د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسپانیا، باسی چەندین مەسەلەی گرنگی هەرێم و ناوچەکەی کردووە و تیشکی خستووەتە سەر ئاڵنگاریی و مەترسییە ئیقلیمیەکان، ئەمەی خوارەوە هەڵبژاردەیەکە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکە بۆ خوێنەران:

 ئیدانەی توندوتیژی ئیسرائیل:

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ فەلەستین و لوبنان و سوریا و یەمەن و ناوچەکانی دیکەش درێژەی کێشاوە ، ئەم هێرشانە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامن و ئەم کردارە توندوتیژانە ژمارەیەکی تراژیدیی قوربانی لێکەوتووەتەوە و ئازاربەخشە کە ئەم هێرشانە رۆژانە تائێستاش لە غەززە بەردەوامن.

بڕیاری کۆتاییهێنان بەم کارەساتە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلە. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی جددی نییە کە نیازی راستەقینە بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژییە هەبێت و دەبێت دەستبەجێ ئەم پێشێلکارییە نایاساییانە بوەستێنرێن.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک کۆمار دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل، رایگەیاند: نەک تەنها فەلەستینییەکان کوژران، بەڵکو کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لەدەستدا، رۆژنامەنووسان کرانە ئامانج و زۆربەیان کوژران. ئێمە لە مێژووی ئەم دواییانەدا تاوانی لەو شێوەیەمان نەبینیوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شکستی هێناوە لە کۆتاییهێنان بەم توندوتیژیە بەردەوامە. لە ڕاستیدا، هەندێک لە دەوڵەتە کاریگەرەکان بەردەوامن لە پشتگیری و تەنانەت هاندانی ئەم جۆرە کارانە.
 
ئێمە بە ئاشکرا و بێ دوودڵی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین. ئەم پەرەسەندنانە جێگەی نیگەرانییەکی گەورە بوون بۆ ئێمە و پێدەچێت بەشێک بن لە سیاسەتی سیستماتیکی ئیسرائیل بە ئامانجی زیادکردن و فراوانکردنی مەودای دەستدرێژی.

ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران:

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: “ئێمە بە ئاشکرا و بێ دوودڵی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین. ئەم پەرەسەندنانە جێگەی نیگەرانییەکی گەورە بوون بۆ ئێمە.”

ئەوەی خستە ڕوو کە “ئێمە بە وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران ئاسودەین بەڵام ڕەگی کێشەکە هەر ماوە کە لە سەرووی هەموویانەوە کێشەی فەلەستینە.”

دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران:

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران باشە، وڵاتێکی دراوسێیە و نزیکەی 1400 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە.”

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە “هێشتا پشت بە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر غاز لە ئێرانەوە دەبەستین” بەڵام سزاکان کێشە دروست دەکەن.

### هێزە فرە نەتەوەییەکان

سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە کە “بوونی هێزە فرە نەتەوەییەکان لە عیراق لەسەر بنەمای رێککەوتنی رەسمی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار و حکومەتی عیراق دادەنرێت.”

هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “هێزە ئەمنییەکانمان ئامادەو بەتوانان و سوپاسگوزاری هێزەکانی هاوپەیمانی فرە نەتەوەیی دەکەین.”

دەربارەی یەکڕیزیی کوردستان و پرسی کورد:

سەرۆک کۆمار لەبارەی یەکڕیزیی کوردستانەوە وتی: “مەسەلەی یەکڕیزیی کورد ناوبەناو دێتە ئاراوە بەڵام تا ئێستا دوورە لەوەی ببێتە واقیع.”

هاوکات وتیشی: “هەموو کوردێک خەون بە یەکڕیزیی کوردستانەوە دەبینێت لە داهاتوودا بەڵام کەی ئەوە ڕوودەدات ئەمە هێشتا پێناسە نەکراوە.”

کێشەی پەکەکە و تورکیا:

سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە “عیراق بەتەواوی ڕەتی دەکاتەوە کە خاکی خۆی لەلایەن هەر رێکخراوێک و تاک و لایەنێکی سیاسیەوە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکار بهێنرێت.”

هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە “کرۆکی کێشەکە لە هێرشەکاندایە، بەتایبەتی هێرشەکانی تورکیا” و داوای کرد کە “ئەم پێشێلکاریانە ڕابگرێت.”

سەرۆک کۆمار سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئیسپانیا دەربڕی: “هەموو عیراقییەکان سوپاسگوزاری خۆیان دەردەبڕن بۆ هەڵوێستی ئیسپانیا بەتایبەتی لەروی پرسی فەلەستین.”

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا بەرز دەنرخێنێت کە تیایدا وتارێکی بەهێز و کاریگەری پێشکەش کرد.”

دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا:

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە “پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا بەهێزە و هاوکاری ئابووریمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەشەسەندنێکی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە.”

پرسی چەکی ئەتۆمی:

سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە “ئێران هەوڵ نادات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت و گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران بگاتە لێکتێگەیشتنێکی ڕوون.”