هەواڵەکانهەواڵەکان

ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك 'مام جەلال' رابەڕی شۆڕشی نوێ و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێرداوی عیراق، كە 50 ساڵ تەمەنی بۆ خەباتی ئازادی و رزگاری و دیموكراسی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە عیراق تەرخانكرد.

'جەلال حیسامەددین شوكروڵڵا تاڵەبانی' لە 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1933، لە گوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە، سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە بووەە و قۆناغی لاوێتیشی لە كەركوك و هەولێر بووە.

'سەرۆك مام جەلال' لە دوای ساڵی 1946  پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لە رۆژنامەی ( رزگاری ) لەژێر نازناوی ( ئاگر ) وتارەكانی بڵاودەكردەوە، لە ساڵی 1947 وەك  ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی حزبی پێدەسپێدرێت، و لە ساڵی 1948دا، بەنوێنەرایەتی خوێندكارانی كۆیە، بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراق دەكات.

لە ساڵی 1951 دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی لە كۆیە،  لە ساڵی 1952 ئەوكات كە خوێندكاری كۆلیژی ماف دەبێت لە زانكۆی بەغداد، رێكخستنەكان لە پەرتەوازەیی دەباز دەكات و، لە ساڵی 1953  بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵدەبژێردرێت، لە هەمان ساڵدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت و ( یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان) دادەمەزرێنێت.

لە ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێرێت، لە ساڵی 1958 سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی دەكات و لە هەڵگریسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت، لە ساڵی 1963، بە سەرۆكایەتی وەفدێك دەچێتە بەغداد، بۆ چارەسەركردنی كێشە و داننان بە مافەكانی گەلی كوردا لە عیراق.

لە 1ی -6ی -1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ لەگەڵ هەڤاڵانیدا (نەوشیروان مستەفا و دكتۆر كەمال فوئاد و دكتۆر فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عومەرشێخ مووس و عەبدولرەزاق فەیلی) یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا.

لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی (ئەنجوومەنی حوكم) و بۆ خولێكیش سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەكات و  لە نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا رۆڵی سەرەكیی دەگێرێت

لە 06  نیسانی 2005، مام جەلال بە 227 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراق بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، و تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، .

(سەرۆك مام جەلال) دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ و  داكۆكیكاری ماف و دیموكراسیی كورد لە عێراق، جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناس، وەك رۆژنامەنووسێكیش  بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری كردووە لە تیشكخستنە سەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكەو بزووتنەوەی سیاسی كوردی.

لەرۆژی 3/10/2017 (سەرۆك مام جەلال) لەتەمەنی 84 ساڵیدا، ماڵئاوایی كرد.

هەرێمی كوردستان و عیراقیش بۆ هەمیشە نەبەردی و تێگەشتن و رابەرایەتی و سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال لە بیر ناكات و سەركردەكانی جیهانیش  دۆستایەتی ئەویان لە یاد دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3پلەی رێختەر ناوچەی "زەوارە"ی لە پارێزگای ئیسفەهانی ئێران هەژاند.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10کیلۆمەتریی زەویدا بووە.

هەروەها باس لەوەشکراوە کە بوومەلەرزەکە لە شارەکانی قوم و تارانیش هەستی پێکراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێكرد و ژمارە 222 لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بۆ ئەو هەڵبژاردنە. 

ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیپێكرد و تا بەرەبەیانی 8ی 11 بەردەوام دەبێت و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراقیش دەڵێت، 38 حزب و 38 هاوپەیمانی و 79 كاندیدی سەربەخۆ بەشداری پرۆسەكە دەكەن. 

لە تیروپشكی هەڵبژاردندا ژمارەی لیستی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 222 بوو و لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كاندیدی هەیە. 
بەپێی داتاكانی كۆمیسیۆن حەوت هەزار و 768 كەس كاندیدن بۆ هەڵبژاردنەكە و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 520 كاندیدیان لە رەگەزی نێرن و ژمارەی كاندیدە ژنەكانیش دوو هەزار و 248 كەسە. 

816 كاندید بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵی و هەبوونی پێشینەی تاوان و نەبونی مەرجی كاندیدبوون دوورخراونەتەوە .  

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار، د. لەتیف رەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغداد پێشوازی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و لەگەڵیدا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە گشتییەکانی وڵات، بەتایبەتی رەوشی سیاسی، ئەمنی و ئابووری کرا. سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان کردەوە بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی وڵات و بەدیهێنانی خواستی گەلی عیراق.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کرا. لەمبارەیەوە، سەرۆک کۆمار پێویستیی دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی سەرکەوتووی هەڵبژاردن و رەخساندنی کەشێکی گونجاوی دووپاتکردەوە و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ هەموو هەوڵێک نیشاندا کە ئامانج لێی سازکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف بێت.

لای خۆیەوە، سەید عەممار حەکیم رۆڵی سەرۆک کۆماری لە پێشخستنی گفتوگۆی نیشتمانی بەرز نرخاند و جەختی لە گرنگیی هەوڵەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازیی پێویست.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی ئارامیی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، بە سەرۆکایەتی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە فەرمانێکی کارگێڕیدا چەند بڕیار و رێنماییەکی نوێی تایبەت بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دەرکرد.

فەرمانەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەرچووە، داوا لە سەرجەم قەوارە، هاوپەیمانێتی و کاندیدەکان دەکات پابەندی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن و بانگەشەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی ئەنجام بدەن.

بەپێی فەرمانەکە، هەڵگرتنی چەک، دیاردەی چەکداری، نمایشی سەربازی و رێکخستنی کاروانی ئۆتۆمبێل بە جۆرێک کە ببێتە هۆی تێکدانی هاتوچۆی گشتی، بە توندی قەدەغە کراوە.

لیژنەکە حەوت خاڵی وەک رێنمایی بۆ لایەنەکان داناوە:

١- پێویستە هەموولایەک پابەندی یاساو بڕیارو رێنمایی و رێساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بن.

٢- پێویستە هەموو کاندیدو قەوارەو هاوپەیمانێتییەکان و هەوادارو پشتیوانەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژیی و بەریەککەوتن، بە پاراستنی تەواوی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن.

٣- هەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا قەدەغەن.

٤- کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل، کە ببنە مایەی تێکدانی هاتووچۆی گشتیی و گرتنی ڕێگاو شەقامەکان، قەدەغەن.

٥- داوا لە هەموولایەک دەکەین لە هەر ڕووداو و دۆخێکی نەخوازراودا، پەنا بۆ دادگاو بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و دامەزراوە فەرمییەکان ببەن و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەو هێرش و تۆڵەکردنەوەیەکی کەسیی و کۆیی، خۆیان بەدوور بگرن.

٦- پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و شارەوانیی یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بن.

٧- پێویستە هەموو فەرمانگاکانی حکومەت، هاوکار بن لە فەراهەمکردنی زەمینەیەکی یاسایی هاوبەش و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ جیاوازیی، نابێت هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە فەرمانگا حکومییەکاندا بکرێت و، نابێت هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی ماڵیی و دارایی و شوێنێکی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیراق دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات لەژێر میکانیزمێکی شەفاف و سەرپەرشتیی سۆمۆدا

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان فرۆشرا بە بازاڕەکانی جیهان و ئەم هەنگاوەشی بە "چارەنووسساز" وەسفکرادووە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی لە بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی سۆمۆ، یەکەمین کاروانی هەناردەکردن لە رێگەی کەشتیی نەوتهەڵگری "Vallesina"ـەوە ئەنجامدراوە. پرۆسەکە بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ئەو شەفافیەتەی حکومەتی فیدراڵی پەیڕەوی دەکات، بەڕێوەچووە بۆ مسۆگەرکردنی بەرزترین ئاستی چاودێریی دارایی و کارگێڕی.

کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە تیمە پسپۆڕەکانیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکور، راستەوخۆ سەرپەرشتیی قۆناغەکانی بارکردنیان لە بەندەری جەیهانی تورکیا کردووە، بۆ دڵنیابوون لە ئاسانکاریی رێکارەکان و جێبەجێکردنی ستانداردە تەکنیکییە جیهانییەکان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوە پابەندبوونی دەوڵەت نیشان دەدات بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان لە بەڕێوەبردنی کەرتی وزەدا، هەروەها بەهێزکردنی پێگەی عیراق وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، سەرتاسەری کوردستان و عیراق و ناوچەکە و دونیای دیموکرات و ئاشتیخوازانی جیهانی خەمبار و نیگەران کرد. 

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی:

پەیامی مەکتەبی سیاسی

بۆ هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال
——-
هەشت ساڵ لەمەوبەر ، کوردستان، ڕابەرێکی مەزن و مێژوویی ، تێکۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە شەست ساڵ خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی و ..عیراقی دیموکرات و فیدرالیش یەکەمین سەرکۆماری هەڵبژێردراوی لە دەست دا و بەرەو دوا مەنزڵی نەمریی بەرێکرد.

کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، سەرتاسەری کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیای دیموکرات و ئاشتیخوازانی جیهانی خەمبار و نیگەران کرد.

سەرۆک مام جەلال مێژووییەکی پرشنگداری بۆ گەلی کوردستان ، بۆ خەباتی دیموکراتی و مافخوازی و دادپەروەری لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد کە هەر لە نەوجەوانی و لاوێتییەوە تا دوا ماڵئاوایی یەکجارەکی، بێوچان خەباتی هەمەلایەنەی فیکری ، رێکخراوەیی ، سیاسیی ، جەماوەری و پێشمەرگایەتی بەرپاکرد بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پیادەکردنی بژاردەی فیدراڵی ، دیموکراسی، دادپەروەری و پێکەوە ژیان لە عێراقی فرە پێکهاتەدا.

لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتیدا، مام جەلال نموونەی گەورە و باڵای ڕابەری کۆڵنەدەر ، وردبین، ورەبەرز و پتەو بوو ، خاوەنی ئەزموونێکی قووڵی رێبەرایەتی شۆڕشی درێژخایەن بوو ، لەو تۆمارە سەربەرزەدا ، بە نووسین و ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی کوردایەتی و بە رێکخستن و سازدان و رێبەرایەتی دەستەجەمعی قەت درێغی نەکرد ، وەک باوەڕ بوون بە شێوازی خەباتی هەمەلایەنەی سیاسی فرە رەهەندیش توانایەکی بێ وێنەی لە دانوستاندنی سیاسیی و دیبلۆماسیدا هەبوو کە پەیتا پەیتا رەوایی مەسەلەی کوردی لە دونیا جێگیرتر دەکرد .
لەمەشدا وێستگەکانی خەباتەکەی ،بە تایبەتی لە هەڵگیرسانی شۆرشی نوێی گەلەکەمان بەرابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە نەبەردی و قوربانیدان و بەرەنگاری ئاڵۆزی و تەنگژەکان سەلمێنەرێکی بەرجەستەی ئەم ڕاستیانەیە ، لە کاتی دژواری بەرەنگاربوونەوەی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالدا کە بەسەر گەلەکەماندا هات ، سەرۆک مام جەلال لە بەرنامەرێژی بۆ ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە ناوچەکە و ئاراستەکردنی ڕاپەرینی ئاداری ١٩٩١دا رۆڵێکی بەرچاوی رێبەری و پێشبینی داهاتووی هەبوو.

لەپاش راپەڕین ولە قۆناغی خەباتی مەدەنی و دیپلۆماتیشدا ، وێنەی مام جەلال لە مێژووی کوردایەتی هاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەکەشدا درەوشاوە و دەگمەنە. پەیوەندییەکانی لە ئاستی حکومەت و میللەتانی ڕۆژهەڵات و دونیای عەرەبی و ڕۆژئاوادا ، بناغەی پتەوی ئەو دەستکەوتە دیپلۆماتیانە بوون کە ڕەسەنایەتی بوونی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکردەوە.

تێکۆشانی درێژ مەودای تەمەنی پڕ بەرەکەتی مام جەلال هەمیشە لەسەر دینگەی پتەوی دیموکراتیزەکردنی وڵات و مسۆگەرکردنی ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بیناکرابوو، بۆیە سەرەنجام هەر ئەو نەخشە ڕێگا دیموکراتییە فرەییە سەرکەوت کە نەخشە ڕێگای عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵیی بوو.
لە دوا وێستگەی ژیانی سیاسیشیدا وەکو سەرکۆمار ، لە پێگەی پارێزەری دەستوورەوە، لە پێناوی نزیک کردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و چەسپاندنی سازان و تەبایی نێوانیاندا هەمیشە خاڵی کۆکەرەو و ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو،هەر بۆیە بە (صەمام امان)ی عێراق ناوزەد کرا.

لە سیاسەتی جیهانیشدا مام جەلال وەک فیگەرێکی دیاری سۆشیالیست دیموکرات،
بە ناونیشانی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی سۆشیال ئینتەرناسیونال بەشدارێکی کارابوو لە خولیای چارەسەری پرسەکانی دیموکراتی ، عەدالەت و یەکسانی ، ژینگەپارێزی و دیالۆگ و ئاشتی جیهانییدا.

ئەمڕۆش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی، بە پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە ناونیشیاندا، پرسی مووچە ، ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک مام جەلال دووپات و پەیڕەو دەکاتەوە کە کەلتورێکی کەڵەگەتە لە خزمەتی هەموو سیاسەتی کوردستانیی و عیراقی .
ئەمڕۆ بە رەچاوکردنی پێدراوە تازەکانی وڵات و ناوچەکەش کە روومان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، هەموو هەوڵمان بە ئاراستەی ڕاستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی و چاکسازی ژیرانە کە ئەزموونەکەمان بپارێزێ و پەرەپێبدات.

هەر لەم یادەشدا رژدین لەسەر ئەولەویەتی مووچە و ژیانی خەڵکەکەی خۆمان بۆ ئەوەی لە پێگەی ژیان و گوزەرانێکی جێگیر و باشترەوە گەلەکەمان بۆ ئەرکەکانی تری خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شایستە دەستوورییەکانی تر، بە ماددەی ١٤٠ی دەستوریشەوە، ساز بدەین.
لە کۆتاییدا
سڵاو لە ڕۆحی پاکی ڕابەر و سەرۆکی مێژووییمان مام جەلال
نەمری بۆ هەموو شەهیدانی یەکێتی و گەلی کوردستان

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هاوکاری قەتەر و تورکیا، کاردەکات بۆ  رازیکردنی بزوتنەوەی حەماس تاوەکو پلانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە غەززە قبووڵ بکات.

عەبدولعاتی لە لێدوانێکیدا لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وتی: "ئێمە لەگەڵیان کۆدەبینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ براکانمان لە قەتەر و هاوکارانمان لە تورکیا دەکەین، بۆ ئەوەی حەماس رازی بکەین وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم پلانە هەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە زۆر بەوریاییەوە مامەڵە دەکەین و لە ئێستادا لەگەڵ حەماس لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی کاردانەوەی ئەوان لەسەر ئەم پلانە بزانین".

وەزیری دەرەوەی میسر هۆشداریشیدا و وتی: "ئەگەر حەماس پلانی ترەمپ رەتبکاتەوە، رەوشەکە زۆر سەخت دەبێت و بەرەو پەرەسەندن دەچێت".

لەلایەکی دیکەوە، عەبدولعاتی جەختی کردەوە کە میسر "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" رێگە بە کۆچپێکردنی دانیشتووانی غەززە نادات.

پلانی ترەمپ، کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و لە 21 خاڵ پێکدێت، هێشتا پێویستی بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە ئەوەیە کە خودی ترەمپ سەرپەرشتی لیژنەیەک بکات بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە کەرتی غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لە وتارێکدا رایگەیاند کە جیهان لە قۆناغی گۆڕانکاری ریشەییدایە و سەردەمی فەرمانکردن بەسەرچووە. 

پوتن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە داڕمانی هەژمونی رۆژئاوا "تەنها مەسەلەی کاتە" و سیستەمی فرەجەمسەری لە جیهاندا دەرەنجامێکی راستەوخۆی هەوڵەکانی رۆژئاوایە بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە.

پوتن ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت و پێویستە ئامادەی هەموو ئەگەرەکان بین." هەروەها وتیشی کە چیتر هیچ هێزێک لە جیهاندا ناتوانێت بەسەر هەموواندا فەرمان بسەپێنێت و هەر بڕیارێکی تاکلایەنە کە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەبەرچاو نەگرێت، سەرکەوتوو نابێت.

سەرۆکی روسیا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و وتی کە هەوڵدەدەن خۆیان بسەپێنن و لە رێگەی زیادکردنی گرژییەکانەوە هاووڵاتیانی خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن. ئەو جەختی کردەوە کە هاوسەنگی جیهانی بەبێ بەشداری روسیا مەحاڵە و وتی: "دوژمنانمان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی لە رێگەی سزاکانەوە ملکەچمان بکەن."

پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا و ناتۆ:

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا، پوتن ئاشکرای کرد کە روسیا کراوەیە بۆ هاریکاری، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا نایانەوێت دەستبەرداری سیاسەتی فەرمانکردن بن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پوتن باسی لەوە کرد کە روسیا دووجار ئامادەیی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ دەربڕیوە، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت: خۆشحاڵین کورد ئەمڕۆ لە هەموو پرسەکاندا کاریگەری هەیە و لە ئێستادا کورد دەبەسترێتەوە بە چارەسەری هەموو کێشەکان لەتەواوی ناوچەکە.

بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئایتۆک لەژێر ناونیشانی گەڕانەوە بۆ داهاتوو دەستیپێکرد، لەمیانی دیبەیتێکدا لە کۆڕبەندەکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، گەلەکەمان رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات و کاریگەری کورد لە ناوچەکە زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە رۆڵی گەنجان قوباد تاڵەبانی جەتیکردەوە، گەنجان ئەمڕۆ لە هەموو کایەکاندا پێشەنگن و توانیویانە رۆڵی خۆیان هەبێت.

وتیشی، گەنجانی ئێستا خاوەن بیرۆکەن و پێشەنگن، هاوکات هاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی گەنجەکانمان بە خەونەکانیان بگەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەمساڵدا سلێمانی زۆرترین ئیڤێنت کراوە لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و هەموو بوارەکانی دیکە، ئەمەش وادەکات گەنجان نزیکتربن لە ناوەندی بڕیار و زیاتر بەرەوپێش بچن.

سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەهۆی تۆماری بایۆمەتری توانیویانە شێوازی پێدانی موچە رێکبخەنەوە.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، حکومەت بە ئەلیکترۆنی کراوە، هەروەها هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی لەرووی ئەلکترۆنییەوە زۆر پێشکەوتووە.

لەمیانی کۆڕبەندەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشکی خستەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و خاوەنی زەوییەکی زۆریی بەپیتە، دەشڵێت؛ هەوڵدەدەن لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەمدا برۆن و سود لە تەکنەلۆژیا وەربگرن بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ.

ئاشکراشیکرد، بەستنەوەی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پێکەوە یەکێکی ترە لە پڕۆژەکان کە لە ماوەکانی رابردوودا رایانگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیەش رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، پڕۆژەی گەشتوکاڵ گرنگە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری هەرێم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بەشداری قوباد تاڵەبانی و بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات، ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئای تۆک لەژێر ناونیشانی گەڕانەوە بۆ داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

دیداری نێودەوڵەتی ئای تۆک ئەمڕۆ سەعات 2ـی پاشنیوەڕۆ لە کارگەی کولتووری سلێمانی لەهۆڵی فاوندەیشن، دەستپێدەکات.

لە دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەشداری دەکات و تێیدا تیشک دەخرێتەسەر، بابەتەکانی 'زیرەکی دەستکرد و کارسازی و دیبلۆماسی و توانای گەنجان' و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

هەروەها پارە پەیداکردن و رۆڵی ژنان و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو، بازاڕی کار و هونەر، بابەتە سەرەکییەکانی دیدارەکەیە.

ئای تۆک سەکۆیەکی جیهانی لە شاری سلێمانییەوە، دەیان وڵات بەشداری تێدا دەکات، هەروەها دەیان بابەت و دەیان هەنگاوی گەورە، بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ داهاتوو دەخاتەڕوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک حەوت هەزار و 200 هەلی دامەزراندنی راگەیاند.

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دامەزراندنەکە بەشێوەی گرێبەستە و زیاتر لە حەوت هەزار کەس لێی سودمەند دەبن.

وتیشی، دامەزراندنەکە تەنیا لەرێگەی لینکێکەوەیە کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دەکرێتەوە و لەسەر بنەمای شایستەیی دەبێت نەوەک پشتگیریی حزبی و کەسی.

رێبوار تەها ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرجەم بوارەکاندا دەچووان دەتوانن سودمەندبن لە دامەزراندنەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت.

دەستەی کەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ هەینی لە زۆربەی ناوچەکان ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

ئاماژەی بەوەشکرد،  پلەکانی گەرما لە شارەکانی بەغداد و دیالە و کەربەلا 36 پلەی سیلیزی دەبێت و لە بابل دەگاتە 37 پلە، هاوکات لە دهۆک و سلێمانی 32 پلەی سیلیزی بەرزترین تۆمارکراو دەبێت و لە هەولێری دەگاتە 34 پلە، هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، بەپێی پێشبینییەکان بەرزترین پلەی گەرما لە میسان و بەسرە تۆماردەکرێت و دەگاتە 39 پلەی سیلیزی.

کەشناسی عیراق ئاشکراشیکرد، رۆژی شەممە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا ساماڵ دەبێت وپلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بە بەراورد بە رۆژی پێشوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سنوری گەرمیان دەستگیرکران، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: دەست بەسەر بڕی 9 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش و 45 دەمانچەی بێمۆڵەتدا گیراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، لەچالاکییەکدا لەگوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لەگەرمیان سێ بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی 1ـی10ـی2025 لەگوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان، توانیان سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی 9 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش و 45 دەمانچەی بێمۆڵەت و 92 دەنک حەبی 'میثادۆن' کە بازرگانان ئامانجیان ساغکردنەوەی بوو لەهەرێمی کوردستان.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنوری زنانە ئەنجامدا بە مەبەستی کێوماڵکردنی ناوچەکە و پاککردنەوە و لەناوبردنی مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆرستان.
 
لە هەڵمەتەکەدا توانرا ناوچەیەکی بەرفراوان پاکبکرێتەوە و دەستبگیرێت بەسەر پاشماوەکانیاندا و مەترسیی گروپە تیرۆرستییەکان لەو سنورە نەهێڵدرێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی بۆ ماوەی 72 سەعات، بە بڕیاری حکومەتەکەی تاڵیبان لە تەواوی ئەفغانستان هێڵەکانی ئینتەرنێت راگیران و ئەمەش لەناوەوە و دەروەی ئەفغانستان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە هێڵەکانی ئینتەرنێت بەشێوەی سنووردار کەوتونەتەوە کار.

رۆژنامەی " 8صبح" کە رۆژنامەیەکی ئەفغانییە بڵاویکردوەتەوە، کارکردنەوەی ئینتەرنێت لە چەند ناوچەیەکی ئەفغانستان دەستیپێکردوەتەوە.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بە رۆژنامەکەیان راگەیاندوە؛ لە پارێزگاکانی  هەرات و قەندەهار دەتوانن   سۆشیال میدیا بەکاربهێنن، بەڵام خێرایی ئینتەرنێت هێشتا خاوە و کێشە تەکنیکییەکان بەردەوامن و تائێستا بەهۆی نەمانی ئینتەرنێتەوە چالاکییەکانی خوێندن و کارەکانی ئەو دوو پارێزگایە پەکیان کەوتوە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت بەشێک لە چالاکوانی مەدەنی و وڵاتانی ئەوروپا داوایان لە تاڵیبان کرد، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت وەک مافێکی بنەڕەتی هاووڵاتیبوون مسۆگەربکات و خۆیان لە پەککەوتنی کتوپڕی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەدوور بگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...157158159160161...984