گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە رادەگیرێت
راهۆز
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی پاسپۆرتی عیراقی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕیار دراوە بە راگرتنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری بۆ وڵاتی ئێران.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بە مەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنی کاروبارەکان، لە رێکەوتی 1ـی ئازاری 2026 بەدواوە، گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ وڵاتی ئێران رادەگیرێت. دەروازەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕیارەکە لەپێناو جێبەجێکردنی رێنمایی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا هاتووە، کە لە کاتی تەواوبوونی ڕێکارەکان و دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان، گەشتیاران لە بڕیاری نوێ ئاگادار دەکرێنەوە.



