هەواڵەکانهەواڵەکان

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ هەینی داوای لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە پرۆتۆکۆڵی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا واژۆ کراوە، کە دەقەکەی لەسەر راگرتنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، بە لوبنانیشەوە.

ژان نوێل بارۆ رایگەیاند: رێککەوتنەکە دەقەکەی لەسەر راگرتنی کارە دوژمنکارییەکان دەکات و پێویستە حکومەتی ئیسرائیل پابەندی بێت، بەتایبەتیش دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو فشارێکی پێویست بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای زنجیرەیەک هێرشی نوێی ئاسمانیی ئیسرائیل دێن، کە لە کاتی شەودا ناوچەی "نەبتیە"یان لە باشووری لوبنان کردبووە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدارانی ئێران لە  راگەیەندراوێکدا، کە ئاڕاستەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی کردووە، وەک چیایەک پشت و پەنای کاربەدەستانی دەوڵەت دەبێت و بۆ هەر ئەگەرێکیش ئامادەن ئەگەر دوژمن پەیمانەکەی بشکێنێت.

دوای بڵاوبونەوەی پەیامی موجتەبا خامنەیی، رێباری باڵای ئێران سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەمریکا  کە رایگەیاند بوو، پشتگیری لە کاربەدەستانی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات، سوپای پاسدارانیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە وپشتگیری لە پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دەکات.

 سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا، هۆشداریشیداوە، ئەگەر ئەمریکا پەیمانەکەی بشکێنێت، بە تەواوەتی ئامادەن بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی توند لە زەوەی وئاسمان ودەریاشەوە.

سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی چەندین شەڕی رابردوو، تەنها بە ئاماژەیەکی ئەو فەرماندە ئازا و حەکیمە، کە مەبەستیان موجتەبا خامنییە ئامادەن شکستێکی مێژویی زۆر گەورەتر بەسەر دوژمندا بسەپێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە باشوری لوبنان شەڕ و پێکدادان ڕویداوە و بەهۆیەوە چوار سەربازیان کوژراون و 17 سەربازی تریشیان بریندارن.

ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند چوار سەربازیان لە بآشوری لوبنان کوژراون، کە یەکیان ئەفسەری باڵایە و 17 سەربازی تریشیان بریندارن.

ئەمەش لە کاتێكدایە میدیاکانی لوبنان رایانگەیاندوە، جارێکیتر ئیسرائیل بە چڕی دەستیکردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و بەهۆی هێرشەکانیشەوە، جگە لە برینداربوونی 33 کەس  لانیکەم 18 کەسیش کوژراون.

ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و کوژرانی سەربازەکانی لە باشوری لوبنان لە کاتێکدایە ئەمریکا  وئێران رێککەوتون لەسەر وەستاندنی گەجن لە تەواوی بەرکان بە لوبنانیشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، جارێکیتر ئیسرائیل بە چڕی دەستیکردوەتەوە بەهێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و بەهۆی هێرشەکانیشەوە، جگە لە برینداربوون لانیکەم 18 کەسیش کوژراون، سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاند.

میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەکردوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر شاری نەباتیە و ناوچەکانی دەوروبەری لە باشوری لوبنان بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەوە رێککەوتون شەڕ کۆتایی بێت لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە.

بە گویرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، 18 کەس کوژراون و 33 کەسی تریش بریندارن، بە هەمانشێوە سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە باشوری لوبنان راگەیاندوە.

ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان زیاتر بووە و دوێنێ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکی دەوڵەتە لە جیهاندا کە هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لەم کاتەدا نیشان دەدات و ئەگەر ئەو دەسەڵاتی هەبوایە لە ئیسرائیلدا وازی لەهێرشکردنە سەر لوبنان دەهێنا.

تەنها دوای چەند سەعاتیک لە قسەکانی جەی دی ڤانس،  ئیتامار بن گیڤەر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی قسەکانی ڤانسدا وتی: هەرکەسێک پشتگیریمان بکات سوودمەند دەبێت، هەرکەسێک پشتمان لێبکات زیانی پێدەگات. 

بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش، پێشتر جەختیکردبووەوە تا ئاسایشێ ئیسرائیل پاروێزراو بێت، سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان ناکشێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەی گەشتیاری  بورگنستۆک  بەڕێوەبچێت، ئەنجام نادرێت.

ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە رەسمی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئێران وئەمریکا بە نێوەندگیر وڵاتانی راگەیاند، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات، کە وتەبێژی کۆشکی سپی هەر ئەمڕۆ رایگەیاند بوو، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە، بەهۆکاری لۆجیستیکی، بۆ ئەوەی لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران کۆببێتەوە و دەست بە دانوستانەکان بکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان گومانی لە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان دروست کردووە. تاران و واشنتۆن پێشتر رێککەوتنێکی کاتییان ئیمزا کردوە،  کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەروی هورمز بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوەردانی کردووە بۆ رێگریکردن لە ئیسرائیل لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا رەخنەیەکی دەگمەن و نائاسایی ئاراستەی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی کرد.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "ئەکسیۆس" رایگەیاند کە نەتانیاهۆ "باشە"، بەڵام لە دوایاندا وتی: "دەبوو هاوسەنگییەکەی بپارێزین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک لەلایەن چاودێرانەوە لێکدرایەوە کە رەخنەیە لە شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە رڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، و متمانەی خۆشی دەربڕی بەوەی کە تەلئەبیب پابەند دەبێت بەوەی واشنتۆن داوای دەکات و وتی: ئیسرائیل منیشی خۆشدەوێت.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنێکی سەربازیی رونی بەدەستهێناوە، و پێی وابوو ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتۆن سەپاندبووی، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ناچارکردنی تاران بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.

وتیشی: بەردەوامبوونی شەڕ بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دەبووە هۆی داخرانی گەروی هورمز و پەککەوتنی پێدانی نەوتی جیهانی، ئەمەش ئابوری جیهانی بەرەو سستی و قەیران دەبرد.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا شەڕەکە سنوورەکانی هێزی ئەمریکای دەرخستووە، ترەمپ ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە و وتی: هیچ سنوورێک نییە، من هێشتا ئەم وانەیەم فێر نەبووم.

هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران بە شتێک نیشان دا کە لە "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج" نزیکە، هەرچەندە رێککەوتنەکە بە رەسمی ئەم وەسفەی تێدا نەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا دواخستووە، کە بڕیار بوو رۆژی هەینی بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجامی بدات، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتەبێژی کۆشکی سپی درەنگانی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند: کاروباری لۆجیستی ئەم دانوستانانە بە هیچ شێوەیەک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.

تا ئێستا جێگری سەرۆک ئەمشەو بەڕێ ناکەوێت، وتیشی: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی گفتوگۆیە تەکنیکییەکانین لە زووترین کاتدا.

ڤانس رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە ماوەی 60 رۆژی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە.
ناوبراو بە رۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی راگەیاند: دەڵێم ماوەی 60 رۆژەکە ئەمڕۆ بە رەسمی دەستیپێکردووە، و ئەمڕۆش دەست بە ژماردنی پێچەوانە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانە کۆتاییەکان مەرجەکانی تایبەت بە گەروی هورمز بۆ قۆناغی دوای 60 رۆژەکە دیاری دەکەن.

هەروەها رایگەیاند: لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا، پێمان وایە ئێران نابێتە خاوەنی هیچ مووشەکێک کە هەڕەشە لە جیهان بکات، وتیشی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی هاتووە.

ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە: ئێرانییەکان پێویستیان بە پارەیەکی زۆر دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پەیامێکی سوپاسگوزاری ئاراستەی تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵکی خۆبەخش دەکات لەپای هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی روقیەی تەمەن 11 ساڵ...

دەقی پەیامەکە: 

“سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی بێوچان و شەونخونییەکی زۆر، دواجار توانرا تەرمی کچە گەشتیار (ڕوقیەی تەمەن ١١ ساڵ) بدۆزرێتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی و سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بکەم؛ لێپرسراوێتی و دڵسۆزیتان بەرز دەنرخێنم کە هاوشانی تیمەکانی تری پارێزگای هەڵەبجە، لە یەکەم ساتەوە بێوچان و بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە لە مەیداندا بوون، و ئەوەی لە تواناتاندا بوو ئەنجامتاندا لەپێناو دۆزینەوەی تەرمی ئەو کچە گەشتیارە و تا بەڕێکردنی بەرەو زێدی خۆی. 

هاوکات، سوپاس و پێزانینی تایبەتمان ئاڕاستەی سەرجەم دامودەزگا و تیمەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەین، لە (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، و پۆلیس)، لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆبەخشی سنووری خورماڵ و هەڵەبجە، و گوندەکانی (زەڵم، ئەحمەدئاوا، و هەورامان) کە نموونەیەکی بەرزی هاوکاری و مرۆڤدۆستییان پێشکەش کرد.

لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵەکەی ببەخشێت. لێرەشەوە هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم گەشتیاران دەخوازین و دووپاتی دەکەینەوە کە ژیان و سەلامەتیی گەشتیاران، هەمیشە لە کارە هەرە لەپێشینەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە.”

ژوان سابیر
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن پابەندە بە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دەرفەت بدەن بە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکان، هاوكات پێشبینی راگرتنی گشتگیری شەڕ دەکات لە هەموو بەرەکاندا.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئارامی، و داوای لە تەواوی هێزەکان کرد کە پابەندبن بە دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی دانوستانەکان "بە جوانی بەڕێوەبچن".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لایەنی ئابوری رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان کرد و رایگەیاند: "بازاڕەکان دڵخۆشن بەوەی کە رودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانی بۆرسەش رویان لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی کردووە."

ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواست کۆتایی بە گرژییە سەربازییەکان بهێنرێت و ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە چاوەڕوانی ئاگربەستێکی تەواوەتی و گشتگیر دەکەین لەسەرجەم بەرەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان لوبنان، حزبوڵا و ئیسرائیل."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رابەری باڵای ئێران پەیامێكی لەبارەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، رەزامەندی داوە رێرەوی رێككەوتن بگیرێتەبەر.

موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە پەیامێكی نوسراودا رایگەیاند، پێش ئەوەی رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران لەنێوان مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئیمزا بكرێت، بۆچوونێكی جیاوازی هەبووە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنەی  پزیشكیان وەك سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران داویەتی بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی ئێران رەزامەندی لەسەر یاداشتنامەكە داوە.

جەختیشیكردەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری داواكاریی زیادەڕەوانە و ناڕەوای ئەمریكا، وتیشی، ئێران چاوەڕێی بەدیهاتنی مەرجە دیاریكراوەكان دەكات.

رابەری باڵای ئێران راشیگەیاند،  سەرۆكی ئەمریكا  لەپێگەیەكی لاوازدابووە  و سەرجەم ئامرازەكانی بەكار هێناوە بۆ ئەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بكات، لێپرسراوانی ئێرانیش لە ماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆر و بێوچانیان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی بگەیەننە ئەم قۆناغەی ئێستا كە بریتییە لە ئیمزاكردنی یادداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی.

هۆشداریشیدا، ئەنجامدانی هەر دانوستانێكی رووبەڕوو لە داهاتوودا، بە واتای قبوڵكردنی روانگە و خواستی ئەمریكا نایەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، بەپێی فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزەکانیان کۆتاییان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هێناوە و جموجۆڵی کەشتیوانی ئاسایی بووەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆوە هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانەیان هەڵگرتووە کە دێنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەمریکا هیچ رێگرییەک ناکەن لەبەردەم تێپەڕبوونی ئەو کەشتیانەی رودەکەنە بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە دەردەچن لە هەردوو کەنداو و دەریای عوماندا.

سێنتکۆم راشیگەیاند، سەرجەم هەوڵ و ڕێکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی ڕاگیراون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کورتەیەک لە رەوشی داهاتووی هێزەکانی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە، کەشتییە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە، بەمەبەستی چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرجەم خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و پێشێل ناکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دارایی عیراق رایدەگەیەنێت، یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چاکسازی ئابوری و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە rراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکخستنی سیستمی گومرگی لەگەڵ هەرێم دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و بەهێزکردنی شەفافییەت لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

ئەم راگەیەنراوەی وەزیری دارایی عیراق، هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی هاوبەشی دەستەی گشتی گومرگی عیراق و دەستەی گومرگی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، کە تێیدا میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستمی جیهانی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکانی هەرێم تاووتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێکردنی لایەنە هونەری و کارگێڕییەکانی ئەم سیستمە دیجیتاڵییە کە ئێستا لە دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ دەکرێت، هەروەها پێداچوونەوە بەو ئەنجامانەی کە لە رێگەی گۆڕانکاری دیجیتاڵی و ئاسانکاری رێکارەکان لە بەغداد بەدەستهاتوون.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا کۆنووسێکی هاوبەشیان ئیمزاکرد کە چەندین راسپاردە و رێکاری جێبەجێکردن لەخۆدەگرێت بۆ کارپێکردنی سیستمەکە لە هەرێم، بڕیاریشە رەوانەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی.

وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆژەی گشتگیری گۆڕانکاری دیجیتاڵی بۆ نوێکردنەوەی کەرتی گومرگ و پاڵپشتیکردنی ئابوری نیشتمانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا شانازی بە دەستکەوتە ئابوری و ئەمنییەکانی وڵاتەکەیەوە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمریکا لە ئێستادا لە پێگەیەکی بەهێز و رێزلێگیراودایە لەسەر ئاستی جیهان.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نوسیوویەتی، بازاڕەکانی نەوت جێگیرن، ئابوری و بۆرسە لە بەرزبوونەوەی پێوانەییدان، و هەلی کار گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی لە کاتێکدا نرخەکان لە دابەزیندان و ژیان بۆ هاووڵاتییان گونجاوتر بووە.

سەبارەت بە ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و بەمەش جیهان پارێزراوتر دەبێت.

ترەمپ راشیگەیاندووە، بازاڕەکانی پشک (بۆرسە) لەوپەڕی گەشەسەندندان و رێژەی بێکاری لە نزمترین ئاستدایە، هەروەها وڵاتەکەیان لە ئێستادا بەهێزتر، ئارامتر و رێزلێگیراوترە لە هەر کاتێکی تر.

سەرۆکی ئەمریکا پەیامەکەی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش کۆتایی پێهێناوە و نووسیویەتی: "شایەنی نییە!".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هەڤاڵ مەحموود سەنگاوی، تێکۆشەری دیاری کوردستان و یەکێتی کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک بافڵ مێژووی پڕشانازیی هەڤاڵ مەحموود سەنگاوی لە خەباتی رزگاریخوازیی کوردایەتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز نرخاند کە وەک یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی پێشمەرگە هەمیشە لە رێزی پێشەوەی خەباتدا بووە و دڵسۆز بووە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان.

لای خۆیەوە، هەڤاڵ مەحموود سەنگاوی پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵوێست و هەنگاوەکانی سەرۆک بافڵ دووپاتکردەوە و وتی، یەکێتی لە دەستێکی ئەمیندایە و دڵخۆشین سازش لەسەر مافی خەڵکە سەربەرزەکەمان ناکات، تاوەکو بە یەکسانی خزمەتی تەواوی خەڵک و ناوچەکانی کوردستان بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق، لە کۆتایی ئەم مانگەدا ناوچەکە رووبەڕووی یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوینەی ئەمساڵ دەبێتەوە و لە ناوچەکانی باشوریش پلەکانی گەرما دەگەنە 50 پلەی سیلیزی.

دەستەی کەشناسی عێراق لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی کاریگەریی "شەپۆلی گەرمایی" لەسەر ناوچەکە، لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگەدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە.

کەشناسی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچەکانی باشوری عیراق پلەکانی گەرما دەگەنە 50 پلەی سیلیزی لە کاتەکانی نیوەڕۆدا، هەروەها لە ناوچەکانی ناوەڕاست پلەکانی گەرما نزیکدەبنەوە لە 50 پلە، هاوکات لە ناوچەکانی باکور پلەکانی گەرما بەرزتر لە تێکڕای ئاسایی خۆیان دەبن.

راشیگەیاند، ئەم شەپۆلە سەرەتای چوونە ناو قۆناغی لوتکەی گەرمای هاوینەیە کە تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.

کەشناسی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان دەڵێت پێویستە هاووڵاتیان ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەن.

1-خۆپاراستن لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر لە نێوان سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ 4ی عەسر.

2-بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێویستە هاووڵاتییان، بەتایبەت بەساڵاچووان و منداڵان، لە ئەنجامدانی کاری قورس لە کاتەکانی رۆژدا دووربکەونەوە.

3-خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی.

 4-بەهیچ شێوەیەک منداڵان و بەساڵاچووان لەناو ئۆتۆمبێلە داخراوەکاندا جێنەهێڵرێن، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەمیش، چونکە پلەی گەرما لەناو ئۆتۆمبێلدا بەخێرایی بەرزدەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ مەحموود سەنگاوی لە دەباشان پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق کرد.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا  کە جه‌لال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری‌ / زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەیبوون، دوایین گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی عیراق تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامی هاریکاریی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەواوی مەترسییەکان.

سەرۆک بافڵ ستایشی کاریگەریی رۆڵی قاسم ئه‌عره‌جی کرد لە پاراستنی سەقامگیریی تەواوی وڵات و وتی، بەڕێزیان بە دڵسۆزی و دیدگایەکی نیشتمانییەوە خزمەتی وڵات دەکەن.

هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە رێککەوتنی مێژوویی ئەمریکا و ئێران و بەفاکتەری سەقامگیری زیاتریان زانی لە ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...155156157158159...1223