تائێستا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغداد كراوە وەزیری نەوتی عیراقیش دەڵێت: 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان باركراوە بۆ فرۆشتن.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، یەكەم جارە حكومەتی عیراق نەوتی هەرێمی كوردستانی وەردەگرێت و هەناردەی دەکات، تائێستاش زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمیان رادەستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بارکراوە بۆ فرۆشتن و ئاڕاستەی ئەو شوێنانەکراوە کە گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجامدراوە.
وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی سۆمۆوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەولێر و بەغداد.
بەیانی ئەمڕۆ بەنزینخانەیەک لە گەڕەکێکی شاری هەولێر گڕیگرت و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا پێنج کەس برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەنزینخانەیەک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر کەوتووە و بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەس برینداربوون، کە کارمەندانی بەنزینخانەکەن.
وتیشی، ئاگرەکە تا ئێستا بەردەوامە و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیدان.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگریش کە لە نزیک بەنزینخانەکە بوونە ئاگریان گرتووە.
هاوکات بەپێی وتەی شایەت حاڵێکی روداوەکە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەهۆی جگەرەوە یاخود خراپی کوالێتی بەنزینەوە بووە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمرۆ فەرمان دەرکراوە سەرجەم هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە رابگیرێت و تەنها بەرگری بکرێت.
رادیۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند پێویستە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بوەستێنێت، سەرکردایەتی سیاسی سوپایان راسپاردووە ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی غەززە رابگرن.
لە بەرانبەردا سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل رێنمایی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەرکرد.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ حـ.ـەماس پلانەکەی ترەمپی بۆ راگرتنی شەر لەغـ.ـەززە قبوڵکرد و سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غـ.ـەززە رابگرێت.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی کۆتایی خۆی لەسەر پلانی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ راگەیاند و رەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان نیشاندا. هاوکات، جەختی کردەوە کە داهاتووی کەرتی غەززە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە لە چوارچێوەیەکی گشتگیری فەڵەستینیدا یەکلایی بکرێتەوە.
بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە وەڵامەکەیان رادەستی لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە.
حەماس رایگەیاند: "لە پێناو پەرۆشیمان بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکان، گفتوگۆی فراوانمان ئەنجامدا بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پلانی ترەمپدا."
لە خاڵێکی تردا هاتووە: "بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت و کشانەوەی تەواوەتی مسۆگەر بکرێت، رەزامەندیی خۆمان لەسەر ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان، چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ روفاتەکان، بەپێی پێشنیازەکەی ترەمپ، رادەگەیەنین."
حەماس جەختیشی کردەوە کە ئامادەن دەستبەجێ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بچنە ناو گفتوگۆوە بۆ تاوتوێکردنی سەرجەم وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.|
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە دوای شەڕ، حەماس هەڵوێستی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "رەزامەندیی خۆمان نوێ دەکەینەوە لەسەر رادەستکردنی ئیدارەی کەرتەکە بە دەستەیەکی فەڵەستینی لە کەسانی سەربەخۆ، بە رەزامەندیی نیشتمانی و لەسەر بنەمای پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی."
بزوتنەوەکە رونیکردەوە کە ئەو خاڵانەی لە پێشنیازەکەی ترەمپدا هاتوون و پەیوەستن بە داهاتووی کەرتی غەززە و مافەکانی گەلی فەڵەستین، "پەیوەستە بە هەڵوێستێکی نیشتمانییەوە کە لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی فەڵەستینیی گشتگیردا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
حەماس جەختی کردەوە کە "ئەو پرسانە لەسەر بنەمای یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دەبێت و حەماسیش وەک بەشێک لەو چوارچێوە نیشتمانییە، بە هەموو بەرپرسیارێتییەکەوە بەشداریی تێدا دەکات."
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە سەرجەم کاندید و لایەنە سیاسییەکان کە ئەو پۆستەر و ستاندانەی بانگەشە کە بەشێوەی سەرپێچی لەسەر بلوار و شوێنە سەوزاییەکان دانراون، لە ماوەی دوو رۆژدا لاببەن. شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە بە پێچەوانەوە، رێکاری پێویست وەردەگرێت.
شارەوانی ئاشکرای کردووە کە پێشتر بە نووسراوی رەسمی کۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن و زیان بە سەوزایی، بلوارەکان، ستوونی کارەبا و سیستەمی ئاودێری نەگەیەنن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەداخەوە کۆمەڵێک پۆستەر و ستاند دانراون لە ناو بلوارەکانی شەقامی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە -سلێمانی و ئەمڕۆ سەرجەمیان تێبینی کران کە دوورە لە رێنماییەکانمان و هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە بلوارەکان و باخچەکان و سەوزایی و وشکبوونیان و ناتوانرێت رۆژانە کاری ئاودێریکردنیان بۆ ئەنجام بدرێت."
لەبەر ئەم هۆکارە، شارەوانیی سلێمانی داوا لە سەرجەم کاندید و لایەنە سیاسییەکان دەکات کە لە ماوەی دوو رۆژدا هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکانەوە دانراون.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، شارەوانی هۆشداریی داوە کە وێنەی سەرجەم سەرپێچییەکان لەلایەن وێنەگری تایبەتەوە گیراون و پارێزراون، ئەگەر لەو ماوە دیاریکراوەدا پۆستەرەکان لانەبرێن، "ناچار هەڵدەستین بە وەرگرتنی رێکاری پێویست."
هنری یوسف حەمرە، حاخامی سوری-ئەمریکی، کاندیدبوونی خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمان) لەسەر بازنەی دیمەشق راگەیاند، بەمەش دەبێتە یەکەم کاندیدی جولەکە لەو کاتەوەی جولەکەکانی سوریا لەدوای شەڕی ساڵی 1967ـەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی گەل بێبەشکران.
هنری حەمرە تەمەنی 48 ساڵە و کوڕی یوسف حەمرە، گەورە حاخامی جولەکەکانی سوریایە لە نیویۆرک. باوکی لە ساڵی 1992 سوریای بەجێهێشت دوای ئەوەی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووتر، قەدەغەی گەشتکردنی لەسەر جولەکەکان هەڵگرت، کە لەو کاتەدا کەمتر لە 10 جولەکە لە دیمەشقی پایتەختدا مابوونەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "تەلەفزیۆنی سوریا"، حەمرە لە راگەیاندنی کاندیدبوونی خۆیدا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، جەختی لەسەر دروشمی "بەرەو سوریایەکی گەشەسەندوو، لێبووردە و دادپەروەر" کردووەتەوە و ئامانجەکانیشی بریتین لە "پەیداکردنی دادپەروەری، پاراستنی میراتی سوریا و هەڵگرتنی سزاکان".
حەمرە وتوویەتی: "من باوەڕم بە سوریایەکی یەکگرتوو هەیە بۆ هەموو سورییەکان، لە حەسەکەوە بۆ سوەیدا، و لە دەرعاوە بۆ لازقیە، و لە دیمەشقەوە بۆ حەلەب."
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە لەگەڵ رەوەندی سوری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" بەبێ هیچ مەرجێک.
جێی باسە، یاسای قەیسەر سزای ئابووریی بەسەر سوریادا سەپاندووە کە ئامانج لێی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بوو، بەڵام ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدات.
لەیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتە دروستەکەی مام. هاوکات دووپاتیکردەوە کە یەکێتییەکەی مام بەردەوام دەبێت لەسەر رێبازەکەی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی مافەکانیان.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
هەمیشە ئێمە لە یادی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال وەک باوک، سەرکردە و رابەری نوێخوازی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی حیکمەت وەردەگرین و هانمان دەدات کە لەسەر رێبازەکەی لە خزمەتکردنی گەلەکەماندا بێ پشوودان بەردەوام بین.
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ دانایی و سیاسەتی راست و دروستی مام، ئامۆژگارییەکانی پابەندترمان دەکات بۆ کارکردنی پێکەوەیی بۆ پاراستنی مافەکانمان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
یەکێتییەکەی مام لەسەر رێگای راستی خەبات و تێکۆشان بەردەوامی بە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و چارەنووسسازەکانی دەدات و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و پێشڕەوی لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان ئەمانەتە و ئامۆژگاریی سەرۆک مام جەلالە و بە بەرپرسیارێتییەوە جێبەجێی دەکەین.
دروود بۆ رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێلیکۆپتەرێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە بەرزاییەکانی چیای ئۆشتۆرانکۆ لە پارێزگای لورستان تووشی روداو بوو و کەوتە خوارەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای لورستانەوە بڵاویکردەوە، "ئەم هێلیکۆپتەرە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردنی ژنێکی ونبوو، نێردرابووە بەرزایی4 هەزار مەتریی 'چاڵکەبود' لە ئۆشتۆرانکۆ".
ناوبراو وتیشی، "هێلیکۆپتەرەکە لە بەرزیی 2800 مەتریدا تووشی روداو بووە و 8 سەرنشینی هەبووە کە پێکهاتبوون لە تیمی فڕۆکەوانی و فریاگوزارانی مانگی سوور."
بەپێی نوێترین زانیارییەکانی مانگی سوور، دوای پەیوەندیکردن بە رزگاربووانی روداوەکەوە، دەرکەوتووە کە 9 کەس لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و بەداخەوە یەکێک لە سەرنشینەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا 6 تیمی ئۆپەراسیۆنی لە لورستانەوە رەوانەی ناوچەکە کراون و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و گواستنەوەی بریندارەکانن.
ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە کە محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانێکی دەرکردووە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ناوی فڕۆکەخانەکە بە رەسمی گۆڕدراوە بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی".
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای داواکارییەک دێت کە پێشتر لەلایەن "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ـیەوە پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرابوو.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم فەرمانە وەک پێزانینێک بۆ رۆڵی مێژوویی سەرۆکی کۆچکردوو و خەباتی درێژخایەنی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دێت".
شایەنی باسە، ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پێویستە تا کاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن(کاتژمێر 1ی بەیانیی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر)، رێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە غەززە بکرێت.
ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، بە روفاتی کوژراوەکانیشەوە! پێویستە تا ئێوارەی یەکشەممە کاتژمێر (6)ی ئێوارە بە کاتی واشنتن دی سی، رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکرێت. هەموو وڵاتێک (پلانەکەی) واژۆ کردووە".
لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "لەسەر بەختی حەماس، دوایین دەرفەتیان پێدەدرێت. وڵاتە گەورە و بەهێز و زۆر دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری، لەگەڵ ئەمریکا و بە رەزامەندیی ئیسرائیل، دوای 3 هەزار ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئاشتی رێککەوتوون".
هەروەها دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە ژیانی هەموو چەکدارە بەجێماوەکانی حەماسیش دەپارێزێت. وردەکارییەکانی بەڵگەنامەکە بۆ جیهان ئاشکرایە و بۆ هەمووان رێککەوتنێکی گەورەیە. بە هەر شێوەیەک بێت ئاشتیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت. توندوتیژی و خوێنڕشتن دەوەستێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر، پێشوەختە زیاتر لە 25 هەزار چەکداری حەماس کوژراون. زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە لە روی سەربازییەوە گەمارۆ دراون و تەنها چاوەڕێی ئەوە دەکەن من فەرمانی 'بڕۆ' بدەم، بۆ ئەوەی ژیانیان بەخێرایی لەدەست بدەن".
وتیشی: "ئەوانەی تریش، دەزانین لە کوێن و کێن، راودەنرێن و دەکوژرێن".
ترەمپ هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر ئەم رێککەوتنە، کە وەک دوایین دەرفەتە، جێبەجێنەکرێت، دۆزەخ هەڵدەگیرسێت، بە شێوەیەک کە پێشتر کەس نەیبینیوە دژی حەماس".
ترەمپ داوای لە "هەموو فەڵەستینییە بێتاوانەکان" کرد "دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە لەوانەیە لە داهاتوودا مەرگێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و بچنە بەشە ئارامترەکانی غەززە. چاودێریی باش بۆ هەمووان دابین دەکرێت".
پێشتر لە رۆژی هەینیدا، سەرکردەیەکی حەماس رایگەیاندبوو کە بزووتنەوەکە پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوە لە پلانە مشتومڕاویەکەی ترەمپ.
سەرکردەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی وت: "حەماس هێشتا بەردەوامە لە گفتوگۆکان سەبارەت بەو پلانەی ترەمپ کە پێشکەشی بزوتنەوەکە کراوە و ناوبژیوانانی ئاگادار کردووەتەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و پێویستیان بە کات هەیە".
پلانەکە کە ترەمپ رۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، لەسەر وەستانێکی دەستبەجێی شەڕ لە کەرتی غەززە رادەوەستێت هەر کە هەردوو لایەنی ناکۆک رەزامەندی لەسەر پلانەکە بدەن و دوای ئەوەش هەموو بارمتە دەستبەسەرکراوەکان لە کەرتی غەززە و سەدان دەستگیرکراوی فەڵەستینی لەلای ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق، جەلال تاڵەبانی، پەیامێکی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
سودانی لە پەیامەکەیدا رۆڵی خەباتگێڕانەی مام جەلالی لە روبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت بەرز نرخاند و جەختی کردەوە کە میراتەکەی فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی بنەما دەستوورییەکان.
لە پەیامەکەدا، سودانی ئاماژەی بە رۆڵی نیشتمانی و خەباتگێڕانەی سەرۆک تاڵەبانی کردووە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی عیراقدا و رایگەیاندووە: "رۆڵی نیشتمانی و خەباتگێڕی سەرۆک تاڵەبانی وەبیردەهێنینەوە، کە چۆن لەگەڵ هێزە نیشتمانییە جیاجیاکان روبەڕووی دیکتاتۆرییەت بوونەوە، لە پێناو ئازادی عیراق و شکۆی گەلەکەی".
سەرۆک وەزیرانی عیراق هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو میراتە سیاسی و فیکرییەی مام جەلال لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ کارکردنی زیاتر. سودانی وتی: "میراتی سەرۆک تاڵەبانی پاڵنەرە بۆ کارکردن، لە پێناو چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و بەهێزکردنی بنەما دەستووری و یاساییەکان، کە نوێنەرایەتی چەترێکی سەرەکی دەکات بۆ هەموو عێراقییەکان".
ئەمڕۆ هەینی، لە میانی وتارێکدا لە "یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆک مام جەلال، راستی و هەڵوێستە مێژووییەکان" کە لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەرنامە و پەیڕەوکردنی لۆجیکی مام جەلال کردەوە بۆ روبەروبوونەوەی کێشەکان.
قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "مام جەلال تەنیا باوکی ئێمە نەبوو، باوکی شۆڕشێک بوو، مامی هەمووان بوو. ئەو موڵکی هەموو عیراق بوو و پێویستە بەرنامەکەی جێبەجێ بکەین."
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بنەما سەرەکییەکانی بیری مام جەلال کرد و وتی: "مام جەلال بڕوای تەواوی بە ئازادی، ئازادیی رادەبڕین، راگەیاندنی ئازاد، ئاشتی و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبوو و خەباتی لەپێناو ئەو ئازادییەدا کرد."
هەروەها قوباد تاڵەبانی وتیشی: "مام جەلال خەباتی بۆ سەروەریی یاسا دەکرد و باوەڕی وابوو هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمایە، شانازیی بە پێشکەوتنەکانی ئێستای سلێمانی و هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکرد کە توانیویەتی روبەڕووی ئاڵنگارییە سەختەکان ببێتەوە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "پێموایە ئەگەر لۆجیکی مام جەلال پەیڕەو بکەین، دەتوانین بە ئاسانی روبەڕووی کێشەکان ببینەوە و تێیانپەڕێنین. پێویستە سوود لە نووسین و دیدگای مام جەلال وەربگرین تاوەکو لە رێگەیەوە خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین."
هاوکات ئاماژەی بەوەدا؛ مام جەلال، مام جەلال نەدەبوو ئەگەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لەگەڵ نەبوایە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای وەستانێکی کاتی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ئاسایی بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری راوەستانەکە پڕبوونی کۆگاکانی نەوت بووە لە بەندەرەکەدا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، "بەهۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە بەندەری جەیهانی تورکی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرەکە راوەستا."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە "لەکاتی ئێستادا ئەم کێشانە بەتەواویی چارەسەرکراون و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە دەستی پێکردەوە و بەردەوامە."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆگاکانی نەوت لە فیشخابور پڕبوون لە نەوت و چاوەڕوان دەکەن کەشتی گواستنەوەی نەوت هەڵگر، بگاتە بەندەری جەیهان و نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بۆ بازارەکانی جیهان بگوازێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ کوردسات نیوز ئاشکراکرد، بڕیارە سبەینێ یاخود دوو سبەی کەشتی نەوت هەڵگر بگاتە بەندەری جەیهان، وەکو دووەم قۆناغی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، نزیکەی 700 بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوت، رەوانەی بازاڕەکانی جەیهانی فرۆشتنی نەوت بکرێت.
ئەمەش دوای ئەوەهات، کە لە میادییاکاندا چەند هەواڵێک بڵابوونەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: هەناردەکردن بەردەوامە و بەهۆی پڕبوونی کۆگاکان راگیرانەکە تەنها بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بووە.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، حەوتەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ لەیەکەم رۆژدا چەند چالاکییەک بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکە بەڕێوەدەچێت، هەروەها بڕیارە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و چەندین لێپرسراوی حکومی و حزبی بەشداری تێدا بکەن.
لە ساڵیادی ماڵئاوای سەرۆک مام جەلال، لە یەکەم و دووەم رۆژی پێشانگەکە چەندین رێورەسم تایبەت بە خەباتی سیاسی و کاریزمایی سەرۆک مام جەلال بەڕێوەدەچێت.
پێشانگەکە بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان دەتوانن لە سەعات 10ـی بەیانی بۆ 10ـی شەو سەردانی پێشانگەکە بکەن.
هاوکات ئەو هاووڵاتیانەی ئۆتۆمبێلی خۆیانیان پێ نییە و خوازیارن سەردانی پێشانگەکە بکەن، ئاسانکارییان تەواویان بۆ ئەنجامدراوە و پاسیان بۆ دابیندەکرێت بۆ ئەوەی سەردانی پێشانگەکە بکەن.
173 جێگەی ئاماژەیەدەزگای چاپ و ناوەندی ناوخۆیی و بیانی لە 17 وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کردووە و هەزاران ناونیشانی کتێب بەردەست دەبن.
ئەمڕۆ 3ـی10ـی2025 هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالە، سەرۆک مام جەلال هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و دڵە گەورەکەی لەکارکەوت.
سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری عیراق دوای روخانی رژێمی بەعس، لە رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عیراقدا وەک کوردێک بووە سەرۆک کۆماری عیراق.
سەرۆک مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەرگیریی کردووە، مام جەلال لەگەڵ ئەوەی خوێندکار بووە لە بەغداد و دوای تەواوکردنیشی لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی بەردەوامبووە.
لەدوای روخانی رژێمی بەعس، لە ساڵی 2003، سەرۆک مام جەلال ئەندامی مەجلیسی حوکمی عیراق بووە و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو مەجلیسە بووە، لە داڕشتنەوەی دەستوری عیراقدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
سەرۆک مام جەلال، رۆژی 17-12-2012 لە بەغداد باری تەندروستیی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە رۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی، دوای ماوەیەک مام جەلال لە بەغداد رەوشی تەندروستی جارێکی دیکە تێکچوو و گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، لە رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2017دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.