پوتن مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین رادەگەیەنێت
رەوەز
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگاداری روسی رایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەو مەرجە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت؛ کە سەرکردە رۆژئاواییەکان بەڵێنێکی نووسراوی بدەنێ بۆ راگرتنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات و هەڵگرتنی هەندێک سزاکان لە سەر روسیا.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پوتن زیاتر لە دوو سەعات گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، رایگەیاند، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کارکردن لەگەڵ ئۆکراین بۆ داڕشتنی یاداشتێک کە پێکهاتەکانی رێککەوتنی ئاشتی دەخاتە روو. بە کاتی ئاگربەستیشەوە. مۆسکۆ رایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی یاداشتەکەی خۆیەتی، بەبێ ئەوەی وادەی تەواوکردنی دیاری بکات.
بەڵام حکومەتەکانی کیێڤ و ئەوروپا، مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کات درێژ دەکاتەوە و یاری بەکات دەکات لە کاتێکدا هێزەکانی لە پێشڕەوی بەردەوامن لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای روسییەوە رایگەیاندووە: پوتین ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام بە مەرجەکانی خۆی.
بەگوێرەی ئەو سێ سەرچاوەیە، پوتن دەیەوێت بەڵێننامەیەکی نووسراو لەلایەن زلهێزە گەورەکانی رۆژئاواوە بۆ فراواننەکردنی ناتۆ- ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی ئۆکراین، جۆرجیا، مۆڵدۆڤا و وڵاتانی دیکەی سۆڤیەتی پێشوو نەچنە ناو هاوپەیمانییەوە.
هەروەها روسیا داوا دەکات ئۆکراین لە دەرەوەی ناتۆ بمێنێتەوە و هەندێک سزای رۆژئاوا هەڵبگیرێت و سەروەت و سامانی بەستووی روسیا لە رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و مافی قسەکەرانی روسی لە ئۆکراین دەستەبەر بکرێت. سەرچاوەی یەکەم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پوتن درک بەوە بکات کە ناتوانێت بە مەرجەکانی خۆی بگاتە رێککەوتنی ئاشتی، ئەوا پەنا بۆ هەنگاوی سەربازی دەبات بۆ ئەوەی ئۆکراین و ئەوروپییەکان قەناعەت پێبکات کە "رەنگە سبەینێ ئاشتی بەئازارتر بێت".
لای خۆیەوە ئۆکراین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت ڤیتۆی لەسەر بێت بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و دەڵێت پێویستی بە گەرەنتی و دڵنیایی ئاسایشی رۆژئاوا هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر هێرشێکی داهاتووی روسیا بکات.