لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بڕیاری گۆڕینی ناحیەی جەلەولا بۆ قەزا بە رەسمی راگیرا.
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی یاسایی و پابەندکەری دەرکردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی جەلەولا، ئەمەش بە پشتبەستن بە مادە دەستوورییەکانی (5، 115، 122 و بەتایبەتی مادەی 140)ی دەستووری ساڵی 2005.
بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، هەردوو ناحیەی جەلەولا و سەعدیە وەک خۆیان دەمێننەوە و دەگەڕێنرێنەوە سەر قەزای خانەقین.
ئەوس مەهداوی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە سوپاسی ئەنجومەن و پارێزگاری دیالە دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکەیان، هەروەها جەختی کردەوە کە نووسراوی رەسمیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی بڕیاری بەقەزاکردنی جەلەولا، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی ئیداری و دەستووریی ناوچەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە راگەیەندراوێکدا بە رەسمی گۆڕینی یەکەی کارگێڕیی جەلەولای لە ناحیەوە بۆ "قەزا" راگەیاند و وەزارەتی پلاندانانی عیراقیش، رەزامەندیی لەسەر بە قەزاکردنی ناحیەی جەلەولا دابوو.
دوای سەردانیکردی مەیدانی پارێزگار بۆ گەڕەکی نەورۆز، ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز، رایگەیاند، بە بڕیاری رێبوار تەهای پارێزگاری سوپای عیراق لە گەڕەکی نەورۆزی شارەکە دەکشێتەوە .
شەوی رابردوو بەشێک لە سوپای عیراق هەڵیان کوتایە سەر ماڵێکی کورد لە گەڕەکی نەورۆز و بە زەبری هێز خاوەن ماڵەکەیان ناچارکرد، خانوەکەی بە جێبهێڵێت.
ئەم روداوەک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و رێبوار تەها سەردانی خانوەکەی کرد و رایگەیاند، هێزەکە دەکشێنەوە و لە ئێستادا کلیلی خانوەکە بەدەستی خاوەن ماڵەکەوەیە، کە لە دوای سێ رۆژ گەڕانەوەیان بۆ ئەو خانوە سوپای عیراق دەریان کردوون.
پارێزگاری کەرکوک جەختیشیکردوە، سوپای عیراق بە تەواوەتی لەو ناوچەیە دەکشێتەوە و کێشەکەیان چارەسەر کردوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ئێستادا ئەو هێزە ئامادەکاری دەکەن بۆ کشانەوە لەگەڕەکی نەورۆز و داوایان کردوە لەکاتی کشانەوەدا وێنەیان نەگیرێت لەلایەن میدیاکانەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د . خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لەکۆبوونەوەکەدا دووپات لە پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور و یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و خێراترکردنی هەنگاوەکانی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزو خزمەتگوزار.
ئاژانسی هاوار بڵاویکردوەوە، شەوی رابردوو سوریا، شەوێژی خوێناوی و پڕ لە ترس و ئاڵۆزیی بەڕێکردوە و 11 تاوان و روداوی ئەمنی جۆراوجۆر تۆمارکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لە پارێزگای حومس، زنجیرەیەک کارەساتی یەک لەدوای یەک رویاندا؛ لەوانە گیانلەدەستدانی منداڵێک بەناوی "بەراء" بەهۆی شێلانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی ئەمنییەوە، هەروەها کوژرانی گەنجێک بەناوی "قەیس خەدوور" لەناو دوکانەکەیدا.
یەکێکی تر لە دڵتەزێنترین روداوەکان، خۆکوشتنی کچە گەنجێک بوو بەناوی "جولیا ئەلسالم" کە دوای رفاندنی باوکی و بینینی گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەشکەنجەدانی، خۆی لە باڵکۆنی ماڵەکەیان فڕێداوەتە خوارەوە.
ئاژانەسە ئاماژەی بەوەکردوە، توندوتیژییەکان روویان لە هێزە ئەمنییەکان و میدیاکارانیش کردووە؛ لە گوندەکانی رەقە و ناوچەی سلۆک، چوار کارمەندی ئەمنی و سەربازی لە ئەنجامی هێرشی چەکداری کوژران.
هەروەها دۆزینەوەی تەرمی رۆژنامەنووس "عەلا محەمەد"، لە ماڵەکەی خۆیدا، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە بوە، روداوێکی تری شەوی رابردی سوریا بووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی توندوتیژی لە پارێزگاکانی دێرەزور، حومس و رەقە، نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ تێکچوونی زیاتری باری ئەمنی و بێدەسەڵاتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و جڵەوکردنی ئەو پاشاگەردانییە ئەمنییەی باڵی بەسەر سوریادا کێشاوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ " سەرسامە" بەوەی کە بۆچی ئێران سەرەڕای زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا پاشەکشەی نەکردووە لە هەڵوێستەکانی
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، ستیڤ ویتکۆف بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، ئەم بەیانییە دۆناڵد ترەمپ پێی وتووە، نایەوێت بارگرانی دروست بکات، بەڵام سەرسامە بەوەی بۆچی تا ئێستا ئێران سەرەڕای زیادبوونی فشارەکان و ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە، هێشتا پاشەکشەیان لە هەڵوێستەکانیان نەکردووە.
ویتکاف جەختی کردوەتەوە، ئەمریکا تەنها بە قسە رازی نابێت؛ واشنتۆن چاوەڕێ دەکات ئێران بە رەسمی رایبگەیەنێت کە بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.
ناوبراو وتوشیەتی؛ بۆ ئەو مەبەستە دەبێت تاران هەنگاوی کردەیی، روون و باوەڕپێکراو بنێت.
کیم جونگ-ئون، رێبەری کۆریای باکوور، لە میانی سێیەم رۆژی کارەکانی نۆیەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا، راپۆرتێکی ستراتیژیی پێشکەش کرد و تێیدا "سەردەمێکی نوێی" بۆ گەشەپێدانی نیشتمانی راگەیاند.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رەسمی KCNA، لیژنەی ناوەندی پارتەکە سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی لە خێرایی و ئاستی گەشەپێدانی وڵاتدا و قۆناغی داهاتووی وەک " گۆڕانکاری بێوێنە" وەسف کردووە.
لە راپۆرتەکەدا کە لەلایەن کۆنگرەکەوە پشتگیری تەواوی لێکرا، ئاماژە بەوە دراوە کە ستراتیژییەکی نوێی جەنگی و ئابووری داڕێژراوە کە لەگەڵ ئامانجە داهاتووەکانی کەرتە جیاوازەکاندا دەگونجێت.
ئەم کۆنگرەیە کە بە بەرزترین ناوەندی بڕیاردان لە وڵاتەکەدا دادەنرێت، کار لەسەر پێداچوونەوەی سیاستەکانی رابردوو و داڕشتنی نەخشەڕێگای نوێ بۆ بەرگری و ئابووری دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان چەند ناوچەیەکی مەدەنییان لە ویلایەتەکانی "نەنگەرهار" و "پەکتیکا" بۆردومان کردووە بەهۆیەوە بە دەیان هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
درەنگانێکی شەوی رابردوو، سوپای ئاسمانی پاکستان رایگەیاند بۆردمانێکی چڕی حەوت پێگەی تاڵیبانی ئەفغانستان و داعشیان، لە ناو خاکی ئەفغانستاندا کردوە.
بەرەبەیانی ئەمرۆ لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان بە توندی سەرکۆنەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و ئەم کارەی پاکستانی بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی وەسف کردوە، هەروەها هەڕەشەی وەڵامدانەوەش دەکات لە کاتی گونجاودا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردوە، کە سوپای پاکستان بەرپرسیارە لە بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ناوەندە ئایینییەکان لەو ناوچانەدا.
وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردە و دەڵێت؛ "لە کاتێکی گونجاودا و بە شێوازێکی گونجاو و لێکۆڵینەوە بۆ کراو، وەڵامی ئەم هێرشانەی پاکستان دەدەینەوە."
ئەمڕۆ شەممە، لە درێژەی سەردانەکانیدا بۆ بەغداد، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەو دواین پێشهاتە سیاسیەکانیان تاوتوێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی هەوڵەکان و هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کرایەوە.
کۆبوونەوە دووپاتی لە پێویستی هاوکاری و بەردەوامی دیالۆکی نیشتمانیی و یەکخستنی دیدگاکان کردەوە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵانیشتمانییەکان.
محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "کوردسات نیوز"، لە بەرنامەی رێگای کوردستان رایگەیاند، حکومەتی تورکیا بۆ ماوەی 27 ساڵە رێگری لێ کردوون لە زیندانی ئیمرالی بە زمانی کوردی لەگەڵ براکەیدا قسە بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ماوە درێژەدا رێگەیان پێنەدراوە بە زمانی دایکیان قسە بکەن، بەڵام لە دوایین دیداریاندا بۆ یەکەمجار رێگەی پێدراوە تەنها بۆ ماوەی یەک سەعات بە زمانی کوردی لەگەڵ براکەی گفتوگۆ بکات.
محەمەد ئۆجەلان باسی لەوەش کرد کە لەو دیدارەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان گرنگییەکی زۆری بە دۆخی ناوخۆیی کورد داوە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە کە ئێستا "رەوشی یەکگرتووی کوردان" چۆنە و لایەنە کوردییەکان لە چ ئاستێکی تەباییدان.
لەبارەی رەوشی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە جەختیکردەوە، تەندروتسی ئەو زۆرباشە و هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە رەوشی تەندروستی و گۆشەگیریی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی هەمیشە جێگەی بایەخی کوردان و ناوەندە سیاسییەکان بووە.
بەپێی راپۆرتێکی ۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بڕیاری گۆڕینی ئاراستەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جیرالد فۆرد" بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و تووڕەیی لەناو ستاف و سەربازانی سەر کەشتییەکە دروست کردووە.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە نەک تەنها کاریگەری لەسەر دەروونی سەربازەکان هەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی تێکچوونی سیستەمی خزمەتگوزاری و چاکردنەوەی کەشتییەکەش.
11 مانگ لە ناو دەریا؛ تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی کاپتن دەیڤید سکارۆسی، فەرماندەی کەشتییەکە، دانی بەوەدا ناوە کە بە بڕیاری ناردنیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرسام بووە، چونکە زۆربەی کارمەندەکان بە خێزانەکەیان وتوە، دوای چەند هەفتەیەکی دیکە دەگەڕێنەوە ماڵەوە
لە کاتێکدا ماوەی ئاسایی ئەرکی ئەم کەشتییانە شەش مانگە، ستافی "جیرالد فۆرد" ئێستا هەشت مانگە لەناو دەریادان و پێشبینی دەکرێت ئەرکەکەیان بۆ 11 مانگ درێژ ببێتەوە، کە ئەمەش درێژترین ماوەی مانەوەی کەشییەکی فڕؤکەهەڵگری ئەمریکییە کە لە ناو دەریادا تۆمار کرابێت.
بە گێرەی زانیارییەکانی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" سەربازانی سەر کەشتییەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ورەیان زۆر دابەزیوە و زۆربەیان پلانیان داناوە دوای گەڕانەوەیان دەست لەکار بکێشنەوە.
جگە لە فشارە دەروونییەکان، کەشتییەکە تووشی کێشەی تەکنیکی بووەتەوە، لەوانە تێکچوونی سیستەمی ئاوەڕۆ و دواکەوتنی چاککردنەوەی ئامێرەکان بەهۆی نەگەڕانەوەیان بۆ بەندەر.
ئەم رەوشە بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا، چونکە ستافی کەشتییەکە هەست بە ماندوێتییەکی بێوێنە دەکەن
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد پێشوازی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، دۆخی سیاسیی ناوچەکە و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێ کرا.
سەرۆک بافڵ گرنگی پێویستی بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان لایەنەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بۆ بەهێزترکردنی گیانی پێکەوەیی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان کاردەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە ئامادەیی یەکێتی بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان کردەوە.
بەپێی نوێترین خەمڵاندنەکانی دامەزراوەی World Population Review بۆ ساڵی 2026، شاری بەغدای پایتەختی عیراق پلەی دووەمی لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی گرتووە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
لەم ڕیزبەندییەدا شاری قاهیرە بە جیاوازییەکی زۆر و بە 23.5. ملیۆن کەس لە پلەی یەکەمدا دێت، لە کاتێکدا بەغداد بە 8.3 ملیۆن کەس پێش شاری ریازی پایتەختی سعودییە کەوتووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە 8 ملیۆن کەسە.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە چڕی دانیشتووان هێشتا لە پایتەختە سیاسی و ئابورییە گەورەکاندا کۆبووەتەوە.
ئەم گەشە خێرایەی دانیشتووان لە شارە گەورەکانی وەک بەغداد، ئاماژەیە بۆ بەردەوامی کۆچی ناوخۆیی و گرنگیی ئەم شارانە وەک ناوەندی سەرەکیی خزمەتگوزاری و کار لە ناوچەکەدا
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێوڕەسمی رێزلێنان لە مەدالیاوەرانی ئۆڵۆمپیاد جەختی لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ خزمەتکردنی وڵات کردەوە و رایگەیاند، کە ئەوان پەیمانیان بەستووە تا دوا هەناسە بۆ عیزەت و سەربەرزی ئێران تێبکۆشن.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەرکی سەرەکی حکومەت لەم قۆناغەدا "ساڕێژکردنی برینەکانی کۆمەڵگە" و یەکخستنی ریزەکانە، هەروەک چۆن پاڵەوانە وەرزشییەکان لە مەیدانی رکابەریدا کۆڵ نادەن، حکومەتیش لە بەرانبەر گوشارە "ناجوامێرانەکان" و کێشە ناوخۆییەکاندا سەر دانانەوێنێت.
ناوبرا جەختیکردەوە، هێزە دەرەکییەکان هەوڵدەدەن ناچاریان بکەن خۆیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوە رونادات و بەرگەی سەختییەکان دەگرن.
سەرۆک کۆماری ئێران، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە تەنها رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرکەوتن بەسەر دوژمناندا، گەڕانەوەیە بۆ "یەکڕیزی نیشتمانی و یەکدەستی".
ئەو دووپاتی کردەوە کە ئەرکی حکومەتە زەمینەی گەشەکردنی زیاتر بۆ گەنجان و پاڵەوانان بڕەخسێنێت و دڵنیایی دا کە بە خۆڕاگری گەل، ئێران لەم رەوشە پڕ لە گۆڕانکارییە بەسەرکەوتوویی تێدەپەڕێت.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاندوە، پێویستان بە کارمەندی میکانیک و ئاو و ئاوەڕۆیە، بە موچەی زیاتر لە 40 هەزار دۆلار و هەفتانە 40 سەعات کارکردنە.
ئەمڕۆ شەممە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا هەلی کاری نوێی راگەیاندوە و دەڵێن؛ پێویستاین بە کارمەندی میکانیک و ئاو و ئاوەڕۆیە، بۆ کارکردن لە بینای کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە، موچەی ساڵانەی ئەو کارمەندانەی وەردەگیرێن، 40 هەزار و 456 دۆلارە ساڵانە، واتە مانگانە زیاتر لە سێ هەزار و 300 دۆلار.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، پێشکەشکردنەکەش لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت، پیشکەشکردنەکە بۆ هەلی کار، لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت و لە 16ـی شوباتی 2026 تا 2ـی ئازاری 2026 وەرگرتنی سیڤی بەردەوام دەبێت.
ئەو کەسانەی دەیانەویت سیڤی پێشکەشکەن، دەتوانن لە رێگەی ئیمێلی کۆنسوڵخانەوە زانیاری زیاتر وەرگرن [email protected] و دوا وادەش بۆ پڕکردنەوەی سیڤییەکان 2ـی ئازاری ئەمساڵە.
بڕیارە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت بە موچەی خانەنشینان و موچەخۆران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدێكی حكومەتی هەرێم كە پێكهاتووە لە سكرتێر و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی دارایی و چەند وەزارەتێكی تر، سەردانی بەغداد دەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی سەرژمێریی و موچەی خانەنشینان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
وتیشی، بڕیارە وەفدەكە چەند رۆژێك لە بەغداد بمێنێتەوە و لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كۆببێتەوە.
لەبارەی موچەی مانگی دووش پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەكرد، وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی بە ئامادەكاریی كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی موچەی مانگی دوو ئامادە بكرێت و دواتر بە سیستمی پەیڕۆڵ رەوانەی بەغداد بكرێت.