دۆناڵد ترەمپ، لە دووەمین سەردانی رەسمیدا بۆ بەریتانیا، لە میواندارییەکی شاهانەدا لەلایەن پاشا چارڵزی سێیەمەوە، جەختی لەسەر "پەیوەندیی هەمیشەیی" نێوان ئەمریکا و بەریتانیا کردەوە. ئەم سەردانە، جگە لە نمایشکردنی شکۆی دابونەریتە شاهانەکان، بە راگەیاندنی پاکێجێکی سەرمایەگوزاری بە بڕی 150ملیار پاوەند، رەنگوبۆیەکی ئابووری و سیاسیی تایبەتی بەخۆیەوە گرت.
لە میواندارییەکەدا کە شەوی چوارشەممە، 17ی ئەیلوول، لە قەڵای ویندزۆر لە رۆژئاوای لەندەن بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ ستایشی هاوپەیمانیی "بەنرخ و هەمیشەیی" نێوان دوو وڵاتی کرد و سەردانەکەی بە "یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی" وەسف کرد.
ترەمپ، کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، بە ئاماژەیەک بۆ سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدنی دیموکرات وتی: "وڵاتەکەمان ساڵێک لەمەوبەر نەخۆش بوو، بەڵام ئەمڕۆ باوەڕم وایە ئێمە سەرنجڕاکێشترین وڵاتی جیهانین."
هۆشداریی پاشا لەبارەی روسیاوە
پاشا چارڵزی سێیەم لە وتارەکەیدا ستایشی مێژووی دێرین و پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان دوو وڵاتی کرد. هاوکات هۆشداریی دا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە بەهۆی دەستدرێژیی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین دروستبوون.
پاشا چارڵز وتی: "ئێمە لە دوو جەنگی جیهانیدا شانبەشانی یەکتر جەنگاین بۆ شکاندنی هێزەکانی دیکتاتۆرییەت. ئەمڕۆش، کاتێک دیکتاتۆرییەت جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات، ئێمە و هاوپەیمانانمان پێکەوە لە پشتیوانیی ئۆکرانیادا وەستاوین."
لەگەڵ ئەوەشدا، پاشا ستایشی رۆڵی ترەمپی وەک ئاشتیخوازێک کرد و وتی: "وڵاتەکانمان لە پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییە گرنگەکاندا هاوکارن؛ و لە هەمووی گرنگتر، بەڕێز سەرۆک، پابەندبوونی کەسیی ئێوەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئاڵۆزترین ململانێکانی جیهان بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئاشتی."
گاڵتەی ترەمپ لەگەڵ پاشا
ترەمپ لە وتارەکەیدا بە گاڵتەوە باسی لەوە کرد کە چۆن پاشا چارڵز توانیویەتی ناوی نزیکەی 150 میوان بهێنێتەوە کە سڵاویان لێکردوون. ترەمپ وتی: "هەندێکیان ناوی سەیر و سەمەرەیان هەبوو... بەڵام پاشا هەموویانی دەناسی، یان لانیکەم من وادەزانم، چونکە کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی!"
پاکێجی سەرمایەگوزاریی 150 ملیار پاوەندی
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە سەردانەکەی ترەمپ بووەتە هۆی راکێشانی 150ملیار پاوەند (نزیکەی 205 ملیار دۆلار) سەرمایەگوزاری بۆ ناوخۆی وڵات، کە بە گەورەترین پاکێجی سەرمایەگوزاریی بازرگانی لە مێژووی سەردانە فەرمییەکاندا دادەنرێت.
حکومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات سوودە ئابوورییەکانی ئەم سەردانە بخاتەڕوو، چونکە ڕای گشتیی بەریتانیا لەسەر بانگهێشتکردنەوەی ترەمپ و پێشوازییە شاهانەکە دابەش بووە. بەپێی وتەی حکومەت، ئەم سەرمایەگوزارییانە نزیکەی 7600 هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنن.
شایەنی باسە، لەنێو میوانەکاندا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا وەک "ئەپڵ"، "گووگڵ دیپمایند" و "ئۆپن ئەی ئای" ئامادەبوون.
گاڵتەکەی ترەمپ چیبوو؟
گاڵتەکەی ترەمپ سەبارەت بە توانای پاشا چارڵز بوو لە ناسینەوە و لەبیرکردنی ناوی ژمارەیەکی زۆر لە میوانەکان، کە بە شێوازێکی تەنزئامێز و موبالەغەپێکراو دەری بڕی.
لە کاتی میواندارییەکەدا، پاشا چارڵز و دۆناڵد ترەمپ پێشوازییان لە نزیکەی 150 میوانی بانگهێشتکراو کردووە و سڵاویان لەگەڵ کردوون. ترەمپ سەرسام بووە بەوەی کە پاشا چارڵز ناوی زۆربەی میوانەکانی لەبیر بووە و بە ناوی خۆیانەوە بانگی کردوون.
بۆیە لە کاتی وتارەکەیدا، ترەمپ بە پێکەنینەوە باسی ئەمەی کرد و وتی:
"من سەرسام بووم کە پاشا چارڵز توانی ناوی نزیکەی 150 کەس بهێنێت کە سڵاومان لێکردن."
ترەمپ وتی:
"هەندێکیان ناوی سەیر و سەمەرەیان هەبوو وەک ئێکس، وای، زێد، هێڵی-خوار 2-3 (X, Y, Z, hyphen 2-3). بەڵام پاشا هەموویانی دەناسی. یان لانیکەم من وادەزانم، چونکە کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی!"
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی گەمارۆدان و داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری داهاتوو تەواو دەبێت.
هەمان بەرپرسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 7500 چەکدار لەناو شاری غەززەدا بوونیان هەیە.
هاوکات، سەرچاوە فەڵەستینییەکان رایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی هێڵەکانی پەیوەندی لە شاری غەززە پچڕاندووە.
پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة" و "الحدث" رایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززەوە لە پێشڕەویدان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتەکەدا "رۆبۆتی بۆمبڕێژکراو" دەتەقێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کرد کە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "وەفا".
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس کرد و بەڵێنی هێرشی گەورەتری لە غەززە دا ئەگەر بێت و حەماس پابەندی مەرجەکانی ئیسرائیل نەبێت.
کاتز رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و چەکەکانی دانەماڵێت، ئەوا غەززە وێران دەکرێت و دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەریی ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەستدرێژی و کوشتاریان ئەنجامداوە."
سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی نزیک لە کەرتەکەدا بەردەوامن.
لەم هەفتانەی دواییدا سوپا هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی شاری غەززە چڕکردووەتەوە و داوایان لێدەکات شارەکە جێبهێڵن و بەرەو "ناوچەی مرۆیی" لە باشووری کەرتەکە بڕۆن.
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "بەشێکی نوێیە لە شەڕی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزیی سیستماتیک دژی خەڵکی غەززە."
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زۆربەی شاری غەززەیان کردووەتە وێرانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 64,964 کەس، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پلانی تایبەتی خۆی بۆ رێکخستنی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی قوتابیان راگەیاند.
خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکەی هاتووچۆی سلێمانی:
1. سنووردارکردنی هاتنی بارهەڵگرەکان:
* لە رۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوولی 2025، لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تا 8:30ی بەیانی، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو شاری سلێمانی (لە رێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود) قەدەغە دەکرێت، جگە لە رۆژانی هەینی.
* ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و گیروگرفتەکانی هاتووچۆیە لە کاتی چوونی قوتابیان بۆ قوتابخانە.
* ئەم کارە لە ئەستۆی مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ناو شار (ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا) دەبێت. هەر سەرپێچییەکیش بەدوایدا لێپرسینەوەی یاسایی لێدەکرێت.
2. خێرایی و ئاگاداری شۆفێران:
* داوا لە شۆفێرانی بەڕێز دەکرێت، رەچاوی خێراییەکان بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.
* پێویستە شۆفێران ئاگادارییەکی زیاتریان هەبێت بۆ منداڵان و پیادەڕەوان، بەتایبەتی لە کاتی دەستپێکی رۆژ و کۆتایی هاتنی دەوامدا.
3. ڕێنمایی تایبەت بە پاسی قوتابخانەکان:
* داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکرێت کە منداڵ و قوتابیان دەگوازنەوە، رەچاوی ژمارەی یاسایی قوتابیان لەناو پاسەکانیاندا بکەن و سەرنشینی زیادە سەر نەخەن.
* نابێت رێگە بە منداڵان بدرێت بەشێک لە جەستەیان لە جامەکان دەربکەن و دەبێت لە جێی خۆیان دابنیشین.
* لە کاتی سەرکەوتن و دابەزین لەبەردەم قوتابخانەکاندا، نابێت ئاستەنگ و قەرەباڵغی دروست بکرێت.
* هاتووچۆی ناو شار رایگەیاندووە کە لە کاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان، لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێت.
بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا کە کاریان لەسەر دۆسیەی سوریا دەکرد لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشار دەکات بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە گۆڕانکارییەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی لەناکاو رویانداوە و کارمەندانی "پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا" (SRP)یان گرتووەتەوە، کە نوێنەرایەتی نافەرمی ئەمریکایە بۆ سوریا و بارەگاکەی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵە.
ئەم دیپلۆماتکارانە لەژێر سەرپەرشتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی نوێی ئەمریکا بۆ سوریا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، کاریان دەکرد. باراک، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستبەکاربووە، پێشەنگی گۆڕانکارییەکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکادا دەکات کە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە.
بەشێکی سەرەکی ئەم سیاسەتە نوێیە، فشارخستنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە بۆ ئەوەی بە خێرایی پابەندی رێککەوتننامەی مانگی ئازار بن لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانیان تێکەڵی سوپای نیشتمانیی سوریا بکەن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی ئاشکرایکردووە کە هۆکاری دوورخستنەوەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بۆ "جیاوازیی بۆچوون"یان دەگەڕێتەوە لەگەڵ باراک لەسەر پرسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەسەدە. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەمریکی رەتیکردەوە کە جیاوازیی سیاسی هۆکار بووبێت و رایگەیاند کە ئەمە بەشێکە لە "رێکخستنەوەی تیمەکە" و کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتیی ئەمریکا نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر گۆڕانکارییەکان بدات.
سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی هەسەدە ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ئۆتۆنۆمییە بن کە لە ساڵانی شەڕدا بەدەستیان هێناوە. ئەوان کە شانبەشانی ئەمریکا دژی داعش جەنگاون، دەیانەوێت لە سوریای دوای ئەسەددا حکومەتێکی لامەرکەزی هەبێت کە تێیدا مافەکانیان پارێزراو بێت.
شایەنی باسە، لەدوای داخستنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە دیمەشق لە ساڵی2012، پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا لە ئەستەنبوڵ وەک نوێنەرایەتی سەرەکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کاردەکات.
بەرپرسان رایانگەیاند، لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، تەقە لە پێنج ئەفسەری پۆلیس کرا و سێیان گیانیان لەدەستدا.
کۆلۆنێڵ کریستۆفەر پاریس، کۆمیسیاری پۆلیسی ویلایەتی پێنسلڤانیا، رایگەیاند کە تەقەکەرەکە، کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
ناوبراو ئاشکرایکرد کە بەرپرسان دەزانن "ئەوان کێن و بۆ کێ کار دەکەن،" بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر پاڵنەری روداوەکە نەدا.
ئەو ئەفسەرە بە میدیاکانی راگەیاندووە، تەقەکردنەکە لە کاتێکدا رویداوە کە ئەفسەرەکان سەرقاڵی بەدوداچون بوون بۆ کێشەیەکی خێزانی کە پێشتر لەو ناوچەیە رویداوە.
دەرونناس و پسپۆڕی ماددە هۆشبەرەکان، ئەلێکسی کازانتسێڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە هەمووان دەزانن کحول کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی دەتوانن بە تەواوەتی وازی لێ بهێنن.
کازانتسێڤ کحول بە "چەکێکی کوشندە" وەسف دەکات.
ناوبراو دەڵێت: "بۆ مێشک، گرنگ نییە رێژەی کحول لە خواردنەوەکەدا بەرز بێت یان نزم، واتە خواردنەوەی چەند لیترێک بیرە یان شەراب مەترسییەکی راستەقینە دروست دەکات."
بە وتەی ئەو، لە سەدەی بیست و یەکدا کحول وەک ماددەیەکی کاریگەر لەسەر دەروون دانانرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هۆشیاری لاواز دەکات و کارکردنی بەشی پێشەوەی مێشک (ناوچەی نێوچەوان) سست دەکات، پاشان کەسەکە خەواڵوو دەبێت یان خاو دەبێتەوە. ئەم حاڵەتە بۆ گەنجان گونجاو نییە، چونکە ئەوان پێویستیان بەوەیە بەردەوام چالاک و بەرهەمدار بن و بیرۆکەکانیان ئازاد بکەن.
هەروەها دەڵێت: "بەڵام بۆ کەسانی بەساڵاچوو، زۆرجار کحول وەک رزگارکەرێک وایە، واتە وەک ماددەیەکی سڕکەری لە کۆمەڵگادا پەسەندکراو، دەمارەکان خاو دەکاتەوە و ئارامیان دەکات و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی دادەنێت."
شارەزاکە ئاماژە بە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی خود دەکات، چونکە دەبێتە هۆی بۆشاییەکی بایۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و رۆحی، و سەرەنجام جەستە وێران دەکات.
سبەینێ لە ئاکرێ گەورەترین فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 70 بەرهەمی خۆماڵی نمایش دەکرێت.
دلبرین غازی پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئاکرێ رایگەیاند، لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە 60 کەپر بۆ جوتیارانی دەڤەرەکە ئامادەکراوە و زیاتر لە 70 جۆر بەرهەمی خۆماڵی چوار وەرزە تێیدا نمایش دەکرێت.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە هەموو شارەکانی کوردستان گەشتیاران روو لە فێستیڤاڵەکە بکەن.
بەهۆی گۆرانی كەشوهەواوە لە كیشوەری ئەوروپا، 15 هەزار كەس لەمساڵدا گیانیانلەدەستداوە.
توێژەرانی دوو زانكۆی بەریتانی ئاشكرایان كردووە، لە 854 شاری گەورەی ئەوروپا، رێژەی مردن بەهۆی گەمار و گۆڕانی كەشوهەواوە بەرێژەی 68% بەرزبووەتەوە بەتایبەت لەناو چینی بەساڵاچوواندا.
توێژەران هەروەها دەڵێن، زیاتر لە 15 هەزار كەس راستەوخۆ بەهۆی گەرمای ئەمساڵەوە گیانیانلەدەستداوە، بەجۆرێك لە هەریەك لە رۆما، ئەسینا و پاریس بەرزترین رێژەی مردن تۆمار كراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی هۆمەر بابەکر ئاغای گردەسپیان، پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.
دەقی پرسەنامەکە
هەڤاڵی تێکۆشەر هۆمەر بابەکر ئاغای گردەسپیان، پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی میراودەلی.
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەردوو کچی بەڕێزتان (خاتوو مینا و خاتوو رێزان)ـمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە، لە دڵەوە هاوبەشی ماتەمتانین و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەین.
لە خوای گەورە داواکارین گیانی ئازیزانتان بە بەهەشتی بەرین شادبکات، ئارامی و دڵنەوایش بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی دەوڵەت کۆبونەوەی کۆتایی ئەنجامدەدات بۆ دەرکردنی روونکردنەوە و پێدانی بۆچوونی خۆیان دەربارەی راپۆرتی لیژنە یاساییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بە کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و عیراق.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی دەوڵەت بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاندووە: ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت نەیتوانی روونکردنەوەی خۆی دەربکات، چونکە ناکۆکییە یاساییەکە لە نێوان هەرێم و بەغدا زۆرە.
ئەو سەرچاوە راشیگەیاندووە: بۆیە ئەنجومەنی دەوڵەت بە راوێژکردن لەگەڵ دەستەی گشتی ئەنجومەن، بڕیاریاندا سبەی پێنجشەممە کۆوەببنەوە (تفسیر) روونکردنەوەی خۆیان دەربکەن.
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق کارنامەی کاری لی جون ئیلباڵیۆزی کۆماری کۆریای باشوور، و دیدیک ئیکۆ پوجیانتۆ باڵیۆزی کۆماری ئیندۆنیزیا و مەقسودل حەق باڵیۆزی کۆماری گەلی بەنگلادیش، وەرگرت.
لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزانی نوێ، بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە، سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ کە هەماهانگی زیاتر بکات و بەشداربێت لە بنیاتنانی هاوبەشی ڕاستەقینە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش دەکات.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی عیراق بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزان خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان.
لە بەرامبەردا باڵیۆزان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پەرۆشی بۆ ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، ویستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگی لەسەر مەسەلەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش دووپاتکردەوە.
ئۆجەلان رایگەیاند ئامادەیە لە زیندان بمێنێتەوە بەڵام بەرەو ئەوروپا كۆچ نەكات دەشڵێت ساڵانێكە سیاسەتی كۆچبەركردن دژی كورد بەكاردەهێنرێت.
وەفدی ئیمرالی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ وەفدەكەدا داوای كردوە گەنجانی كورد كە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردوە هەوڵی گەڕانەوە بدەن بۆ زێدی خۆیان بەشداربن لە پاراستنی كەلتور و زمانی وڵاتەكەیان.
ئۆجەلان بە وەفدەكەی وتوە، پێویستە كار بكرێت بۆ هاندان لە پێناوگەڕانەوەی گەنجان و كۆچبەرانی كورد بۆ نیشتمانەكەیان ئەوانەشی نیازی كۆچیان هەیە دەبێت بزانن كە هەوڵەكەیان لە زیانی وڵاتەكەیانە.
وەفدی ئیمرالی ئاماژەی بەوە كردوە، كە ئۆجەلان رەخنەی لە دانیشتوانەی شارەكانی ئاگری و روحا و ئەو شارانەی باكوری كوردستان گرتوە كە شوێنی نیشتەجێبونیان جێدەهێڵن و دەچنە شارەكانی توركیا یان بەرەو ئەوروپا كۆچ دەكەن.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا ئۆجەلان رایگەیاندوە، پێویستە لەم قۆناغەدا گەنجان و كۆچبەرانی كوردی ئەوروپا ئەركی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتەكەیان بۆ پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بكەن، وتوشیەتی ئامادەیە لە زیندانی ئیمراڵی بمێنێتەوە بەڵام رو لە ئەوروپا نەكات.
ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پێدەچێت ئەمرۆ بۆچونی خۆی لەوبارەیەوە بخاتەروو.
پەیامنێری كوردسات نیوز لەبەغداد رایگەیاند، ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ تاوتوێكردنی بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە كۆبوونەوەدان.
وتیشی، كۆبونەوەكە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی عیراق و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەڕێوە دەرەچێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، پێدەچێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، بۆچونی خۆی لەبارەی راپۆرتی لیژنە یاساییەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بخاتەروو.
دووهەفتە لەمەوبەر، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەردوو راپۆرتی یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق و هەرێمی سەبارەت بە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت كرد تاوەكە لە روویاساییكەوە تەفسیری خۆی بۆ بكات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی سێ بابەت كۆدەبێتەوە، كە گرنگترنیان دواپێشهاتی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی سێ بڕگە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات.
لە بڕگەی یەكەمدا، ئەنجومەنی وەزیران، دواپێشهاتی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆ دەكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، لەبارەی ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان دەكات.
لە بڕگەی كۆتاییدا، پڕۆسەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی 2025-2026 دەخرێتە ڕوو.
ئیسرائیل پێشنیازی نوێی رادەستی سوریا كردوە و بڕیاریشە ئەمرۆ بە نێوەندگیریی ئەمریكا سێیەم خولی دانوستانەكانی لێپرسراوانی تەلئەبیب و دیمەشق لە لەندەن بەڕێوبچێت.
پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردوەتەوە، ئیسرائیل پێشنیازێكی وردی سەبارەت بە سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ سوریا رادەستی دەسەڵاتدارانی دیمەشق كردوە و بڕیاریشە ئەو پێشنیازە بە نێوەندگیریی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا لە نێوان لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیلدا تاوتوێ بكرێت.
بریارە ئەمرۆ رۆن دەیرمەر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە نێوەندگیری ئەمریكا لە لەندەن كۆببنەوە تاوتوێی پێشنیازە نوێیەكە بكەن كە سنورەكانی باشوری رۆژئاوای سوریا تا سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەك بە ئەكسیۆسی راگەیاندوە پێشبینی ناكرێت ئەو دوو وڵاتە سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.
دەسەڵاتی دیمەشق پێشنیازی فەرەنسا بۆ دانوستان لەگەڵ هەسەدە رەتدەكاتەوە ، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش رایگەیاندوە ئەو كێشانە ناوخۆییە و لە ناوخۆدا چارەسەر دەكرێت.
ئاژانسی هەوالی رەسمی سوریا -سانا- بڵاویكردوەتەوە، فەرەنسا پێشنیازی بۆ دیمەشق كردوە دانوستانەكان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتی -هەسەدە- لە ئوردون یان سعودیە و هەرێمی كوردستان دەست پێبكەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی كردوە ئەو دانوستانەی لە پاریس هەڵوەشایەوە لە وڵاتێكی دیكە بەڕێوبچێت و نوێنەرانی دیمەشق و هەسەدە هەر لە چوارچێوەی دانوستانەكانی پاریسدا كۆببنەوە.
فەرەنسا بە دەسەڵاتی دیمەشقی راگەیاندوە، ئامادەیە دڵنیایی بدات لە شوێن و كاتی هەر كۆبونەوەیەك كە دیمەشق و هەسەدە پەسەندی دەكەن .
سەرچاوەیەك لە هەسەدە بە تەلەفیزیۆنی رەسمی سوریای راگەیاندوە، پێش ئەوەی بڕیار بێت دانوستانەكان لە پاریس بەڕێوەبچێت دەسەڵاتی دیمەشق هەرجۆرە دانوستان و گفتوگۆیەكی لەگەڵ هەسەدە هەڵپەساردبو.
وەزارەتی دەرەوەی سوریاش پێشنیازەكەی فەرەنسای بۆدانوستان لەگەڵ هەسەدە رەتكردوەتەوە لەراگەیەنراوێكدا جەختی كردوەتەوە لەوەی كێشەكانی دیمەشق و هەسەدە ناوخۆیین و هەوڵ دەدرێت هەر لە ناوخۆی سوریا چارەسەر بكرێن.