بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە رێوڕەسمێکدا لە دیمەشق دراوی نوێی سوریا راگەیەندرا، کە تێیدا وێنەی سەرکردەکان لابراوە و دوو سفر لە بەهاکەی کەمکراوەتەوە.
ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆنگرەکان لە دیمەشق، بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع و عەبدولقادر حوسریە، پارێزگاری بانک (بانقی) ناوەندیی سوریا، پەردە لەسەر دراوی نوێی وڵاتەکە لادرا.
سەرۆکی سوریا لە وتارێکدا رایگەیاند، گۆڕینی دراو ناونیشانە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناغی رابردوو و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ کە گەلی سوریا خوازیارییەتی.
ئەحمەد شەرع روونیکردەوە، لابردنی دوو سفر لە دراوە کۆنەکە مانای چاکبوونی راستەوخۆی ئابووری نییە، بەڵکو بۆ ئاسانکارییە لە مامەڵەکردندا، چونکە چاکبوونی ئابووری بەندە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی بێکاری.
سەبارەت بە دیزاینەکە، سەرۆکی سوریا ئاشکرای کرد: "شێوەی دراوە نوێیەکە گوزارشتە لە ناسنامەی نیشتمانی و دوورکەوتنەوە لە پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان، بۆیە پەنامان بۆ هێما نیشتمانییەکان بردووە، چونکە کەسەکان دەڕۆن و دەگۆڕێن".
سەرۆکی سوریا داواشی لە هاووڵاتیان کرد تووشی شڵەژان نەبن و پەلە نەکەن لە گۆڕینەوەی پارە کۆنەکانیان، چونکە پرۆسەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی دەبێت و پەلەکردن زیان بە بەهای لیرە دەگەیەنێت.
وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئۆکراین بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی پوتن و ئەوانیش وەڵامی توندیان دەبێت، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت "درۆیە و روسیا دەیکاتە بیانوو بۆ بۆردومانکردنی کیێڤ".
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئۆکراین "هێرشێکی تیرۆریستی" بە درۆن کردووەتە سەر شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پوتن لە هەرێمی نۆڤگۆرۆد، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی روسیا سەرجەم درۆنەکانی خستووەتە خوارەوە.
لاڤرۆڤ هۆشداریدا کە بەهۆی ئەم رووداوەوە مۆسکۆ کات و ئامانجی "هێرشی پێچەوانە"ی دیاریکردووە و هەڵوێستی خۆیان لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەگۆڕن.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "درۆ" وەسفی کردن.
زێلێنسکی وتی: "روسیا دەیەوێت ئەو پێشکەوتنە لەبارببات کە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەدەستهاتووە و زەمینە خۆشدەکات بۆ لێدانی باڵەخانە حکومییەکان لە کیێڤ".
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە ترەمپ و زێلێنسکی لە فلۆریدا کۆبوونەتەوە و لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ کیێڤ پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی قوڵ لەسەر دەستبەرداربوون لە خاکی دۆنباس و ناوچەکانی دیکە ماوە.
فەرمانگەی میدیایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (جێگری دووەم) راگەیاند و راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان کرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر دەرگای سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان داخرا، کە تێیدا رکابەری لە نێوان دوو کاندیدی کورددایە.
بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی براوەی پۆستەکە لە نێوان:
شاخەوان عەبدوڵڵا
رێبوار کەریم
چاوەڕوان دەکرێت دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، راستەوخۆ ئەنجامەکەی رابگەیەنرێت و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان تەواو ببێت و دانیشتنی یەکەم کۆتایی پێبهێنرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان، رێگەی سەرەکیی چوون بۆ شاخی گۆیژە و ئەزمڕ بە رووی هاتوچۆدا داخراوە.
سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیاری داخستنی رێگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دراوە و داوا دەکەن هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکان بن و لەم کاتەدا سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
شارەوانیی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، ئەم رێوشوێنە تەنیا لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و رێگرییە لە رووداوی نەخوازراو.
چوارچێوەی هەماهەنگی عەدنان فەیحانی وەک کاندیدی کۆتایی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی کوتلەی سادقون و لە ئێستادا پارێزگاری بابلە.
عەدنان فەیحان کێیە؟
عەدنان فەیحان موسا چەرتغ دڵێمی، سیاسەتمەدارێکی دیاری شیعەیە و خەڵکی پارێزگای بابلە. ناوبراو سەرۆکی کوتلەی "سادقون"ە کە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی.
پۆست و ئەزموونەکان:
لە مانگی شوباتی 2024ەوە وەک پارێزگاری بابل هەڵبژێردراوە و لە ئێستادا ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە.
لە خولی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون بووە.
بە یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" دادەنرێت و خاوەنی بڕیارە لەنێو ماڵی شیعەدا.
خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمییە و پێشتر لە بواری وەرزشیدا کاری کردووە، سەرۆکی یانەی وەرزشیی "کوفە" بووە.
دیاریکردنی فەیحان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، وەک هەوڵێکی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبینرێت بۆ دانانی کەسایەتییەکی بەهێز لە دەستەی سەرۆکایەتی، کە توانای ئیدارەدانی دانیشتنەکانی هەبێت و نزیک بێت لە بڕیارە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانێتییەکە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەکات و رایدەگەیەنێت، هیوادارن ئەم هەنگاوە دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.
لە پەیامێکدا بۆ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند: "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی گەلانی عیراق دەکەین".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، هیوادارن هەڵبژاردنی حەلبوسی دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی رێرەوی ئەرکە دیموکراسییەکان لەم خولەدا، بەجۆرێک بە قازانجی بەرژەوەندی و خواستەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق بشکێتەوە.
هاوکات پەیوەست بە هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی پاش پیرۆزبایی نوسیوێتی؛ "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی پەرلەمانتاران، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەین و ئومێدەوارین بە گیانی لێپرسراوێتی زیاترەوە خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن".
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەرین هۆشداری دەداتە شۆفێران کە بە هۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە شەش رێگەی سەرەکی دروست بووە و داوایان لێ دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەکەوە رێگەکانی (زینەتیر، سەروچاوە، زینی وەرتێ، کێلێ، خەلیفان و دۆڵی شاورێ) تووشی ئاستەنگ بوون و هەندێکیان بە تەواوی داخراون.
هاتوچۆی راپەڕین داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ تۆمارکردنی ساتێکی خۆشی بەفر و وێنەگرتن ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان نەخەنە مەترسییەوە و تا کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە ئەو رێگانە بەکارنەهێنن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەوروبەری سەدی تشرینیان تۆپباران کردووە و سێ چەکداری هەسەدە بریندار بوون.
کەناڵی روناهی لە زاری هەسەدەوە بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تۆپخانە و چەکی قورس دەوروبەری ناوچە نیشتەجێبووەکانی سەدی تشرینیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی تۆپبارانەکەوە سێ چەکداری هەسەدە بریندار بوون.
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بە رەسمی کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا و هەواڵی کوژرانی وتەبێژە سەربازییەکەی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی هەواڵێکی بەپەلەی کەناڵی "الحدث"، کەمێک لەمەوبەر کەتائیبی قەسام لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی سەربازیی هێزەکانیانی راگەیاند.
ئەم راگەیەندراوە دوای ماوەیەک لە بێدەنگی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز دێت لەسەر چارەنووسی ناوبراو، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرابوو.
دوای یەکلاییبوونەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری یەکەم کرایەوە و زانیارییەکان ئاماژە بە رێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن لەسەر کاندیدێک.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی بە سەرۆکی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، عامر فایز، سەرۆکی دانیشتنەکە دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان) لەسەر کاندیدکردنی عەدنان فەیحان، پارێزگاری ئێستای بابل بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتوون.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، رکابەرییەکە لە نێوان عەدنان فەیحان و یاسر مالیکی (کاندیدی دەوڵەتی یاسا) و ئەحمەد ئەسەدی بووە، بەڵام تەرازووی هێز بەلای فەیحاندا شکاوەتەوە.
هاوکات بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردە، شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات و داوای چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.
لە پەیامێکدا بۆ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم و هیوادارم لەم ئەرکە نیشتمانییەدا سەرکەوتوو بن".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئومێدەوارن وەک یەک تیم کاربکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی.
لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە بە لێکتێگەیشتن دەتوانرێت سەقامگیریی وڵات بپارێزرێت و خواستەکانی هاووڵاتییان بهێنرێتە دی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی گرێدا و تێیدا هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر فایز، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، تێیدا پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد.
لە پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی، هەیبەت حەلبوسی، کاندیدی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی" (کە زۆرینەی هێزە سوننەکان لەخۆدەگرێت) توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش دوای ئەوەی موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرژەوەندیی ناوبراو لە کاندیدبوون کشایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەریەک لە عامر عەبدولجەبار و سالم عیساویش کاندید بوون، بەڵام بەهۆی رێککەوتنی پێشوەختەی نێوان "چوارچێوەی هەماهەنگی" و هێزە سوننەکان، حەلبوسی توانی پۆستەکە مسۆگەر بکات.
یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەردەوامە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرێن.
تا ئێستا ئەندامەکان سوێندی یاساییان خواردوە
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کراوەتەوە
موسەنا سامەڕائی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کشایەوە
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێکردوە
ئێستا هەریەک لە هەیبەت حەلبوسی و سالم عیساوی و عامر عەبدولجەبار، کێبڕێکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن
هێشتا ساڵ کۆتایی نەهاتوە و حکومەتی کۆریای باشور سەرکەوتنی خۆی لە هەناردەکردن بۆ ئەمساڵ راگەیاند و بە گوێرەی داتاکان، ئەو وڵاتە توانیویەتی بۆ کەمجار لە مێژویدا بە بەهای 700 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک هەناردەی دەرەوە بکات.
حکومەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا سەربکەون و بۆ یەکەمجار هەناردەکردنی ساڵانەیان بۆ ساڵی 2025، زیاترە لە 700 ملیار دۆلارە، هۆکاری گەشەسەندنەکەش بەهێزی کەرتی نیمچە هێڵکار و چیپەوە(ئەلیکترۆنیات)ـە لە وڵاتەکەدا.
بە گوێرەی داتاکان، هەناردەکردنی کەڵەکەبوو تا مانگی 11ـی ئەمساڵ گەیشتەوەتە 640.2 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 2.9% زیادیکردووە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی 12 گەشەی ئابوری بەردەوام بێت و لە چەند رۆژی یەکەمدا بە رێژەی 6.8% بەرزبووەتەوە.
حکومەتی کۆریای باشور، هۆکاری گەشەسەندی هەناردەی وڵاتەکەی بۆ خواستی جیهانیی لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و زیرەکی دەستکرد گەڕاندوەتەوە.
ئەم پێشکەوتنی ئابورییەی وڵاتی کۆریای باشور، هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی هەندێک لە کەرتە تەقلیدییەکانی وەک پۆڵا و پترۆکیمیایی لە جیهاندا و بەشێک لە وڵاتان بە پێچەوانەوە لە کەرتی ئابوریدا لە پاشەکشەدان.
کەشناسی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لەمڕۆوە شەپۆلێکی تری بەفربارین روو لە هەرێم دەکات و لەزۆربەی ناوچە شاخاوویەکان و هەروەها سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوکیش دەگرێتەوە لەگەڵ نمەباران لەناوچە نزمەکانی هەرێم.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گویرەی پیسبینیەکانیش شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوجەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوویە بەرزەکان پێشبینی (15-30 ) سانتیمەتر و ناوچە نیمچە شاخاوویەکان (5-15 ) سانتیمەتر دەکرێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، پلەکانی گەرما پێنج بۆ هەشت پلە دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان دێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.
لە بارەی کەشی سبەینیشەوە، کەشناسی دەڵێت؛ ئاسمان هەور دەبێت لەگەل بارینی بەفر لەناوچە شاخاوویەکان و بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کەش سەقامگیر دەبێتەو. و پلەکانی گەرماش بە نزمی دەمێننەوە و نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکان ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیەیە
هەولێر : 5 پلەی سیلیزی
سلێمانی : سفر پلەی سیلیزی
دهۆک : 1- پلەی سیلیزی
زاخۆ : 2- پلەی سیلیزی
کەرکوک : 6 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی
سۆران: 2پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 1- پلەی سیلیزی
ئامێدی: 4- پلەی سیلیزی
گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی