محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "کوردسات نیوز"، لە بەرنامەی رێگای کوردستان  رایگەیاند، حکومەتی تورکیا بۆ ماوەی 27 ساڵە رێگری لێ کردوون لە زیندانی ئیمرالی بە زمانی کوردی لەگەڵ براکەیدا قسە بکەن. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ماوە درێژەدا رێگەیان پێنەدراوە بە زمانی دایکیان قسە بکەن، بەڵام لە دوایین دیداریاندا بۆ یەکەمجار رێگەی پێدراوە تەنها بۆ ماوەی یەک سەعات بە زمانی کوردی لەگەڵ براکەی گفتوگۆ بکات.

محەمەد ئۆجەلان باسی لەوەش کرد کە لەو دیدارەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان گرنگییەکی زۆری بە دۆخی ناوخۆیی کورد داوە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە کە ئێستا "رەوشی یەکگرتووی کوردان" چۆنە و لایەنە کوردییەکان لە چ ئاستێکی تەباییدان.

لەبارەی رەوشی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە جەختیکردەوە، تەندروتسی ئەو زۆرباشە و هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە.

 ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە رەوشی تەندروستی و گۆشەگیریی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی هەمیشە جێگەی بایەخی کوردان و ناوەندە سیاسییەکان بووە.