رایگەیاند، ئەگەر لە شەقامەکانی تاراندا بەرێگادا بڕۆیت دەبینیت بەشێکی زۆری ژنان باڵاپۆش نین و یاساکانی باڵاپۆشی جێبەجێ ناکەن، کە ئەوە کارێکی دژ بە یاسایە، بەڵام حکومەت بڕیاریداوە چیتر فشار نەخاتە سەریان.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری ئەوەی فشار نەخرێتە سەر ژنان بۆ باڵاپۆشی بە هەوڵی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دراوە و توانیویەتی بەرپرسەکان رازی بکات لەسەر ئەو بابەتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش پزیشکیان باسی لە کارەکانی پۆلیسی رەوشتی ئێران کردووە و ئەوەی خستووەتە روو، کە کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسا کۆمەڵایەتییە توندەکان دەکەن.
پۆشینی باڵاپۆشی لە ئێران بە یاسا سەپێنراوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا مشتومڕ لەسەر ئەو پرسە زۆر بووە و خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ، لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵیش لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەو پرسە وەک بۆمبێک تەقییەوە و لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا گەنجان و چالاکوانان بەشێوەیەکی بەرچاو دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد لەژێر ناوی 'ژن، ژیان، ئازادی'.
جگە لەوەی کوژرانی ژینا ئەمینی بووە پرسێکی جیهانیی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەدوای ئەوەشدا بزووتنەوەی جیھانیی ژن، ژیان، ئازادی سەری ھەڵدائەو و بزووتنەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردران بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ، جێنشینی سعودیە ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریكا بە بڕی 600 ملیار دۆلار.
میدیاكانی سعودیە ئاشكرایان كرد، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە ، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە بۆ پیرۆزبایی گەرانەوەی بۆ كۆشكی سپی و لەو پەیوەندییەدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی سعودیەو ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا تاوتوێكراوە بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆ .
هەر لەو پەیوەندییەدا ، جێنشینی سعودیە ترەمپی ئاگاداركردۆتەوە لە ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی وەبەرهێنان لە ئەمریكا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا بە بڕی 600 ملیار دۆلار، ئەوەش لە دوای ئەوەی ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو ، ئەگەر سعودیە بە بڕی 500 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریكادا بكات ، ئەوا یەكەم سەردانیی دەرەوەی بۆ ریاز دەبێت.
ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئاشكرایدەكات، ئێران نزیكبووەتە لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوا لە تاران دەكات نیازپاكی خۆی نیشان بدات.
رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە داڤۆس رایگەیاند، ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو، خێرا بووە لە پیتاندنی یۆرانیۆم و نزیكبووەتەوە لە بڕی پێویستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
بەوتەی گروسی، ئێران بەرێژەی 90% نزیكە لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، بەو پێیەی پێشتر مانگانە نزیكەی حەوت كیلۆگرام یۆرانیۆمی دەپیتاند، بەڵام ئێستا زیادیكردووە بۆ 30 كیلۆگرام،
هەروەها گروسی داوای دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكای كرد بۆ سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی تاران.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، پێویستە ئێران هەنگاو بنێت بەرەو باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و نیازپاكی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی نیشانبدات.
لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع ، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، ئامادەین هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە گەلی سوریا بکەین.
گییەر پیدەرسن نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە لە رێگەی دانوستانەوە کاربکرێت بۆ پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی سوریا، دەشڵێت، تاکە رێگە بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەو وڵاتە پێکهێنای سوپایەکە لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری.
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد: دەبێت پەیوەندی سیاسی هەمەلایەنە هەبێت لەپێناو گەیشتن بە کۆنفڕانسی دیالۆگی نیشتیمانی لە سوریا.
جێی ئاماژەیە لە دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەدەوە، چەند وڵاتێک دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار رایگەیاندووە، ئامادەن هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە گەلی سوریا بکەن.
فەرماندەی ئەركانی دەستلەكاركێشاوەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی 15 مانگی جەنگی غەززەدا ، نزیكەی 20 هەزار چەكداری بزوتنەوەی حەماس كوژراون .
هرتسی هالیفی فەرماندەی ئەركانی سوپای ئیسرائیل دوای چەند سەعاتێك لە دەستلەكاركێشانەوەی لە لێدوانێكدا رایگەیاند ، لە جەنگی غەززەدا باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس زیانی گەورەی بەركەوت و لە 15 مانگدا گەورە سەركردەكانی بزوتنەوەكە و نزیكەی 20 هەزار چەكداریش كوژران .
لەلایەكی تریشەوە سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام تا ئێستا رۆژانە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتەكە بەردەوامە و بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكانی فەلەستینیش ، ئاماری كوژراوانی جەنگی غەززە بۆ 47 هەزار و 107 كەس بەرز بووەتەوە كە زۆرینەیان ژن و منداڵن .
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکەی 470 رۆژ بەردەوام بوو کەرتی غەززەش روبەرووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بووە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون، لە رۆژی 19ی ئەم مانگە گەیشتنە ئاگربەست، جێگەی ئاماژەیە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنی یاساییان تەواو كردووە و كەسوكاری پلە یەك و دووی شەهیدن، تا تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین ناكرێن.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم گشتاندنێكی بۆ سەرجەم وەزارەتەكان كردووە و رایگەیاندووە، پشت بەست بە هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی لە ساڵی 2014 و 2019 بڕیاردراوە تەمەنی خانەنشینی كەمبكرێتەوە بۆ 60 ساڵی، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی 60 ساڵی تەواو كرد پێویستە خانەنشین بكرێت.
راشیگەیاندووە، پاڵپشت بە ماددەی 2ی یاسای ژمارە 26ی 2019 تەمەنی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكانی دادوەری و پزیشكانی سڕكردنی و پزیشكانی دەروونی و راوێژكاران و راوێژكارانی یاریدەدەر لە ئەنجومەنی شورای هەرێم و كاپتنی فڕۆكە تا تەمەنی 63 ساڵی خانەنشین ناكرێن.
هەروەها، ئەو فەرمانبەرەی كە یاسای فەسڵكراوانی سیاسیی فیدراڵی و ئەوانە كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی شەهیدن و ئەوانەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و راگیراوی سیاسی كوردستانین تا تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین ناكرێن.
دادگای دادی كارگێڕیی بەغداد سەرجەم سكاڵاكانی دژ بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك رەتكردەوە و رایگەیاند، ئیدارەكە یاساییە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای دادی كارگێڕیی بەغداد لە بارەی سكاڵایەكی بەرەی توركمانی و هاوپەیمانی عەرەبی, سەبارەت بە كۆبونەوەكەی هۆتێل رەشید و پێكهێنانی حكومەتی خوجێی لە كەركوك كۆبوویەوە، لە ئەنجامدا دادگاكە ئەو سكاڵای رەتكردەوە و رایگەیاند، پێكهێنانی حكومەتی خوجێی كەركوك یاساییە.
هاوكات، خالید شوان وەزیری دادی عیراق هیوای خواست ئەو بڕیارەی دادگا دەرفەت برەخسێنێ بۆ گەڕانەوەی تەواوی لایەنەكان بۆ هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا، تاكو هەموو پێكەوە لە ئەنجومەنێكی خزمەتگوزاردا خزمەت بە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بكەن.
ئاندریە کیسیلۆڤ زانای کەشناسیی روسیی رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما لە روسیا بەراورد بە وڵاتانی دیکە نزیکەی سێ هێندە خێراتر بەرزدەبنەوە.
ئەو زانایە ئەوەی خستووەتە روو، ئەم زستانە لە روسیا جیاوازە و لە بەشی ئەوروپای وڵاتەکەدا تێکڕای پلەکانی گەرما ١٠ پلە زیاترن بەراورد بە پلەی گەرمای ئاسایی.
ئاندریە هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان گەڕاندووەتەوە و دەشڵیت، هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت کە وەرزی زستان گەرم دەبێت، بەڵام دوور نییە بە درێژایی ساڵانی داهاتوو ئەو گۆڕانکارییە رووبدات.
ئەو زانای کەشناسییە دەشڵێت، بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لە جیهاندا و گەرمبوونی جیهان پرسێکی گشتییە، بەڵام لە روسیا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خێراترە، بە جۆرێک خێرایی بەرزبوونەوەکەی ٢.٧ ئەوەندەی وڵاتانی دیکەیە".
لەلایەکی دیکەوە ئاندریە کیسیلۆڤ یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی نیوەگۆی باکووری زەوی و ئەوەی خستە روو، ئەو بەشە رووبەری وشکانی لە رووبەری ئاویی زیاترە ئەوەش هاوکارە لە خێراکردنی دیاردەی گەرمبوونی جیهانیدا.
باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا کرد لە کیشوەریی بەستەڵەکی باشوور و گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا وەک پرسێکی جیهانی باسکردووە و دەڵێت، ئەگەر بەوجۆرە بێت، لەوانەیە گۆڕانکاریی لە کەشوهەوای جیهاندا رووبدات لە ساڵانی داهاتوودا و ئەوەش ببێتە هۆی روودانی چەندین کارەساتی سروشتی وەک لە هەندێک شوێن وشکەساڵی و لە هەندێک شوێنی دیکە لافاو و زریان.
بەپێی ریزبەندی بوارەکانی خوێندن بۆ ساڵی 2025 ، Subject Rankings 2025 زانکۆی سلێمانی لە چوار زانستی سەرەکیدا پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆکانی عیراقی بەدەستهێناوە.
ریزبەندییەکە دامەزراوەی تایمز بۆ خوێندنی باڵا ئەنجامی داوە و لەنێوان دوو هەزار و ٢٩ زانکۆی جیهاندا کراوە، لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لە بوارەکانی ئەندازیاری، زانستە فیزیکییەکان و پزیشکی و تەندرووستی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەدەستهێناوە.
لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنەکەدا، دامەزراوەی تایمز هەمان پێوەرەکانی ریزبەندیی زانکۆکانی جیهانی بەکارهێناوە، کە بەراوردکارییە لەسەر ئاستی ژینگەی فێربوون، ژمارە و ناوبانگی توێژینەوە، گواستنەوەی زانیاری و بەنێودەوڵەتی بوون.
ساڵانە دامەزراوەی تایمز ریزبەندی زانکۆکانی جیهان ئەنجام دەدات و سەرجەم ساڵەکانیش لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لەپلەی یەکەم و پێشینەی ریزبەندییەکەدایە.
زانکۆی سلێمانی یان زانکۆی دایک، یەکەم زانکۆی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨١دا، رژێمی بەعس زانکۆى سلێمانی بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ 'زانکۆی سەلاحەدین' گۆڕی، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢دا، بۆ جارى دووەم دامەزرێنرایەوە.
زانکۆی سلێمانی لەڕووی ئەکادمییەوە هەردوو پڕۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت، هەروەها چەندین گۆڤاری ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە و لە پێنج کامپ و شەش سەنتەر پێکهاتووە.