بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک  تێکۆشەری دێرین کۆبووەوە کە لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی دڵسۆزی و ماندووبوونی هەموو ئەو هەڤاڵانەی کرد کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆیان بۆ کارکردن لە ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی و خزمەتکردنی گەلەکەمان تەرخانکردووە و لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال لە خەباتی کوردایەتی بەردەوامن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ئێمە شانازی بە هەموو ئەو هەڤاڵانەمانەوە دەکەین کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە و سەرمایەیەکی گەورەن بۆ بەردەوامی و زیاتر گەشانەوەی یەکێتییەکەمان.

لەبارەی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و گۆڕانکارییە رێکخراوەییەکان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەڤاڵانی یەکێتی پێگەیان پارێزراو دەبێت و بەپێی ئەم قۆناغ و سەردەمە ئەرکدار دەکرێنەوە.