لە دیدارێکدا لە مۆزەخانەی زاموا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، لەگەڵ دکتۆر تۆماس لییەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی گۆتە لە هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی شێوازەکانی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی هەوڵەکانی پاراستنی کلتوور، کەلەپوور و شوێنەوارەکانیان کرد.
کۆبوونەوەکە، کە بە ئامادەبوونی خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی میراتی شارستانی.
لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عیراق کرد و رۆڵی پەیمانگەکەی لە رەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری، شارەزایی کلتووری
و پتەوکردنی لێکتێگەیشتن بەرز نرخاند.
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر تۆماس لییەر سەرسامیی خۆی بە مۆزەخانەی زاموا و ئەو خزمەتە گەورەیەی بە هونەری شێوەکاریی کردووە، دەربڕی. هەروەها دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە کرد بۆ گرنگیدان بەم لایەنە شارستانییە و ستایشی شێوازی پاراستنی ئەو خانوە مێژووییەی کرد کە "بە جوانی لە نێوجەرگەی بازاڕدا پارێزگاریی لێ کراوە."




بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کێشەی نەشتەرگەری، دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە پارێزگای سلێمانی تا کۆتایی ساڵی 2025 چارەسەر کرا.
ئەمڕۆ شەممە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی؛ د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی؛ و د. ماکوان، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێم، کێشە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کران.
ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو بەرپرسانە دەربڕی کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داوە.
لە لەندەن زیاتر لە 100 هەزار كەس رێپێوانێكی فراوانیان دەستپێكردووە دژی پەنابەران لە وڵاتەكەیان و داوای ناردنەوەیان دەكەن، لە بەشێكی تری ئەو شارەش خۆپیشاندانێكی هەزاران كەسی دژی ئەو رێپێوانە بەڕێوەدەچێت.
رێپێوانەكە لەلایەن تۆمی رۆبنسن چالاكوانی دیاری راستڕەوەكانەوە رێكخراوە و لەناوەڕاستی لەندەن بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین دروشم دژی كۆچبەران دەوترێـتەوە و چالاكوانە راستڕەوەكانیش وتار پێشكەش دەكەن.
هاوكات، لە بەشێكی تری لەندەن و بە دیاریكراوی لەنزیك باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا ، هەزاران كەس دژی ئەو رێپێوانەی راستڕەوەكان گردبوونەوە، هەروەها دروشمی "بەخێربێن پەنابەرەكان"یان بەرزكردووەتەوە.
رێپێوانی راستڕەوەكان لەدژی پەنابەران و خۆپیشاندان دژی رەگەزپەرستی لە لەندەن تەنها چەند سەد مەترێك دووری نێوانیانە و بۆكۆنترۆڵكردنی دۆخەكەش نزیكەی هەزار و 500 پۆلیسی لە سەرتاسەری شارەكە بڵاوەیان پێكراوە و پشتێنەیەكی ئەمنیشی لەنێوان هەردوولا دروستكراوە.
شەقامەکانی ناوەڕاستی لەندەن پڕ بوون لە ئاڵاکانی بەریتانیا، ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و وێڵز. دروشمەکانی سەر ئاڵاکان بریتی بوون لە "بیاننێرنەوە ماڵەوە" و "شانشینی یەکگرتوو یەکبخەن". هەروەها، ژمارەیەک لە چالاکوانانی دژە-ترانسجێندەریش لەنێویاندا ئامادەبوون..
كەشناسیی عیراق پێشبینی دەكات زستانی داهاتوو چەند شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ وڵاتەكە بگرێتەوە، هۆشداریش دەدات لەبارەی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەك.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەكانیان كەشی وەرزەكانی پایز و زستانی 2025 بۆ 2026 لە ئەنجامی دروستبوونی شەپۆلێكی پەستان لە زەریای هێمنەوە ناجێگیر دەبێت و ئەگەری زۆرە بارانبارینی نائاسایی و ناوچەیی لە عیراق روبدات.
عامر جابری هۆشداریشیدا، لەبەر ئەوەی عیراق بە هاوینێكی وشكدا تێپەڕیوە، ئەگەری هەیە شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و لەناكاو چەند ناوچەیەك بگرێتەوە و لافاو دروست ببێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، شێواز و رێژەی دابارین لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت، بەجۆرێك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زۆرترین رێژەی دابارینیان تێدا دەبێت و ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروو ئاستێكی مامناوەندی داباریانیان بەردەكەوێت.
دوای هەڵمەتێکی بەرفراوانی گەڕان کە هەزاران ئەمریکی تیایدا بەشداربوون، گەنجێکی تەمەن22 ساڵ بە ناوی تایلەر رۆبنسن وەک تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی چالاکوانی سیاسیی، چارلی کییەرک، دەستگیرکرا. کلیلی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە باوکی خۆی بوو، کە لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراوەوە کوڕەکەی ناسییەوە و دەسەڵاتدارانی ئاگادارکردەوە.
وەک هەزاران هاوڵاتی دیکە، باوکێک لە ویلایەتی یوتا وێنە و ڤیدیۆی ئەو تۆمەتبارەی بینیبوو کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاوکرابووەوە، کە تێیدا گەنجێک بە تی شێرتێکی رەشەوە کە وێنەی هەڵۆ و ئاڵای ئەمریکای لەسەر بوو، دوای تەقەکردنەکە لە سەربانی زانکۆیەکەوە باز دەدات و بەرەو ناوچەیەکی دارستانی هەڵدێت.
هەرچەندە دەموچاوی تۆمەتبارەکە بەهۆی چاویلکەیەکی رەش و کڵاوێکەوە بە باشی دەرنەدەکەوت، بەڵام باوکەکە کوڕەکەی خۆی ناسییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی پۆلیس، باوکەکە پرسیاری لە کوڕەکەی کردووە: "تایلەر، ئایا ئەمە تۆیت؟ زۆر لە تۆ دەچێت." دواتر کوڕەکەی، تایلەر رۆبنسنی تەمەن 22 ساڵ، دانی بەوەدا ناوە کە ئەو چارلی کێرکی کوشتووە.
کاتێک باوکی داوای لێکردووە خۆی رادەستی پۆلیس بکات، رۆبنسن لە وەڵامدا وتوویەتی: "پێم باشترە خۆم بکوژم وەک لەوەی خۆم رادەست بکەم."
سەرەڕای ئەمەش، باوکەکە توانیویەتی کوڕەکەی رازی بکات کە متمانە بە قەشەیەکی گەنج بکات کە هاوکاریی لەگەڵ نووسینگەی شێریفی واشنتن کاونتی و پۆلیسی فیدراڵی (US Marshal's Service) دەکرد. لە کۆتاییدا، هاوڕێیەکی خێزانەکە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە و زانیارییەکانی پێداون.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەند کاتژمێرێک پێشتر، دەسەڵاتداران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندبوو کە "هیچ زانیارییەکیان نییە" لەبارەی شوێنی تۆمەتبارەکەوە. بەڵام بەهۆی ئەو زانیارییەوە، رۆبنسن کاتژمێر 10ـی شەوی پێنجشەممە دەستگیرکرا.
سپێنسەر کۆکس، پارێزگاری یوتا، بەیانیی رۆژی هەینی رایگەیاند: "دەستگیرمان کرد." ئەو ئاشکرای کرد کە FBI لەسەر ئەم پرسە، زیاتر لە 7,000 زانیاری و سەرەداوی پێگەیشتووە، کە بە زۆرترین ژمارە دادەنرێت لەدوای تەقینەوەکانی ماراسۆنی بۆستن لە ساڵی 2013، بەڵام تەنها یەک زانیاری لەلایەن باوکی رۆبنسنەوە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە کەیسەکە.
دەسەڵاتداران زیاتر لە 30 سەعاتیان پێچوو بۆ دۆزینەوەی رۆبنسن، کە تۆمەتبارە بەوەی لە دووریی نزیکەی 150 یارداوە لە سەربانی بینایەکەوە تەقەی لە کییەرک کردووە و لە ملی داوە، لە کاتێکدا کییەرک بەشداریی لە بۆنەیەکدا دەکرد کە 3,000 کەس ئامادەی بوون.
دوای ئەنجامدانی نزیکەی 200 چاوپێکەوتن و بە هاوکاریی 20 ئاژانسی ئەمنی، دواجار FBI و بەشی ئاسایشی گشتیی یوتا توانیان بکەری ئەو "هێرشە ئامانجدارە" دەستگیر بکەن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە چارلی کییەرکی بە هۆکاری کۆکردنەوەی دەنگی گەنجان بۆ خۆی دەزانی، رایگەیاندبوو کە لێکۆڵەران "پێشکەوتنی گەورەیان" لە کەیسەکەدا بەدەستهێناوە.
چەندین سەرەداوی دیکەش ئاماژەیان بۆ رۆبنسن دەکرد، لەوانە: جلوبەرگەکانی، گفتوگۆیەک کە لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا لەگەڵ خزمێکی کردبووی، و هەروەها چەند کۆمێنتێک کە لەسەر پلاتفۆرمی "دیسکۆرد" نووسیبووی.
سپێنسەر کۆکس، پارێزگاری یوتا، بە پشتبەستن بەو گرتە ڤیدیۆییانەی کامێرای چاودێریی زانکۆکە، رایگەیاند، کەمتر لە چوار سەعات پێش دەستپێکردنی بۆنەکە کە چارلی کییەرک قسەی تێدا دەکرد، رۆبنسن(بکوژەکە) بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "دۆج چاڵنجەر"ی رەساسی گەیشتووەتە زانکۆی یوتا ڤالی (UVU) و لەو کاتەدا تی شێرتێکی مۆر، شۆرتێکی رەنگ کاڵ، کڵاوێکی رەش و پێڵاوێکی رەنگ کاڵی لەپێدا بووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی پۆلیس، دواتر لەسەر سەربانی بیناکە جلەکانی گۆڕیوە و پاشان بازی داوەتە خوارەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەجێمانی شوێنپەنجەی لەپ، پەڵە (کە دەسەڵاتداران هیوادارن DNAـی لێوەربگرن) و شوێنپێی پێڵاو. لە کاتێکی دواتردا، رۆبنسن هەمان ئەو جلانەی پۆشیوەتەوە کە پێی گەیشتبووە زانکۆ.
بەپێی زانیارییەکان، رۆبنسن خوێندکاری ساڵی سێیەمی بەرنامەیەکی راهێنانی کارەبایی بووە و لە شارۆچکەی واشنتن لە یوتا گەورە بووە. یەکێک لە خزمەکانی بە لێکۆڵەرانی وتووە کە ناوبراو لە ساڵانی رابردوودا زیاتر تێکەڵی بابەتی سیاسی بووبوو.
یەکێک لە خزمەکانی ئاشکرای کردووە کە لە کاتی نانخواردنی ئێوارەی خێزانەکەیاندا، رۆبنسن باسی لەوە کردووە کە چارلی کییەرک لە زانکۆی UVU وتارێکی دەبێت و ئەو لەگەڵ بۆچوونەکانیدا نییە. بەپێی تۆمارەکانی دەنگدەران، رۆبنسن سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نەبووە و لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی نەداوە.
بەپێی بەڵگەنامەکان، چەند نامەیەک کە وا بڕوا دەکرێت رۆبنسن لەسەر پلاتفۆرمی "دیسکۆرد" ناردبێتی، ئاماژە بە پێویستیی هێنانەوەی تفەنگێک لە شوێنێکی دیاریکراو، شاردنەوەی لەنێو دەوەنێک، چاودێریکردنی شوێنەکە، و پێچانەوەی تفەنگەکە بە خاولییەک دەکەن.
هاوژوورەکەی رۆبنسن ئەم نامانەی پیشانی لێکۆڵەران داوە، کە تێیدا ئاماژە بە هەڵکۆڵین لەسەر فیشەک و ناوازەبوونی تفەنگ و دووربینەکەی کراوە. لە نامەیەکی دیکەشدا باسی لەوە کردووە کە جلەکانی گۆڕیوە.
دواتر لێکۆڵەران تفەنگێکی جۆری "بۆڵت-ئاکشن"یان دۆزییەوە کە بە خاولییەک پێچرابووەوە. لەسەر قەوانی فیشەکە نەتەقیوەکان نووسرابوو: "هەی فاشیست! بیگرە!" و "ئەگەر ئەمە دەخوێنیتەوە، ئەوا تۆ هاوڕەگەزبازیت. Lmao".
رۆبنسن ئێستا لە زیندانی یوتا کاونتی راگیراوە و روبەروی چەندین تۆمەتی سەرەتایی بووەتەوە، لەوانە کوشتنی (بە ئەنقەست)، تاوانی تەقەکردن بە چەک، و رێگریکردن لە دادپەروەری. بڕیارە رۆژی سێشەممە بە رەسمی تۆمەتەکانی ئاڕاستە بکرێت و یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە CNNـیان راگەیاندووە کە دوای دەستگیرکردنی، رۆبنسن سەرەتا هەندێک قسەی بۆ پۆلیس کردووە، بەڵام بەیانیی رۆژی هەینی دوای گرتنی پارێزەرێک، بەخێرایی بێدەنگ بووە.
رۆژی چوارشەممە، پارێزگار کۆکس رایگەیاندبوو کە داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباری تەقەکردنەکە دەکەن. ئەو وتی: "تەنها یەک کەس بەرپرسیارە لەوەی لێرە رویدا، ئەو کەسەش ئێستا لە زیندانە و بەم زووانە تۆمەتبار دەکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، رۆبنسن هەمان ئەو جلانەی لەبەردا بوو کە لە کامێراکانی چاودێریدا پێش ئەنجامدانی تاوانەکە دەرکەوتبوون، هەروەها یەکێک لە خزمەکانیشی پشتڕاستی کردەوە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "دۆج چاڵنجەر"ی رەساسیی هەیە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی شارەوانیی بایرا پاشا و 47 بەرپرسی دیکەیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان دژی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دێت.
نووسینگەی داواکاری گشتی لە ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنەکانی دەرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە پەیوەستە بە تۆمەتەکانی "داواکردنی پارە بە زۆر (باج)، بەرتیل، گەندەڵی دارایی، و دەستکاریکردنی گرێبەستەکان" لە شارەوانیی "بایرام پاشا".
لەلایەن خۆیەوە، حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرام پاشا، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و نووسیویەتی: "ئەوەی رودەدات تەنها پڕۆسەیەکی سیاسی و بوختانی بێ بنەمایە." هەروەها روی لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە و دەڵێت: "دانیشتووانی خۆشەویستی بایرام پاشا، دڵنیابن کە پێکەوە بەسەر ئەم بوختان و چەواشەکارییانەدا سەردەکەوین."
لەم چەند مانگەی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 10 سەرۆک شارەوانیی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، و سەدان بەرپرسی شارەوانییەکانیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکردووە، کە یەکێک لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ بوو کە دەستگیرکردنەکەی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
ئیمامئۆغڵو وەک بەهێزترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوو سەیر دەکرێت.
پارتی گەلی کۆماری (CHP) رایگەیاندووە کە ئەم دەستگیرکردن و تۆمەتانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی حکومەت کە ئامانج لێی لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و خۆشکردنی رێگایە بۆ ئەردۆغان تاکو بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، حکومەت ئەم بانگەشانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادگاکانی تورکیا سەربەخۆن.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دادگا لەسەر کەیسێکی گرنگ بڕیار بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکانی کۆنگرەی گشتیی پارتی گەلی کۆماری لە ساڵی 2023 هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گۆڕینی سەرکردایەتیی پارتەکە و دروستبوونی پشێوی لەنێویدا.
جێی باسە پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی رابردوودا لە تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا. "بایرام پاشا" یەکێکە لە قەزاکانی ئەستەنبوڵ و دەکەوێتە بەشی ئەوروپیی شارەکە.
دوو کەس بەتۆمەتی وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزار دۆلار و دزینی ئەو پارەیە لە دوکاندارێک دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاری سکاڵای لە دژی دووکەس تۆمارکرد، کەچونەتە دوکانەکەیی بەناوی کڕینی شتومەک و وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزاریان لە سکاڵاکارەکە دزیبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بڕیاری دادوەر، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، هەروەها دوای ئەوەی تۆمەتباران چوبوونە شارێکی دیکەی هەرێم، سەرئەنجام توانرا تۆمەتباران دەسگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران كە هاوسەری یەكترن و خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن ، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا .
بۆ بینینی ساتی چۆنییەتی وەرگرتنی زیادەی پارەکە کلیک لێرە بکە...
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی.......
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 36 پلەی سیلیزی
دهۆک : 37 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی
سۆران : 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 41 پلەی سیلیزی
سەرۆكی كاتی سوریا رایگەیاند، بیرۆكەی دابەشكردنی سوریا قبوڵ ناكەن و دانوستانەكان لەگەڵ هەسەدە وەستاون.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریا لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی سوریا رایگەیاند، هەر بیرۆكەیەك بۆ دابەشكردن ئەستەمە و سوریا قبوڵی ناكات.
دەشڵێت، هەسەدە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەی كورد ناكات و پێكهاتەی عەرەب لە ناوچەكدا زیاتر لە 70٪ی پێكدەهێنن و دانوستانەكان لەگەڵ هەسەدە تا رادەیەك وەستاوە و هەوڵی ئەوەیان داوە هەسەدە ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەن تا كۆتایی ئەمساڵ و هەوڵی دورخستنەوەی شەڕیان لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریاداوە.
وتیشی، هەر هەوڵێك بۆ جیابونەوە و دابەشكاری قبوڵ ناكەن و چەند هەرێمێكی تریش لە جیهاندا ویستویانە جیاببنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و دانوستانەكان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ رێككەوتنی ئەمنی لە ئارادایە و دوای روخانی ئەسەد ئیسرائیل دەیوست لە سوریا ململانێ لەگەڵ ئێران یەكلابكاتەوە.
وڵاتانی ترۆیكای ئەوروپا بە پێویستی دەزانن بزوتنەوەی حەماس چەك دابنێت و بە هەموو شێوەیەك دوور بكەوێتەوە لە بەڕێوەبردنی غەززە.
وەزارەتەكانی دەرەوەی وڵاتانی ترۆیكا كە پێكدێن لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا جەختیان لە پێویستی چەكداماڵینی بزووتنەوەی حەماس كردووەتەوە و دوپاتیانكردوەتەوە، دەبێت بزوتنەوەكە بۆ هەمیشە لە بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە دوور بخرێتەوە، داواش لە هەموو لایەك دەكەن هەوڵەكانیان نوێ و چڕ بكەنەوە بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێكی دەستبەجێ و كاریگەر لە غەززە.
لەبارەی قەتەریشەوە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرش كرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەركردایەتی حەماس لە دەوحە ئاماژەیان بەوە كردووە، پاڵپشتی خۆیان بۆ دەوڵەتی قەتەڕ دووپاتدەكەنەوە، بەتایبەت لە هەوڵەكانیدا بۆ نێوەندگیریكردنی ئیسرائیل و حەماس.
لەلایەكی ترەوە بزووتنەوەی حەماسیش رایگەیاند، بەردەوامیی بێدەسەڵاتی ئاشكرای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و پاڵپشتی و چاوپۆشی ئەمریكا، وایكردووە ئیسرائیل تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژی دژی خەڵكی غەززە ئەنجام بدات.
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشوازی لە بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی لەلایەن سەرۆكی وڵاتەكەوە دژی عیراق.
كەریم محەمەداوی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بە گەرمی پێشوازیی لە بڕیاری كۆنگرێسی ئەمریكا دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی عیراق كە لە ساڵی 2003 ەوە دەرگای بۆ دەستێوەردانێكی دوورودرێژی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عیراق كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای دواكەوتنی، بڕیارەكە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانن، چونكە سەرەتای دانپێدانانێكی ئاشكرایە كە سەردەمی دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی لە عیراق كۆتایی هاتووە، هەروەها ئێستا عیراق دەوڵەتێكی سەروەرە، كاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی لەڕێگەی بڕیاردانی سەربەخۆی نیشتمانییەوە بەڕێوەدەبات.
دووپاتیشیكردەوە، پێزانینیان هەیە بۆ هەر هەوڵێكی نیشتمانی و دیپلۆماسی كە دەنگی عیراق دەگەیەنێت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پابەندیشن بە كاركردن بۆ سەروەری تەواوەتی و دڵنیابوون لەوەی بڕیارە ئەمنی و سیاسییەكان تەنها لە دەستی دەوڵەتی عیراقدا بمێننەوە.
پێش بە ئاكامگەیشتنی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەڵەستینی بە سەرۆكایەتی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ دوپاتكردنەوەی پاڵپشتیكردنی وڵاتەكەی لە ئیسرائیل سەردانی تەلئەبیب دەكات.
سەرەڕای سەرزەنشتكردنێكی میانڕەوی ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەهۆی بەئامانجگرتنی سەركردایەتی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆژی شەممە سەردانی ئیسرائیل دەكات و لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتەكە كۆدەبێتەوە و پرسی پابەندبوونی ئەمریكا دوپاتدەكاتەوە بە دژایەتیكردنی هەوڵە دژە سامییەكان، لە نێویاندا داننانی یەكلایەنە بە دەوڵەتێكی فەڵەستینی كە پاداشتی حەماس دەكات.
پیگۆت باسی لەوەشكرد، روبیۆ لە سەردانەكەیدا جەخت دەكاتەوە لە پابەندبوونی ئەمریكا بە پاراستنی ئاساییشی ئیسرائیل و ئامانجە هاوبەشەكانیان، لەوانە دڵنیاییدان لەبارەی ئەوەی هەرگیز جارێكی تر حەماس حوكمڕانی كەرتی غەززە نەكات و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەكان بۆ ناو خێزانەكانیان.
وەفدێكی ئەمریكا لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆبوونەوە و نەتەوەیەكگرتوەكانیش داوای رێككەوتنی دەسەڵاتی دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەكات.
ناوەندنی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا سێنتكۆم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە رۆژی هەینی ئادەم براد كوپەر فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا و تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە دیمەشق كۆبوونەتەوە.
لە پەیامەكەی سێنتكۆمدا هاتوە كە كوپەر و باراك پشتیوانیان دەربڕیوە بۆ تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بە سوپای سوریا و هاوكات جەختیان لە پشتیوانیكردنی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كردووەتەوە.
وەفدەكەی ئەمریكا لەو كۆبوونەوەدا جەختیان لەوە كردوەتەوە كە ئامانجی واشنتۆن سەقامگیریی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنانەی سوریایان كردوە كە پابەندنی ئامانجەكانی ئەمریكان.
لە لایەكی دیكەوەی ستێفان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەوان پشتیوانی لە یەكپارچەیی سوریا دەكەن و نیگەرانن لە پێكدادانەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی دیمەشق كێشەكانی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا چارەسەر بكات و نەتەوەیەكگرتوەكانیس پشتیوانیی لەو گفتوگۆیانە دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە ئارامیی بەرامبەر ڤلادیمیر پۆتن، هاوتا روسییەکەی خەریکە تەواو دەبێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا کرد بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیاوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا رەتکردنەوەی روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاقیکردنەوەی ئارامییەتی، ترەمپ وتی: "خەریکە تەواو دەبێت، و زۆر بەخێرایی تەواو دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە "هەردوو لا بەشداری بکەن" بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە چەندین ساڵە بەردەوامە.
وتیشی: "شتێکی سەرسوڕهێنەرە. کاتێک پۆتن ویستی بیکات (بگاتە رێککەوتن)، زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین نەیویست. کاتێکیش زێلێنسکی ویستی، پۆتن نەیویست."
لە کۆتاییدا ترەمپ درێژەی پێدا: "ئێستا زێلێنسکی ئارەزووی دەکات، لە کاتێکدا نیشانەیەکی پرسیار لەسەر پۆتن هەیە. ناچار دەبین رێوشوێنی زۆر توند بگرینەبەر."
لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رونی ئارەزووی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە ئاشکرا کردووە، کە پێشتر باراک ئۆبامای رکابەری دیموکراتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بردییەوە.
ملیاردێرە 79 ساڵانەکە هەموو دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت "شایەنی ئەوەیە"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەش شەڕی کۆتایی پێهێناوە، سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی غەززە و ئۆکراین—کە دەڵێت دەیەوێت چارەسەریان بکات—هێشتا بەردەوامن.
وەڵامی لیژنەی نۆبڵ:
کریستیان بێرگ هارپڤیکن، سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆسلۆ وتی: "بێگومان تێبینی ئەوە دەکەین کەهەوڵێکی زۆری میدیایی لەسەر کاندیدی دیاریکراو هەیە، بەڵام ئەوە بەڕاستی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نییە کە لە لیژنەکەدا بەڕێوەدەچن."
وتیشی: "لیژنەکە هەموو پاڵێوراوێک بەپێی شایستەییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت." براوەی ئەمساڵ لە 10ی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەنرێت.
ترەمپ بانگەشەکانی خۆی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەندین سەرکردەی بیانی، لە بنیامین نەتەنیاهۆی ئیسرائیلییەوە تا ئیلهام عەلیێڤی ئازەربایجانی، یان پاڵاوتوویانە یان پشتگیرییان لە پاڵاوتنەکەی کردووە. بەڵام، دەبوو زۆر خێرا بووبن بۆ خەڵاتی ئەمساڵ، چونکە وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکان 31ی کانوونی دووەم بوو، واتە تەنها ١١ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ.
هەر لەم بارەیەوە هارپڤیکن وتی: "پاڵێوراو بوون مەرج نییە دەستکەوتێکی گەورە بێت. دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کە ببیتە براوە. لیستی ئەو کەسانەی دەتوانن کەسێک بپاڵێون زۆر درێژە."
فشارەکان کاریگەرییان نابێت:
بەپێی رۆژنامەی دارایی "Dagens Naeringsliv"، ترەمپ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەرویج، یەنس ستۆڵتنبێرگ (سکرتێری پێشووی ناتۆ)، باسی خەڵاتی ئاشتیی کردووە.
هەرچەندە لیژنەی نۆبڵ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکانی بە سەربەخۆیی و دوور لە سیاسەتی حیزبی و حکومەتی کاربەدەست دەدات. نموونەی دیاریش ئەوەیە کە خەڵاتی ساڵی 2010ی بەخشییە Liu Xiaoboی دژبەری چینی، سەرەڕای هۆشدارییە نهێنییەکانی حکومەتی نەرویج، کە بووە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئۆسلۆ بۆ چەندین ساڵ.
بۆچی بردنەوەی ترەمپ دوورە لە چاوەڕوانی؟
شارەزایان لە نەرویج پێیان وایە شانسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە زۆر کەمە، چونکە سیاسەتی "ئەمریکای یەکەم"ی ترەمپ پێچەوانەی فرەلایەنییەتە کە ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، بەرگری لێدەکرد.
هالڤارد لێیرا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (NUPI) وتی: "ئەم جۆرە فشارانە زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت. ئەگەر لیژنەکە ئێستا خەڵاتەکە بدات بە ترەمپ، بێگومان تۆمەتبار دەکرێت بە ملکەچبوون."
لە مانگی ئابدا، سێ مێژوونووسی نۆبڵ لە وتارێکدا چەندین هۆکاریان خستەڕوو کە بۆچی نابێت سەرۆک ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لەنێویاندا سەرسامییەکەی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. ئەوان نوسیبوویان: "پێویستە ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ عەقڵیان لەدەست دابێت" (بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی بدەنێ).
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بە شێوەیەکی سۆزدارانە باسی چارلی کێرکی کرد و ئاشکرای کرد کە پێش چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکە هەواڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوی کوشتنی کێرکی پێگەیشتووە.
سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند کە تەنها پێنج خولەک پێش دەستپێکردنی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ، هەواڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکەی بیستووە.
ئەو چارلی کێرکی بە "باشترین کەس" وەسف کرد کە "شایەنی ئەمە نەبوو"، و وتیشی هیوادارە بکوژەکە سزای لەسێدارەدان وەربگرێت.
ترەمپ لە درێژەی ستایشکردنی کێرکدا وتی: "وەک کوڕم وابوو" و "گەنجێکی زیرەک بوو" کە یارمەتی داوە لە بەکارهێنانی تیکتۆکدا، کە ئەمەش یارمەتی سەرۆکی داوە بگاتە دەنگدەرە گەنجەکان.
لە کۆتاییدا ترەمپ وتی: "هەرگیز نەمبینیوە گەنجان بەو شێوەیە رو لە کەسێک بکەن وەک چۆن رویان لە چارلی دەکرد."