وەفدێکی ئیمرالی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و یەکگرتنی دیموکراتی بڵاوکردەوە
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان رایگەیاندووە، "سەردەمی نكۆڵیكردن لە زمان و نەتەوەی كورد كۆتاییهاتووە، پێویستە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا لەگەڵ واقیعە كۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەكان یەكبگرێتەوە".
لە پەیامێکی نوێدا کە لە رێگەی وەفدی ئیمرالی پارتی دەم (DEM Parti) بڵاوکرایەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای کۆبوونەوەیەکی سێ سەعاتی، نەخشەڕێگایەکی بۆ قۆناغی داهاتووی تورکیا و پرسی کورد خستەڕوو.
ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە کە سەردەمی چەک و تووندوتیژی کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی "تەواوکاریی دیموکراتی" و گۆڕانکارییە لە رێگەی سیاسەتی مەدەنییەوە.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری تورکیا لە بنەڕەتدا لەسەر هاوبەشیی کورد و تورک دامەزراوە و هەر جۆرە نکۆڵیکردنێک لەم راستییە، دەبێتە هۆی بەردەوامیی قەیرانەکان، نەک چارەسەرکردنیان.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئۆجەلان پێشنیاری مۆدێلی "هاوڵاتیی ئازاد" دەکات کە تێیدا پێناسەی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای ئیتنیکی و ئایینی نەبێت، بەڵکو مافی هەموو پێکهاتەکان بۆ گوزارشتکردن لە ناسنامەی خۆیان پارێزراو بێت.
هەروەها جەختی لە گرنگیی "دیموکراسیی خۆجێیی" کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردن، بەبێ ئەوەی ئەمە وەک هەوڵێک بۆ جیابوونەوە یان تێکدانی یەکپارچەیی دەوڵەت لێکبدرێتەوە. ئەو داوای کرد کە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بگوازرێتەوە بۆ کایەی سیاسی و یاسایی، و جەختی کردەوە کە "یەکێتیی دیموکراتی" باشترین بژاردەیە بۆ پەیوەندیی نێوان کوردان لە ناوچەکەدا، کە دوور بێت لە توندوتیژی و پشتبەستوو بێت بە مافە گەردوونییەکان.



