بڕیار محەمەد پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەمڕۆ لە پیرمام وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە.
پەیامنێرمان راشیگەیاند: تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
نوێدەکرێتەوە...
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڤاکسینی پەتای وەرزی (ئەنفلۆنزا) لە سەرجەم مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەست دەبێت و هاوڵاتییانی دەتوانن سەردانی نزیکترین مەڵبەند و بنکەی تەندروستی لە خۆیانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە.
بەپێی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، ئەم پێکوتەیە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگری لەشی مرۆڤ و رێگری کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی یان کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کوتانە ڕێگری لە تووشبوون بە ڤایرۆسی پەتای وەرزی دەکات. هەروەها ئەو کەسانەش کە دوای کوتانەکە تووشی پەتا دەبن، بەهۆی کاریگەریی ڤاکسینەکەوە لەسەریان، نیشانەکانیان سووکتر دەبێت و زووتر تێیدەپەڕێنن و چاک دەبنەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر، نزیک پردێ، روداوێکی هاتوچۆ لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا رویدا. بەهۆی ئەم روداوەوە، نۆ کەس برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هاتووچۆی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێنج لە بریندارەکان خوێندکاری زانکۆی کیتاب بوون، و چوارەکەی دیکەش کرێکار بوون.
تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست. پۆلیسی هاتوچۆش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری سەرەکی روداوەکە.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کرد بۆ ئاشتی، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە جەنگەکەی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە. ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگای گونجاوە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی.
چارەسەری دوو دەوڵەتی و پێشنیازی ترامپ:
ڤۆن دێر لاین لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "چارەسەری دوو دەوڵەتی هێشتا تاکە رێگای کارایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو لایەنەکان هان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە"، و وتیشی، کە یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆسەیەدا.
کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان و هاوکاریی مرۆیی:
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای کرد: "پێویستە کردەوە سەربازییەکان کۆتاییان پێ بێت لەگەڵ پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی دەستبەجێ بۆ دانیشتووانی غەززە، و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان."
پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە ناتانیاهۆ رەزامەندیی لەسەر پلانێکی ئاشتی دەربڕیوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
ورەدەکاریی پلانی ترەمپ:
کۆشکی سپی بەندەکانی ئەم پلانەی بڵاوکردەوە کە لە 20 بەند پێکدێت، دیارترینیان ئەوەیە کە "کەرتی فەلەستینی چەکداماڵراو بێت، و لەلایەن لیژنەیەکی ئیدارییەوە بەڕێوەببرێت کە لە کەسایەتییەکانی فەلەستینیی تەکنۆکرات، لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی پێکدێت، بەبێ هیچ رۆڵێک بۆ بزوتنەوەی حەماس."
هەروەها ئەم لیژنەیە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی دەستەیەکی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی نوێدا دەبێت کە ناوی "لیژنەی ئاشتی"یە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ ئەندامانی دیکە و سەرۆکی وڵاتان کە دواتر رادەگەیەنرێن، لەنێویاندا تونی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. ئەم دەستەیە چوارچێوەکە دادەنێت و سپۆنسەری دارایی بنیاتنانەوەی غەززە دەکات تا دەسەڵاتی فەلەستینی پڕۆگرامی چاکسازیی خۆی تەواو دەکات، وەک لە پێشنیازە جیاوازەکاندا رون کراوەتەوە، لەوانەش پلانی ئاشتیی ترامپ بۆ ساڵی 2020 و پێشنیازی سعوودی-فەڕەنسی، و تا بتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و کارا کۆنترۆڵی غەززە بکاتەوە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، ئاشکرای دەکات کە بەپێی هەموو لێکدانەوەکان، دەبێت ئەمڕۆ موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو بیانووەکانی حکومەتی عیراق جێبەجێکراون."
کۆتایی بە بەربەستەکانی ناردنی موچە:
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هیچ بەربەستێک لە بەردەم ناردنی موچەدا نەماوە و بەڕێوەبەری گشتیی خەرجییەکان تەنها پێویستە واژۆ لەسەر ناردنی موچە بکات. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و رێککەوتن دێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عیراق.
موچەی مانگی هەشت و نۆ و داهاتە نانەوتییەکان:
سەبارەت بە موچەی مانگی هەشت و نۆ، بێستون سەلام رایگەیاند کە "وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێکی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەکان و موچەی ئەو دوو مانگە بێتە بەغدا و لەگەڵ حکومەتی عیراق کۆببێتەوە."
کێشەی موچە لە عیراق:
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشدا کە "حکومەتی عیراقیش خۆی گرفتی موچەی هەیە و تا ئێستا بەشێک لە موچەخۆرانی موچەیان وەرنەگرتووە.".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی لە "پلانی گشتگیریی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ لە غەززە" و ستایشی سەرکردایەتیی ترەمپی لەمبارەیەوە کرد.
سەرۆکی هەرێم لە پەیامێکیدا لە ئێکس داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە "بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە گفتوگۆدا بەشدار بن و رۆحی سازان نیشان بدەن، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە."
ئەم پێشوازییەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە پلانی ئاشتیی تررمپیان بۆ غەززە راگەیاند، کە هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و ئاڕاستەکردنی ناوچەکە بەرەو ئاشتی.
مەزڵوم كۆبانێ داوای لە بەریتانیا كردووە، لە دامەزراندنەوە و بنیاتنانەوەی سوریا رۆڵی پێشەنگی هەبێت.
وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بەشداریكرد، حەسەن محەمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی "مەسەدە"ش رایگەیاند، لە كۆنفرانسەكەدا پەیامی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"یان گەیاندووەتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كە داوای لەو وڵاتە كردووە، لە دامەزراندن و بنیاتنانەوەی سوریا و چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتە رۆڵی پێشەنگ ببینێت.
هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی مەسەدە وتیشی، سوریا دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ بە پرۆسەیەكی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و بە ملیۆنان كەس ئاوارەبوون، ژێرخانی سوریاش بەتەواوی ڕووخاوە، مەركەزیەتی رەهاش هۆكاری سەرەكیی ستەم و كۆمەڵكوژییەكان بووە.
جەختیشیكردەوە، رێككەوتنی 10ی ئادار، دەرگا بە رووی دەوڵەتێكی لا مەركەزیدا دەكاتەوە و كۆتایی بە یەكدەستیی دەسەڵات دەهێنێت و رێگە خۆشدەكات بۆ پرۆژەیەكی نەتەوەیی گشتگیر.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی بە فڕۆکەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێک دێت کە لەگەڵ تاران کراوە.
رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، و بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگاداری پرسەکە، ئەم زانیارییەی گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیی بەکرێگیراو رۆژی دووشەممە لە لویزیاناوە فڕیوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ناسنامەی دیپۆرتکراوەکان و هۆکاری هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رونی ئاشکرا نەکراوە. ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی ئاڵۆزییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام ئەم رێککەوتنە لەسەر دیپۆرتکردنەوە ئاماژەیە بۆ هەندێک هاوکاریی سنووردار لە نێوانیاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی"، ئاماژەی بەوەشدا کە گەشبینە بە وەرگرتنی "وەڵامێکی ئەرێنی" لە حەماسەوە سەبارەت بە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
لێدوانەکانی ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا:
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ وتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی."
راشیگەیاند: "گەیشتینە رێککەوتنی گرنگ، کە ئێران و بازرگانی و فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و گرنگترینیان چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەشێکە لە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ترامپ سوپاسی ناتانیاهۆی کرد "لەسەر رەزامەندیی ئەم پلانە کە لاپەڕەیەکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە دەکاتەوە" و هەروەها سوپاسی پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد بۆ پەرەپێدانی پێشنیاری ئێستای ئاشتی.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی سەبارەت بە کەرتی غەززە... ئەگەر حەماس رازی بێت بە پێشنیارەکە، بارمتەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئازاد دەکرێن."
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە: "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڵێنیان داوە بە چەکداماڵینی غەززە و چەکداماڵینی حەماس و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، و ئێمە پشت بەم وڵاتانە دەبەستین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس... بەپێی ئەوەی بیستوومە، حەماسیش دەیەوێت ئەمە بەدی بێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەست دەکەم وەڵامێکی ئەرێنی لە حەماسەوە بەدەست دەهێنین... و ئەگەر ئەمە روی نەدا، ئەوا ئیسرائیل پشتیوانیی تەواوی من دەبێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا: "ناتانیاهۆ بە توندی دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینییە و من تێدەگەم... ناتانیاهۆ جەنگاوەرێکە و ئیسرائیل بە بوونی ئەو بەختەوەرە، بەڵام گەل ئاشتی دەوێت." هەروەها ئاشکرای کرد: "من دانوستانم کرد بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و پلانەکەم دەتوانێت فراوانیان بکات و رەنگە ئێران بەشدارییان بکات... بەشداریی ئێران شتێکی نایاب دەبێت."
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ:
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند: "ئێستا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و دانانی بناغە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ئاماژەی بەوەشدا: "من پشتیوانی پلانی تۆ (ترەمپ) دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە، کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی هێنا و هەروەها گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس و حوکمڕانییە سیاسییەکەی و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ناکات."
ناتانیاهۆ رونی کردەوە: "پلانەکەت هاوتای پێنج خاڵەکەیە کە حکومەتەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ رۆژی دوای حەماس دایانناوە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر حەماس پلانەکە رەت بکاتەوە یان پێشێلی بکات، ئەوا ئیسرائیل ئەرکەکە بە تەنها خۆی کۆتایی پێدەهێنێت... بە رێگای ئاسان یان سەخت."
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە: "رەنگە ئەم پلانە ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ غەززە و سەرەتایەکی نوێ بۆ ناوچەکە."
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بە پلانە 21 خاڵیەكەی رازی بوون بۆ ئاشتی لە كەرتی غەززە، حەماسیش دەڵێت، هێشتا پلانەكەیان پێ نەگەیشتووە.
دوای كۆبوونەوەی بلەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی پلانە 21 خاڵیەكەی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو و باسی لەوە كرد، تەواوی لایەنەكان جگە لە حەماس پلانەكەیان پەسەندكردووە.
وتیشی، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل، وەك خۆشی باسیكرد، كشانەوەكە لەسەر رادەی چەكدانانی حەماس دەوەستێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد، بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، دەستەیەكی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دروستدەكرێت.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یەكەم هەنگاو دەنێن بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵێنی ئەوەشیدا، كە دوای چەكداماڵینی حەماس سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەكشێتەوە.
ناتانیاهۆ دووپاتیكردەوە، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئاسایش لە كەرتی غەززە دەگرێتەئەستۆ بۆئەوەی گەرەنتی هەبێت جارێكی تر غەززە نابێتەوە هەڕەشە لەسەریان.
لە بەرانبەریشدا سەركردەیەكی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تا ئێستا پلانەكەی ترەمپیان لەبارەی غەززە بەدەست نەگەیشتووە.
سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی کردەوە بۆ ئیسرائیل، هەروەها سیاسەتەکانی لەبارەی ئێران و غەززەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە من باشتر نەبووە بۆ ئیسرائیل.
سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: کە "توانای ئێرانمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوبرد" ئەمە لە کاتێکدایە کە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا یەکێکە لە گرنگترین کێشە نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات لەبارەی بەرزاییەکانی جۆلان و قودس، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، "دانم بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا نا و بودجەی رێکخراوی ئۆنروا، کەمکردەوە.
وتیشی: "سەرکردەکانی جیهان پاڕانەوە لێم کە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل نەناسێنم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش من دانم پێدا نا".
سەبارەت بە جەنگی غەززە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: هەمووان دەیانەوێت جەنگەکە لە غەززە کۆتایی بێت و بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە و ئاشتی بەدی بێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی دۆخی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا حەماس پلانەكەی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەر لە غەززە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان لە كۆشكی سپی ئەنجامدا كە تێیدا ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ناتانیاهۆ گەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی ئێران و فراوانكردنی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی.
هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆشی كرد لە بەرانبەر رازیبوونی بە پلانەكە كە بەوتەی خۆی دەبێتە هۆی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە.
جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتدا حەماس بارمتەكان ئازاد بكات و پلانەكە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.
ترەمپ باسیی لەوەشكرد، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بەڵێنی چەكداماڵینیان لە غەززە داوە و لەسەر داوای ئیسرائیل و ولاتانی عەرەبیش دەستەیەكی چاودێری نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دادەمەزرێنرێت و حكومەتی نوێ پێكدێت.

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئوردن دەستپێدەكاتەوە، بڕیاریشە هەر بەرمیلێكی 16 دۆلار لە خوار بازاڕەوە بفرۆشرێت.
وەزارەتی وزە و سامانە كانزاییەكانی ئوردن رایگەیاند، ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە كانزاییەكانی ئوردن لە سەردانێكیدا بۆ عیراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ كۆبووەوە و رێككەوتنێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكرد بۆ ئەوەی رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن بكرێت.
چەند سەرچاوەیەكیش لە كۆمپانیای نەوتی باكور بە میدیا عیراقیەكانیان راگەیاند، رێككەوتنەكە بۆ سێ مانگ بە هەمان مەرجەكانی پێشووتر درێژ كراوەتەوە و ئەو نەوتەی هەناردەی ئوردن دەكرێت بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی كەركوكە و لەڕێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی زەرقا لە ئوردن.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، بڕیارە ئوردن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەكە لە ئەستۆ بگرێت، لەبەر ئەو هۆكارەش عیراق هەر بەرمیلێك بە 16 دۆلار كەمتر لە نرخی ئاسایی بە ئوردن دەفرۆشێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گەشبینیی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ وەڵامی پرسیارێکی هاوشێوەی نەدایەوە.
بەپێی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک ترەمپ لەبەردەم دەرگای کۆشکی سپی پێشوازیی لە ناتانیاهۆ دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت، لەسەرخۆ وتی "بەڵێ" و دووپاتیکردەوە کە "زۆر دڵنیایە" لەمبارەیەوە.
بەڵام بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کاتێک هەمان پرسیار ئاراستەی ناتانیاهۆ کرا، ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر ترەمپ لەسەر تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسیبووی: "فرسەتێکی راستەقینەمان لەبەردەستە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست... هەمووان ئامادەن بۆ شتێکی سەرنجڕاکێش، ئەمە پێشینەی نەبووە. ئێمە بەدەستی دەهێنین."
هەروەها، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە سەرۆک دەیەوێت "جەنگ کۆتایی پێبێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن" و چاوەڕێ دەکات "هەردوو لا" پلانە نوێیەکەی واشنتن قبوڵ بکەن.
ئەمە چوارەمین سەردانی ناتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.
دەستەی بەریتانی بۆ ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکان (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە دووری 128میلی دەریایی لە باشوری رۆژهەڵاتی عەدەنی پایتەختی یەمەن، کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە.
دەستەکە لە راپۆرتێکدا سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد کە کاپتنی کەشتییەک "تەقینەوە و دووکەڵ"ی لە دوورییەوە لە پشت کەشتییەکەیەوە بینیوە.
بەڵام لە زانیاریی نوێدا، دەستەکە لەسەر زاری "دەسەڵاتە سەربازییەکان" پشتڕاستیکردەوە کە کەشتییەکە پێکراوە و ئێستا ئاگری گرتووە.
ئامیخای چیکلی، وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و روبەروبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکە لە ئیسرائیل، هێرشێکی توندی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی کردووە، ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆرێکی جیهادی" و "دوژمنی سوێندخواردووی شارستانیەتی رۆژئاوا" ناوبرد.
چیکلی لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، داوا لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات کە پشتیوانییەکانیان بۆ ئەردۆغان رابگرن و دەڵێت: "ئەم دیکتاتۆرە جیهادییە بەهێز مەکەن."
ناوبراو نووسیویەتی: "ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندەیە، نزیکە لە کارەساتبارێتیی بە شەرعییەت ناساندنی سەرکردەیەکی پێشووی قاعیدە لە سوریا وەک دەوڵەتمەدارێکی بەڕێز."
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، ئامانجە گەورەکەی ئەردۆغان بەوە وەسف دەکات کە دەیەوێت ببێتە "سوڵتان و دیکتاتۆری خەلافەتێکی جیهادیی ئیسلامی."
ناوبراو، ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە:
شایەنی باسە، ئامیخای چیکلی وەزیری کاروباری جووەکانی دەرەوە و قوبەقوبوونەوەی دژایەتیکردنی جولەکەیە لە حکومەتی ئیسرائیلدا و بە هەڵوێستە توندەکانی ناسراوە.