دوای 72 سەعات ئینتەرنێت لە چەند پارێزگایەکی ئەفغانستان کارا کرایەوە
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی بۆ ماوەی 72 سەعات، بە بڕیاری حکومەتەکەی تاڵیبان لە تەواوی ئەفغانستان هێڵەکانی ئینتەرنێت راگیران و ئەمەش لەناوەوە و دەروەی ئەفغانستان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە هێڵەکانی ئینتەرنێت بەشێوەی سنووردار کەوتونەتەوە کار.
رۆژنامەی " 8صبح" کە رۆژنامەیەکی ئەفغانییە بڵاویکردوەتەوە، کارکردنەوەی ئینتەرنێت لە چەند ناوچەیەکی ئەفغانستان دەستیپێکردوەتەوە.
بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بە رۆژنامەکەیان راگەیاندوە؛ لە پارێزگاکانی هەرات و قەندەهار دەتوانن سۆشیال میدیا بەکاربهێنن، بەڵام خێرایی ئینتەرنێت هێشتا خاوە و کێشە تەکنیکییەکان بەردەوامن و تائێستا بەهۆی نەمانی ئینتەرنێتەوە چالاکییەکانی خوێندن و کارەکانی ئەو دوو پارێزگایە پەکیان کەوتوە.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت بەشێک لە چالاکوانی مەدەنی و وڵاتانی ئەوروپا داوایان لە تاڵیبان کرد، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت وەک مافێکی بنەڕەتی هاووڵاتیبوون مسۆگەربکات و خۆیان لە پەککەوتنی کتوپڕی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەدوور بگرن.



