هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن
بڵند
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان و خاتوو وێندی گرين، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، بە ئامادەبونی شۆڕش ئیسماعیلی وەزیری پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان بۆ پرسی چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبونەوە و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە خرانەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوتەوە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی تری کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و وەفدێکی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
ئاماژەیان بەوەکردوە، لە گفتوگۆکاندا کە بە ئامادەبونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان و خاتوو وێندی گرين، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبونی شۆڕش ئیسماعیلی وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە خرانە روو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەنگاوی هاوبەش بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرا.



