دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رێگری لە پرۆسەی دەستکاریکردن و تاپۆکردنی موڵکێکی دەوڵەت لە پارێزگای کەربەلا دەکات کە بەهاکەی زیاتر لە 11 ملیار دینارە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، تیمێکی مەیدانی لە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا زانیارییان لەسەر دەستکاریکردن و ساختەکاری لە تۆمارکردنی موڵکێک بەدەستهێناوە کە روبەرەکەی 596 مەتر دووجایە و دەکەوێتە شوێنێکی گرنگی شارەکەوە، دوای بەدواداچون دەرکەوتووە خاوەندارێتییەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی کەربەلا دەگەڕێتەوە.
موڵکەکە باڵەخانەیەکی هەیەکەلییە و لە ئێستادا 10 نهۆمی لێ دروستکراوە و بەپێی پلان بڕیاربووە بکرێتە 22 نهۆم، بەڵام بەشێوەی نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە و بەناوی چەند هاووڵاتییەکەوە کراوە، لەکاتێکدا بەها مەزندەکراوەکەی 11 ملیار و 26 ملیۆن دینارە.
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەربەلا بڕیاریدا بە سەلماندنی خاوەندارێتی موڵکەکە بۆ شارەوانی و دانانی نیشانەی گلدانەوە (حجز) لەسەری، هەروەها رادەستی نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کرا وەک لایەنی سێهەم تا کاتی یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکە و راستکردنەوەی تۆمارەکە بەناوی خاوەنە راستەقینەکەیەوە.
ئەمشەو جیهان ماڵئاوایی لە ساڵێکی دیکە دەکات و ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ دەکات، بەڵام هەمووان تەنها بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان و ژماردنی چرکەکان ئاهەنگ ناگێڕن. لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک چاوەڕێی سەعات ١٢ی شەو دەکەن، گەلانی جیهان چەندین نەریتی سەیر و سەمەرەیان هەیە کە پێیان وایە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت.
ئەمانە بەشێکن لە سەیرترین نەریتەکانی سەری ساڵ لە جیهاندا:
ئیسپانیا؛ 12 دەنک ترێ بۆ 12 مانگ:
لە ئیسپانیا نەریتەکە وایە لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکی سەعات ١٢ی شەو، دەنکێک ترێ بخۆن. واتە دەبێت لەو چەند چرکەیەدا ١٢ دەنک ترێ بخۆیت کە هێمایە بۆ ١٢ مانگی ساڵی داهاتوو. ئەم نەریتە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و ئیسپانییەکان پێیان وایە بەختی باش دەهێنێت.
دانیمارک؛ بازدان لەسەر کورسی:

دانیمارکییەکان بە شێوازێکی "بەرز" دەچنە ناو ساڵی نوێوە. نەریتەکە بەو جۆرەیە کە دەچنە سەر کورسییەک و کاتێک سەعات دەبێتە ١٢، باز دەدەنە خوارەوە. ئەوان پێیان وایە ئەگەر باز نەدەیت یان لەبیرت بچێت، ئەوا ساڵی داهاتوو توشی بەختی خراپ دەبیت.
ئەڵمانیا؛ سەیرکردنی کۆمیدیایەکی بەریتانی:
ئەڵمانییەکان نەریتێکی سەریان هەیە، ئەویش سەیرکردنی شانۆگەرییەکی کۆمیدی رەش و سپی بەریتانییە بەناوی "Dinner for One" کە لە ساڵی ١٩٦٢ تۆمار کراوە. چیرۆکەکە باسی پیرەژنێکی ئینگلیز دەکات بەناوی سۆفی کە یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، بەڵام هەموو میوانەکانی مردوون، بۆیە خزمەتکارەکەی ناچارە رۆڵی هەر چوار میوانەکە ببینێت تا پیرەژنەکە هەست بە تەنیایی نەکات.
کۆڵۆمبیا؛ راکردن بە جانتای بەتاڵەوە:
ئەگەر خەونی ئەوەت هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا زۆر گەشت بکەیت، رەنگە حەز بکەیت ئەم نەریتەی کۆڵۆمبیا تاقی بکەیتەوە. لەو وڵاتە خەڵک جانتایەکی سەفەری بەتاڵ دەگرن بە دەستەوە و بە خێرایی بە دەوری گەڕەک یان کۆڵانەکەدا دەسوڕێنەوە، ئەوان بڕوایان وایە ئەمە دەرگای گەشتکردنیان بۆ دەکاتەوە.
فلیپین؛ هەموو شتێک دەبێت بازنەیی بێت:
لە کەلتوری فلیپیندا، شێوەی "بازنەیی" هێمایە بۆ سکە و پارە. بۆیە خێزانەکان ١٢ جۆر میوەی بازنەیی ئامادە دەکەن و دەیخۆن تاوەکو ساڵێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و پارەیان هەبێت. تەنانەت جلەکانیشیان دەبێت نەخشی خاڵخاڵ (بازنەیی)ی تێدابێت.
بەرازیل؛ بازدان بەسەر ٧ شەپۆلدا:
لە بەرازیل زۆربەی خەڵک بە جلی سپییەوە دەچنە کەنار دەریاکان. نەریتەکە ئەوەیە باز بەسەر حەوت شەپۆلدا بدەن وەک سوپاسگوزارییەک بۆ خوداوەندی دەریا. گرنگترین مەرجیش ئەوەیە دوای تەواوبوون نابێت پشت لە دەریا بکەن تاوەکو قاچەکانیان بە تەواوی لە ئاوەکە دەچێتە دەرەوە، ئەگەرنا بەختی خراپیان دەبێت.
سکۆتلەندا؛ یەکەم هەنگاو:
سکۆتلەندییەکان بایەخێکی زۆر بەو کەسە دەدەن کە دوای سەعات ١٢ی شەو یەکەمجار دەچێتە ماڵەکەیانەوە. بەپێی ئەفسانەکان، باشترە ئەو کەسە پیاوێکی باڵابەرزی ئەسمەر بێت (بۆ ئەوەی لە ڤایکینگەکان نەچێت). پێویستە دیارییەکیشی پێبێت وەک خوێ، خەڵوز یان ویسکی، کە هێمان بۆ گەرمی و خۆراک.
یۆنان؛ هەڵواسینی پیاز:
یۆنانییەکان پیاز بە دەرگاکانیانەوە هەڵدەواسن وەک هێمایەک بۆ لەدایکبوونەوە. کاتێک رۆژی ساڵی نوێ دێت، هەندێک دایک و باوک پیازەکە بە هێواشی لە سەری منداڵەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی بەختیان باش بێت.
ئەمریکا؛ تۆپەکەی تایمز سکوێر:
لە ئەمریکا ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرک یان لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە چاوەڕێی دابەزینی تۆپە کریستاڵییە بەناوبانگەکە دەکەن، کە بەهۆیەوە هاتنی ساڵی نوێ رادەگەیەنرێت.
پلانی ساڵی نوێ:
لەکۆتاییدا، باوترین نەریت لە هەموو جیهاندا دانانی "پلانی ساڵی نوێ"یە. هیواخوازین ساڵی ٢٠٢٦ بۆ هەمووان ساڵی هاتنەدی ئاواتەکان و دەستپێکێکی نوێ بێت.
كەشناسی عیراق رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ بەفر لە دهۆك و باكوری شارەكانی هەولێر و سلێمانی ببارێت و پلەكانی گەرما دەچنە ژێر سفری سیلیزیەوە.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین دهۆك و باكوری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و رۆژئاوای موسڵ دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی پێنجشەممە باران لە هەرێمی كوردستان و عیراق دەبارێت و رۆژی هەینیش پێشبینی بارانبارین دەكرێت لە ناوەڕاست و باشوری عیراق.
دەشڵێت، ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و پلەكانی گەرما دەچنە ژێر سفری سیلیزیەوە و شەختە دروست دەبێت و لە رۆژی شەممەوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.
هەندێک جار پارچە گۆرانییەک یان ئاوازێک لە مێشکماندا دەخولێتەوە و هەست دەکەین بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، زانایان ئەم دیاردەیە بە "کرمی گوێ" ناو دەبەن و توێژینەوەکانیش دەریدەخەن زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی رێکخراو توشی ئەم دۆخە دەبن.
بەپێی توێژینەوەیەکی فینلەند، زیاتر لە 90%ـی خەڵک لانیکەم هەفتەی جارێک توشی دیاردەی مانەوەی گۆرانی لە مێشکیاندا دەبن، نزیکەی 60%یش رۆژانە ئەمە ئەزمون دەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆر گوێ لە میوزیک دەگرن.
چی لە مێشکدا روودەدات؟
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"، توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە فرمانەکانی مێشک لەکاتی گوێگرتن لە میوزیک و خەیاڵکردنی میوزیکدا (وەک دیاردەی کرمی گوێ) لێکچونێکی زۆریان هەیە. ئەم دیاردەیە دەنگێکی راستەقینە نییە کە بە دەنگی بەرز بیبیستین، بەڵکو لەناو مێشکدایە.
دەرکەوتووە بەشێک لە مێشک کە پێی دەوترێت توێکڵی بیستنی پەیوەندیدار، رۆڵێکی گەورەتر دەبینێت لە خەیاڵکردنی میوزیکدا بەراورد بە توێکڵی بیستنی سەرەتایی کە ئەرکە بنەڕەتییەکان ئەنجام دەدات. تەنانەت ئەو کەسانەی کێشەی نەبیستنی ئاوازیان هەیە و ناتوانن باش میوزیک شیبکەنەوە، هێشتا توشی "کرمی گوێ" دەبن بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر.
کاریگەری لەسەر یادگە:
ئەم دیاردەیە کاتێک روودەدات، دەچێتە نێو بەشێک لە بونیادی مەعریفی مرۆڤ کە پێی دەوترێت "یادگەی کارکردن". توێژەرانی ئوسترالیا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر گۆرانییەک لە مێشکی کەسێکدا مابێتەوە، وردبینی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا کەمتر دەبێتەوە، چونکە ئاوازەکە شوێن بە زانیارییەکانی دیکە لێژ دەکات لە یادگەدا.
هەروەها دەرکەوتووە تا مرۆڤ زیاتر ئاشنا بێت بە گۆرانییەکە، ئەگەری تێکەڵبوونی بە یادگەی کارکردن زیاتر دەبێت.
سود و زیانەکان:
هەرچەندە هەندێک جار مانەوەی ئاوازێک بێزارکەرە، بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن زۆربەی کات ئەزمونێکی چێژبەخشە. توێژەرانی ئەڵمانیا پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە نیشانەکانی "کشانەوە" لە گوێگرتن لە میوزیک، واتە کاتێک حەز دەکەین گوێ لە میوزیک بگرین و ناتوانین، مێشکمان بەم شێوەیە قەرەبوی دەکاتەوە.
توێژەرانی بەریتانیاش دەڵێن سروشتی ئەو گۆرانییەی لە مێشکدا دەمێنێتەوە، پەیوەندی بە هۆکاری گوێگرتنەکەوە هەیە، بۆ نمونە ئەگەر بۆ حەماس گوێ لە گۆرانی بگریت، ئەوەی لە مێشکیشتدا دەمێنێتەوە گۆرانییەکی حەماسی دەبێت. بەڵام بۆ ئەوانەی نەخۆشی وەسواسیان هەیە، رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی بیرکردنەوەی نەخوازراو.
چۆن رزگارمان دەبێت؟
توێژەرانی بەریتانیا رێگەیەکی سەیر بەڵام کاریگەر بۆ رزگاربوون لەم دۆخە پێشنیاز دەکەن، ئەویش جوینی "بنێشت"ـە.
ئەمە لە رووی زانستییەوە لۆژیکییە، چونکە جوینی بنێشت ماسولکەکانی قوڕگ سەرقاڵ دەکات و دەبێتە هۆی پچڕاندنی ئەو بازنەیەی ئاوازەکەی تێدا دەخولێتەوە. جگە لەوەش، گوێگرتن لە گۆرانییەکی جیاواز دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەرکردنی ئاوازە کۆنەکە لە مێشکدا.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە پشت هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە کە هەفتەی رابردوو لە ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هێرشەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە گومان دەکرێت لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەری ڤەنزوێلاوە بەکاربهێنرێت.
ئەم هێرشە بە یەکەم ئۆپراسیۆنی راستەوخۆی ناسراو دادەنرێت لەسەر خاکی ڤەنزوێلا لەوەتەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولەوە دەستی بە ئەنجامدانی هێرش کردووە، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی گەورە لە هەڵمەتی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ڤەنزوێلا هیچ لێدوانێکی رەسمییان لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لە نیویۆرک ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنەکە کرد و رایگەیاند، ئەمریکا دامەزراوەیەکی "گەورە"ی وێران کردووە کە وەک خاڵی دەستپێک بۆ کەشتییەکان بەکارهێنراوە.
هاوکات رۆژی دووشەممە، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هاوینەهەواری مارالگۆ، ترەمپ زانیاری زیاتری بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرا کرد و وتی: "ئۆپراسیۆنەکە ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی کردۆتە ئامانج کە تێیدا مادەی هۆشبەریان بار دەکردە سەر بەلەمەکان"، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئایا هێرشەکە لەلایەن سوپاوە ئەنجامدراوە یان ئاژانسی هەواڵگری (CIA).
بە بۆنەی هەڵبژاردنیان وەک دەستەی سەرۆکایەتی نوێی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، شانزا ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق پەیامکی پیرۆزبایی ئاراستەکردون و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت، ئاماژەی بەوەشکردوە گرتنەئەستۆی ئەم ئەرکە هەنگاوێکی پڕ بایەخە بۆ خزمەتکردن بەگەل و نیشتمان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هیوادارە دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران، هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ تا ئەو ئەمانەتە نیشتمانییەی لە ئەستۆیاندایە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بەباشترین شێوە بیگەیەننە ئەنجام.
دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق
خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و تێیدا هاتووە؛ بەبۆنەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەخولی شەشەمیدا، پیرۆزبایی لە سەرۆک و هەردوو جێگرانی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازم.
گرتنەئەستۆی ئەم ئەرکە هەنگاوێکی پڕ بایەخە بۆ خزمەتکردن بەگەل و نیشتمان لەڕێی پتەوکردنی کاری یاسادانان و چاودێری و رەنگدانەوەی داواکاری و مافە دەستورییەکانی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق.
هیوادارم لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەموو هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ تا ئەو ئەمانەتە نیشتمانییەی لە ئەستۆتاندایە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بەباشترین شێوە بیگەیێننە ئەنجام و لەئاست چاوەڕوانیی گشت ئەوانەدابن کەتینووی چاکسازی و پەرەپێدان و ئاوەدانی و سەقامگیرین لەوڵاتدا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەبۆنەی بەدەستهێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەتروشی دەکات، هیواخوازیشن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
دوا هەڵبژاردنی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە 177 دەنگ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەرهاد ئەروشی دەکات.
دەقی پەیامەکە
بەڕێز فەرهاد ئەتروشی ، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێ دەکەین .
هیوادارین لەم ئەرک و لێپرسراوێتییەدا سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی فەرهاد ئەتروشی دەکات و دەڵێت: بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێدەکەم.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێز فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق
بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیوادارم لەم ئەرکە گرنگەتاندا سەرکەوتووبن.
د. لەتیف رەشید، پەیامێکی پیرۆزبایی یاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانو دوو جێگرەکەی دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران یەکەم ئەرکی دەستووری خۆی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ کرد.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار پەیامێکی پیرۆزبای بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەکەی دەکات و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکانیاندا.
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران یەکەم ئەرکی دەستووری خۆی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ کرد و ئەمەش جەخت لەسەر هەستی قووڵی بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەکاتەوە، کە سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی بەشەرەفی نوێنەران هەستی پێدەکەن.
د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆڵی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆڵی یاساداناندا گرنگە و خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکەن، کە ئەم ئەرکە چاودێرییە بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکەن، چونکە ئەزموونێکی دیموکراسی راستەقینە مەحاڵە بەبێ ئەنجومەنێکی نوێنەرانی راستەقینە، کە توانای چاودێریکردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران هەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەخوازێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیامدا.

بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر هۆشداری دەدات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پیش ئێوارەبوون بگەرێنەوە ناو ماڵەکانیان، لەبەر ئەوەی تەواوی رێگەکان دەیبەستن
ئەمڕۆ سێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ داوا لەو گەشتیار و رێبوارانی دەکەن، کە رێگاکانی دەرەوە بەکاردێنن، پێش مەغریب بگەڕێنەوە، چونکە رێگاکان بەتەواوی دەبنە بەستەڵەک.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، تیمەکانیان بە درێژای شەو بەردەوام دەبن لە پاکردنەوەی رێگاکان و رشتنی خوێ بە مەبەستی دانەخستی رێگاکان.
پۆلیسی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرتاسەریدا زیاتر لە 350 گومانلێکراویان، بە گومانی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆرستی داعشدا دەستگیر کردوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دوێنی لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆ سەر خانوەیەک، کە ژمارەیەک چەکداری تێدابوو، لە ئەنجامدا سێ پۆلیسی و شەش چەکدار کوژران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتکەی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەڵمەتێکی هەماهەنگیدا توانیویانە 357 تۆمەتبار لە 21 پارێزگای وڵاتەکەدا دەستگیربکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک چۆن هەرگیز دەرفەتیان بەو کەسانە نەداوە، کە هەوڵدەدەن ئەو وڵاتە بە تیرۆر بخەنە ئەژنۆوە، لە داهاتووشدا هەرگیز دەرفەتیان پێنادەن.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە لە گەمارۆیەکی هەشت کاتژمێری لە شاری یالۆڤا لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، سێ ئەفسەری پۆلیس و شەش کەسی گومانلێکراوی چەکدار کوژران، ئەمە جگە لەوەی هەشت ئەفسەری تری پۆلیس و پاسەوانێک بریندار بوون.
ئۆجەلان دەڵێت، بەرپرسیارێتی سەرەكی لە داهاتوودا رێگریكردنە لە ململانێیەكی نوێی پێشبینیكراو و دەرئەنجامە نەگەڕاوەكانی.
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" پەیامێكی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، شەڕ رێگەی لە بەردەم كاولكاریی و هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵایەتی كردەوە، دیدی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیش دەتوانێت رێگری لە شەڕ و پێكدادان بكات، ئەو دیدگایەش بنەمای ژیانێكی پێكەوەیی ئاشتییانە و ئازاد بنیات دەنێت.
دەشڵێت، بەرپرسیارێتی سەرەكی لە داهاتوودا رێگریكردنە، لە ململانێیەكی نوێی پێشبینیكراو و دەرئەنجامە نەگەڕاوەكانی.
لەبارەی سوریا و رۆژئاوای كوردستانیش ئۆجەلان ئاماژەی بەوەكردووە، لە سوریا ساڵانێكی زۆر عەقڵیەتی تاكپەرستی و نكۆڵیكردنی ناسنامە حوكمی كرد و نابێت بەردەوام بێت، راشیگەیاندووە، لە نێوان هەسەدە و حكومەتی دیمەشقدا رێككەوتنی 10ی ئادار ئیمزاكراوە، رێككەوتنەكەش ئەو داواكارییانە بەدیدەهێنێت كە هەموو نەتەوەكان پێكەوە خۆیان بەڕێوەببەن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەش رێگە لە بەردەم ئاشتی دەكاتەوە و پێشی دەخات.
ئۆجەلان جەختیشیكردووەتەوە، زۆر گرنگە توركیا لەو پرۆسەیەدا رۆڵێكی ئاسانكەر و بونیاتنەری هەبێت و رێگە بۆ گفتگۆ بكاتەوە كە بۆ ئاشتی ناوچەیی و بەهێزكردنی ئاشتی ناوخۆییش گرنگە.

دوای ماوەیەك لە وشكەساڵی، شەپۆلی بارانبارین ئاستی ئاوی كۆگاكراوی بەنداوەكانی حەمرین و عوزێمی زیادكردووە.
عومەر كەروی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەم مانگە عیراقی گرتەوە، ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی حەمرین و عوزێم زیادیكردووە كە گرنگی ستراتیژییان هەیە.
وتیشی، ئاوی كۆگاكراوی ئەو دوو بەنداوە ئەگەر پڕبن چوار ملیار مەتر سێجا تێدەپەڕێنێت، بەپێی دوایین راپۆرتیش بەنداوی حەمرین 40% و بەنداوی عوزێم 30% پڕبوون.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە، هەموو شەپۆلێكی بارانبارین لە وەرزی زستاندا دەقۆزرێتەوە و بەپێی رێكاری گونجاو بەنداوەكانی پێ پڕدەكرێن، بەبێ ئەوەی هیچ كێشەیەك هەبێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لەکۆشکی سەلام، پێشوازی لە هەیسەم عەزیز عادل پارێزگاری زیقار کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار مەرسومی سەرۆکایەتیی تایبەت بە دامەزراندنی وەک پارێزگاری زیقار، پێشکەشی هەیسەم عادل کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانیدا، وجەختیشی لەپێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە پارێزگاکە و دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانەکەی و پتەوکردنی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە جیاوازەکانیدا بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان کردەوە.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری زیقار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی ڕؤڵەکانی پارێزگاکە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ژێرخانی دووپاتکردەوە.
دواكەوتنی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاردانەوە و رای جیاوازی لێكەوتووەتەوە.
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی زۆرینەی رەها پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یەكلانەكراوەتەوە و ئەمڕۆ دەنگدان بۆ كاندیدەكان دووبارە دەكرێتەوە، وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەی دوێنێدا لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكە و جێگری یەكەمی سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد، بەڵام لە دیاریكردنی جێگری دووەمدا شكستی هێنا.
یونادم كنا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، رێكنەكەوتنی سیاسی وایكرد دیاریكردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تێنەپەڕێت.
وتیشی، دواكەوتن و درێژكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هۆكار دەبێت بۆ دواخستنی دەستكەوتە دەستورییەكانی تر و كاریگەری نەرێنی لەسەر كارەكانی قۆناغی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبێت.
دەستەی گومرگی عیراق دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە باجی گومرگی نوێ بەڕێژەی 15% بەسەر ئۆتۆمبێلی كارەباییدا دەسەپێنن.
سامر قاسم بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگی عیراق رایگەیاند، لە 1ـی 1ـی ساڵی نوێوە باجی گومرگی نوێ بەڕێژەی 15% بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایدا دەسەپێنن.
وتیشی، بڕیارەكە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2025 و ساڵانی دواتر دەگرێتەوە و بڕیارەكەش لەپێناو رێكخستنەوەی شەقامەكانی عیراق و ژینگە و كۆنترۆڵكردنی هاوردەی ئۆتۆمبێل جێبەجێ دەكەن.
گومرگی عیراق باجی نوێ بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی كارەباییدا دەسەپێنێت